مانگاکەیشیان برد
ماوەیەکە بۆ رەوینەوەی تەنیایی خۆم، مانگایەکم کڕیوە. مانگایەکی بەڵەکی چاو خومار. لە جوتیارێکم کڕی. پەتێکم کردە ملی و پێکەوە بەرەو ماڵەوە رۆیشتین. لە رێگا هەموو کەس سەیری ئەو دیمەنە غەریبەیان دەکرد. بەڵام من و مانگاکە لەوە لەخۆباییترین بووین گوێ بدەینێ.
لە خانووەکەمدا حەوشەیەکم بچوکم هەیە. لە حەوشەکەدا ژوورێک کە ئەگەرچی لە تەویلە ناکا بەڵام بۆ مانگا دەشێ. هەر ئەوەندەی دەتوانێ جەستەی تیابگێڕێ باشە. بۆیە چوونە ژوورەوەی و هاتنە دەرەوەی کێشەیەکی وەهای نیە. مانگا بەڵەک کاتێک ژوورەکەی دیت، بەلاچاو سەیرێکی کردم. پێم وابێ دەستبەجێ لە دۆخەکە گەیشت!
لەبیرم چوو باسی بکەم، هەر لەو رۆژەوە وێنەیەکی ‘مارسل پرۆست’یشم بە دیواری ژوورەکەدا هەڵواسی. وێنەیەکی رەش و سپی بە سمێڵە بابڕەکانییەوە کاتێک لە سەر قەنەفەیەک دانیشتووە و لە کاکی یاخود خانمی وێنەگر دەڕوانێ.
ئیتر لەو رۆژەوە مانگا بەڵەک لەوێ لە حەوشەکە و لە ژوورەکەدایە. منیش هەستی تەنیاییم رەویوەتەوە. ئیتر دەزانم کەسێک لەوێ لە خوارەوە هەیە و، هەم من بیر لەو دەکەمەوە و هەم ئەو لە من.
بەڵام زۆری نەخایاند هەر دوو دراوسێکەی ئەمبەراوبەرم بەچاوی پڕ لە پرسیار و گومانەوە کەوتنە لێڕوانینم. یەکیان سەرئەنجام رۆژێ پرسی ئەرێ خێرە ئەم مانگایەت هێناوەتە ئێرە؟ منیش کە دەستبەجێ نیەتەکەیم خوێندەوە وتم وەڵڵا لە جیاتی سەگ بیرم لە مانگا کردەوە. وتی مانگا!؟ وتم ئەرێ مانگا. ئیتر بێدەنگ بوو و هیچی تری نەوت.
رۆژی دوواتر هێشتا لەناو جێگاکەمدا بووم لە دەرگایان دا. چووم کردمەوە. بینیم دوو پۆلیس، یەکیان ژن و ئەوی تریان پیاو لە حەوشە لە پشت دەرگاکە راوەستاون. ژنەکە قەڵەم و کاغەزێکی بەدەستەوەبوو و پیاوەکەیش بە چەند هەنگاوێک لەولاترەوە راوەستابوو. ژنەکە وتی گەر زەحمەت نیە چەند پرسیارێکمان هەیە. ئەوسا دەستبەجێ باسی مانگا قەشانیان کرد. کورتەی قسەوباسەکانی ئەوان ئەوە بوو راگرتنی مانگا لە وەها گەڕەک و شوێنێک قەدەغەیە و دەبێ دەستبەجێ وازی لێبێنم. وتیان شوێنی مانگا لە دەرەوەی شارە و لای جوتیارانە. کە قسەکانیان تەواوبوو منیش وتم لای من هیچ جیاوازییەک لەنێوان مانگا و سەگدا نیە، ئەی بۆ سەگ ئازادە و بۆ مانگا نا، تازە مانگا ناوەڕێ و قولاپەی کەس ناگرێ و بگرە گووکەیشی بێ بۆنترە. پۆلیسەکان بەسەرسوڕمانەوە سەیریان کردم و پیاوەکەیان بزەیەکی هاتێ و وتی راستدەکەی… راستدەکەی، بەڵام کێشە لەوەدایە یاسا دەلێ مانگا ناتوانێ لە ناو شاردا بژیت، بۆیە دەستبەجێ دەبێ بیبەیتەوە بۆ شوێنی سەرەتای خۆی یاخود هەر شوێنێکی تر، گوتی بڕواناکا فرۆشتنەوەیشی زەحمەت بێت. گوتم ئەی تەنیایی من چی، ها ئەی تەنیایی من؟ ژنەکەیان وتی ئەویش بە کڕینی سەگ، پشیلە، مار، دووپشک، مشک، جرج، باڵندە یاخود هەر چەشنە ئاژەڵێکی ناو قەفەسی تر کە لە زۆربەی دووکانەکانی ئاژەڵفرۆشیدا دەست دەکەون، قەرەبوو دەکرێتەوە، وەک هەموو خەڵکی تر. وتم من تەنیا بە مانگا سوکناییم دێ، یەکەم ئەوەیکە زلە، دووهەم چاوەکانی چەشنێکی ترن، سێهەم زستانان کاتێک تەنیایی ئیتر بە ترۆپکی خۆی دەگا دەتوانم بچم لە ژوورەکەی دابنیشم و هەست بە گەرمای جەستەی زەلامی بکەم، وەک رۆژانی قەدیم، بەڵام من چ لە سەگ و پشیلە بکەم، ئیتر هەر لە مشک و جرج و دووپشک و باڵندە گەڕێ کە خۆیشیان پێ گەرم ناکرێتەوە!
پیاوەکەیان وتی وەک پێمان وتی یاسا ئیزن نادا، ئەمە نەکەی دێن و دەیبەن و ناتوانی هیچ کارێکیش بکەی. من کەمێک بیرم کردەوە و وتم ئەی ئەگەر بیبەمە ژوورەوە، ها،… ئەمە چی، خۆ ئیتر نە ئێوە و نە یاسا و نە دراوسێکانم گلەییان نامێنێ؟ وتی نابێ، ژوورەوە و دەرەوە فەرقیان نیە، قسە لەسەر ئەوەیە مانگا ناتوانێ لەناو شار و لەناو شوێنە گشتییەکاندا بژی.
وتم ئەی بۆ قەدیم دەکرا و بۆ ئیستا نا، تازە ئیستا وەزعی داوودەرمان باشترە؟ پۆلیسەکان کە کەمکەم ئۆقرەیان لێدەبڕا و بەزحمەت خۆیان رادەگرت، وتیان ئێمە هەموو زانیارییەکمان پێدای. ئیستا تکایە ژێر ئەم وەرەقە ئیمزابکە. وتم وەرەقەی چی؟ وتیان بیخوێنەوە. وتم تاقەتی خوێندنەوەم نیە، جا ئەگەر تاقەتم هەبا بۆ مانگام دەکڕێ، وتم من تەنانەت نە سەیری تەلەفزیۆنیش دەکەم و نە گوێ لە رادیۆیش دەگرم، رقیشم لەهەرچی پیاو سیاسی و نووسەر و نۆکەرەکانیشیانە، من ئەم مانگایەم لە هەر هەموویان خۆشتر دەوێ، لام وایە لەهەموویان زیاتر بەکەڵکی من دێت! ژنەکەیان وتی مافی خۆتە چۆن بیردەکەیتەوە، ئەمە کێشەی ئێمە نیە، کێشەکە لە بوونی مانگاکە لەم خانووە و لەم گەڕەکەدایە. وتم هەڵەی ئێوە لەمەدایە لاتان وایە ئەمانە پێکەوە لە پێوەندیدا نین، لە کاتێکدا جوان جوان پێکەوە بەستراونەتەوە، باشە بۆ لێم ناپرسن بۆ رقت لە سیاسییەکان و نووسەرەکانە، ها بۆ لێم ناپرسن؟ پیاوەکە وتی ئەم بەشە بە ئێمەوە رەبتی نیە، دەتوانی بیکەی بە وتارێک، یاخود لەگەڵ هاوڕێکەت باسی بکە، یان چووزانم هەر شوێنێک خۆت لات پەسندە، مانگا نابێ لێرە بمێنێتەوە، ئیمزایشی ناکەی گرینگ نیە، بە بێ ئیمزایش دەشێ! وتم دەشێ؟ وتی ئەرێ دەشێ! وتم چی دەشێ؟ وتی ئەوەیکە مانگا لێرە نەمێنێ. وتم دەزانی ناوم لێناوە مانگا قەشان؟ هەردووکیان بزەیەکیان هاتێ. وتیان گرینگ نیە بزانین، قەشان یان بێ قەشان نابێ لێرە بمێنێتەوە. وتم من دەمەوێ خەبات بکەم بۆ ئەوەی مانگایش بکەم بەو جۆرە ئاژەڵانەی وا دەکرێ وەک سەگ و پشیلە لە ماڵەوە رایانبگری. گوتیان کاری باشدەکەی، خەباتی خۆت بکە، بەڵام تا سەرکەوتنەکەت دەبێ ئەم مانگایە لێرە نەمێنێ. وتم نەتانپرسی بۆ رقم لە سیاسی و لە نووسەرەکانە، رقم لێیانە چونکە لەبەر ئەوەی سەگ و پشیلە و مشک و جرج و… بێ خێروبێرن ئیزنی راگرتنیان لەماڵ دەدەن و بەرگری لەم هەڵوێستەی خۆیان دەکەن، بەڵام چونکە مانگا خێروبێری هەیە و دەتوانین لە شیرەکەی کەڵک وەربگرین، ناهێڵن رایگرین، وتم دەزانن مەسەلە پارە و بازاڕە!؟ دەزانن مەسەلە… لێرەدا قسەکانیان پێ بڕیم و وتیان کاکە ئەمە وەک وتمان کێشەی ئێمە نیە باشتر بڵێین بەئێمەوە رەبتی نیە، بچۆ لەگەڵ سیاسی و نووسەرەکان باسی بکە، هیواداریشین سەرکەوی، بەڵام تا ئەو کاتە ئەم مانگایە لێرە نامێنێ، برایەوە! وتم پێم وابێ ماندووبوون، فەرموون وەرەنە ژوورەوە با قاوەیەکتان بۆ سازکەم! سوپاسیان کرد و وتیان نا، درەنگە و دەبێ بڕۆن. وتم مانگاکە چەند رۆژێکە لێرە دەژی و راهاتووە، پێم وابێ باش نەبێ کتوپڕ رایگوێزم، ئەمە دەتوانێ ببێتە هۆکاری نۆستالۆژیا و خەمۆکی تیایا، دەتوانن دەرفەتم بدەنێ؟ وتیان چەند رۆژ؟ وتم مانگێک! پێکەنین، پێکەنینێکی تاڵ،… وەک کەکرە. لەم کاتەدا مانگاکە لە ژوورەکەی خۆیەوە بۆراندی. بزەیەکم هاتێ و وتم دەبینن چەند مورتاحە! لەم کاتەدا بێتەلی یەکیان کەوتە خشەخش و کەسێک پەیامی نارد. ژنەکە بوو، بێتەلەکەی هەڵگرت و چەند هەنگاوێک دوورکەوتەوە و پشت لە من کەوتە قسەکردن. روومکردە پیاوەکەیان و وتم ناوم ناوە ‘سۆزان’، وەرە با پیشانت بدەم چەند جوانە! ئەوسا بەپەلە دەرگاکەم کردەوە. هاڵاوی گەرمای لەشی و بۆنی شیاکە بە روومدا هات. هاڵاو و بۆنێک کە تەنیاییان دەڕەواندەوە. پۆلیسەکە کە تەنیا یەک دوو هەنگاوێک هاتبووە پێشەوە و لەدوورەوە دەیڕوانی، سەرێکی بەئاستەم بادا. وتم مانگایەک بکڕە ئەوسا دەزانی هەبوونی مانگا یانی چی. ژنەپۆلیسەکە هەر لە قسەکردن بە بێتەل بووەوە گەڕایەوە لامان و وتی ئیتر ئێمە دەڕۆین، لەبەر ئەوەی ناتەوێ مانگاکە بفرۆشیتەوە بەزووترین کات دێن و دەیبەن، هیچیشت لەدەست نایەت. هیچ یاسایەک لەم وڵاتە داڵدەت نادا. وتم شکایەت دەکەم، دەچم باسی تەنیایی خۆم دەکەم، خۆ ئەم وڵاتە بێ ساحیب نیە. وتیان نا نیە، بڕۆ شکایەت بکە، بەڵام شکایەتیش دادت نادا، ئەم مانگایە لێرە نامێنێ.
رۆیشتن. دووای چەند کاتژمیڕیک ماشینێکی باری بە چەند پۆلیس لەگەڵیا هاتن. مانگا قەشانیان پیش خۆیاندا و رۆیشتن. مانگا قەشان هەر لایشی نەکردەوە! من ئەمجارەیش کاغەزەکەم ئیمزانەکرد. بگرە هەر نەیشهاتمە خوارەوە. لەپشت پەنجەرەکەوە، لەو سەرەوە، هەتا رۆیشتن لێم رووانین. پاش چەند رۆژێک مەبلەغێک پارە هاتە ژمارە حیسابەکەمەوە، لەگەڵ نامەیەک لەناو سندووقی نامەکاندا کە تێیدا هەموو زانیارییەک نووسرابوو. بە نرخی فرۆشتنی مانگا قەشان و خەرجی راگواستنەکەی کە لێیان کەم کردبووەوە.
من چەندین رۆژ لەسەریەک یەکجار غەمگین بووم. یاد و وێنەی مانگا قەشان لە زەینم دوورنەدەکەوتنەوە. بیری ئەو رۆژەم دەکردەوە پێکەوە هاتینەوە بۆ ماڵ، بیری نیگا جوان و خەمین و تایبەتەکانی.
بەڵام،… بەڵام مانگا قەشان لای من هەر ماوە. ژوورەکە بۆنی ئەوی بۆ هەمیشە لە خۆیدا حەشارداوە. ئەو بۆنەی وا کەس ناتوانێ رایگوێزێ. کە زۆر هەست بە تەنیایی دەکەم دەچمە ئەوێ و لە نیوەتاریکایی ژوورەکەدا بە سەعات دادەنیشم و بۆنی مانگا قەشان هەڵدەمژم. من و پرۆست پێکەوە. سەیری ‘پرۆست’ دەکەم، ساڵانی ساڵ لەوە پێش خوێندبوومەوە، کاتێک دەڵێ هیچ شتێک بە قەدەر تام و بەقەدەر بۆن هەڵگری بیرەوەرییەکان نین.
ئیستا دەزانم بۆچی یەکەم رۆژ وێنەکەی ئەوم لە ژوورەکە هەڵواسیبوو!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
ئەم چیرۆکە لە کتێی “پێڵاوەکانم” چاپ کراوە.
دیدگاهتان را بنویسید