فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەگەر هونەر نەبوایە بەرگەی ئەو هەموو رووداوەی ژیانی خۆم نەدەگرت

کات 11/10/1395 330 بازدید

فەڕۆخ نیعمەتپوور زیاتر وەک چیرۆکنووس و رۆماننووس ناسراوە و ماوەیەکە پەراوێز خراوە، خاوەنی رۆمانی (پەڕەسێلکەکانی کۆچە)، دوو کۆمەڵە چیرۆکی بە ناوەکانی “ئێوارەی شار” و “خۆشترین رۆژی دنیا” هەیە. وەرگێڕانی دوو کتێب لە زمانی نەرویجییەوە بۆ سەر زمانی کوردی و کتێبێکی فەلسەفی بە ناوی “فەلسەفە لە مێژوودا” هەیە. لەم چەند مانگەی دوایشدا نوێترین رۆمانی لە چاپەمەنی “مانگ” لە شاری بانە بڵاو کرایەوە. ئەندامی ئەنجوومەنی قەڵەمی کوردستانی ئێرانه . لە دەرفەتێکدا “وشە” ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ساز کرد.

دەڵێن ئەو ئەدیبانەی ناتوانن پڕۆژەیەکی ئەدەبی تەواو بکەن، دواجار کۆتای پڕۆژەکە بە خۆکوشتنی نووسەرەکە بەکۆتا دێت، ئایا ئەدیبەکان پێوەندییەکی رۆحییان لەگەڵ بەرهەمەکانیاندا هەیە؟  

ـ بێگومان دەبێ نووسەر پێوەندییەکی زۆر رۆحی و بەهێزی لە گەڵ بەرهەمەکانیدا هەبێ. بێ ئەم پێوەندییە رۆحییە کە یەکێک لە مەرجەکانی بەرهەمهێنانی بەرهەمی چاکە، دەقی بە هێز ناخوڵقێ. من پڕۆژەی خۆکوشتنی نووسەر لەم پرسیارەدا بە سێ شێوە دەبینم، یان نووسەر بە شێوەی جەستەیی خۆی دەکوژێ، یان نووسەر واز لە دەقەکەی دێنێ و بەم شێوەیە دەست دەداتە خۆکوژی لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا و یان ئەوەی کە نووسەر بۆ هەمیشە واز لە نووسین دێنێ (خۆکوژیی خۆ وەک ئەدیبێک). خۆکوژی لە مانا بەرفراوانەکەیدا تەنیا یەکێک لە جۆرەکانی کاردانەوەیە. جۆری تریش هەن کە ئەویش بریتییە لە پێداچوونەوەی سەر لە نوێ بە بەرهەمدا و دۆزینەوەی رێگەچارەی تر. 
ئەدیبەکان ئەو مرۆڤانەن کە ناتوانن لە واقیعدا کاراکتەری ڕاستەقینەی ژیان بن! بۆیە لەم دۆخەدا پەنا دەبەنە بەر ژیانکردن لە تێکستدا، یان پەنا دەبەنە بەر ژیانێکی خەیاڵی، لەکاتێکدا ئەم جۆرە لە ژیان بەجۆرێک لە جۆرەکان بێ مانایییە! ئەگەر پرسیارەکە بە دیوێکی تر بکەین، ئەدیبەکان لە بێ مانایی واقیعدا هەڵاتوون و دەیانەوێت دنیایەک بخوڵقێنن لە خەیاڵدا، بۆیە لەوێدا قووڵتر بەر حەقیقەتی بێ مانایی یان پووچێتی ژیان دەکەون؟

ـ بێگومان خاڵێکی بەهێزە. کامۆ بە هۆی مەرگەوە (ئەوەی کە مرۆڤ دەمرێ)، ژیانی بەبێ مانا لە قەڵەم دەدا. لە بەرهەمەکانیشیدا هەوڵی دەدا ئەم بێ مانایییە تەوسیف بکا. لە “بێگانە”دا پاڵەوانی رۆمانەکە بە پووچگەرایییەک دەگات کە لە کاردانەوەدا کۆمەڵگە یەکجار بە ترسناکی دەنرخێنێ، بۆیە سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێ. نەک تەنیا لای نووسەرە پووچگەراکان، بەڵکو لای نووسەرە شۆڕشگێڕ و ئومێددارەکانیش واقیعی ئێستە و هەنووکە بە نەشیاو دەنرخێندرێ، بۆیە لە بەرهەمەکانیاندا هەوڵ دەدەن واقیعێکی تر بۆ خوێنەر تەوزیف بکەن. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە پووچگەرا لە دەقیدا دەیەوێ بڵێ کە ئەمە مانای راستەقینەی ژیانە و هەڵاتن لە دەستی مەحاڵە (بڕوانە “ئەفسانەی سیزیف”)، بەڵام نووسەری ئومێددار بە پێچەوانەی ئەمەوە دەڕوانێتە ژیان، سەیری رۆمانی “دۆنی ئارام” بکە.

بە رای من ئەدیب لە واقیع را دەکا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ لە رێگەی بەرهەمەکانییەوە بۆ واقیع بگەڕێتەوە. خەیاڵ، رێگەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ واقیع. فەنتازیا، پلان دەڕێژێ بۆ واقیعێکی تر. بە رای من لە ئەدیب واقیعبینتر لە دنیادا دەست ناکەوێ، ئەوان ئەوەندە ریالیستن کە خەونی پێوە دەبینن. 
هەست ناکەن خۆکوشتن وەک چەمک لای ئەدیبەکانی خۆمان باش ئیشی لەسەر نەکراوە، ئەمە ئەگەر وایە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە ئەدیبەکانی خۆمان لەنێو فەزای دین و کولتوور و فەرهەنگێکدا دروست بوون کە خۆکوشتن پتر کارێکی نەشیاوە؟!

من قەت نامەوێ ئەو رۆژە ببینم مرۆڤێک ئێستە بە هەر هۆیەک خۆی بکوژێ. بەڵام وەک پڕۆژەی ئەدەبی و فەلسەفی خۆکوژی کە نیسبەتی لەگەڵ (وجوودگەرایی) و (پووچگەرایی) هەیە کاری رژدی لەگەڵ نەکراوە. خۆکوژی زۆرتر دیاردەیەکی مودێڕنە و پێوەندی راستەوخۆی بە لە خۆبێگانەبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی مودێڕندا هەیە. کۆمەڵگەی مودێڕنیش هێشتا لە کوردستان بە مانای ئەوروپایییانەی خۆی نییە. کاتێک مرۆڤ لە شارە گەورەکاندا دەژی، لە ژووری خۆیدا بە بێ هیچ پێوەندێکی کۆمەڵایەتی ئەوتۆ، لە ناو دەریای مرۆڤەکانی تردا هەست بە خۆی ناکا وەک بوونێک (ون بوون)، سەرئەنجام هیچ رێگەیەکی ئەوتۆش بۆ کۆتاهێنان بەم حاڵەتە پەیدا ناکا، ئیتر وتەزایەک سەرهەڵدەدا بە ناوی خۆکوژی. کوردستان کۆمەڵگەیەکە هێشتا پێوەندە ترادیسیۆنەکان تێیدا بەهێزە و شار بە مانای مودێڕنی خۆی تیای سەری هەڵنەداوە و مرۆڤ بە کۆتای رێگە نەگەیشتووە، دین و کولتووریش وەک بەشێک لە ترادیسیۆن دەوری گرنگ دەبینێ. 

لە کۆمەڵگە مودێڕنەکاندا وا دەردەکەوێ کە ئیتر هیچ پڕۆژەیەکی گەورەی تر نەماوە لە بەردەم تاکەکاندا. مەبەستم پڕۆژە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە، ئەوانەی وا سەرتاپای کۆمەڵگە دەهێننە لەرزین و بە شوێن خۆیاندا رایاندەکێشن. وا دەردەکەوێ لە ئەوروپا بۆ وێنە ئیتر مرۆڤ بیر لە شۆڕش ناکاتەوە، بەڵام لە کوردستان هێشتا ئەگەری پڕۆژە گەورەکان لە ئارادان. دەبێ بڵێم هەڵبەتە پڕۆژەی خۆکوشتن لە لای ئەدیبانی ئێمە بووەتە بابەت و ئامادەیی هەیە، بەڵام هێشتا بە جوانی رەگی دانەکوتاوە. قووڵبوونەوە لەم مانایەدا پێویستی بە قووڵبوونەوە لە مانا فەلسەفییەکاندا هەیە.
پرسیارێک کە زۆر پێویستە قسەی رژدی لەسەر بکرێت، ئەویش نەخۆشیی دەرونییە لای ئەدیبەکان و نووسەرەکان و فەیلەسووفەکانیش، هەندێک لەخۆکوشتن هەیە لە مێژووی ئەم کەسانەدا، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە خۆکوژەکە دواجار وەک مرۆڤێک تووش بووە بە نەخۆشییەکی دەروونی؟

 بێگومان وایە. کاتێک ئەدیب (یان هەر مرۆڤێکی تر) لەگەڵ واقیعی دەوروبەری خۆی دەکەوێتە کێشە، ئەمە جۆرێک لە ئاڵۆزیی دەروونی دروست دەکات. نەخۆشیی دەروونی بریتییە لە تێکچوونی پێوەندی ئاسایی مرۆڤ لەگەڵ واقیعی دەوروبەر، بەڵام ئەمە نابێ ئێمە بەو شوێنە بگەیەنێ کە نەخۆشییەکان هەموویان لە یەک ئاست و لە یەک وەسفدان. بە رای من جیاوازیی ئەدیب ئەوەیە دەتوانێ گوزارشت لە ئەم ئاڵۆزییە بکا و بیکاتە هەوێنی رووداوێکی هونەری. لە راستیدا ئەدیب خاوەنی جۆرێک لە “بان شعوورە” بەرامبەر بە دۆخی خۆی کە ئەم بان شعوورەیش دەق دەینوێنێتەوە. 

جیاوازیی ئەدیب لەگەڵ خەڵکی نەخۆشی تر ئەوەیە ئەدیب لە رێگەی بەرهەمەکانی خۆیەوە لە پرۆسەی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی خۆیدایە، بەڵام خەڵکی تر دەبێ بچنە لای پزیشک! بۆیە من هەمیشە سوپاسی هونەرم کردووە. ئەگەر هونەر نەبا من بۆ خۆم بەرگەی ئەو هەمووە رووداوەی ژیانی خۆم نەدەگرت. 

داستایڤسکی نەخۆش بوو، نیچە نەخۆش بوو، بەڵام کاتێک ئێمە باس لەم دووانە دەکەین باس لە دەقەکانیان دەکەین نەک لە خودی خۆیان. ئەوان ئامرازێک بوون (وەک جەستە) بۆ نووسین. وەک بڵێی “نووسین” بوونەوەرێکی سەربەخۆیە لە دەرەوەی مرۆڤ! بۆیە گرنگە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نووسەر، زیاتر سەرنج بدرێتە دەق نەک خودی نووسەر. بە داخەوە لای ئێمە هێشتا بە پێچەوانەوەیە.

چاوپێکەوتنی وشە لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەت پور

وشە/ غەمگین و گۆران

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *