فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بەبێ خوێندنەوە، نووسینی رژد مەحاڵە

کات 17/03/1396 71 بازدید

بەبێ خوێندنەوە، نووسینی رژد مەحاڵە

فەروخ نیعمەتپوور کە نووسەرێکی دیارە و لە رووی بەرهەمەوە دەوڵەمەندە و خاوەن کتێبگەلێکی چاپکراوە لە زۆر بواری جیاوازدا. هەفتەنامەی “وشە” لەم دیمانەیەدا لەبارەی ئەو بەرهەمانەی گفتوگۆی لەگەڵ کردووە و وەڵامی چەندان پرسیار دەداتەوە.

یەکەم کتێب کە خوێندتەوە چی بوو؟

یەکەم کتێب بێگومان بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە. ئەوەندەی لەبیرم بێت ناوی “میوانی ناوەخت” بوو بە زمانی فارسی “مهمان ناخواندە”. بەسەرهاتی ژنێکە کۆمەڵێک ئاژەڵ دەبنە میوانی و بە دڵێکی  سەخییەوە پێشوازییان لێ دەکات.

ناوەڕۆکی ئەم کتێبە کاریگەریی بەسەر هزر و نووسینی تۆوە چی بووە؟

دەبێت بەگوێرەی قۆناغەکانی تەمەن قسە لەسەر یەکەمین کتێبەکان بێت. واتە مرۆڤ بە هەر چەند ساڵێک دیسان تووشی یەکەم کتێب دەبێتەوە، رەنگە نە بە چەند ساڵێک، بەڵکو جار هەیە لە زەمەنێکی یەکجار کورتتردا. یەکەم کتێب تا ئەو جێگەیەی لە بیرم ماوە چەند کاریگەرییەکی بەسەر منەوە هەبوو و تا ئێستەیش ماوە. 

یەکەم گوناندنی پێوەندیی دۆستانەی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ /لە کاتێکدا لە گەڕەکی ئێمە رۆژ تا ئێوارە پشیلە و سەگیان راو دەنا/. دووەم سیمای میهرەبانانەی خانەخوێ کە نەک تەنیا ناوچاوانی تاڵ نەدەکرد، بەڵکو هەر جار لە دەرگەیان دەدا بەڕوویەکی ئاواڵاترەوە دەرگەی بەڕووی نەناسیاودا دەکردەوە. سێیەم وێنەی ئاژەڵەکان وا کێشرابوون دەیانتوانی وەک مرۆڤ هەستەکانیان ببینێ و بیانخوێنێتەوە /بۆ وێنە وەک پێکەنین/. کەواتە میوانداری یان لە راستیدا هەستی هاوکاری لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر، دەرفەتی دۆستایەتییەکی نائاشنا و سەرئەنجام ئەوەی ئاژەڵ دەکرێ وەک مرۆڤ خاوەن هەمان هەست و سۆز بێت ئەو کاریگەرییانەن کە من تا ئێستەیش لە بیرم ماون. 

لەپێناوی چیدا کتێب دەخوێنیتەوە؟

دۆزینەوەی هۆکار بۆ هەموو کردەیەک کەمێک دژوارە، بە تایبەت کاتێک نە مرۆڤ دەرفەت و توانای ئەوەی هەبێ هەموو هۆکارەکان ببینێتەوە و نە وەک بوونەوەرێکی خاوەنی “مەیلی ئازاد” دەتوانێ سنووری ئازادییەکانی خۆی بە ئاسانی بدۆزێتەوە. رەنگە من لە بنەماڵەکەمدا فێر و ناچاری خوێندنەوەی کتێبیان نەکردمایە، قەت ئێستە بەو شێوەیە هۆگری خوێندنەوە نەدەبووم. پێیان دەگوتم تۆ کتێب دەخوێنیتەوە لەپێناوی ئەوەی زیرەکتر بیت و چێژ لە ژیان وەربگری و باشتر لە دنیا تێبگەی. بەڵام ئەمانە گوتەکانی گەورەکانی ئەو سەردەمانە بوون بۆ من. لەگەڵ گەورەبوونم و تێپەڕینی ساڵ و دیتنی گەلێک رووداوی سەیر و سەمەرە و ئەزموونکردنی ژیان لە یەکجار نزیکترەوە، بووم بە خاوەن هەست و بیرێکی زیاتر سەربەخۆ کە زۆرتر لەسەر پێی خۆی راوەستاوە. ئەم سەربەخۆیییە رێژەیییە ئەو دەرفەتە بە من دەدا بڵێم لە پێناوی دۆزینەوەی هەندێ وەڵامیشدا بخوێنمەوە، یا لە پێناوی ئەوەی ئاخۆ “لە پێناوەکانی” پێشتری من لە راستیدا چین. هەروەها من لە پێناوی نووسینیشدا دەخوێنمەوە. 

لە راستیدا بەبێ خوێندنەوە، نووسینی رژد مەحاڵە، هەڵبەت بەو مەرجەی خوێندنەوەیش دەبێ دیاردەیەکی چالاکانە بێت. خوێنەر پاپۆڕێک نییە تەنیا بەسەر رووی دەریادا تێدەپەڕێ، بەڵکو لە هەر ساتێکی تێپەڕیندا هەم سەیری دوورە دەستەکان دەکات، هەم سەیری ئاوەکەی بەردەمی و قووڵایییەکانی، جاری وا هەیە لەسەر دڵۆپێک رادەوەستێ و لێی رادەمێنێ کە دەڵێی هەموو دنیایە. ئەم رامانە بەردەوام لەگەڵ بیرکردنەوە و بەکاربردنی فەنتازیادایە. خوێندنەوە مانا بە ژیان دەدا و ئێمە پێویستمان بە دروستکردنی ماناکانە، هەروەها بێتاقەتی کە بە جۆرێک سەرێکی بە نیهیلیزمەوەیە، هانم دەدا بخوێنمەوە، دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی زۆر بێتاقەت نەبم، بەڵام لە هەمان کاتدا دەزانم رەنگە دوای تەواوکردنی کتێبێک زیاتریش بێتاقەت بم!

ئەگەر کردەی خوێندنەوە بوونی نەبێت، نووسین ماهییەتی چییە؟

خوێندنەوە پێویستییەکی گرینگی نووسینە، هەڵبەت نەک بە تاقی تەنیا، مەرجەکانی تر بریتین لەوەی کە خوێنەرێکی چالاک بیت و دواتر بتوانی خوێندنەوەکان بە دنیای دەوروبەرتەوە گرێ بدەیتەوە، بۆ ئەوەی شتی لێ بەرهەم بێت. بە گشتی بەبێ خوێندنەوە، ماهییەتی نووسین دادەبەزێ، نامەوێ بڵێم بە دڵنیایی دەبێت بە داڕشتن، چونکە هەندێ جار داڕشتنی یەکجار جوانیشمان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکی دادەبەزێ، بەڵام لە دنیای لێکۆڵینەوەدا خوێندنەوە مەرجی سەرەکییە. نووسینی لەم شێوە بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی تر یا پشتبەستنی فیکری و تیۆری بە سەرچاوەکانی تر، نابێ بە نووسین.

بەبڕوای تۆ کەی ئەو رۆژە دێت تاکی کوردی کتێبی لە پارە و زێڕ و سەروەت خۆشتر بوێت؟

گەیشتن بە وەها بەراوردێک هەمیشە ئەستەم بووە، چۆن ئێمە دەتوانین بزانین بۆ وێنە لە ئەوروپا خەڵک کتێبیان لە پارە خۆشتر دەوێت؟ بە تایبەت ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین لە سیستمی سەرمایەداریدا پارە بنەڕەتە بۆ ژیان. ئەوەی پارەت نەبوو نە پەنایەکت هەیە بۆ ژیان و نە جلوبەرگ و نە نان بۆ خواردن، ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. مارکس لەمەدا راستی کردووە کە ئابووری بنەمایە. من دەتوانم تەنیا ئەوەندە بڵێم لەو وڵاتانەی ژیانی خەڵک لە هەموو روویەکەوە سەقامگیرترە، کتێب و خوێندنەوە باوی زۆرترە. دەبێ بڵێین کە ئاواتەخوازی ئەوەین لە ناو سیستمی کاپیتالیستیدا وەها باڵانس و هاوسەنگییەک لە نێوان حەز بە پارە و کتێب خوێندنەوەدا چێ ببێ کە چیتر تەنیا پارە قسەی سەرەکی نەکا. 

لە پاڵ ئەوەی دەگوترێت “کتێب باشترین هاوڕێی مرۆڤە”، کتێب لە دیدی زۆر لە بیرمەندان جیاواز لەوە کەوتووەتەوە، ئایا کتێب بەلای تۆوە چییە؟

ـ ئەگەر دەستەواژەی ئیفلاتوونی بە کار بێنمڤت بریتییە لە کۆپیی ژیان، هەندێک جار زیاترە لەوەیش، چونکە هەندێ دیاردەی تەجریدی لە ژیاندا هەن تۆ ناتوانی لەمس و هەستی بکەی، بەڵام لە کتێبەکاندا دەیانبینیتەوە. هەروەها بەهۆی کتێبەوەیە تۆ لەگەڵ رابردوو و تەنانەت داهاتوویش وەک بوونەوەرێک کە ئێستە دەژی، پێوەندی بەرقەرار دەکەی. کەواتە کتێب ئەو بوونەوەرەیە زاڵە بەسەر زەمەندا. “کتێب باشترین هاوڕێتە” تا ئاستێکی زۆر، راستە. بەڵام هەندێ جار کتێب دەتوانێ ببێ بە باشترین دوژمنیشت.

چۆن؟

کتێبی “شەڕی من” لە نووسینی ئادۆلف هیتلەر، بە کتێبێکی پڕ لە رق و نەفرەت ناسراوە. بەڵام ئێستەیش زۆر مرۆڤی فاشیست هەن ئەم کتێبە وەک ئینجیل و قورئانی خۆیان سەیر دەکەن.

ئەو کتێبەی حەزت دەکرد تۆ نووسیارەکەی بی، چی کتێبێکە؟ هەروەها ئەو کتێبە چی کتێبێکە حەز دەکەی چەندان بارە بیخوێنیتەوە؟ ئەی ئێستە خەریکی خوێندنەوەی چی کتێبێکی؟

ـ زۆر کتێب لە ژیانمدا هەبووە حەزم کردووە من نووسەرەکەی بوومایە، بۆ وێنە ساڵانی زوو کتێبێکم خوێندەوە بە ناوی “پرتو اختر دوردست” واتە تیشکی ئەستێرەی دوورەدەست کە رۆمانێکی رووسییە، یا بە نەوجەوانی کاتێک کتێبەکانی عەلی ئەشرەف دەروێشانم دەخوێندەوە، یان کتێبی “بیچارگان”ی داستایفسکی، هەندێ کتێب وەها دەمگرێ تا یەک هەفتە و رەنگە زیاتریش بەرم نادا، بەتایبەت بە کاتی گەنجیەتی ئەم حاڵەتەم زۆر تیادا بەهێز بوو. بە دەیان جار بە دەم رێگەوە گریاوم. گلەیییان لێ کردووم مرۆڤێکی لە خۆباییم، چونکە وەڵامی سڵاوم نەداوەتەوە، بەڵام تەنیا هۆکەی ونبوونی خۆم بووە لە خۆمدا.

لە دووبارە خوێندنەوەی بە تایبەت رۆماندا زۆر زیرەک نیم، تەنیا یەک جار دەیخوێنمەوە و لەگەڵ جاری دووەم کێشەم هەیە، بەڵام بۆ کتێبی فیکری وا نیم. بۆ وێنە دەتوانم دەقێکی فەلسەفی چەندان جار بخوێنمەوە بە تایبەت ئەگەر کتێبەکان سەرچاوە سەرەکییە فەلسەفییەکان بن، من زۆر رێز دادەنێم بۆ ئەو هەستە یەکەمەی خوێندنەوەی رۆمان پێم دەبەخشێ و پێم وایە جاری دووەم بیخوێنمەوە، ئیتر ئەو هەستەم بەو شێوەیەی پێشوو ناداتێ، کەواتە بە دووبارە خوێندنەوەی ستەمم لە خۆم کردووە، رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە لە یەکەم جاردا من زۆر شت لە پێناوی خوێندنەوەی رۆماندا دادەنێم، بەڵام بۆ کتێبی فیکری وا نیم و هۆکارەکەیشی دیارە، چونکە کتێبی فیکری زۆرتر و رەنگە تەنیا لەگەڵ فیکر و تیۆر سەروکاری هەیە و ئیتر ئەمە شتێکی ترە. هەڵبەت لە خوێندنەوەی چیرۆکدا وا نیم، هەندێک جار چەندبارە هەمان چیرۆک دەخوێنمەوە، ئەم ئەزموونەم لەگەڵ دەقەکانی چیخۆف هەبووە. 

لەبارەی خوێندنەوە، من جۆراوجۆر دەخوێنمەوە، لە رۆمانەوە بگرە تا چیرۆک و دەقی فەلسەفی و بابەتی سیاسی و هەواڵ، هەموو ئەم بابەتانە رۆژانە دەخوێنمەوە، پلانم بۆ داناون، یەک بە دوای یەکدا. ئێستە خەریکی خوێندنەوەی هیگڵم، وتارێکی دوور و درێژی نەرویجی لەسەر ستاتیکا بە دەستمەوەیە، رۆمانێکی نەرویجی بەناوی “گوڵی رۆزی نیوەشەو” دەخوێنمەوە، هەروەها لەگەڵ خوێندنەوە سیاسییە رۆژانەکانم.  

چاوپێکەوتنی وشە لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەت پور
وشە/ غەمگین خدر

ئەم وتووێژە لە گۆڤاری “وشە” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *