فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ڕیفراندۆم، قوربانی ناهاوسەنگیی خەون و واقع _ ١۶ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی ڕاستەقینەی ئەم ناهاوسەنگییە

کات 24/07/1398 251 بازدید

ئاسەوارەکانی لەخۆنامۆیی بەتایبەت ئەو کاتە خۆی نیشاندەدا کە کۆمەڵگا دەکەوێتە دۆخە دژوارەکانەوە

سیاسیی زیرەک نەک لە بەیان و داڕشتنی خەونەکانی، بەڵکو زیاتر لە دەرک و تێگەیشتنی تایبەتی لە دۆخی باو دەناسرێتەوە. واتە خەون و خەیاڵی سیاسیی شتێکە و تەتبیق کردنی ئەو خەون و خەیاڵە لەگەڵ واقعی باو شتێکی تر. دیارە بە بێ خەون و خەیاڵ، کە ڕێ پیشاندەری سەرەکییە و ڕێگای گشتی دیاریدەکا، تێگەیشتن لەدۆخی باو مومکین نییە و بەڵام لە هەمان کاتدا بە بێ تێگەیشتن لە دۆخی باو و چونیەتی گونجاندن و خوێندنەوەی خەونی گشتی لەگەڵ دۆخی باو، خەونەکانیش تەنیا دەبن بە گوتە و نووسراوە و قابلییەتی ئیجرایان نامێنێ، بگرە جاری وایە دەگەنە کارەسات. ئەمە یاسای گشتیی سیاستەتکردنێکە کە دەتوانێ کاریگەریی جێ بێڵێ و دۆخەکان بەلایەکی تردا بخا.

ڕیفراندۆم وەک دەنگی خەڵک بەگشتی بەسەرکەوتن گەیشت، بەڵام وەک بەکردەوەکردنی خودی داوای ڕیفراندۆم شکستی هێنا و نەگەییە شوێنی خۆی. بگرە هەر بە شوێن ڕیفراندۆمدا کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسی و سەربازی ڕوویاندا، تێیدا هەریـم زیاتر لە سەداپەنجای ئەو ڕووبەرەی بەدەستییەوە بوو لە دەستیدا و بچووک کرایەوە بۆ ئەو پانتاییەی لەوە پێش هەیبوو. ڕیفراندۆم بە کردە گەیشتە ١۶ی ئۆکتۆبەر و لەدژی خۆی هەڵگەڕایەوە. داوایەک کە زۆرینەی خەڵک و پارتەکانی لەپشت بوو نەیتوانی ئەم زۆرینەیە بەکردەوە لە مەیدانی عەمەلدا کۆ بکاتەوە و پشتگیرییان مسۆگەر بکا.

باشە بۆ وەها دۆخێک هاتە پیشەوە؟ دەتوانین بڵێین ئەمە بە جوانی نیشانی دەدا کردەی ڕیفراندۆم بووە قوربانیی ناهاوسەنگیی نێوان خەون و واقیع، بۆیە لەوێوە گەیشتە ١۶ی ئۆکتۆبەر. بەڕای من ئەوەندەی شکستی ڕیفراندۆم و سەرهەڵدانی ١۶ی ئۆکتۆبەر ئاکامی ئەم مەسەلەیە بوو، ئاکامی هەڵوێستی جودای لایەنی سیاسیی دیکە نەبوو.

بەڵام ئەم ناوهەسەنگییە لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە؟ بە ڕای من ئەم ناوهاسەنگییە لە دوو بواردا خۆی دەبینێتەوە: تێنەگەیشتنی سیاسەتی کوردیی (دیارە ئەو بەشەی بە شوێن ئەم خەونەدا ڕۆیشت) لە دۆخی دەروونیی خۆی و خوێندنەوەی هەڵەی دۆخی ناوچەیی و جیهانیی. لەم دوو بوارانەدا دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:

ـ ئەزموونی خۆیان لە دەسەڵاتداریی دەیان ساڵە لەبەرچاو نەگرت کە ئەزموونێکی شکستخواردوو بوو. ئەزموونێک کە تێیدا حکومەتی هەرێم بەکردەوە شکڵی نەگرت و تەنیا لەسەر لاپەڕەی کاغەز مایەوە و ئەوەی بینرا تەنیا دەسەڵاتی دوو حیزبی سەرەکیی و دابەشکردنی بەکردەی هەرێم بەسەر دوو ناوچەی تایبەتدا بوو. واتە بە پێچەوانەی هەموو دیعایەکانیان، ئەوان هەر لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنیانەوە خەونی دەوڵەتی کوردیی (تەنانەت لە چوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان) بەتاڵکردەوە و ئەوەی بە کردەوە کردیان (بەپێچەوانەی دروشمەکانیان) دامەزراندن و پتەوکردنی شوێن و پێگەی حیزب بوو، نەک گەل و دامەزراوە مەدەنی و یاسایی و حکومییەکان. جا ئەقڵییەتێک کە لە چێکردنی حکومەتی هەرێم مایەوە، چلۆن دەیتوانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێ!

ـ دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبە سەرەکییە بە گشتی پشت ئەستوور بوو بە پشتیوانیکردنی دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەکە واتە ئێران و تورکیا. هەبوونی دامودەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی بەتایبەت دەوڵەتی تورک لە هەرێم ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا کە کێشەی بنەڕەتی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد هەیە قەت مل ناداتە ئەنجامی وەها ڕاپرسییەک، مەگەر ئەوەی لەوە پێش پرسی هەبوونی ئەم دامودەزگایانە یەکلایی کرابایەوە و لە حاڵەتی نهێنی دەرهاتباو بەیاسایی کرابا. ئەمە لە کاتێکدابوو هەر لەو سەروبەندەیشدا دۆخی دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری چالاکیی ئابوورییەوە، بەهێزتر دەبوو.

ـ لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی کەسایەتی سەربەخۆی کۆمەڵگاوە، کە لە تەواوی ئەو ساڵانەدا بە هۆی ئەو دوو حیزبەوە خەسێندرابوو، جۆرێک لە دەسەڵات شکڵی گرتبوو کە خەڵکی خۆیان تێدا نەدەبینییەوە. ئەو بەشەیشی خۆی تیا دەبینییەوە لە ڕێگای دەم چەورکردنی بە پارە و کۆمەڵێک پێوەندیی عەشیرەیی (دیارە لە شێوازی کارکردی حیزبیدا)، گیانی باوەڕی دەروونی تێیدا مردبوو و ئیتر کوڕی رۆژی تەنگانە نەمابوون.

ـ نەبوونی هەستکردن بە کەسایەتی خۆ، ئەمە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی لەخۆنامۆیی. کەسی لەخۆنامۆیش وەک مارکس دەڵێ لە سێ شت نامۆ دەبێ: لە خۆی، لە شوێنی کارەکەی و لە مرۆڤەکانی تر. کەسێکی لەم چەشنە ئیتر نە پێوەندیی ئەوتۆی بەخۆیەوە دەمێنێ، نە بە بەرهەم و شوێنی کارەکەیەوە و نە بە مرۆڤەکانی ترەوە. ئاسەوارەکانی ئەم لەخۆنامۆییە بەتایبەت ئەو کاتە خۆی نیشاندەدا کۆمەڵگا دەکەوێتە دۆخە دژوارەکانەوە،

ـ ئەزموونی چەندین دەیان ساڵەی هەرێم نیشانی داوە کە ئەم هەرێمە هیچ کات بەکردەوە تێیدا حکومەت شکڵی نەگرت. ئەوەی هەبوو دەسەڵاتی حیزب بوو، بەڵام بەهەندێ دەرکەوتەی حکوومی. جا کاتێک حیزب جێگای دەوڵەت دەگرێتەوە هەموو کەس بە پلەی یەکەم تێدەگا باسی دەوڵەت و دەسەڵاتی گەل کە کردبوویان درۆ بووە. لێرەوە مردنی ئینتماکان دەست پێدەکا و هەموو شتێک دەبێ بە هەوڵدان بۆ بە حیزبی بوون نەک بۆ بەدامەزراوەبوون. لێرەیشدا ئەم هەوڵدانە بۆ مسۆگەرکردنی پلەوپایە و پارەیە نەک بۆ شتی تر. بەم شێوەیە حیزبی شۆڕشگێر لە رابرووی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەتاڵدەبێتەوە و لەگەڵیدا هەموو کۆمەڵگایش.

ـ دیارە لێکئاڵانی حیزب و دەوڵەت لە سۆڤیەت کرا و هەنووکەیش لە زۆر وڵات هەیە، وەک چین و کوبا، بەلام لەو شوێنانە حیزب فەلسەفەی دەوڵەتیان (هەرچەند بە کەموکوڕییەوە) لەبیرنەکرد و دەوڵتیان چێکرد. زۆرجار دەگوترێ لە کوردستان هۆکارەکەی هەبوونی دوو زلهێزی هاوسەنگ بوو، ئەگینا ئەگەر لێرەیش یەک حیزب بایە، ئەم دۆخە نەدەهاتە پێشەوە، بەڵام دەبێ بڵێین ئەمە پاساوی ئەو هەموو هەڵەیە ناداتەوە. جا گەر ئینتمای نەتەوەیی ئەوەندە بەهێز نەبێ کە لەم کاتانەدا ببێتە هۆی پاشەکشە لەبەرامبەر یەکتردا (و نەک لەبەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا)، ئەوا ئیتر دەبێ بڵێین کێشەکە هەر لە بنەماوە هەڵەیە و لە ڕاستیدا شتێک بەناوی کێشەی نەتەوەیی لەناو کورددا سەرەڕای دیعایەکردنی، بوونی نییە.

ـ بە ڕای من تورکیا لە پشت پرۆژەی ڕیفراندۆم ڕاوەستابوو و پارتی بەشێوەی سەرەکی پشتی بە هەڵوێستی تورکیا بەستبوو. دیارە ئەمەیش بە دوو شێواز: یەکەم پارتی لای وابوو بەو پێوەندییە ئابوورییانەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی و ئەو نیعمەتەی بەسەر تورکیادا هەڵیڕشتووە و هەروەها دەیتوانی لە داهاتوودا بە سەر تورکیادا بە هۆی نەوتەوە هەڵیڕێژێ، ئەم وڵاتەی بەشێوازێک کڕیوە و بۆیە دەتوانێ تورکیا لەبەردەم کردەی واقیعدا دابنێ؛ دووهەم ژێربەژێر هەندێ پەیامی لە هەندێ شوێنی دەسەڵاتی تورکیاوە پێگەیشتبوو کە هانی پارتیان دەدا بە شوێن جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمەوە بن. بەڵام ڕووداوەکانی دواتر نیشانیاندا ستراتێژی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکیا لە ئەساسدا نەگۆڕاوە و بۆیە لە کۆتاییدا ملیان نەدایە ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی. لەڕاستیدا ئەمە یارییەکی یەکجار گەورە بوو کە تێیدا تورکیا لێدانی بنەما ئەساسییەکانی بزووتنەوەی کوردی کردبووە نیشانە.هەبوونی حکومەتێکی ڕاستەقینەی هەرێم باشترین پێوانەی ڕێکخستنی ناوماڵی خۆ بوو کە قەت جێبەجێ نەکرا

ـ جۆرێک لەخۆباییبوون لەناو بارزانییەکاندا، کە بەتایبەت ئەمە لەناو هەندێ کۆبوونەوەی مەسعود بارزانیدا دەبینین کە چلۆن هەندێ کەس پیایا بە شێوازی سەردەمی سەدام حسێن هەڵدەدەن. هەموومان دەزانین ئەمانە پلانیان بۆ داڕێژراوە و وەها نییە هەرلەخۆوە کەسێک لە کۆبوونەوەیەکدا هەستێ و دروشم بدات و بە سەرۆکەکەیدا هەڵبڵێ. ئەم نیشانی دەدا ئەوان گەیشتبوونە حاڵەتێکی ڕۆحیی وەک سەدام و وەک هەموو ڕێبەرە پۆپۆلیستەکانی تر کە تێیدا خۆی وەها گەورە و بە بێ مونافسە دەبینێ هەموو چەشنە دابەزینێکی نەفسیی مرۆڤەکانی دەوروبەریان بە دیاردەیەکی ئاسایی دەبینن! هەڵبەت ئەمە کردەیەکی پۆپۆلیستی بوو و ئاراستەکەیشی بەرەو جەماوەری ئاسایی خەڵکی بوو بۆ ئەوەی زیاتر هانیان بدەن لە ڕیفراندۆمدا بەشداری بکەن.

ـ رێکنەخستنی ناوماڵی خۆ. بگرە ئەو لایەنانەیشی چوونە ناو پرۆژەکەوە هێشتا کێشەی زۆریان لەگەڵ یەکتردا هەبوو. بەڕای من هەبوونی حکومەتێکی ڕاستەقینەی هەرێم باشترین پێوانەی ڕێکخستنی ناوماڵی خۆ بوو کە قەت جێبەجێ نەکرا.

ـ بەهێند وەرنەگرتنی پەیامەکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی، ئێران و تەنانەت خودی دەوڵەتی عێراقیش. لە کاتێکدا هەبوونی هەرێمی کوردستان بە شێوەی مێژوویی ئاکامی سیاسەتی دەوڵەتانە، هەرێم ناچارە لە سیاسەتکردندا ئەم خاڵە زۆر ڕەچاو بکا. نەخوێندنەوەی بابەتییانەی سیاسەتی ڕۆژئاوا هەڵەیەکی گەورە بوو.

ـ گوێنەدان بە یاسا جیهانییەکان و یاسای عێراق. لە کاتێکدا لە یاسای عێراقدا دان بە بەشێکی گرینگی مافەکانی کورددا نرابوو و کورد لە ناوەند نوێنەری هەبوو، بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژوار بوو بێتە ناو ئەم بابەتەوە و پشتیگیری لێبکا.

دیارە دەکرێ ئاماژە بە هەندێ خاڵی دیکەیش بکەین، بەڵام با لێرەدا بچینە سەر بابەتێکی تری پێوەندیدار بەم باسەوە کە یەکجار گرینگە.

دیارە من لە ڕستەکانی سەرەوەدا ئاماژەم پێدا، بەس حەزدەکەم لێرەدا جوانتر شیبکەمەوە. شکستی دوو حزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و بە گشتی هەرێم لە دامەزراندنی حکوومەتی هەرێم و هەروەها سەرنەگرتنی ڕیفراندۆم و دوواتر ڕووداوی ١۶ی ئۆکتۆبەر بەڕای من ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ دەدەن، ئەویش ئەوەیکە سەردەمی ناسیۆنالیزم بەشێوازی سەدەی نۆزدەهەمی کۆتایی پێهاتووە. بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕاستییەکەی ئەوەیە دەرفەتە مێژووییەکان لەکیس چوون و چیتر وڵاتانی ناوچە لە دۆخی سەد یاخود دووسەد ساڵ لەوەپێشدا نین. بە ڕای من بەهۆی دامەزراندنی دەوڵەتە مودێڕن و نیوەمودێڕنەکانەوە لە ناوچەکە، جۆرێک تێکەولێکەیی دروستبووە کە پچڕاندنەوەیان ئاسان نییە. لە ڕاستیدا سنوورەکان لەمانا نەریتییەکەی خۆیدا چیدی نەماون و بۆیە چێکردنەوەیان دژوارە و بگرە مەحاڵە. بەڕای من شکستی هەرێم لە بوارەکانی کاری خۆیدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەڵگری گوتارێکی نەریتییە، گوتارێک کە بەگوێرەی پێویستییەکانی سەردەم تازەنەکراوەتەوە. زۆر کەس دەڵێن ئەم حیزبانە ناسیۆنالیستی ڕاستەقینە نین و گەر حیزبە ناسیۆنالیستە ڕاستەقینەکان بێن ئەوا کێشەکە چارەسەردەکرێ، بەڵام دەبێ بڵێین کێشەکە ڕێک لەوەدایە بیری ناسیونالیستی بەشێوازی سەدەی نۆزدەهەمی چیتر نەماوە و کردەی ئەم حیزبانە کە دیارترین نوێنەرانی ناسیونالیزمی کوردین ئەم ڕاستیە نیشاندەدا.

دیدی کوردی بۆ چارەسەری کێشەکانی خۆی دەبێ بگۆڕدرێ و بچێتە قاوغێکی ترەوە، قاوغێک کە هاوکات لەگەڵ بینینی جوداییەکانی خۆی لەگەڵ نەتەوەکانی تر، دەبێ خاڵە هاوبەشەکانیشی ببینێ. من لە سەرەتای بابەتەکەمدا ئاماژەم بە ناهاوسەنگیی نێوان خەون و خوێندنەوەی بابەتییانەی دۆخ دا. بەڕای من ئەمە لە بواری دیدی ستراتیژی کوردیشدا خۆی دەبینێتەوە.

دیارە خوێندنەوەیەکی تریش سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی دواتری هەیە کە دەڵێ بەڕێوەبەرانی لە ڕاستیدا باوەڕیان پێی نەبوو و تەنیا وەک ئامرازێک کەڵکیان لێوەرگرت بۆ داپۆشینی شکستەکان، جا چ شکستەکانی ڕابردوو و چ ئەو شکستەی بەڵێن بوو لەدوای شکستی داعش و گەڕانەوەی ناوەند بۆ ناوچەکانی لەوە پێش بەسەریاندا بێت. دەبێ بگوترێ لەو دۆخە ئاڵۆز و ناڕوونەی هەرێمدا بەداخەوە هەموو خوێندنەوەیەک بەجۆرێک دەخوا! بەتایبەت مقاومەت نەکردنی ڕیفراندۆمچییەکان دەتوانێ بەڵگەیەکی بەهێزبێت. یاخود ئەو وتووێژەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق وا لە گەڵ رۆژنامەیەک کردی و تێیدا ئاماژەی بە دانی پارە بە پارتی کرد بۆ ئەوەی لە ناوچەکان بکشێنەوە و، پارتیش هیچ کات تا ئەو جێگایەی ئاگام لێ بێت ڕەدی نەکردەوە.

دیارە بۆ وەڵامی ئەوەی چۆن لە ڕووداوی ١۶ی ئۆکتۆبەر بڕوانین تا لە ڕاستییەکان بگەین؟ دەبێ بڵێم لە ڕاستیدا پرسیارەکە دەبێ ئاوا بکەین چۆن لە ڕووداوەکانی پێش ١۶ی ئۆکتۆبەر بڕوانین بۆ ئەوەی لە ڕاستی ١۶ی ئۆکتۆبەر بگەین؟ چونکە لە ڕاستیدا ١۶ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامە و نەک هۆکار، ئەوە لە ڕاستیدا کۆمەڵێک فاکتەری سیاسی، ئابووری، دەروونی و سەربازییە کە بەستێنەکانی ئەم ڕووداوە ئامادە دەکەن. ١۶ی ئۆکتۆبەر بەڕای من ئەوەندەی شکستی سیاسەتی کوردییە لە قاڵبی هەندێ ئەحزابی شکستخواردوو، شکستی تاکی کورد نییە. تاکی کوردی بەڕادەی ئەحزاب بەرپرسیار نییە، ئەگەرچی بە ڕیفراندۆم دەنگیشی دابێ. ڕەنگە بەرپرسیارەتی تاکی کوردی لەوەدا بەرجەستە بێتەوە کە بۆچی قەت بەشێوەی جیددی ئەزموونی حکومەتی هەرێمیان نەدایە بەر ڕەخنە و دوو حیزبە سەرەکییەکەیان ناچار نەکرد وەڵامدەربن، بەڵام لە کۆمەڵگایەکدا تاکەکان لە ڕێگای پارە و پرۆپاگەندە و فەساد و زەبروزەنگەوە دەخەسێندرێن و لە ڕاستیدا کۆمەڵگا خاوەن ئۆرگانی سەربەخۆی خۆی نییە بۆ کاردانەوە و دانانی کاریگەری لەسەر دۆخەکە، کەمترین ئاستی بەرپرسیارەتی لەمەڕ ١۶ی ئۆکتۆبەر دەکەوێتە سەر شانی ئەوان.

بۆ سەرکەوتن هەمیشە کۆمەڵێک مەرج هەبووە و تەنیا ئەمە خۆی لە ئازایەتیدا نابینێتەوە. بگرە ئازایەتیش وەک دیاردەیەکی دەروونی زۆر جار ملکەچی ئەو مەرجانەیە.

لە کۆتاییدا با ئەزموونی ڕیفراندۆم بکەینە بیانوویەک بۆ پێداچوونەوە بە زۆر شتدا، بەتایبەت بە دیدە ستراتیژەکاندا.

فەڕۆخ نێعمەت پور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *