فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

من شۆڕشگێڕم!

کات 03/09/1396 645 بازدید

من شۆڕشگێڕم!

من شۆڕشگێڕم. من لە شۆڕشگێڕبوونی خۆم پەشیمان نیم. وا بیردەکەمەوە هەر مرۆڤێکی شەریف لەم گەردوونەدا کە ئێمەی تێدا دەژین دەبێ شۆڕشگێڕ بێت. تەنانەت ئەگەر شۆڕشگێڕبوونەکەیشی قەت نەگاتە هیچ ئەنجامێک. ئەو لە راستیدا دەبێ شۆڕشگێر بێ چونکە شۆڕشگێربوون پێش ئەوەی گەیشتن بێ بە ئامانجێ، بریتیە لە شێوازی دروستی ژیانکردن. لە راستیدا ئێمە دەژین نەک لەبەر ئەوەی بە ئامانجێک بگەین، بەڵکو لەبەر ئەوەی بە شێوازێکی دروست و شیاو ژیانمان بەسەربردبێ. هەروەها من دیسان بیردەکەمەوە مرۆڤ کاتێک دروست ژیانی کرد سەرئەنجام بە ئامانجی خۆی دەگا، گەر تەنانەت هەزار ساڵیش بخایەنێ!

بەهەرحاڵ!

ئەمانەم گوت لەبەر ئەوەی پێتان بڵێم من کێم. ئیستا بێگومان ئیتر بە جوانی لە من گەیشتوون. راستە من شۆڕشگێرم، شۆڕشگێڕێکی بێ ئاکام و بێ کارنامەی قبوڵی، بەڵام شۆڕشگێڕێک کە هەیە و رێک لە تەنیشت ئێوەدا دەژی. لەهەمان کۆڵان کە ئێوەی تیا دەژین، دراوسێیەکی دیوار بە دیواری ئێوە. وابیرنەکەنەوە زۆر سەیر و سەمەرم. نا، بە پێچەوانەوە منیش وەک ئێوە نان دەخۆم، دەخەوم، دەچمە ئاودەست، کاردەکەم، توڕەدەبم، پێدەکەنم، دەگریم، دەخۆمەوە، چاو لە ژنی خەڵکی دەکەم، پشتە ملە دەدوێم، دەترسم، نیوە شەوان بەدەم خەوی ناخۆشەوە رادەچڵەکێم و… هەتا دووایی. ئەدی، منیش مرۆڤم، بەڵام رەنگە کەمێک جیاوازتر. ئەویش ئەوەیکە یەکەم: زۆر سەرنجی دەورووبەرم دەدەم، دووهەم ئەوەیکە خەیاڵم زۆر دەچێتە سەر داهاتوو. لای من ‘ئێستا’ زۆر بێمانایە و ‘داهاتوو’ زۆر پڕ مانا! لەو نێوەیشدا، واتە نێوان ئیستا و داهاتوو منم و خەیاڵەکانم. لای من ‘داهاتوو’ شتێکە وەک هەموو ‘بوون’. لای من ئیستا و ئەوەی لە نێوان ئێستا و داهاتوودا هەیە، تەنیا بە داهاتووەوە مانای پەیدادەکا. بۆیە گەر رۆژێک رێگات کەوتە سەر رێگام و بەڕێکەوت لێت روانیم، ئەوا بەتووش ئەو شۆقەوە دەبی کە وەک تیشکێکی نادیار لە چاوەکانمەوە دەدرەوشێتەوە. بەڵام نەترسی! نا، ئەم شۆقە تەنیا هی منە و جارێکە هیچ رەبتێکی بە دونیای دەرەوە نیە. من وەهام! یانی بڕیارم داوە وەها بم. گرینگیش نیە تاکەی. لای من گرینگ ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێ هەوڵبدات جۆرێکی تر بژیت. ئەگەرچی تەمەن زۆر کورتە و بەشی هەموو خەیاڵەکان ناکا. گەر دەیشپرسن چۆن بوو من وەهام لێهات دەبێ بڵێم کە بە جوانی لەبیرم نیە. ئەوەندە دەزانم کاتێک مێرمنداڵ بووم شۆڕشی ساڵی ۵٧ دەستی پێکرد و لە ماڵی ئێمە گەورەکان رۆژ تا ئێوارە خەریکی قسە و باسی سیاسی بوون. منیش لە تەنیشتیاندا دادەنیشتم و گوێم بۆ هەڵدەخستن. بەڕاستی سەرم بە زیرەکییان سوڕدەما. های کە چەند حەزم دەکرد منیش وەک ئەوان بدوێم و بتوانم ئەو هەموو رووداوە بێ سەرەوبەرانەی لەدەرەوە روویان دەدا ئاوەها لە رستەکاندا کۆبکەمەوە و ئاراستە و جەهەتیان پێبدەم. جگە لەمە لەبیرم دێ چەندە رقم لەوە بوو کە هەمیشە لە دەرەوەی نیگا و کۆڕ و قسەو باسەکانی ئەوان بووم و کەسیان گوێیان نەدەدامێ. منی تەریک، منی لاکەوتە. بگرە تەنیا ئەو کات دەیانبینیم کە چاییان دەویست، یان پەرداخێک ئاو! ئەمە بووە هۆی ئەوەی بە دزییەوە بچم کتێبەکانیان بخوێنمەوە، ئەگەرچی بەڕاستی هیچیان تێنەدەگەیشتم. هەتا رۆژێکیان کتێبی چیرۆکی منداڵێکی چینیم بینی کە دەبا پەیامێکی نهێنی و گرینگی شۆڕشگێڕانی چینی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر راگوێزێ. لەو رۆژەوە ئیتر زانیم کە چارەنووسی من و ئەو منداڵە بوو بە یەک چارەنووس: راگواستنی پەیامی شۆڕشگێڕان!

بەهەرحاڵ!

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە با بە ئەسپایی باسی رووداوێکی ژیانی خۆم بکەم بۆتان. تکایە با لە ناو خۆماندا بمێنێەوە! راستییەکەی ئەوەیە من جاروبار هەست بە پەشیمانی دەکەم. پەشیمانم لەوەی رۆژێک لە رۆژان گوێم لە قسەی گەورەکان گرت، ئاخر ئەوانەی من گوێم لێدەگرتن ئیستا هیچیان ئەو رۆژانەیان لەبیرنەماوەو هەر هەموویان بوونەتە بازرگان و خەریکی ژیانی خۆیانن. وەک بیستوومە بە دزیشەوە ژن و شتی وایش دەبەنەوە و لەگەڵیان رادەبوێرن. گوایا لەسەر پارە جوێنیش بەیەکتر دەدەن و بە ساڵانی ساڵ وەک منداڵ لەیەکتر دەتۆرێن. پەشیمانم لەوەی رۆژێک لە رۆژان کتێبی ئەو کوڕە مندالە چینیەم خوێندەوە و سەرم بە جورئەت و دەموچاوی چڵکنی سوڕما و بڕیارم دا منیش وەک ئەو بم. پەشیمانم چونکە راستە من بڕیارم داوە تازە شۆڕشگێڕ بم، بەڵام شۆڕشگێر نابێ لە کۆمەڵگایەک دا بژی ژیانی زۆر ئاسایی دێتەبەرچاو و سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانی ساڵ، شتی وەها روونادا کە دڵی پیاوی پێ خۆش بێت. هەڵبەت بیستوومە کە دەڵێن شۆڕش رێک لەو کاتەیدا دێ کە کەس بەتەمای نیە. بەڵام با قسەیەکی دڵی خۆمتان پێ بڵێم، بەڕای من ئەمە قسەی قۆڕە! شۆڕشێک نەتوانی پێش بینی بکەی لە راستیدا شۆڕش نیە و ئەوە زیاتر لە دیوارێک دەچێ بەسەرتدا دەڕوخێ. پەشیمانم چونکە ئیستا بە تێپەڕینی زەمەن و کات و پیربوونم، بەڕاستی لە کات گەیشتووم و هەنووکەیە دەزانم هەزار ساڵ واتای چییە. ئیستا دەزانم کە هەزار ساڵی تر من لێرە نیم و بگرە رەنگە وێنەکەیشم بە سەر هیچ دیوارێکەوە نەبینرێ (سەرەڕای قیسیچمەییم). هەڵبەت دەزانم کە کاتی خۆی وتوومە ئێمە سووتەمەنین و بەتەمای هیچ نین، بەڵام وەک دەزانین هەموو مرۆڤێک، بە شۆڕشگێڕەکانیشەوە، حەزیان لە جۆرێک وەبەرچاوکەوتنە. من دەزانم ئیستاکە خەڵکی کۆلان لەناو ماڵەکانی خۆیان باسم دەکەن و پشتە ملە لەسەرم دەدوێن، دەزانم من بە نهێنی ناسراوترین سیما و کەسی ئەم گەڕەکەم، بەڵام ئەمە تەنیا ماوەیەک خۆشی دەبەخشێ و کەمکەم کەمرەنگ دەبێتەوە. ئا، من وەک مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ پێویستیم بە سەرنجی زیاترە، سەرنجێک بەقەدەر ئەو قسە و هیوایەتانەی هەمە. کە ئەمەیش نەبوو ئیتر پیاو جاری وایە پەشیمان دەبێتەوە!

رەنگە پرسیار بکەن کاتێک ئەم هەستە رووم تێدەکا من چی دەکەم. دەبێ بڵێم: یەکەم، ترسە جاربەجارییەکەی وا باسم لێکرد وەها گەورە دەبێتەوە کە دەچمە ژوورەکەی هەرە پشتەوەی ماڵەوە و بۆ ماویەکەی زۆر لەوێ بە تەنیایی و لە تاریکیدا دادەنیشم، دووهەم، بتڵە ئارەقەکەم هەڵدەگرم و دەستدەکەم بە خواردنەوەی. با ئەوەتان پێ بڵێم هیچ شتێک بەقەدەر بتڵە ئارەق لەم کاتانەدا کاریگەر نیە. هەر ئەوەندە سەرتان گەرم بوو، ئیتر پەشیمانی دەڕەوێتەوە و لە ناو گریانی بێدەنگ و فرمێسکە گەرمەکانی خۆتدا  تێدەگەی کە بەڕاستی چەندە مرۆڤێکی وەفادار و بەئەمەگی و پەشیمانی تەنیا خەیاڵێک بووە و بەس. تێدەگەی کە نا، نە پەشیمانی لە گوێگرتنی قسەی گەورەکان لە کاتی شۆڕشی ۵٧دا و نە خوێندنەوەی چیرۆکی ئەو منداڵە بەغیرەتە چینییە. هەتا پێکەکانیش زیاتر هەڵدەی و بتڵەکە زیاتر خاڵی دەبێتەوە، پیاو سورتر و سورترە لەسەر بەڵێنی ساڵانی ساڵ لەوە پێشی خۆی. وە چەندە لەم کاتانەیش دا من دڵخۆشم بەوەی کە خۆمم و نەبووم بەوانەی وا هەر ئەوندەی چاویان بە پارە و پوڵ کەوت و سەرنێزەی سەرکوتگەریان بینی، وازیان لە هەموو شتێ هێنا و بوون بەو بازرگانە چاوچنۆکانەی نە لە پارە و نە لە ژن تێرنابن. بەڕای من لەم سەردەمەی ئێمەی تیادەژین، ببورە منی تیادەژیم، ئارەق و شۆڕشگێڕی دووانەی یەکترن. تەنیا ئەوە لە کاتی پەشیمان بوونەوەکاندا فریات دەکەوێ و داڵدەت دەدا. ئارەق وەها بەهێزە کە من تەنانەت ئەو دەستە رفیقانەم بینیوە، ئەوانەی فڕیان بە شۆڕشگێڕییەوە قەت نەبووە، کاتێک دانیشتوون و خواردوویانەتەوە بەسڵامەتی سەری شەهیدان هەڵیانداوە، یاخود هەتا سەریان گەرم بووە باسیان لە داهاتوو کردووە! لە لای من ئەوەی ئارەقی دروستکرد، گەر بۆخۆیشی نەیزانیبێ، بەڵام شۆڕشگێڕ بووە. شۆڕشگێڕی پشت و پەنای شۆڕشگێڕان لە کاتی تەنیایی و ترس و پەشیمانبوونەوەکاندا.

بەڵام خراپەی ئارەق لەوەدایە سەرئەنجام بەرتدەدا. خۆ نایشتوانی هەمیشە بیخۆیتەوە. بۆیە کاتێک دیسان پەشیمانی رووت تێدەکاتەوە، دەکەویتەوە بەر شاڵاوی هێرشی بێڕەحمانەی. من لە دونیادا رقم لەم هەستەیە. ناخۆشترین شتە. وەها تێکمدەدا نەبێتەوە. بۆیە بەناچار هەمیشە بتڵە ئارەقم لەماڵەوە هەیە. بێ ئەژمار.حەشارم داوە. دەیشزانم کاتێک دەخۆمەوە، بۆنەکەی لەم سەر تا ئەو سەری کۆڵان دەڕوا و هەموو دراوسێکان ئەو شەوە باسی من دەکەنەوە. بەڵام وەک گوتم چارم ناچارە. قسە و قسەڵۆک باشترە لە زاڵبوونی هەمیشەیی هەستی پەشیمانی. قسە و قسەڵۆک باشترە لە لەبیرکردنی تاقە شۆڕشگێڕی گەڕەک. گوێم لێیە دراوسێکەمان بەدەنگی بەرز دەڵێ “ئەهااا!… دیسان ئەو کەرە خواردییەوە بۆ ئەوەی لە جاران کەرتر بێت!”

“کەرتر بێت!” عەجەب رستەیەکە! کەواتە من کەرم. هەوڵدەدەم زیاتر بەم رستەیەدا رۆبچم. رێک لەو سەری کۆڵانەکەمان پیاوێکی نەوتفرۆش هەیە کە خاوەنی کەرێکە. کەرێکی سپیی چڵکن. هەموو رۆژێک بە چەند تەنەکە نەوتەوە لە کۆڵانەکەوە بە بەردەم ماڵی ئێمەدا تێدەپەڕێ. کەرەکە هانکە هانکیەتی. باری قورسە. قەتیش سەر بەرز ناکاتەوە. سەر دادەخا و رێک بەو رێگایەدا دەڕوا وا خاوەنەکەی پیای لێی دەخوڕێ. کەواتە من ئەگەر کەرتر بم دەبێ یەکەم، کەسێک من لێدەخوڕێ کە لە نەوتفرۆشەکە زیرەکترە، دووهەم، هانکەهانکی من لەو کەرە زیاترە، سێهەم، من لەو کەرە سپییە چڵکنە زیاتر سەرم داخستووە! ئەم بیرە دەمترسێنێ. رادەبم و بەناو ژوورەکدا شێتانە خولدەخۆم. سەرئەنجام دەگەمە ئەو ئەنجامەی کە لەم گەڕەکەدا تەنیا ئەو پیاوە ناژی. دێتەوە بیرم هەندێ پیاوی تر هەن زۆر رێزم دەگرن و کاتێک بەلایاندا تێدەپەڕم چەندە بە رێزەوە لێم دەڕوانن و بە حورمەتەوە سڵاوم لێدەکەن. هەروەها ئاگام لێیە دۆستە قەدیمییەکان چەندە بە دەممەوەن و ئەوانیش رێزم دەگرن، هەرچەند هەمیشە لە چاوەکانیاندا جۆرێک لە ناڕازی بوون لە دۆخی من دەبینرێ. ئەوانەی کە زۆرتر منیان وەک خۆم دەوێ نەک وەک بیرەکانم. دیاردەیەکی سەیر، ئاخر من بە بێ بیرەکانم و بە بێ ئەوەی هەتا ئیستا هەبووم، چیم؟

هەڵبەت با ئەوەیشتان بۆ باسبکەم کە من تا ئیستا چەندین جار گیراوم. بنکەیەکی پۆلیسی نهێنی کە تەنیا چەند کۆڵانێک لەولاترەوەیە تا ئەم ساتەوەختە چەندین جاریان گرتووم و لە ژوورەکانی ئەو بینایەیان خنیوم. کە دێن بە ماشینێکی رەشەوە دێن. دووانن، بە دوو دەمانچەوە. لە زەنگی دەرگاکەمان دەدەن. بە حورمەتەوە داوام دەکەن. با ئەوە بڵێم کە هەمیشە ژنەکەمە دەرگایان لێدەکاتەوە. منیش ئارام جل و بەرگەکەم لەبەردەکەم و لەگەڵیان دەکەوم. ئۆتۆمبیلەکە هەمانی جارانە. هیچ فەرقی نەکردووە. بۆنی سیگار و ئارەقی لەش تیایا پەنگ دەخواتەوە. شۆفیرەکە لە ئاوێنەکەوە لێم دەڕوانێتەوە و وەک هەمیشە دەڵێ “ها حاجی، چە خبر؟”

حاجیش وەک هەمیشە هیچ خەبەرێکی پێ نیە. حاجی وەک گەڕەک، وەک هاوڕێکانی، وەک بتڵە ئارەقەکانی، وەک بنکەی پۆلیسی نهێنی و وەک ئۆتۆمبیلەکە هەر ئەوەی جارانە،… بە بێ هیچ چەشنە هەواڵێکی تازە. هیچ چەشنە هەواڵێک،… نە بۆ ئەوان و نە بۆ خەڵکی گەڕەک.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێی “دەستە کلیل” چاپ کراوە.

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *