فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دڵتەنگییەکانی باجی

کات 18/08/1396 1,213 بازدید

باجی ئەوەتەی لەبیری دێ دڵی تەنگە. هەڵبەت بۆ خۆیشی لەبیری نایەت لە کەیەوە. هەندێ دەڵێن هەر کە چاوی بە دونیا پشکوت وای لێهات، هەندێکی تر دەڵێن لەو رۆژەوە یەکەمین بیرەوەری لە مێشکیدا چێ بوو، کۆمەڵێکی تریش دەڵێن خەتای مردووەکانە. بەڵام، لەو ساڵانە ئەوەندە تێپەڕبووە کە باجی بۆ خۆی بەلایەوە زۆر گرینگ نەبێ چۆن و کەی و بۆچی وای لێهات. ئەو ئەوەندە عادەتی بە دڵتەنگییەکانی خۆی گرتووە و ئەوەندە ئاشقیانە کە بە بێ ئەوان ژیان لای هیچ مانایەکی نیە. دڵتەنگی ژیان و، ژیان دڵتەنگی،… لای ئەو.

باجی هەمیشە، بە جێ و نابەجێ، ئاە هەڵدەکێشێ. کە قسەدەکا بە هەناسە و ئاهەوە دەدوێ و تۆنی دەنگیشی نزمی نزمە. وەک بڵێی هەر ئائیستاکە کارەساتێک روودەدا و باجی لە پێش هەمووانەوە بەهۆی توانایەکی نادیارەوە ئاگای لێیە. رێک وەک خودا. لێوەکانی و چەناکەیشی هەمیشە شۆڕن و، چاوەکانیشی داهێزراو. تا لادەکەیتەوە دەچێتەوە ناو بیر و خەیاڵان. زۆربەی کاتەکانیش کاتێک دانیشتووە، سەری بە لارەوەیە. بە کورتی باجی خەمی هەموو دونیا دەخوا، هەر لە مردووەکانییەوە بگرە، ساحەب مردووەکانی، غەریبەکانی و، تا دەگاتە ئەوانەی وا قەرارە رۆژێک لە رۆژەکان بمرن. ئەو، تەنیا خەمی خۆی ناخوا. باجی قەت خۆی لەبیر نیە.

من نازانم دڵی باجی چۆن جێی ئەو هەموو شتەی دونیای تیا دەبێتەوە.

رۆژێ پێم گوت باجی تۆ بۆ ئەوەندە خەفەت دەخۆی، مەگەر نازانی ئەوەی لە دونیا دەگوزەرێ کاری خودایە و دەبێ بە کاری خودایش شوکربین و ناشوکری نەکەین، ئەگینا گوناهبار دەبین؟… ئاخر مەگەر تۆ خۆت بە موسوڵمان نازانیت؟… بۆ ئەوەندە خۆت ئازار دەدەی؟ بۆ ئەوەندە لە کاری خواگیان ناڕازیت؟ باجی بە چاوە داماو و داهێزراوەکانی کە دەڵێی لە جیهانێکی ترەوە لێیان دەڕوانیم، کەمێک لێم راما، پاشان ئاهێکی هەڵکێشا و گوتی های بەقوربانت بم هەر خواگیان بۆ خۆی دەزانێ بۆ کاری گەردوون وەهایە، بەقوربانی بم هەر خۆی دەزانێ بۆ وای دروستکردووە! گوتم هەرئەوە، منیش مەبەستم هەر ئەوەیە، لە کاری کەسێک خەفەت نەخۆین کە هەر تەنیا خۆی تێیدەگا، با خەفەتەکانیش دانێین بۆخۆی. لێرەدا بینیم چاوەکانی باجی کە هەتا دەهات لە ناویدا نیگاکانی بۆ پاشەوە بۆ پشت بیلبیلەکان دەگەڕانەوە، پڕ بوون لە فرمێسک. بە بێ ئەوەی هەڵوەرێن، پاش ماوەیەک وشک بوونەوە و ئەوسا گوتی های رۆڵە گیان… های لە دنیا… های!

من لەم کاتانەدا هەستم دەکرد باجی خەفەتی خودایش دەخوا. خودایەک کە بۆخۆیشی بووە بە قوربانیی خڵقەتی خۆی.

ئەوەی کە دەڵێن باجی هەر لەو رۆژەوە لە دایک بووە ئاوەهایە، هەڵبەت لام قسەی لابەلایە. راست نیە. شتی وانابێ. راستە منداڵی ساویلکە دەگری، ئەویش هەر لە یەکەم چرکەوە، بەڵام ئەمە فڕی بەو خەفەت و دڵتەنگییانەوە نیە باجی خاوەنیانە. دڵتەنگییەکانی ئەو، ئەگەرچی نەخوێندەوارە، لە جۆرێکی ترن، هەست دەکەم تێکەڵن بە فەلسەفە، بەتایبەت تێکەڵن بەو بەشەی باسی پەیوەندیی نێوان ژیان و پووچگەرایی دەکا. هەڵبەت باجیی داماو یەک وشەیش چییە لەمە نازانێ، هەر قەتیش نەیبیستووە. یەک کەلام چییە لەسەری نەیخوێندووەتەوە، بەڵام،… بەڵام ئەو بە بێ ئەوەی لێی بزانێ تەواوی ئەم بەشەی فەلسەفەی قوتداوەو و بە جوانی کردوویەتی بە گۆشت و خوێن! بگرە ئەو پێش فیلسووفەکانیش بەمەی زانیوە! ئەو بە بێ ئەوەی بتوانێ یەک وشە چیە لەسەری باسی بکا، لە دەروونی خۆی، بە هۆی بەهرەیەکەی خوداییەوە لەهەمووی گەیشتووە. لەبەریەتی. وە چونکە نایشتوانێ باسی بکا، وەها بابەتەکە لە دەروونیدا پەنگی خواردووەتەوە و خەست بووەتەوە کە دەڵێی بۆ خۆی رێک لەوە دروستکراوە و بەس. بە بێ هیچ کەم و زیادێک.

لای باجی، ژیان و کارەسات دووانەیەکی ئەبەدین کە خودایش ناتوانێ لێکیان بکاتەوە.

من بۆ ئەوەی رایتڵەکێنم و بەئاگای بکەمەوە (جاری وایە هەستدەکەم باجی لەلایەن کەسێکی ناڕەسەنەوە بۆ خۆشی، ئا بۆ خۆشی، هیپنۆتیزم کراوە)، دەڵێم دونیا هەر ئەوە نیە تۆ دەیبینی، سەیری ئەم هەموو شتە جوانە بکە، ئەم هەموو شتە خۆشە، ئەم دونیا رەنگاوڕەنگە،… باشتر نیە پیاو جاری وایشە زەینی بدا بەمانە و ئەوانیش ببینێ؟ پێت وانیە لانیکەم نیوەی جیهان ئەم جوانیانەیە؟ باجی هەناسەیەک هەڵدەکێشێ و دەڵێ ئای رۆڵە گیان! ئای،… دنیا هەر زۆر جوانە، ئاگات لەو مەنزەرانەیە، لەو ئاسمانە جوان و دارستانە سەرسەوزانە؟ بەخوا چەند ساڵ لەوە پێش لەگەڵ خێزان چووین بۆ سەفەر، شەوکەی لە باخێک ماینەوە، باخەکە لە قەراخ بەنداوێکی گەورە بوو، شەوەکەی بوو بە مانگەشەو، پیاو نازانێ بڵێ چی بۆ ئەو هەموو جوانییەی ئەو شەوە، ئای رۆڵە ئای ی ی! باجی یەک دوو هەناسەی قووڵی تر هەڵدەکێشێ و لە عەرزەکەی بەردەمی رادەمێنێ. هەست دەکەم سەری بەقەد هەموو گەردوون قورسە.

باجی دەتوانێ بە هەفتە و بە مانگ لە ماڵەوە دابنیشێ، بێدەنگ، سست سست، بە بێ ئەوەی تاسەی دەرەوە بکا. بەکاوەخۆ ماڵەوە خاوێن دەکاتەوە، بە حەوشە گەورەکەی رادەگا، بۆ پشوو لە سەر پێ پلیکانەکان دادەنیشێ و سەیری ئاسمان و شاخەکەی ئەوبەر دەکا. گوێ لە بانگی مەلا دەگرێ و لەنەکاو دڵی ئەوەندەی تر تەنگ دەبێ. جاری وایە فرمێسکەکانی بە سەر ئینجانەی گوڵەکانی تەنیشتیدا دەوەرێ و هەناسەی ئەوەندە سواردەبێ لەوانەیە بخنکێ. لەم کاتانەدا دەست دەبا و لەو تۆنگە ئاوە دەخواتەوە کە بە هۆی تیشکی هەتاوەوە گەرمی گەرمە. ئاوە گەرمەکە بە جەستەی گەرمتریدا پرش و بڵاو دەبێتەوە.

بەڵام حاجی هەر لەو کاتەیشدا گەر دەست بدا و بچێ بۆ سەفەر، کەس بە قەد ئەو حەزی بە گەڕان نیە. چاوە کزەکانی هەموو شتێک قوتدەدەن. بەو کامێرا کۆنەی کە میمۆرییەکی چوار گیگابایتی تیایە، لە هەموو شتێ وێنە و فیلم دەگرێ. چاوەکانی بە هەموو شتێ سەرسام دەبن. هەر لە مێشێکی رەزاگرانی بەهەڵکەوتەوە بگرە کەبەسەر شووشەی ماشینەکەوە نیشتووە، هەتا دوورترین پەڵەهەوری ئاسمانەکان. ئەو وەک منداڵ بە دیتنی رووداوە خۆشەکانی ژیان پێدەکەنێ و دەتوانێ سەدان جار هەمان رووداوت بۆ بگێڕیتەوە و دیسان هەر وەک جاری یەکەم پێ بکەنێتەوە. پێکەنینێکی منداڵانە کە هیچ گەورەساڵێکی تر، جگە لە باجی ناتوانێ دووپاتی بکاتەوە. باجی، منداڵێکی گەورە، یاخود پیرێکی منداڵە.

لای باجی ژیان چیرۆکێکی هەمیشە تازەیە. لای ئەو هیچ شتێ کۆن نابێ. بە هەموو خڵقەت، جا چ گەورە و چ بچوکی، سەری سوڕدەمێنێ. هەموو شتێ لای ئەو گەر سەدان جاریش بیبینێتەوە، هەر وەک جاری یەکەم دەنوێنێ. باجی ئاشقی ژیانە. ئەو، لەهەر رووداوێکی کۆن، هەر چەندەیش کۆن و دووپاتکراوە بێت، دیسان شتی تازە دەبینێتەوە.

ئەوەی کە دەڵێن لەو رۆژەوە وای لێهاتووە وا یەکەمین بیرەوەری لای دروست بووە، پێم وابێ تا رادەیەک ئەقڵ دەیگرێ. هەرچەند نە کەس و نە بۆخۆیشی نازانن یەکەم بیرەوەری چی و چۆن بووە. من زۆر جار بیرم لەم یەکەم بیرەوەرییە کردووەتەوە. یەکەم بیرەوەری رەنگە یەکەم بۆن بێت، یەکەم دیمەن، یان یەکەم دەنگ بێت، واتە ئەو بۆن و دیمەن و دەنگەی بە پێچەوانەی بۆن و دیمەن و دەنگەکانی تر لە یاددا دەمێنێتەوە. وەک بیستوومە باجی لەسەردەمی هاتنی رووسەکان لەدایک بووە و رێک ئەو شەوەی، شار لە لایەن حەمە رەشی خانەوە سوتێندراوە، خەریکی گخە و بڤە بووە و توانیویەتی خۆی بەروپشت بکا. جا من پێم وایە باجی یان بۆنی دووکەڵی ئەو شەوەی لەبیرە، یان دیمەنی بڵێسەی بەسامی ئەو گڕانەی هەموو شوێنێکیان بێ بەزەییانە دەلستەوە، یان دەنگی زریکەی بەسامی ئەو ژن و منداڵانەی لە کۆڵانەکانەوە گوزەریان کردووە و شاریان جێ هێشتووە. ئەدی، باجی بێگومان بێ ئەوەی بۆخۆیشی بزانێ یەکێک لەمانەی لەبیرە! من دڵنیام. دڵنیام چونکە دیمەنی شەڕ قەت زەین و دەروونی کەس جێ ناهێڵێ، جا لە هەر تەمەنێکدا بیت.

ئەوەی کە هۆکاری دڵتەنگییەکانی بگەڕێتەوە بۆ مردووەکانیش، بە رای من رێی تێدەچێ. باجی لە هەموو قۆناخە سەرەکییەکانی ژیانی، واتە منداڵی، گەنجیەتی، گەورەساڵی و ئیستایش قۆناخی پیری، گەلێک مردنی بینیوە. سەیریشە! گەر لە ژیانی ورد بیتەوە دەبینی بۆ وێنە کاتێک منداڵ بووە لەسەر تەنوورەکەیان رۆژێک کابرایەک بە دەمانچەوە خۆی پیادەکا و ئەوەندەی پێ ناچێ پۆلیس و چەکداری حکومی دەوری دەدەن و دەبێتە شەڕە تەقە و کابرای بێچارە دەکوژرێ. ئەو لە پشت پەنجەرەکەوە هەموو شتێکی بینیبوو. کە شۆڕشیش کرا گەنج بوو و لە رووداوەکانی ناو و پاشی شۆڕش برایەک و دوو ئامۆزای کوژران. ئەو، ئیتر ئەو ئەرکەی پێ بڕا (لە لایەن خۆیەوە) کە بچێتە سەر گۆرەکەیان و بەکوڵ بۆیان بگری و روومەتی خۆی بڕنێ. باجی ئیستایش بەدوور لەچاوی خەڵکی، بە پیادە، وەخت و ناوەخت دەچێتە سەر گۆڕەکانیان و دەگرێ. بە تایبەت پاییزان. ئەو بەدەم گریانەوە حەزی بە گەمەکردن بە گەڵا زەردە وەریوەکانی پاییزە. ئەو گەڵایانەی ‘با’ لە دەوری جەستەی کۆیاندەکاتەوە و دەکەونە تەوافی لەش و لاری لاوازی باجی. کە شەڕی ئێران و عیراقیش دەستی پێکرد، شارەکەیان ئەوەندە بۆمباران کرا کە بە سەدان و بە هەزاران خەڵکی تیا بکوژرێ و ئەویش بەشێکی باشیان بناسێ. لەبیرمە ئەو ساڵانە باجی نەیدەزانی چۆن پێوەندی خۆی لەگەڵ دونیا بدۆزێتەوە. تەواو سەرگەردان ببوو. من ئەو ساڵانەم ناونا، ساڵە عەبەسەکانی باجی.

کە بەرەبەرە تەمەنیشی هەڵکشا، ئەوجا مردنی کەس و کار دەستی پێکرد، بۆ وێنە دایک و باوکی. باجی لەم ساڵانەی دووای وای لێهاتبوو کە بۆ گریان پێویستی بە هیچ کارەسات و رووداوێک نەمابوو. گریان بۆخۆی دەهات. هەر ئەمەیشە من ناوم لێناوە دڵتەنگی. کە دڵتەنگ بووی، گریان هەمیشە لە گیرفانتدایە. تەنیا ئەوەندەی کە هیممەتت هەبێ و دەستی پیا بکەی و دەریبێنی. ئیتر لە خزمەتتدایە،… بە هەموو ئازای ئەندامییەوە! بگرە باجی دەستیشی پیانەدەکرد. ئەو تەنیا سەری بە ئاستەم خواردەکردەوە، بە ئارامی لاچاوێکی لە گیرفانی سوخمەکەی دەگرت و ئیتر گریانەکە بۆ خۆی دەهاتە دەر و دەپەڕییە چاوەکانییەوە. رەنگی سوور،… رەنگی سوور! ئیتر رەنگێکی سوور لە چاوەکانییەوە دەدەڵا و هەموو دەورووبەر و هەموو جیهانی سوور دەکرد.

با ئەوەیش بڵێین باجی قەت پووڵی لە گیرفاندا نەبووە. ئەو، عانەی تەنیا بەدەست ئەم و ئەوەوە بینیوە. بە تایبەت بەدەست مێردەکانییەوە. بەڵام بە خۆشییەوە قەتیش حەزی نەچووەتە سەر پارە. ئەو تەنیا لێی رووانیوە، وەک چۆن لە هەموو دیمەنەکانی تری دونیای دەڕوانی. هەمیشەیش سەری بەم شتە بچووکە سووڕماوە کە چلۆن ئاوەها ببووە ناوەندی ‘بوون’. فەلسەفە خۆڕسکە پووچگەراییەکەی لە دەروونەوە پێی دەگوت ئەمە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی ئەو کارەساتەیە لەدەرەوە بەربینگی بە هەموو جیهان گرتووە. بەڵام مەگەر دەکرا لێی دەربازبین؟ نا، لای ئەو نەدەکرا. نیگای مێردەکانی پێیان دەگوت نا. ناکرێ مرۆڤ لە شتێک دەرباز بێ کە هەموو ژیان پێیەوە گرێدراوە. ئەگەرچی لەسەرێکی ترەوەهەر ئەوەیش سەرچاوەی نەهامەتییەکان بێت. باسی مێردەکانی باجیم کرد، ئا مێردەکانی! چونکە سێ شووی کردووە. هەڵبەت نەک لەبەر ئەوەی حەزی بە شووکردن بووە. نا، بەپێچەوانەوە… چونکە مێردەکانی یەک لە دووای یەک بە هۆی دەردێکی خودایی مردن. ئەمە کارێکی کردووە خەڵکی پێی بڵێن سەرەخۆرە! باجی سەرەخۆرە. بەڵام کەس بەقەد خۆی نازانێ کە هیچ گوناح و تاوانێکی لەم مردنانەدا نەبووە. ئەو سێ مێردە یەک لە دووای یەک هەر لەخۆوە مردن. یەکیان لە نیوەشەودا. کاتێک بۆ بەیانی لەخەو هەستا، پەیکەرێکی بێ گیانی لە تەنیشت خۆیدا بینی. دووهەمیان لە دووکانەکەی کە کوتاڵفرۆشی بوو، لە کاتێکدا سەری خستبووە سەر مێزەکەی بەردەمی، ئەو مێزەی مەقەست و گەزەکەی لەسەر بوو، گیانی دەرچووبوو. سێهەمیشیان لە کاتی دەستنوێژگرتنی بەیانیی زووی یەکێک لە رۆژە زستانییەکان لە مزگەوت. بەلادا کەوتبوو و سەری لەناو قووڵایی ئاوەڕۆکەی نێوان دیواری حەوزەکە و شوێنی دانیشتنەکەی مابووەوە هەتا خەڵکی تر هاتبوون.

بەڵام باجی فێربووە شوکر بێت. شوکر بە شێوەی خۆی. ئەو زۆر نەگریا. ئەمانەیشی هاویشتە ناو تورەکەی فەلسەفەکەی خۆی و کردنی بە بەشێک لە دڵتەنگییەکانی خۆی. بۆیە مێردەکانی لای ئەو بەردەوام دەگەڕێنەوە. ئەوان نامرن،… هەتا باجی مابێت.

باجی تەسبێحێکی هەیە سەد و یەک دنک. بەو ئیمامەوە درێژ درێژ بە سەرسەری ئەوانی ترەوەیە و حوکمیان دەکا. هەڵبەت هەر ئەم تەسبێحە نیە. گەر یەغانە کۆنەکەی هەڵبدەیتەوە، بەدەیان و رەنگە بە سەدان تەسبێحی تر ببینی کە وەک شارە مار بە سەر یەکتردا پێچ و لوولیان خواردووە. لەهەموو رەنگێک. بەتایبەت سەوز. لەهەموو ئەندازەیەکیش. درشت و ورد. باجی گەر کەسێکی زۆر خۆش بووێت، وەک دیاری تەسبێحی بۆ دەبا. تەسبێحە گەرم و ئارەقاوییەکان. ئەو دنکانەی ئەوەندە بۆ دۆعاکردن لەناو مشتی باجی دا سووڕی خۆیان داوەتەوە کە ئێستاکەیش سەرەرای تێپەڕینی ساڵان، هەر سرتە ـ وشەکانی باجییان لە گوێدا دەزریگنێتەوە. ئەو سرتانەی بەپێچەوانەی هومێد و خەونی باجی، قەت نەیانتوانی بەر بە کارەساتەکانی دونیا بگرن.

من جاری وایە سەرم بە باجی سوڕدەمێنێ. باشە بۆ دەبێ کارەساتەکان نەمێنن؟ مەگەر نەک ئەوەیکە ئەوان هەزاران ساڵە هەن و دەیشمێنن! من دڵنیام بە درێژایی مێژوو بە سەدان و هەزاران و… باجیی تریش هەبوونە کە وەک ئەو ئەم ئارەزووەیان لەدڵدا بووە. من دڵنیام کە باجی بەسەر حەزێکی منداڵانەدا کەوتووە. ئەمە لە ئەقڵەوە نایەت، لە هەستەوە دێت. پووچگەراییەکەی باجی لەسەر هەست راوەستاوە. رۆژێک بڕیاردەدەم ئەمەی پێ بڵێم. هێشتا نەگەیشتوومەتە بەر دەرگای ژوورەکەی پەشیمان دەبمەوە. لێوی خۆم دەگەزم. با لێگەڕێین ئەویش هەبێ. رێک وەک چۆن کارەسات هەیە.

ئەو خانووەی ئەوی تیا دەژی، خانوویەکی یەکجار قەدیمییە. بە دیواری ئەستووری یەک میترییەوە و بەو پەنجەرە دارە سەوزانەوە ریشاڵ رێشاڵ هەڵگەڕاون. بەو گوێسەبانە داتەپیوەوە گەر ئاوەها بڕوات، ئەوەندەی نەماوە بگاتە زەویی کۆڵانەکە. بەڵام ئەمە ئەو شوێنەیە باجی یەکجار دڵی پێی خۆشە. منداڵەکانیشی لێی گەڕاون لەوێ بێت. لەبەر باجی لیگەڕاون گوێسەبانەکەیش وەها بێت. باجی بەتایبەت بە نیوەشەوان بە ژوورەکاندا دەگڕێ، دەچێ لە حەوشەکەی پشتەوە دادەنیشێ، بۆنەکان شێتانە هەڵدەمژێ و جاری وایە کونە دیوارێک وەها لەگەڵ خۆی دەیبا کە کاتێک دەگەڕێتەوە، تیشکی هەتاو زەردبووە. باجی جاری وایە کامێرا چوار گیگابایتییەکەی دەهێنێ و لەو کونانەیش وێنە هەڵدەگرێتەوە. منداڵەکانی سەری لێڕادەوەشێنن.

بەڵام من دڵنیام گەر ئەم خانووە نەبێ، گەر ئەم دڵنیاییەیە و ئەم ئەشق و حەز و ئاسوودەییەی باجی لەم خانووەدا نەبێ، ئەوا دڵتەنگییەکانی ئەویش بۆ هەمیشە وندەبن. ئەو لەسەر خاکی خۆشحاڵییەوە، دڵتەنگییەکانی بەرەو دونیا بەڕێ دەکا.

ئەم خانووە نەبێ، کۆترێ دڵتەنگییەکان نە شوێنێکیان هەیە بۆ فڕین و نە شوێنێکیان هەیە بۆ نیشتنەوە.

فەڕۆخ نیعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “دەستە کلیل” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *