فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تەرکی ناکەم!

کات 02/11/1396 2,325 بازدید

نەک باوکم، دایکم، ژنەکەم یان منداڵەکانم، بەڵکو هەموو دونیا بە ‘سیبیل جان’ و ‘هانی’شەوە گەر تکای دونیام لێبکەن، قەت تەرکی ناکەم،… قەت واز لە جگەرە ناهێنم. قەت قەت،… چۆن دڵم دێت!

جگەرە خۆشترین شتی دونیایە. ئەگەرچی ئێمە وەک مرۆڤەکانی ئاسیا، ئورووپا، ئافریقا و ئۆسترالیا درەنگ پێمان زانی و تەنیا لە دووای ئەوەی کریستۆف کۆلۆمبی زێدە رێزدار رووی کردە ئامریکا و لە گەڵ خۆی هێنایەوە کەیفمان بە دیداری خۆش بوو،… ئەگەرچی ئێمە و مانان درەنگ تێگەیشتین کە چەند زاڵمانە بە سەدان و رەنگە هەزاران ساڵ لەم نیعمەتە گەورەیەی خوا بێ بەری بووین.

دەڵێن زەرەری هەیە. دەی باشە، منیش دەڵێم زەرەری هەیە. بەڵام جا چی لەم دونیایەدا زەرەری نیە؟ ها،… چی؟ رەنگە بڵێن وەرزش. منیش لە وەڵام دەڵێم وانیە، ئەی ئەوە نیە کابرا کتوپڕ پشت ئێشە دەگرێ، شانی دەسوێ، جمگەکانی دەناڵێنن،… دڵی کتوپڕ رادەوەستێ! جگە لەمە وەک هەموومان دەزانین هەموو شتی خۆشی دونیا زەرەری هەیە. جا توخوا مەعقولە پیاو لەبەر زەرەرەکەی واز لە هەر چی شتی خۆشی ئەم دونیایە بێنێ؟ خوا زەرەری خستە پاڵ شتی خۆش بۆ ئەوەی لێی بسڵەمینەوە، بۆ ئەوەیکە پێی نەڵێن هەر شتی ناخۆشی خەڵق کردووە،… بەڵام ئەمە من ناگرێتەوە. قەت قەت! تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم دێم و دێم و دێم و دێم!

جا بۆیە بڕیارم داوە،… بڕیارم داوە قەت تەرکی نەکەم. هەتا بژیم لە گیرفانی دەنێم. لە کاتی دڵتەنگی و تەنیایی و وەڕەزییەکانم دەری دێنم و دانە دانە بە ئیشتیا دەیانکێشم. بە تایبەت لە کاتی ئێوارانی هاویندا لە بەر پەنجەرەی ژوورە قەدیمییەکاندا، یان زستان بە کاتی بەفری ناو کۆڵان لەبەر مانگەشەودا و لەژێر گوێسوانەکاندا، یان پاییزان لە ناو گەڵا هەڵوەریوە رەنگاوڕەنگەکاندا. دڵنیاتان دەکەم لەمە لە دونیادا خۆشتر نیە. قسەی قۆڕە دەڵێن ئافرەت خۆشترە، یان دەڵێن گۆشتی برژاو، یان پارەی زۆر. هیچیان بە جگەرە ناگەن. خۆی تاقە. وەک یەکەم دێت. وەک یەکەمیش دەمێنێتەوە. هەتاهەتایە. من پێم وایە ئەو خوا گیانەیش بۆ خۆی لەو سەرانە لە سەر ئەستێرەکان دادەنیشێ و بە کاتی ئێوارە لە کاتێکدا لەو سەرەوە لە هەموو گەردوون دەڕوانێ، جگەرەکە بە دەمی موبارەکییەوە دەنێ و دووکەڵەکەی بە دونیادا پرژ و بڵاو دەکاتەوە. جگەرەی خودایی، دووکەڵی خودایی و خەمی خودایی. من پێم وایە گەر خودا لە کاتی خوڵقانی دونیادا جگەرەی بکێشایە ئەوا هەموو شتێ زیاتر لەوەی ئیستا هەیە لە جێی خۆی دا دەبوو! رەنگە گلەیی بکەن مەگەر ئیستا شتەکان لە جێی خویدان؟ دەبێ بڵێم ئەیچۆن، لەجێی خۆدان، بەڵام بە شیوازی ئەو! وەک دەیشزانن چونکە ئێمە لە دونیایەکدا دەژین کە رێز لە ئازادی بیروڕا دەگرێ و دیمۆکراسی تیایە، کەواتە گەر تەنانەت لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ شێوازکەی ئەویش دا نەبین، بەڵام دەبێ رێزی لێبگرین.

منیش رێزم هەیە بۆی. پێش هەموویان بۆ جگەرە،… بۆ جگەرەکەی.

دایکم رقی لەجگەرەیە چونکە پێی وایە کوڕەکەی وەک خۆی زوو پیردەبێ، باوکم چونکا پێی وایە رێزی ئەو دەشکێنم، ژنەکەم چونکە بۆنی دەمم دێت و منداڵەکانم چونکە پێیان وایە پارە بە ئاگرەوە نانە. هەڵبەت هەر هەمووشیان راست دەکەن. بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەوان باسی هەموو شتێ دەکەن باسی من نەبێ، ئەوان زۆر بە ئاسانی من لەبیر دەبەنەوە. نازانن کە بێ جگەرە من هیچم. نازانن گەر من هێشتا بە پێوە راوەستاوم و هێشتا کوڕی دایک و باوکمم و هاوسەری ژنەکەمم و باوکی منداڵان، چونکە جگەرە دەکێشم. بۆیە تەرکی ناکەم. نایکەم کە نایکەم. قەت قەت.

ئەوەندەی من بزانم هەموو کەس لەم دونیایەدا لانیکەم دڵی بە شتێک خۆشە و ئەوە ئەو شتەیە رایدەگرێ، وزەی پێ دەبەخشێ و پاڵی پێوەدەنێ کە ئەو ساڵانەی ئێمە ناومان ناوە ژیان، بژی. جگەرە لای من ئەمەیە! رێک ئەمە. هی وا هەیە شێت و شەیدای کارەکەیەتی، یان نوقمی پارە و پووڵە، یان حەزی لە ژنانە، یاخود حەزی لە سیاسەتە. من حەزم لە جگەرەیە. تازە دەبێ ئەوان مەمنوونم بن کە لەم دەورەو زەمانەدا من بە جگەرەوە گرتوومە. لەم گەڕەکەی ئێمە هەیە رۆژ تا ئێوارە لە ماڵەوە شەڕیانە چونکە پیاوەکەی… حەک لە خوا بەزیابێ،… ئیتر خۆتان دەزانن مەبەستم چییە، گەر بۆتان بژمێرم لەم سەر تا ئەو سەری کۆڵانەکە بە چەندین بنەماڵەی بەدبەخت و بەستەزمان یان منداڵیان کوژراوە یان بۆ هەمیشە سەری خۆیان هەڵگرتووە و رۆیشتوون، هەر لەم گەڕەکەی ئێمە هەیە لەسەر پارە خەڵکی بەدبەخت و هەناسە سەرد کردووە. من لای خۆم وایە تەنیا من فڕم بە سەر ئەم شتانەوە نیە و حەیی و زیندوو، ئەگەرچی جگەر و سییەکانم رەش بوونەتەوە، لە ناو گەڕەک دا دێم و دەڕۆم و بۆ عالەم سەلامەتم. من پێم وایە ئەوەی دەروون و هەناوی خۆی بە شتێکی وەک جگەرە رەش و رزیو نەکا ئەوا بە شتی تر بەردەبێتە هەناوی خەڵکی و هی ئەوان وەک خەڵووز رەش دەکا. بۆیە لێم گەڕێن! تەرکی ناکەم. من لە گەڵ دووکەڵەکەم جوانترین دووانەی دونیاین. بێدەنگ و بێڕەنگ و خۆمانە.

هەڵبەت با نەیشارمەوە ماوەیەکە کۆکەیەکی پیسم گرتووە. وەخت و ناوەخت دێتە سەرم و وەها رامدەتڵەکێنێ، نەبێتەوە. رانەبم، دەمخنکێنێ. زۆرتر نیوەشەوانیش رووم تێدەکا. تەواوی خێزان لەو کاتانەدا تەنیا لێم رادەمێنن. لە چاوەکانیانا سەرکۆنە شاراوەکەیان دەیخوێنمەوە “نەمانگوت،… نەمانگوت!” بەڵام من دڵنیام کەسیان باسی کۆکەیان نەکردبوو. هەر خەیاڵیشیان بۆی نەدەچوو. بۆیە من بە دڵنیاییەکی زۆرتر و بە ویژدانێکی ئارامترەوە دەکۆکم. دەکۆکم و وردە تفی سپی لە دەمم وەک فیشەک دەردەپەڕێ. قوڕگم دێشێ، سکم دێشێ، پشتم، سینگم،… تەنانەت سەریشم. کۆکەکە واز ناهێنێ. قوڕگم وەک سەحرای کەربەلا وشک و برینگە. داوای ئاو دەکەم. کچە بچوکەکەم کە زۆر خەفەتم دەخوا هەڵدەستێ و بۆمی دێنێ. بە چاوە سرک و نازدار و خەمینەکانی لێم دەڕوانێ. نیگام لە نیگای دەچەقێ و بۆ ساتێک کۆکەکە دەکشێتەوە. بەڵام هەر دەمەوێ ئاوەکە بە سەرمەوە بنێم، دەگەڕێتەوە. ئەوسا پژەی کتوپڕی ئاو هەتا ناوەڕاستی ژوورەکە تەڕ و تڵیس دەکا. ژنەکەم کە ماوەیەک فێرە جنێو بووە، چەمۆڵەیەکم لێ دەنێ و روو وەردەگێڕێ و شتێ دەبۆڵێنێ. گوێم تەنیا ‘عەمرت نەمێنێ’ ێکەی دەقۆزێتەوە. لە دڵەوە دەزانم کە عەمرم نەماوە! بەڵام تەرکی ناکەم،… نایکەم کە نایکەم.

باوکم کە لە خانووەکەی ئەوبەر حەوشەکەیە و لە ناو پەنجەرە کراوەکەوە گوێی لە کۆکەکانمە، سەرێک لەبەر خۆیەوە بادەدا، دەڵێ هەر “ئەم زەڕە زەڕەمان مابوو” و دوواتر سوێند دەخوا ئەمەیش جۆرێکە لە وەجاخ کوێری. دایکم بە دەستە رەگ رەگاوییەکانی سوتووی جگەرەی تووتن و پەڕەکەی دەتەکێنێ و دەڵێ هی جۆری جگەرەکەیەتی، دەبێ بگوازێتەوە بۆ تووتنی ناوچەی ئالان. ئەوسا مژەکانی وەک پەڵەهەور بەرەو باوکم دەچن، وەک رۆژی حەشر لێی دەئاڵێن و ونی دەکەن. من دڵنیام باوکم لە شوێنێک لەو ژێرانە لە دەروونی خۆیەوەو بە دزییەوە دایکم بە تاوانبار دەزانێ. تەنیا منیشم کە دەزانم دایکم تاوانبار نیە. لەبەر ئەوەی ئەو تووتن و پەڕە دەکێشێ و من سیگاری زەڕ. لەبەر ئەوەی من قەت هەوڵی ئەوەم نەدا رۆژێک لە رۆژەکان بزانم ئالان لە کوێیە و بمەوێ بە جیبە کۆنە ئامریکاییەکەی عەبەی مەززە سەردانێکی بکەم. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە من تەرکی ناکەم. تەنانەت گەر عەبەی مەززە بە بەلاشیش بمبا بۆ ئالان.

کۆکەکە لەوەدا نەبوو. وتیان بچۆ بۆ لای دکتۆر. ماوەیەکی باش ملم نەدا. پێم وابوو وەک چۆن کۆکەکە بۆخۆی هاتبوو، ئاوایش بۆخۆی دەڕوا و ون دەبێ. ئاخر من باوەڕێکی سەیرم بە شتی خۆبەخۆ هەیە. دیارە هەر خۆبەخۆیش ئەم باوەڕەم پەیداکرد. لە بیرم دێ رۆژێکی زستانی بوو. بەفرێکی یەکجار زۆر باریبوو. رۆژ نەبوو خەڵکی بە وەروەرە پان و گەورەکانیان نەچن بۆ بانماڵین. لە ناو کۆڵان هەتا بەر پەنجەرەکان بەفر هاتبوو. ئەو رۆژە دەمەو ئێوارە بوو چوومە بانی. خەڵکی تازە لە بانماڵین ببوونەوە. کەس بەدەرەوە نەبوو. دووکەڵی کوورەکان لە رۆچنەی هەموو بانەکانەوە بەرەو ئاسمان دەچوو و بە دەم باوە لەسەمادابوون. چوومە قەراخ گوێسوانەکە. لەوێوە سەیرێکی ناو کۆڵانەکەم کرد. بە پێچەوانەی جاران چەند نزم دەهاتە بەرچاوم. هەر لەخۆوە خولیای خۆهەڵدانێک گرتمی. سەرەتا لەم خولیایە ترسام، بەڵام ترسەکە خۆی کرد بە ناو نەرمیی بەفرەکەی ناو کۆڵان و ون بوو. خۆم هەڵدا. ئیتر هەر ئەوەندەم لەبیردێ. بەختم هەبوو کە دراوسێیەک لەو بەرەوە لە پشت پەنجەرەکەیانەوە ئاگای لێ دەبێ چلۆن من لە ناو بەفرەکەدا نوقم ببووم. لە راستیدا من خنکابووم، خنکاوی ناو چۆمی بەفر. کە دەریانهێنامەوە لە بیرم دێ تا چەندین مانگ لە ماڵەوە لەناو جێگادا کەوتم. دەیانگوت هەناسەی سواردەبێ و بۆیە دەبێ بحەسێتەوە. منیش دەحەسامەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو شتێ لەو ساڵەوە باوەڕم هێنا کە شتێ هەیە بە ناوی ‘لەخۆوە’، کە دێت و دەتبا. بۆیە هەتا سەد ساڵی تریش بیڵێن و بیڵێنەوە دیسان دەڵێم منننن تەرکی ناکەم کە نایییکەممم!… بڕایەوە.

کە چوومە لای دکتۆر، پاش کەمێک هێنان و بردن و سەیرکردنی قوڕگم و گرتنی پەستاوی خوێن و شتی لەم بابەتە، گوتی دەبێ تەرکی کەی! گوتی، تەنیا رێگا ئەمەیە. دیارە هەر بەمە وازی نەهێنا. ئەوەیشی گوت کە دەبوا زۆر لەوە پێش ئەم کارەم بکردایە! دیارە هەندێ دەواو دەرمانیشی بۆ نووسیم. لە بیرمە کاتێک خەریک بوو لە دەرگاکەی دەچوومە در، بە دەنگێکی بەرز بەڵام گڕ و رەگ داکوتاو لە ناو ناوەوەی قوڕگی گوتی “تەرکی نەکەی دەتکوژێ،… وەک چۆلەکە پاساریی تەڕی زستان بەردەبیتەوە!” هەرچەند سەرەتا بە تێکەڵ بوونی زمانی زانست بە زمانی شیعر عەبەسام، بەڵام هیچم نەگوت و بە ئارامی دەرگاکەم لەدووای خۆم پێوەدا و رۆیشتم، بەڵام لەناو خۆمدا پڕ بە خۆم هاوارم کرد “تەرکی ناکەم کە نایکەم!”

دایکم شەوانە ئەو نووشتەیەی بە دزییەوە کردوویەتی، دەخاتە ژێر سەرینەکەم. لەگەڵیشیا چەند دانەیەک تووتن و پەڕەی پێچراو لە تەنیشتی دۆشەکەکەیشم دادەنێ. من قەت نایانکێشم. رۆژی دوواتر ژنەکەم دەیانباتەوە بۆ دایکم. نووشتەکەیش هەڵدەگرێ و ئیستا لە جیاتی دایکم بۆ شەوی دوواتر بۆخۆی دەیخاتەوە هەمان شوێن. من ئەگەرچی دەزانم لەوێیە، بەڵام قەت دەستی لێنادەم. پێم وابێ ئەمەیش هەمان باوەڕی خۆبەخۆیە. ئەوەیکە رەنگە لە نووشتەکەوە شتێک بێت دەر، لەناو دەممەوە بنیشێتە ناو قوڕگم و چاکم بکاتەوە. جارو بارە بە نیوەشەوان سەرینەکەم هەڵدەدەمەوە و چاوی تێدەبڕم و دەڵێم “تەرکی ناکەم!”

دراوسێیەکمان هەیە، زۆر حەزی بە یارمەتیدانی خەڵکە. شەوێکیان خۆی بە ژوورەوەدا کرد و گوتی کۆکەکەت وشکە و ئەمە مانای ئەوەیە قوڕگت وشکە، بۆیە تەڕی کە! هەمیشە لێوانێک ئاو لە تەنیشت خۆتدا دابنێ و جاروبارە لێی بخۆرەوە، بەتایبەت بەشەودا کە بە هۆی تاریکی قوڕگ وشکتر دەبێ. گوتی هەر لە کۆنەوە وابووە، خەڵکی لەشەودا زیاتر دەترسن. بۆیە رێگاچارەکەی ئاوە. ئاو و ئاو! منیش ئەمجارە بە رێک و پێکی دەستم کرد بە ئاوخواردنەوە. ئەشەمبیللا راستی دەکرد! بەڵام تەنیا بۆ چەند چرکەیەک. ئیستا بە پێچەوانەی ئەو شەوی کچە بچووکەکەم لێوانە ئاوەکەی بۆ هێنام، کە ئاوەکە دەگەییە قوڕگم، کۆکەکە دەڵێی دەکشایەوە، قوڕگم فێنک دەبووەوە و هەناسەم باشتر دەبوو، بەڵام ئەوەندەی پێ نەدەچوو دەستی پێدەکردەوە. خراپتر لە جاران. زۆر خراپتر. خۆ نەیشدەکرا هەمیشە پەرداخە ئاوەکە بە لێومەوە بێت. بۆیە ئاوخواردنەوەم تەرک کرد. بەڵام بەهەڵە لێم تێنەگەن،… جگەرە ئەکید نا،… نایکەم کە نایکەم.

وای لێهات باوکم ئیتر قەت پەنجەرەکەیانی نەدەکردەوە، منداڵەکان هەوڵیان دەدا لە ژێرزەمینییەکە بمێننەوە، بگرە هەر لەوێیش بخەون، میوان یەکجار رووی لە کەمی کرد، جاری وابوو گوێم لێبوو دراوسێکانمان لەو دیوا دیواری حەوشەکەمانەوە جوێنیان بۆ حەواڵە دەکردم. بەستەزمان خێزانم کە تەنیا کەسێک بوو مایەوە. ئەگەرچی والی لێهاتبوو کە بە هەموو شتێ تووڕە هەڵدەگەڕا و بە هۆ و بێهۆ بەگژ منداڵەکاندا دەچووەوە. بەڵام من تەرکم نەکرد. دووکەڵ و کۆکەم وەها تێکەڵ کردبوو کە دەڵێی کۆکەم دەکێشا.

تا رۆژێکیان ئیتر خوێنم هەڵهێنایەوە. کە چاوم پێی کەوت زۆر ترسام. هەڵتروشکام و لێی وردبوومەوە. رەنگێکی سوور لەناو سپیایی و تۆقلە وردەکانی کەفی تفەکەدا بەجوانی دیاربوو. نا، خوێن گاڵتە نەبوو. تەزوویەک بە لەشما هات. هەستم کرد مۆرغەی پشتم ساردهەڵگەڕا. کە بەراستیش هەڵگەڕابوو. لە کۆنەوە بیستبووم کە خوێن شوێنی رۆحە و ئیستایش بەشێک لە رۆحی من تکابووە سەر زەوی. کەواتە رۆحیش دەکرا تک تک بڕژێ. ئەوەتەی من لەم دونیا دووکەڵاوییەدا دەژیم، قەت ئەوەندە هەستم بە ترس نەکردبوو. هەستامە سەرپێ. پاکەتە جگەرەکەم دەرهێنا و بە وردی لێی رامام. سەیری خەتە زەرد و شینەکانیم کرد، لە تاجەکەی سەری وردبوومەوە، لە ‘انحصار دخانیات ایران’، لە ‘فیلتردار’. دڵنیا لەوەی کە ‘کریستۆف کۆلۆمب’ یش تووتن لای تووتن بووە و قەت لە ژیانیدا خەیاڵی ئەوەیشی بە مێشکدا نەهاتووە کە دەکرا رۆژێک لە رۆژەکان بە سەدان ناوی لێ بنرێ، پاکەتەکەم بێڕەحمانە لەناو مشتمدا گووشی. بێگومان گەر منیش وەک سوورپێستەکان رۆژ تا ئێوارە بە سوار ئەسپەوە بام و بە ناو دەشت و دەر و لێڕەوارەکاندا لە هاتوچۆ و راو و جوڵەدا بوومایە و شەوانە لە ژێر دەواردا جگەرەم بە باکردایە، نەک تەنیا بە تووش کۆکە و خوێن هەڵێنانەوە نەدەبووم، بەڵکو ئەوەندە بە سەر پێوە دەمامەوە، کە کاتی مردن، تەنیا لەسەر پشتی ئەسپەکەم بەردەبوومەوە،… نەک لە ناو جێگادا.

کتوپڕ خۆمم کەنەف و داماو لە ناو جێگای مەرگدا هاتە بەرچاو. نا من نابێ لە ناو جێگادا بمرم. بەپەلە بەرەو ماڵەوە بوومەوە. لەناو دەرگای حەوشە بە تووش دایکمەوە بووم. پرسی “رۆڵە هەر سەردانێکی ئالانت نەکرد؟” باوکم لەو سەری حەوشەکەوە هەر کە بینیمی، پشتی تێکردم، وەک بڵێی دەیەوێ ئافتاوەی ئاودەستەکەی پڕکا. ژنەکەم کە لەمێژ بوو لەتاو بۆنی جگەرە و بۆنی ناخۆشی دەمی من رستە رستە رێحانەی بە خۆیدا هەڵدەواسی، لووتێکی هەڵقرچاند و تاوی دایە گسکە زەردە بچووکەوبووەکەی. من کە سەرەتا بڕیارم دابوو بچمە ژوورەکەم، کتوپڕ لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا راوەستام و بە جوانی لە هەر هەموویانم رووانی. ویستم هاوار بکەم ئیتر تەواو، ئیتر وازم لێهێناوە و ئیتر قەت نایکشێم. هەر کە زارم هەڵێنا، کۆکە دەرفەتی نەدام. کۆکیم و کۆکیم. جەستەم مچۆڵە بووەوە. کۆکە وەک بوومەلەرزە لەبنەوە رایدەتڵەکاندم. بەری پێم بە زەوییەوە نەدەلکا. زارۆکێک بووم لە باوەشی گەورەیەکدا کە هەڵیدەپەراند. هەرچەند من ئەو سەردەمم لەبیر نایەت، بەڵام چەند ئاشنا دەهاتە بەرچاوم. بزەیەکی ترسناک تێکەڵی کۆکەکانم بوو.

نە دایکم، نە باوکم و نە ژنەکەم گوێیان نەدامێ. دایکم پشتی لە من و رووی لە کۆڵان، لە خەیاڵی ناوچەی ئالان دا بوو، باوکم لە پشت دیوارەکانی ئاودەستەوە هەناسەی راحەتیی هەڵدەکێشا و ژنەکەیشم لە ناو تۆزی سەر پلیکانەکان، گۆشەی لەچکەکەی بەدەمەوە، پشتاوپشت بەدەم جوێندانەوە بەرەو ئەو سەری حەوشەکە دادەگەرا.

لە بیرم دێت کەوتم، بە سەر لاشاندا کەوتم. کۆکە رێگای لە هەناسەم گرتبوو. زار و قوڕگم بە شوێن هەوادا دەگەڕان. لەبیرم دێت هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی دەنگ هەڵبێنم و پێیان بڵێم ئیتر وازم هێناوە، کە ئیتر نایکێشم،… بەڵام لەبیرم دێت لە جیاتی ئەمە، دەنگم هەڵێنا کە “تەرکی ناکەم،… قەت قەت،… تەرکی چی و شتی چی!”

من وەهام. ئەوەتەی هەم باوەڕم وەها بووە باوەڕەکان خۆبەخۆ دێن و خۆبەخۆ دەمێننەوە. تەنانەت تا دوواچرکە،… دوواچرکەکانیش. هەرچەند کەس نیە دووایی دوواچرکەکانت بۆ بگێڕێتەوە. کەس کەس!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خوێنەری هێژا، ئەم چیرۆکە بە شێوەی دەنگ گوێ بگرە > تەرکی ناکەم!

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *