فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

گۆڕی یەهودا

کات 22/07/1395 63 بازدید

گۆڕی یەهودا

زۆر حەزدەکەم بارگەوبنە بپێچمەوە و هەمووی بخەمە جانتایەک و بیدەم بە کۆڵمدا و روو لە وڵاتی فەلەستین، ئیسڕائیل یاخود باشتر بڵێم (بەهۆی ئەوەی هەندێ کەس رقیان لە ناوی ئیسڕائیلە) روو لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بکەم. رێک ئەو جێگایەی، یاخود ئەو ناوچەیەی چیرۆکی مەسیحی تیا روویدا. هەڵبەت لێتان تێک نەچێ، ناچم بۆ ئەوەی دیسان بەو شوێنانەدا بڕۆم و بگەڕێم وا مەسیح و هاوڕێکانی پیایاندا رۆیشتن. نا! دەچم گۆڕی یەهودا بدۆزمەوە.

وەک دەزانن یەهودا یەکێک لە نزیکترین باوەڕداران و هاوڕێیانی مەسیح بوو کە لە گەڵ ئەو زۆربەی شوێنەکانی کرد و بە ناو گەلێک چیرۆکدا لە گەڵی تێپەڕی. ئەو یەهودایەی ئاگای لە هەموو موعجیزەکانی مەسیح بوو و بینی چلۆن دەست، هەناسە و کەلامە جادووییەکانی ئەو، نەخۆش و پەککەوتەکانی لە چاوتروکانێکدا چاک دەکردەوە، بەڵام سەیر ئەوەیە لە کۆتاییدا پشتی تێکرد، پشت لە مەسیح. ئەویش چ پشتێکردنێک! لە ترس، لە ترسانا و بە قیمەتی گیانی مەسیح. هەڵبەت لە یەهودا تێدەگەم. رۆمییەکان بە خۆیان و شیر و شمشێر و سوپای زەبەلاحیانەوە ئەوە نەبوون مرۆڤ زۆر بەئاسانی بتوانێ لەبەرچاویان نەگرێ، ئەگەرچی لەگەڵ پەیامبەری خودایش هاوڕێ بێ و ئاگای لە خۆشەویستی و هەڵسو کەوتی هەژارنەوازانەیشی بێت. رۆم، ئیمپڕاتورییەکی بەهێز و زەبەلاح بوو کە ئەو سەردەمانە نیوەی دونیای گرتبوو و یاسای خۆی بە سەردا بە تەواوی زاڵکردبوو. جا ئاسایی بوو، ئا، ئاسایی! کە یەهودایش رۆژێک لە رۆژەکان ترس رووی تێبکا و لە پشتەوە خەنجەر لە هاوڕێکەی بدات!

یەهودا ورەی دابەزی و مێشکی خەیانەتی لە دڵی کرد. هەڵبەت دەشکرێ بگوترێ دڵی خەیانەتی لە مێشکی کرد. بەهەرحاڵ گرینگ وشەی خەیانەتە کە ئەو کردی و تەواو!

بگەڕێمەوە سەر چیرۆکەکەم. حەزدەکەم بچم و گۆڕەکەی بدۆزمەوە و لێی پرسم کە بەو سی سکەیە چیکرد وا دەسەڵاتدارە رۆمییە جولەکەکان پێیاندا. داخۆ ژنی پێ هێنا، خانووی پێ کڕی، دوکانی پێ کردەوە، یاخود دەستی کرد بە مەی و بادە نۆشی و لەناو سۆزانیخانەکاندا خۆی و جەستەی هەڵاوسای هەوەسی، ونکرد؟ زۆر تامەزرۆم بزانم داخۆ لە کۆنجێکدا دانیشت و هەر ژماردنی و ژماردنی، یاخود دوواتر لە ژێر باری گرانی ویژدانیدا بە هەژارانی بەخشی؟

هەر ئەمەیش نیە، حەز دەکەم لێی بپرسم لە دوواژەمی لە گەڵ مەسیح و هاوڕێکانی، رێک لەو کاتەیدا مەسیح گوتی “ئەو کەسەی لەگەڵ من نانی خواردووە، خیانەتم پێدەکا!” چ هەستێک رووی تێکرد. لەو کاتەدا چۆن پارووەکەی قوتداوە،… داخۆ نیگای لە بەر دەمی خۆی بڕیوە، یان لە دەستەکانی، کە بێگومان دەلەرزین؟ هەروەها حەز دەکەم بزانم تامی پارووەکە لە زاریدا چۆن بووە ، داخۆ تاڵ بووە، یان وەک هەمیشە بەتام و بەلەزەت؟

هەڵبەت دڵنیا نیم بتوانم گۆڕەکەی بدۆزمەوە. لە دووای دووهەزار ساڵ، دۆزینەوەی گۆڕی مردوویەک ئاسان نیە، بەتایبەت کە مردووەکە، مردوویەک بێت لەم چەشنە، وەک دەڵێن مردوویەکی نائاسایی! بەڵام نا، شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ دەیدۆزمەوە! ئاخر لەم دونیایەدا تەنیا گۆڕی دوو دەستە لە بنیادەمەکان ون نابن: ئەوانەی وا لەم سەری پەتەکە، یاخود لەوسەرین. ئەم دوو جۆرە قەت ون نابن. ئەی ئەوە نیە ئیستایش شوێنی شەیتان ماوە و موسوڵمانەکان دەچن بەردەبارانی دەکەن! ئا، بێگومان گۆڕی ئەویش ماوە. دەیدۆزمەوە. تەنیا پێویستە ناونیشانەکەی بدەم و بەس. ئیتر خەڵک رێنوێنیم دەکەن. رەنگە بە هۆی منیشەوە بێتەوە بیریان.

هەر کە دۆزیمەوە، لێی دەپرسم کاتێک مەسیح لەو دوواژەمەدا پاروویەکی گرت و خستیە دەمی یەهوداوە و، پێی گوت “خێراکە و کارەکە تەواو بکە”، چ هەستێکی هەبووە؟ داخۆ نەترساوە کتوپڕ پەشیمان بێتەوەو بکەوێ بە سەر قاچەکانی مەسیح دا و داوای لێبوردنی لێ بکا، یان ئەم قسانەی مەسیح زیاتر هانیان داوە؟

لێی دەپرسم کاتێک سەربازە رۆمییەکانی هێنا و لێیان پرسی کامە لەم پیاوانە مەسیحە، بۆچی لەجیاتی ئەوەی ئاماژەی پێبکا و پەنجەی سەربخا، چوو و روومەتی مەسیحی ماچکرد؟ باشە بۆ بە ماچکردن، ئاشکرای کرد؟!

بە خۆشییەوە جانتاکەم زۆر قورس نیە. هەنگاو سووک و، چوست و چالاکم. بە خێرایی سنوورەکان، شاخە بەرز و پێدەشتە گەرم و تینووەکان جێدێڵم و دەگەمە ناوچەکە. ژیان وەک جاران نەماوە. لە جیاتی خانووە قوڕە قەدیمییەکان، چادرە رەشەکان و شوانەکان بە بزن و مانگاکانیانەوە، ئەو شار و شارۆچکانە دەبینم وا بۆنی دوو هەزار ساڵ دووای ئەو سەردەمە دەدەن. بەڵام ئەمانە لەمپەر نین. کە لە دەرگای خانووی گوندەکان دەدەم، خەڵکی بە رووی خۆشەوە دەرگام لێ دەکەنەوە و وەڵامی پرسیارەکەم زۆر بە جوانی دەدەنەوە، هەرچەند لایان پرسیارەکەم کەمێک غەریبە:

ـ “تکایە چۆن دەتوانم گۆڕی یەهودا بدۆزمەوە؟”

پاش کەمێک تێڕامان و بیرکردنەوە، هەر هەموویان پەنجەی ئاماژە بەرەو رۆژئاوا رادەکێشن. وەک یەکەمین رۆژی سەفەرەکەم، منیش بەرەو رۆژئاوا دیسان هەنگاو هەڵدێنمەوە.

سەرئەنجام پێش ئەوەی بگەمە دەریا، دەگەمە دووادۆڵی سەر رێگام. دۆڵێکی سەرسەوزی داپۆشراو بە دارستان کە هیچ مرۆڤێکی تیا بەدی ناکرێ. هیچ ئاوەدانییەکی تیا نابینرێ. ئارام بە ناویدا دادەگەڕێم. دەنگی جریوەی نایابی باڵندە جوانەکان و سەوزایی دیمەنی بەردەمم سەرنجم دەقۆزنەوە و خەریکە هۆی سەفەرەکەم پێ لەبیردەبەنەوە، بەڵام هەر لەو کاتەدا پرسیارێکی سەیریش دێننە مێشکمەوە “باشە چلۆن ئێرە دەبێ شوێنی گۆڕی خائینێک بێت؟”

چاودەگێڕم. سەوزەڵانی و دار و دەوەن ئەوەندە چڕن کە دۆزینەوەی کێل زەحمەتە. ئەویش کێلێکی دووهەزار ساڵە. هەڵبەت ئەگەر کێلیشیان بۆ دانابێ. ئەسڵەن بۆ من لە پێشا پرسیاری ئەوەم نەکردووە کە گۆڕەکەی چۆنە و چۆن سازکراوە؟ رقم لە گەمژەیی خۆم دەبێتەوە. بڕینی ئەو هەموو رێگایە بە بێ دەستکەوت، چەند لام پڕ ئازارە. بەڵام هومێد بەرنادەم. هەست دەکەم ئەم جۆرە گۆڕانە، وەک خاوەنەکانیان، خۆیان خۆیان ئاشکرا دەکەن. ئەوان گەر بۆخۆشیان حەزیان بە خۆدەرخستن نەبێ، بەڵام هەرلەخۆوە دەردەکەون. تەنانەت گەر قسەیش نەکەن و نەدوێن، دیسان هەر دەردەکەون،… وەک چۆن لای مەسیح دەرکەوتن. سەیر نیە؟

بە دۆڵەکەدا ئارام دادەگەڕێم. هەنگاوەکانم خاوتر دەکەمەوە. شتێک لە دەروونەوە پێم دەڵێ گۆڕەکە، نە دەبێ رێک لە ناو دۆڵەکەدا بێت و نە لە سەر بەرزاییەکانی، بەڵکو دەبێ لە شوێنێک لە داوێنەکان بێت، رێک لە لاخوارووی لاپاڵەکان. چەپ و راست چاو دەگێڕم. ئەوندەی پێ ناچێ بەردێکی سپیی چڵکن کە لە کێل دەچێ سەرنجم رادەکێشێ. بەرەولای دەچم. تەنیا بستێکی لێوە بەدەرەوەیە. خاک و خۆڵ، بەرەبەرە بەژێرەوەی کردووە. خاک و خۆڵێکی رەنگە دووهەزار ساڵە. بە دەست هەوڵدەدەم گڵەکەی دەوری هەڵکەنم و لایبەرم. دەگەمە نیوەی و چاوم بە نووسینێک دەکەوێ. نووسینێک کە من نازانم بیخوێنمەوە. خەتێکی غەریب. ئیتر بەتەواوی دڵنیا دەبم خۆیەتی. جەستەم خاودەبێتەوەو بە رەحەتی دادەنیشم.

یەهودا چ بە بێ خەم لێی راکشاوە. وەک بڵێی هەر هیچ رووی نەدابێ. لە بێدەنگی دۆڵەکەدا و لەکاتێکدا سێبەر هەتا دێت زیاتر و زیاتر دونیا دادەگرێ، یەکە یەکە پرسیارەکانم ریزدەکەم و، دەیانپرسم. بەڵام هیچ وەڵامێک نیە. یەهودا وەک هەمیشە نایەوێ جواب بداتەوە. پێی دەڵێم دەزانم گوێت لێمە، دەزانم لە تەواوی ئەم دووهەزار ساڵەدا نەمردووی و هەر ژیاوی، دەزانم بە هۆی ژماردنی سی سکەکەوە، قەت دوواحەسانەوە رووت تێناکا، جا بۆیە تکایە وڵامی پرسیارەکانم بدەوە! بەڵام ئەو هەر بێدەنگە.

چاوەڕوان و چاوەڕوان دەمێنمەوە. لەبەرخۆمەوە دەڵێم رەنگە سەرسەوزیی دڵڕفێنی دۆڵەکە لەبەر ئەوە بێ کەسی وەک منی عەوداڵی وەڵام، بتوانێ بەرگەی چاوەڕوانی بگرێ. دیسان لە کاتێکدا هەوڵدەدەم خۆم بە سەیرکردنی ئاسمان و گەڵاکان و خاکی بەردەممەوە بخافڵێنم، چاوەڕوان دەمێنمەوە. سەرئەنجام دەڵێم باشە، دونیا خەریکە تاریک دادەگەڕێ و منیش دەبێ بڕۆم، باش نیە لە تاریکە شەودا لە تەنیشت گۆڕی خائینێک بم، جا بۆیە لانیکەم وەڵامی یەک پرسیاریانم بدەوە کە پێم وایە لە هەموو پرسیارەکانی تر گرینگترە،… بۆ،… بۆ بە ماچ ئاشکرات کرد،… بۆ؟

بێ سوودە! دەنگ چیە لە گۆڕەکەوە نایەتە گوێ. دۆڵەکە، تا دێ کپ و کپ تر دەبێ. دەنگی جریوەی مەلەکانیش تەنانەت دادەمرکێ و دەمرێ. ‘با’ یش نامێنێ. یەهودا نایەوێ بدوێ. ئەو وادیارە دەیەوێ درێژە بە بێدەنگیی دووهەزار ساڵەی خۆی بدا.

ئارام هەڵدەستم، جانتاکە بە کۆڵمدا دەدەمەوە و بە کاوەخۆ دووردەکەومەوە. لەناکاو چەخماخەی بیرێک وەک هەورەتریشقە لە ئاسمانی مێشکم دەدات. وەڵامی گرینگترین پرسیار، وەک برووسکە دێتە دەروونمەوە. ئیستا دەزانم یەهودا بۆچی کاتێک مەسیحی بەدەستەوەدا، روومەتی ماچکرد،… ئیستا دەزانم.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ماچکردنەکە، سوپاسێ بوو بۆ سی سکەکە!

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *