فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دراوسێ فاشییەکەمان

کات 23/01/1395 579 بازدید

دراوسێ فاشییەکەمان

شەوانە پێش ئەوەی بخەوم، رێک لە دووای سەعاتی یانزە، بۆ رەوینەوەی تەنیایی، دەچمە حەوشە، جگەرەیک دادەگیرسێنم، تا دەیکێشم لەوێ رادەوەستم و لە بێدەنگیی گەڕەکەکەماندا سەیری ئاسمان و خانووەکان و ئەو جادەیە دەکەم وا وەک مار دەخشێ و لە خوار تەپۆڵکەکەوە لەچاوان ون دەبێ. ئەو تەپۆلکەیەی لە باکووری گەڕەکدا هەڵکەوتووە.

رێک لەو کاتەدا دەچمە دەر، پشیلەی دراوسێ ئاڵمانییەکەمان لە باڵکۆنەکەیانەوە بەو دارەدا دادەگەڕێ کە بۆیان داناوە و باڵکۆنەکە بە حەوشەکەیانەوە گرێ دەدا. دارەکە رێک لە تەنیشت ئەو پەرژینەدا دەگاتە زەوی کە ماڵی ئێمە و ماڵی دراوسێکەمان لەیەک جیادەکاتەوە. پشیلەکە هەر دەگاتە خوارەوە، لە سەر پەرژینەکە چوارچنگ پاڵدەکەوێ و لەدووای ئەوەی بە لاچاو سەیرێکم دەکا، وەک من دەکەوێتە رووانینی ئاسمان و خانوو و جادەکان،… تا جگەرەکەی من تەواو دەبێ! کە من دەڕۆم، ئەویش دەڕوا. من بەرەو ژوورەوە و ئەویش بەرەو خانووەکانی ئەوبەری جادەکە. جاری وایە لە دڵەوە، کاتێک دەرگاکە دادەخەم، سوپاسی دەکەم.

ئەمە پیشەی هەموو شەوی من و پشیلەی دراوسێکەمانە.

پێش ئەوەی بۆ ئەم گەڕەکە راگوێزین، دراوسێکەمان لەمێژ بوو لێرە دەژیا. ئەوانیش وەک ئێمە لە وڵاتانی ترەوە هاتبوون، هەڵبەت نەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵکو لە ناوەندی ئەورووپا، لە ئاڵمانەوە. دووهەمین رۆژی گواستنەوەکەمان لە باڵکۆنەکەیانەوە کاتێک ئێمەیان بینی زۆر دۆستانە و گەرم سڵاویان کرد و بەخێرهاتنیان کردین. کەچی لە رۆژی دوواییەوە ئەو گەرم و گوڕییەیان نەما! لەو رۆژەوە دراوسێ ئاڵمانییەکەمان ئەگەرچی میهرەبانە، بەڵام کاتێک بە تووشمەوە دەبێ لەسەرەخۆیە، شتێ پێی دەڵێ دەبێ وریابێت،… لەمن وریا بێت!

شەوێ بە دەم جگەرەکیشانەوە و لە کاتێکدا هەم من و هەم پشیلەکە خەیاڵ بردبووینی، بیر لە رەگەزپەرستیی شاراوە لەم وڵاتە دەکەمەوە. ئەوەیکە خەڵکێکی بەرچاو رقیان لە پەنابەرە و بەڵام لە ترسی یاسا بە جۆرێکی تر و بە شاراوەی دەینوێننەوە. دەزانم ئاڵمان کانگای رەگەزپەرستی بووە (بەردەوامیش هەیە). بیرلە دراوسێکەمان دەکەمەوە. “بڵێی ئەویش رەگەزپەرست بێت؟” ئەم پرسیارە تەواو داگیرم دەکا. بێگومان رەگەزپەرستە، ئەی ئەوەنیە بە ساردی سڵاوم لێدەکا! ئەوسا دێتەوە بیرم رەگەزپەرەستە ئاڵمانییەکان لە شەڕی دووهەمدا چییان کرد. تیاچوونی بە دەیان میلیۆن مرۆڤ!  وێرانیی دەیان وڵات. ئاە، عەجەب کارەساتێ! ئەمە تەواو دەمترسێنێ. “ئەی هاوار، منیش هاتوومەتە کوێ و بۆ چ گەڕەکێک رامگواستووە!” بەلام دێتەوە بیرم وەک من دراوسێکەمان لەم وڵاتە پەنابەرە و کەواتە رەگەزپرستی ئێرە دەکرێ بەهەمان ئەندازە رقی لە منە، رقیشی لەو بێ. ئەمە ئاهێک بە دەروونمدا دەگەڕێنێ. جگە لەمە ئەو لێرە ئەوەی لەدەست نایەت وا لە وڵاتی خۆی لە دەستی دێت! بیردەکەمەوە:

ـ “رەگەزپەرستێک، رەگەزپەرستەکانی تر رقیان لێیەتی!”

 چ هەستێکی سەیرە خۆت لە گەڵ رەگەزپەرستێک لەیەک دۆخدا ببینیتەوە! یەک چارەنووس،… لە یەک بەلەمدا!

رۆژێک بە رێکەوت دراوسێکەمان لە حەوشەکەی خەریکی رێک و پێک کردنی باخچەکەی بوو. بە باڵای بەرز و جەستەی لاواز و رەگاوییەوە و بەو ژێرکراسە رکابییەوە کە ئەوەندەی تر ماسولکە وردە دەرپەڕیوەکانی جوانتر دەنواند، دەهات و دەچوو، یەکجار سەری قاڵبوو. ئای چەندە لەو سەربازە ئاڵمانیانە دەچێ کە من لە فیلمەکاندا دەمبینین، ئەو سەربازانەی بە ئاسانی فرمانی فەرماندەکانیان جێبەجێ دەکرد و، زۆر بێڕەحمانە خەڵک و دیلەکانیان دەکوشت. رقم لێیەتی، ئەوەندە رقم لێیەتی کە چی تر راناوەستم، جگەرەکە بە نیوەیی فڕێدەدەم و دەچمە ژوورەوە. هەست بە بۆنی تاڵی رەگەزپەرستی لە هەوادادەکەم!

شەوێکی تر کاتێ لە حەوشەم و خەریکی جگەرەکێشانم و، وەک هەمیشە پشیلەکە لەسەر پەرژینەکە بە تەنیشتمەوەیە، بیرم دەکەوێتەوە کە من کۆنە کۆمۆنیستم و ئاڵمانییە فاشییەکانیش رقێکی تایبەتیان لە کۆمۆنیستەکان بووە. خوێندبوومەوە کە گوایا وڵاتانی تر لەبەر سەرکوتکردنی کۆمۆنیستەکان ئیزنیان بە نازییەکان دا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، تەنانەت من بۆ خۆم لە کتێبەکەی هیتلەر ‘شەڕی من’، خوێندبوومەوە کە ئەو بۆخۆی بە زمانی خۆی دان بەوەدا دەنێ چ رقێکی تایبەتی لە کۆمۆنیستەکان بووە. ئەمە ئەوەندەی تر رایچلەکاندم. کەواتە دراوسێکەمان دووجار رقی لەمنە، جارێک بە هۆی ئەوەی ئەورووپی نیم و جارێکی تریش لەبەر ئەوەی کۆمۆنیست بووم. ئەوسا ترسێکی سەیر دامدەگرێ. بیرلەوەدەکەمەوە کە شەوانە دەبێ هەمیشە بە جوانی دەرگا و پەنجەرەکان دابخەم و، جاروباریش پێش ئەوەی بخەوم سەیرێکی ئەودیوی پەنجەرەکان بکەم. بگرە ئیستا چەند چەقۆی چاکیشم کڕیوە و لە هەر ژوورێک یەکیانم داناوە. چەندە حەزدەکەم لێرەیش وەک ئامریکا چەک کڕین و هەبوونی لەماڵدا ئاسان بێت!

شەوێکی تر دیسان دووای سەعات یازدە دەچمەوە دەرەوە بۆ حەوشێ گچکەکەمان، بۆ جگەرەکێشان. پشیلەکە دیارنیە. لام سەیرە. ئەوسا لە دووای دوو سێ دەقیقە سەروسەکوتی پەیدادەبێ. بە دارەکەدا بە ئارامی و بێ ترپەی پێ دادەگەڕێ، بەڵام بە بێ ئەوەی چوارچنگان لە سەر پەرژینەکە بۆی بکەوێ و بەلاچاو نیگایەکی من بکا، تەنیا بۆ چەند چرکەیەک رادەوەستێ و ئەوجا دەڕوا، دەڕوا بۆ خانووەکانی ئەوبەر جادەکە. بۆ ناو ئەو کۆمەڵە درەختەی شوێنی راوی هەمیشەییەتی. بە پاڵنەکەوتن و سەیرنەکردنەکەی وەها لەناو خۆمدا توڕە دەبم، هەر نەبێتەوە. “کەواتە ئەویش بووە بە فاشیست، بە رەگەزپەرست!” سەیری پەنجەرەی نیوە تاریکی دراوسێکەمان دەکەم. “بێگومان ئەو فێری کردووە،… ئا، دایناوە و بۆی باسکردووە، ئەوەی کە ئێمە کەمترین لەوان و ئەو نابێ لەگەڵم بە شەوان دابنیشێ و، تەنانەت نابێ بە لاچاویش بێت سەیرم بکا!” ئەوەندە توڕەم کە جگەرەیەکی تر دادەگیرسێنم.

بۆ شەوی دوواتر خۆم لە تەنیشت درەختەکانی ئەوبەر جادەکە حەشاردەدەم،… بە چەند بەردی باش بە دەستمەوە. ئاگام لەتارمایی پشیلە فاشییەکە بوو لە دارەکەوە هاتەخوارەوە، لەسەر پەرژینەکە جەستەی خۆی کێشایەوە و پاشان بەرەو ئەمبەر هات. لەناوەڕاستی جادەکەدا کە چۆڵ چۆڵ بوو چەند چرکەیەک راوەستا، وەک بڵێی هەستی بە شتێ کردبێ. بەلام بە خۆشییەوە دیسان وەڕێ کەوتەوە، رێک بەرەو درەختەکان،… بەرەو من. هەر کە نزیک کەوتەوە، وەک شێر لە بێشە دەرپەڕیم و بەردەکانم تێگرت. ئەو بەردانەی وەک چەقۆکانم لە کەنارەکانیانەوە تیژبوون. پشیلەکە وەها ترسا کە سەرەتا یەک دوو چرکەیەک تەنیا لەو سێبەرە زەلامە راما وا کتوپڕ لە پشت درەختەکانەوە لێی پەیدا ببوو. (ئیستا، کە جاروبارە بیر لەو شەوە دەکەمەوە، پێم وایە ئەو بەستەزمانە پێی وابووە مشکێکی لێدەرپەڕیبوو کە لەداخی ئەو جەستەی ماسیبوو و وەک دێوی لێهاتبوو). ئاگام لە تۆزی سەرجادە و گوێم لە دەنگی بەردەکان بوو کە تلیان دەدا و بە شوێن پشیلەکەدا هەڵدەهاتن.

شەوی دوواتر دیسان چوومەوە بەردەرگا. جگەرەیەکم داگیرساند و چاوەڕوانی پشیلەکە مامەوە، بەڵام دیار نەبوو. “نەکا کوشتبێتم!” بەڵام نا، نەمکوشتبوو. بینیبووم هەر هەڵدەهات. بەڵام ئەوەشم دەمزانی کە جەستە گەرماوگەرم بەخۆی نازانێ و، لە کاتی وەبەرکەوتنەکانیشدا هەر خۆی رادەکێشێ. ئا بێگومان مردبوو، لە شوێنێک لەناو دارستانەکانی دەورووبەردا. بزەیەک بە لێوەکانمدا گەڕا. “فاشیستێک کەمتر!” چوومە ژووەرەوە و ئەو شەوە یەکێک لە خۆشترین خەوەکانی جیهان رووی لە ژوورەکەی من کرد.

رۆژی دوواتر لە حەوشەکە راوەستابووم و سەیری ئەو گوڵانەم دەکرد دراوسێ فاشییەکەم چاندبوونی. هەتاوێکی گەرم دوونیای داگرتبوو و هەربۆیە بۆنی گوڵەکان رۆژەڕێیەک دەڕۆی. کتوپڕ دراوسێکەمانم بینی لەوسەری کۆڵانەکەوە پەیدا بوو. شتێ بە باوەشییەوە بوو. کە جوان لێم رووانی بینیم پشیلەکەیە! بەڵام شتێک سپی دەکردەوە. کە نزیک کەوتنەوە، دیتم لاقی پشیلەکە و سەرشانی بە پەڕۆیەکی سپی پێچرابوون. دراوسێکەمان کە هاتە حەوشەکەی و منی بینی، راوەستا و ئەمجارە بە پێچەوانەی جاران بە گەرمی سڵاوی کرد و کەوتە دەردی دڵ کردن. باسی پشیلەکەی کرد، ئەوەیکە کەسێک دوێشەو بەردی تێگرتبوو، ئەوەیکە ئەمڕۆ لە خەستەخانە بووە و چەندین سەعاتی خایاندبوو هەتا دەرمانیان کردبوو. ئەوەیکە ئەمڕۆ بەناچار نەچووبوو بۆ سەر کار. من کە لە گەرم و گوڕیی دراوسێ فاشییەکەمان سەرم سوڕمابوو، تەنیا لە لاق و شانی پشیلەکە رامابووم، بەڵام کتوپڕ نیگام لە نیگای ئاڵا. پشیلەکە چەند بە سەیری سەیری دەکردم! بە ئارامی دەیمیاواند و جاروبارە سەری بە دژواری بەرزدەکردەوە و لە خاوەنەکەی دەڕوانی کە لەگەڵ من بە گەرمی و بەپەرۆشی دەدوا و، ئەو چیرۆکەی دەگێڕایەوە کە نەیدەزانی دوێ شەو چۆن روویدابوو و کاراکتێرە سەرەکییەکەیشی کێ بووە.

هەفتەیەک دوواتر، رۆژێک ژنەکەم بۆ پرسیارێک سەبارەت بە گەڕەکەکە چوو بۆ ماڵی دراوسێ فاشییەکەمان. کە هاتەوە باسی گەرم و گوڕی بنەماڵەکەی کرد، ئەوەی چەندە میهرەبان بوون و چەندە هەوڵیاندابوو بە رێک و پێکی وەڵامی بدەنەوە. ئەوەیکە گوتبوویان گەر پێویستیمان بە یارمەتی بوو دەتوانین روویان تێبکەین، لەهەر بوارێکدا کە ئەوان بۆیان بلوێ و بتوانن. ئەوسا کتوپڕ لایکردەوە و گوتی:

ـ “ئەرێ لەبیرتە ئەو رۆژەی تازە هاتبووین و سڵاویان لێکردین و بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردین!… ئەرێ ئەو رۆژە تۆ بۆ ئەوەندە بە سارد و سڕی جوابت دانەوە،… ها؟ بە خوا تۆیش سەیری،… کەس تێت ناگا!”    

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *