فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئای مروەت!

کات 21/05/1395 818 بازدید

ئای مروەت!

ئەو دووانیوەڕۆیەی شەڕ دەستی پێکرد و سەربازخانەکەی تەنیشت شار کەوتە تۆپ و هاوەنبارانکردنی گەڕەک و شەقامەکان، خاڵە مەحموود و دایە مروەت کە لە تەمەندا بوون و پێکەوە لە خانوویەکی کۆن و قەدیمیدا دەژیان، لەبەر ئەوەی قەت لە ژیانیاندا دەنگی وەها گەورە و ترسناکیان نەبیستبوو، سوێندیان خوارد کە ئەوە مەلایکەکانن توڕەن و بە تەوقی ئاسمانەوە لەو سەرسەرانە بە دەنگی زلتر لە هەورە تریشقە خەریکن لەگەڵ یەک لە رۆژێکی هەساودا دەدوێن. هەر بۆیە ئەگەرچی گوێیان سەنگین بوو و لەمێژ بوو بە جوانی نەیاندەبیست، بەڵام هەوڵیان دا تا دەتوانن بە وردی و بە بێدەنگی گوێ هەڵخەن، تا بزانن مەلایکەکان چییان دەگوت. ئەگەرچی قەت لێیان تێنەگەیشتن! لەکاتێکدا پەستاپەستا تۆپ و خومپارەکان کۆڵان و گەڕەکەکانی شاریان دەپێکا و دار و بەرد و مرۆڤیان بە حەوادا دەکرد و تۆزێکی چڕیان بە ئاسماندا بڵاو دەکردەوە، خاڵە مەحموود و دایە مروەت کە لە قەراخ شار لە شیوێکی پڕ لە دڕک و چقڵ لە خانوویەکی پەرپووتدا دەژیان، لەبیری ئەوەدا بوون کە داخۆ بۆچی مەلایکەکان ئەمڕۆ کتوپڕ ئەوەندە تووڕە هەڵگەڕابوون و وەها بە زمانێکی گڕاوی و ترسناک پێکەوە، یاخود رەنگە لە گەڵ عەبد و دونیادا دەدوان. ئەوان پێیان وابوو رەنگە ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە وا خودا لە قوڕئاندا وەک ئاخر زەمان باسی لێکردبوو.بەڵام کاتێک رۆژ درێژەی کێشا و گەیشتە شەو و پاشان دیسان بۆ جارێکی تر رۆژ بووەوەو هەتاو بە تەوقی ئاسمانەوە خۆی هەڵپەساردەوە، ئەوان تێگەیشتن کە نا، نە تەنیا ئاخر زەمان نیە، بەڵکو دەکرێ ژیان لە شێوازی ئاخر زەمانیشدا درێژە بە خۆی بدا و، دونیا وەک هەمیشە خۆی لەم جۆرە شێوازەدا نۆژەن بکاتەوە. خاڵە مەحموود و دایە مروەت ئیتر بۆ شەوی دوواتر دۆعای شایتومانیان لە کاتێکدا لە پاڵ یەکتردا دەست لەناو دەست راکشابوون، نەخوێند و تەنیا گوێیان بۆ ئەو دەنگە ترسناک و تۆقێنەرانە راداشت کە ئیستاکە دەیانزانێ چین و، لە کوێوە دێن و بە تەمای چین. راستییەکەی ئەوە بوو شار بە تووش شەڕەوە ببوو. ونبوونی بە پرتاو و بە پەلە و پڕ لە دڵەڕاوکێی دراوسێکان کە هەموویان بە پشت ئەوانەوە لە دەرەوەی شیوەکە خانوویان هەبوو، ئەمەی دەگوت. کە شار چۆڵی کرد، دۆڵەکەی ئەوان ئەوەندەی تر کش و ماتی و بێدەنگی رووی تێکرد، ئەمە وەها وڵاتی داگیر کرد کە دایە مروەت بە چاوە کزەکانییەوە رووی لە خاڵە مەحموود کرد و گوتی “مەحموود! دەڵێی خودا ئێمەی لەبیر کردووە!” خاڵە مەحموود بە دڵتەنگی لە پەنجەرەکەوە رووی لە دەرەوە کرد و ئاخێکی هەڵکێشا. لە دەرەوە، ئیتر نە وەک جاران سەگە بەڕەڵاکان دەبینران، نە خەڵکی بۆ زبڵ رشتن و، نە ئەو لات و لووتانەی وا منداڵی خەڵکیان بۆ ئێرە دەهێنا تا لە ناو دەوەنە تۆزاویی و رەنگ هەڵبزرکاوەکانی ئەو بەرەوە، پێیانەوە نووسێن. خاڵە مەحموود و دایە مروەت جاری وایە لە دڵەوە سوپاسی دەنگە ترسناکەکان دەکەن! زەمان گوزەرا. ئەگەرچی دەنگە ترسناکەکان کەمتر ببوونەوە، بەڵام هێشتا جاری وابوو شیوەکەیان دەلەراندەوە و باڵیان بە سەر ئاسمانی خانووەکەی ئەواندا دەکێشا. شیوەکە، کە ئاوێکی کەمی پیسی پێدا دەڕۆیشت (ئەویش دیار نەبوو داخۆ دەڕوا، یان راوەستاوە)، کە ئێوارە دەهات وەها خەمگین هەڵدەگەڕا کە نە دایە مروەت و نە خاڵە مەحموود حەزیان نەدەکرد وەک عادەتی جارانیان بێنە دەرەوە و کەمێک هەوای فێنکی تێکەڵ بە گەنیویی ئاو و زبڵ و پاشماوەی هەتیووە بەڕەڵڵاکان هەڵمژن. ئەوان وایان پێ باشتر بوو هەر لە ژوورەوە بن و تەنیا کاتێک تەواو دونیا تاریک هەڵدەگەڕا، بە بێ ئەوەی چرا لەنتەرەکە لە گەڵ خۆیان ببەنە دەرێ، لە ژێر تیشکی ئەستێرە دوورەدەستەکاندا لە بەر دەرگاکە دابنیشن و، لە تاریکی رامێنن. لەم کاتانەدا دایە مروەت لە مێردەکەی نزیک دەکەوتەوە و شانی بە شانییەوە دەنووساند و دەیگوت “مەحموود پێم وانەبوو بە سەری پیرییەوە بەتووش وەها رۆژێکەوە بین!” خاڵە مەحموودیش، ئارام دەستە وشک و رەق هەڵاتووەکانی دەخستە سەر رانە شل و لاوز و بێ هێزەکانی ژنەکەی و دەیگوت “کچێ!… کارەسات کاری بەسەر تەمەنەوە نیە!”رۆژەکان گوزەران. تا رۆژێکیان دایە مروەت رووی لە مێردەکەی کرد و، گوتی تا یەک دوو رۆژی تر نانیان نامێنێ و دەبێ مشورێکی ئارد بخوا. خاڵە مەحموود لە عەرزەکەی بەردەمی خۆی رووانی. باشە چی بکا بۆ ئەوەی ئارد دەست بخا؟ روو لە کوێ بکا؟ بەو هیوایەی هێشتا هەندێ دووکان هەبێ، گۆچانەکەی بە دەستەوە گرت، بە چاویلکە شووشە ئەستوورەکانییەوە رووی لە بازاڕی شار کرد. دایە مروەت بە بێدەنگی بەڕێی کرد. کە خاڵە مەحموود گەیشتە ئەو شوێنەی وا پەیکەری بوو بە رەشاییەکەوە لە بەستێنی ئاسماندا، گوێی لێبوو ژنەکەی لاوازانە هاواری لێکرد “بەخێر بڕۆیت و بگەڕێیتەوە!”شار لە پەیکەری مردوو دەچوو. خانووەکان لێرەو لەوێ بەسەر یەکدا تەپیبوون. هەندێ لە کۆڵانەکان پڕی وردە بەرد و دار و خۆڵە پرژاوەکان بوون. خاڵە موحموود قەت ژیانی ئەوەندە بێ چرپە و بێ سرتە نەبینیبوو. هەر دە هەنگاوێک رادەوەستا و سەیری دەورووبەری خۆی دەکرد. کووچە و کۆڵانەکان ئەوەندە چۆڵ و بێدەنگ بوون باوەڕ نەدەکرا “باشە ئەو هەموو مەخلووقە رووی لە کوێ کردبوو؟” لەو دووانیوەڕۆ گەرمەدا تەنیا جریوە جریوی چۆلەکەکان و هات و چۆی جاروبارەی پشیلە و سەگەبەڕەڵڵاکان بوو، دیمەنەکەی دەهەژاند. کە گەیشتە سەر شەقام، هاڵاوی گەرمی قیرەتاوی خیابانەکە روومەتی گەست. بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. شەقام هەر لەوێ بوو! دڵی گەرم داهات. کتوپڕ ماشینێک بە دۆشکەیەکەوە و بەو مرۆڤە ریشنەوە وا لە پشتی بوو، بە پەلە بە تەنیشتیدا تێپەڕی. خاڵە مەحموود پشوویەکی درێژخایەنی گرت. پاش ئەوەی مەیدانەکەی تێپەڕاند، خۆی بەو کۆڵانەدا کرد کە بە دەستی چەپدا لە شەقام جیا دبووەوە. لێرە ئارد فرۆشییەکی لێبوو کە ئەو ساڵانی ساڵ ئاردی لێکڕیبوو، زۆربەی جارەکان بە قەرز و هەروەها بە خێریش. خاڵە مەحموود هەمیشە پارەی ئاردی ئەم مانگەی لە مانگی داهاتوودا دەدا (ئەویش ئەگەر لێیان ستاندبا). هەمیشە مانگێک لە دووا! بزەیەکی هاتێ. جاری وابوو حاجیی ئاردفرۆش خێرێکی زیادیشی پێدەکرد: یان ئاردی زیاتری دەدایە، یان بە شاگردەکەی دەگوت یەک دوو کیلۆیەک میوە یان گۆشتیشی بۆ بکڕێ و بیداتە دەستی. حاجی ئاردەکەی کە لە دە کیلۆ زیاتر نەدەبوو و لە ناو تەلیسێکی کۆنی ریشاڵ ریشاڵ دا بوو بە کۆڵە لاوازەکەیدا دەدا و بەرەو ماڵەوە دەبووەوە. تا دەگەیشتە ماڵ، لانیکەم دوو سەعاتی دەخایاند. لەم دوو کاتژمێرەدا بوو، خاڵە، ئەو دەرفەتەی پەیدا دەکرد جوان جوان لە خەڵکی و لە شار و لە شەقام بڕوانێ و، بیر لە ژیانیان و لە شێوازی بوونیان بکاتەوە. هەر لەم دوو کاتژمێرانەدا بوو کە گەیشتبووە ئەو قەناعەتە، شتێک لە ژیانی ئەم شاردا ناڕاستە، ئەویش چی بوو، نەیدەزانی! خاڵە مەحموود بە حەپەساوی بینی دووکانەکە کراوە نیە و، بگرە لەوەیش دەچوو کە رۆژانی رۆژ بوو دەستی زەلام نەگەیشتبووە قفڵە و دەڕابەکەی. سەری نزیک کردەوەو ورد لە قوفڵەکە راما. توێژاڵێکی خۆڵی لە سەر  دەبینرا. خاڵ مەحموود بە ئارامی لە سەر سەککۆی بەر دووکانەکە دانیشت و پاڵی دایەوە. چەندەی خایاند، کەس نازانێ. سەیرێکی ئەم سەراوسەری کۆڵانەکەی کرد. کەس بەدەرەوە نەبوو. جیهان ئەوەندە چۆڵ و بێدەنگ بوو کە کتوپڕ ترسێکی سەیر نیشتە دڵی. بیری ژنەکەی کردەوە و ئەوەندەی تر ترسەکەی لا گەورە بووەوە. خەیاڵ: مرەوت بێ ئەو چ بکا؟ “نەکا شتێکی بە سەردا بێت؟” خاڵە، لەناکاو، بێدەنگیی وەک دەعبایەکی ترسناک هاتە بەرچاوی کە لە نەبوونی ئەودا دەیتوانی بچێ و مروەت هەڵڵووشێ،… بۆ هەمیشە! ئارام بە یارمەتی گۆچانەکەی هەستایەوە و بەرەو، ماڵەوە بووەوە. خاڵە، ئیستا تەنیا بیری لە ژنەکەی دەکردەوە. ئەو بە تەواوی ئاردی لەبیر چووبووەوە. هەر بە هەمان رێگادا گەڕایەوە. بێگومان هێشتا بەشی ئەوەندە پەتاتە و شتی وشکە لەماڵەکەی دەست دەکەوت. تا ئەوەیش تەواو دەبێ، خودا گەورەیە. مروەت هەمیشە لە دەست پێوەگرتندا زیرەک بووە،… یەکجار! خاڵە، بزەیەک نیشتە سەر لێوە وشکەکانی. مروەت ئەوەندە زیرەک و خەمخۆر بوو کە تەنانەت گۆچانە کۆن و سوواوەکەیشی بۆ خاوێن دەکردەوە. هەمیشە. “ئاخ مروەت!”مەیدانەکەی تێپەڕاندەوە و کەوتەوە سەر راستە شەقامەکە. سەرنجی چووە سەر چەند دووکانێک کە دەڕابەکانیان بە هێزی شتێکی ترسناک دەرپەڕیبووە دەرەوەو، سەر شۆستەکەیان کردبووە پاشماوەی وێرانە. خاڵە، بیری دووانی مەلایکەکان بە دەنگی هەورە تریشقە کەوتەوە. دیسان بزەیەکی هاتێ، هەرچەند ئەمجارە تاڵ،… تاڵ تاڵ. ئای چەندە حەزی دەکرد هەر چی زووتر بگاتەوە ماڵەوە. قەت لە ژیانیدا ئەوەندە تاسەی مروەتی نەکردبوو. روخساری هاتەوە بەرچاوی. بە هەموو چین و چرووک و زەردەڵیەکەیەوە. بە چاوە داژەنیوەکانییەوە. خواردن چییە، پەتاتە و وشکە چییە!… ئاخ هەر پێی بۆ جارێکی تر بگشتایەتەوە ماڵەوە! کتوپڕ دانیشتنی شەوانەی بەر دەرگاگەی خۆیانی لە شەوە ئەنگوستە چاوەکاندا و رووانینی ئاسمانی وەک نیعمەتێکی سەیر هاتە بەرچاو. خودا ئەمەی کردبوو بۆ ئەوەی ئەوان لەم دووا دووایەی تەمەندا قەدری یەکتر باشتر بزانن. خاڵە لە دڵەوە سوپاسی خودای کرد.لەناکاو، دەنگێکی کپ، بەڵام بەهێز هاتە گوێی. راوەستاو و هەر دوو دەستی خستە سەر گۆچانەکەی،… گوێی هەڵخست. دەنگەگە هەتا دەهات بەهێزتر و روونتر دەبووەوە. دەنگەکە لە ئاسمانەوە نزیک دەکەوتەوە. ئەمجارە وەها بەهێز کە شار یەکڕا کەوتە لەرینەوە. وەک بڵێی مەلایکەکان بە سواری شتێکی سەیرەوە، لە ئاسمانی شارەوە نزیک دەکەوتنەوە. دەنگەکە گەیشتە سەر سەری. خاڵە مەحموود تەواوی لەشی دەلەرییەوە. تەنانەت گۆچانەکەیش عەرزی نەدەگرت، کەوتە لەرەیەکی بە ئاستەم. سەری بەرز کردەوە و لە ئاسمانی رووانی. خەیاڵی ئەوەی ئەوەندە شانسی هەبێ بتوانێ مەلایکەکان ببینێ، لەگەڵ خۆی بردی. هەرچەندە چاویلکە کۆن و ئەستوورکەی دەرەقەتی رووناکیی ئاسمان نەدهات و لە گۆشەکانیدا تیشکی ئاسمانی تیا دەشکایەوە، بەڵام لە سەر سەری چاوی بەو باڵندە گەورە ئاسنینانە کەوت بێ پەروایانە تەراتێنیان دەکرد. ئەوجا دەنگی تەقە وردەکان بەرز بوونەوە. بوو بە رۆژی حەشر. خاڵە، قەت لە ژیانیدا ئەو هەموو دەنگەی وێکڕا و پێکەوە لە یەک کات و لە یەک شوێن دا نەبینیبوو و نەیبیستبوو.گۆچانەکەی جوڵاند و وەڕێ کەوتەوە. دەبا هەرچی زووتر بگاتە ماڵەوە! مرەوت،… “مروەت بە تەنیا دەرەقەتی ئەم هەموو دەنگە نایەت!” دەبێ بگاتەوە و پێی بڵێ واباشە خەیاڵی مەلایکەکان یەکجار بۆ هەمیشە لە مێشکیان دەربهاون. دەبێ پێی بڵێ مەلایکەکان تەنیا بۆ پەیغەمبەرەکان هاتوونەتە سەر زەوی و، بەس. دووپات نابێتەوە.هێشتا چەند هەنگاوێک دوور نەکەوتبووەوە، هەمان سەیارەی بینییەوە. بەهەمان دۆشکە و نەفەرەوە، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز. نەفەرەکە تەقەی دەکرد و دەیقیڕاند. ماشینەکە، هەوڵی دەدا زوو زوو شوێن بگۆرێ. جاری وابوو دووکەڵ لە تەگەرەکانی بەرزدەبووەوە، لە گەڵ تەپ و تۆزی ژێری تێکەڵ دەبوو و نیوەی پەیکەری ماشینە چڵکەن و بە قوڕ سواخدراوەکەی دادەپۆشی. خاڵە دیسان وەڕێ کەوتەوە. دەبا هەرچی زووتر بگاتەوە ماڵەوە،… بگاتەوە شیوە پڕ دڕک و جۆگە گەنیوەکە، بگاتەوە شوێنی زبڵ و سەگەبەڕەڵلاکان و ئەو دەوەنانەی وا هەتیوە بەڕەڵڵاکان خۆیان تێدا بە منداڵەکانەوە دەنووسان. تا تووانی تینی دایە هەنگاوەکانی. بەڵام قاچەکان خاوەنی بڕیاری خۆیان بوون، نەدەهاتن،… رێگایان نەدەکرد. لەتری دا و دەمەوڕوو کەوتە سەر زەوی. بە خۆشییەوە چونکە چاویلکەکەی بە پەتێکەوە بە پشت سەرییەوە گرێ درابوو، نەفڕی و لێی نەشکا. هەر چۆنێ بوو هەستایەوە. ئیستا ئیتر دەنگەکان، دەنگی تریشی پێ زیاد ببوو. تەقینەوە سامناکەکان لە پشت سەریەوە، شەقامی گڕ تێبەردا و سووتاندی. پەیتا پەیتا. ئەو ئەگەرچی پشتی لە دیمەنەکە بوو، بەڵام شۆقی گڕەکەی لە سەر قەراخ چاویلکەکەی بینی. وەک جەهەننەم. بیری کردەوە رەنگە مەلایکەکان لەم سەردەمەدا تەنیا بۆ پیشاندانی دیمەنێک لە جەهەننەمە سەردانی زەوی دەکەن. بۆ ئەوەی بیری مرۆڤ بێننەوە کە ژیان هەر ئەم هاتوچۆ و قەرەباڵغییەی ناو شەقام و کۆڵانەکان نیە. خاڵە چەند هەنگاوی تر رۆیشت و ئەمجارە بێ ئەوەی لاقەکانی پاڵی پێوە بنێن و بە زەویدا بدەن، بۆ خۆی ئارام کەوتە سەرچۆک و بەلادا هات! لای سەیر بوو. شتێک هەموو جەستەی سڕ کرد. وەها سڕ، کە لە ماوەیەکی کورتدا هەستی کرد چیتر جەستەی هی خۆی نیە. وەک بڵێی مەلایکەکان بە دەستی گڕ لێیان ستاندبێتەوە. هەوڵیدا دەست بباتەوە بۆ گۆچانەکەی کە کەمێک لەو لاترەوە کەوتبوو. هەر ئەوەندی دەستی بگشتایە، هەڵدەستایەوە و دەگەڕایەوە لای مروەت. “ئای مروەت!” بەڵام دەستی لە دووای یەک دوو جوڵەی بە ئاستەم، راوەستا. ئەویش لەگەڵی نەدەهات و یارمەتی نەدەا. جیهان لە ناو جەهەننەمدا ببووە بەستەڵەک. لە کاتێکدا جۆگەیەکی سوور لە پشتییەوە، رێک لە سەر سێ بەنەیەوە دەڕژایە سەر شۆستەکە و رێچکەی دەبەست، خاڵە هەستی کرد ئەو شتەی وا گەلێک جار لە سەر ئەم شارە بیری لێکردبووەوە، سەرئەنجام بینیبوویەوە، ئەو شتەی وا لە ژیانی ئەم شارەدا ناڕاست بوو،… یەکجار ناڕاست. لە کاتێکدا بزەیەکی تاڵ لێوە چرچ و پیرەکانی گەست و تەزوویەکی بە گۆشتە سپی و بێ خوێنەکانیدا هێنا، بۆ دوواجار لەو راستە شەقامەی رووانی کە ئەوەندەی نەمابوو بگاتە ئەو کۆڵانە وا دەگەیشتەوە ماڵێ،… لای مروەت،… “ئاخ مروەت!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *