فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پێشبڕکێی کەران

کات 01/02/1399 303 بازدید

پێشبڕکێی کەران

من کە تەنیا چەند عانەیەکم پێ مابوو و حەزمدەکرد بیانکەم بە جانتایەک لە پارە و بیدەم بە کۆڵمدا و مانگەکانی داهاتووی ژیانم بە بێ خەم بەرێ بکەم، بڕیارم دا بچم و لە پیشبڕکێیەکدا یاخود لە قومارێکدا بیانخەمەگەڕ، بەڵکو بە تەمای خوا شتێکیان لێ سەوز بێت.

بۆ ئەم مەبەستە رووم لە بازاڕکرد. سەرەتا رووم لە قومارخانە کرد. پاش کەمێک هێنان و بردن و سەیرکردنی قومارچییەکان بۆ ئاکامە گەیشتم کە نا ئێرە بەکەڵک نایەت. ئەوەی من دەمبینی دۆڕانی زۆربەی خەڵکەکە بوو و بۆیە لام وابوو کەریەتییە ئەو بڕە پارە یەکجار کەمەی پێم بوو بچم و لە سووڕێکی خێرای مێزێکدا بیدۆڕێنم. پاشی ئەوە چووم بۆ چایخانەیەک و سەیری دۆمینەچییەکانم کرد. من کە هەر لە منداڵییەوە لە قوتابخانە ماتماتیکم یەکجار خراپ بوو و بەم هۆیەوە بە ئیستایشەوە جاروبار خۆم وەک گەمژەیەک دێتەبەرچاو، وازم لەوێیش هێنا و دیسان رووم کردەوە بازاڕ. لە لا کۆڵانێکدا بەتووش بست و شەققەی کۆمەڵێک پیاوی تەمەن مامناوەندییەوە بووم و لە پاش دیتنی قنی خڕ و ئەستووریان لە کاتی نەوی بوونەوە لە کەللاکانیان و لە هارت و هورتیان، لەوێیش پەشیمان بوومەوە. هەرچی لێکم دەدایەوە بڕوام نەدەکرد بتوانم ئەو کەللا بچووکانە بە لێکهەڵەنگوتنی دوو پەنجەی شایەتمان و براگەورە بپێکم و خەونی جانتا پرەکە بەدی بێنم. جگە لەمە کوا لە لاکۆڵاناندا ئەو پارەیەی دەستدەکەوێ وا من خەونم پێوە دەبینی.
لەوێیش وازم هێنا و سەرئەنجام لە دووای رێکردنێکی زۆر بە تووش شوێنێکی نایابەوە بووم. شوێنێکی بەتەواوی تازە کە بڕواناکەم کەستان بە ژیانتان بەتووشیەوە بووبن و بینی بێتان. رێک لە راستەشەقامێکی تازەی شاردا کە ئەوسەری دەگەییە بیابانێکی بەرەهووت بەتووش تابلۆیەکی گەورەی سەیرەوە بووم بە سەر دەروازەیەکی گەورەوە کە لە سەری نووسرابوو “پێشبڕکێی کەران”.

خۆم پیاکرد.

کە بینیم ساحەیەکی گەورە بوو وەک شوێنی تۆپی پێ کە خەڵکێکی زۆر بە دەور تیایا دانیشتبوون و سەیری ناوەندی شوێنەکەیان دەکرد. پاش پرس و جۆیەکی کورت تێگەیشتم ئێرە شوێنێکی تازەیە و بۆ پێشبڕکێی کەر کراوەتەوە. وتیان لەبەر ئەوەی خەڵکی لە پێشبڕکێی ئەسپ کە ساڵانی یەکجار زۆرە هەبووە ماندوو بوون و ئیستا حەزیان بە نوێگەری لە یاریدایە بۆیە بیر لەم پێشبڕکێیە کراوەتەوە و وەک دەبینی بۆ یەکەم جار ئەمڕۆ بەڵێنە چەندین کەری بەتوانا و چوست و چالاک لەم مەیدانەی بەردەمماندا راکەن، جا ئەو کەرەی لە پێش ئەوانی ترەوە رادەکا دەبێتە یەکەم و ئەوەیشی پارەی لەسەر داناوە، ئەوا دەتوانێ پێشبڕکێکە بباتەوە و دەوڵەمەند بێ. من کە هێشتا دڵنیا نەبووم لەوەی کەر بتوانێ وەک ئەسپ رابکا و زیاتر وەک ئاژەڵێکی بە حەوسەلەی حەز بە رێگاکردنی ئارام و لە سەرەخۆ دەهاتە بەرچاوم، وتم:
ـ دڵنیان؟
ـ دڵنیاین.
ـ ئاخر راناوەستن و لانادەن و خۆ بە شتی ترەوە خەریک ناکەن؟
ـ راناوەستن و لانادەن و خۆ بە شتی ترەوە خەریک ناکەن. ئەم کەرانە کەری بارلێنان نین،… بۆ پێشبڕکێ راهێنراون.

من کە گوێم لەم قسانە بوو و عەقڵم نەیدەبڕی وەها بێت، بەڵام شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم ئەمە بگرە و ئەمە دوواشانستە و بە ئیحتمالی زۆر دەیبەیتەوە. سەرئەنجام گوێم لە دەروونم گرت و وازم لە ئەقڵم هێنا و چووم ئەو چەند عانەیەی وا لە گیرفانمدا بوو لەسەر یەکێک لە کەرەکان وەک شەرت دامنا. لە پاش هێنان و بردنێکی سەرپێی لە ناو هەموویاندا دڵم چووە سەر کەرە سوورەکەیان. نازانم بۆ کەرە زەرد، کەرە سەوز، کەرە شین، کەرەو رەش و کەرە بۆز سەرنجیان رانەکێشام. پسولەیەکم وەرگرت و چووم لە شوێنی خۆم دانیشتم. ئەو پسوولەیەی وێنەی کەرەسوور بە روخسارێکی مۆن، گرژ و جیددییەوە لەسەری دەبینرا.

پێشبڕکێکە دەستی پێکرد. کەرە زەرد، کەرە سەوز، کەرە شین، کەرە رەش، کەرە بۆز و کەرە سوور کە لە ریزێکدا راوەستابوون هەر کە کابرای دەمانچە بەدەست تەقەی کرد، دەستیان بە راکردن کرد. کەرە زەرد و کەرە سەوز هەر زۆر خێرا جووڵان و لە لۆقەوە گەیشتن غار، بەڵام ئەوانی تر یان ئارام دەستیان پێکرد، یان هەر لە قۆناغی لۆقەدا مانەوە. من کە وەک هەموو ئەو خەڵکانەی تر بە پسوولە سوورەکەی دەستمەوە هەستابوومە سەرپێ و هانی کەرەکەی خۆمم دەدا، بینیم کەرە سوور زۆر شەرمێونانە هەر لە شوێنی خۆی راوەستابوو و بە بێ گوێدانە تەقەی کابرای دەمانچە بەدەست، وڕ وڕ بە چاوە خەمین و درشتەکانیەوە لە دەورووبەری دەڕوانی! من کە یەکجار تووڕە و قەڵس ببووم، ئارەقێکی سارد نیشتە سەر مۆرغەی پشتم و لە دەروونمەوە هەستم بە بۆشاییەکی سەیرکرد، بۆشاییەک وەک گیرفانی بەتاڵ لەو چەند عانەیەیش وا لە سەر کەرە سوور دامنابوو.
کەرە زەرد و کەرە سەوز چاکیان غاردەدا. ئەوەندەی پێ نەچوو کەرە شین و کەرە رەشیش کەوتنە سەر دەور و بەمە دەنگ و هەرای حەشیمەتەکە هەتا دەهات بەرز و بەرزتر دەبووەوە. کەرە زەرد لە پێشی پێشەوە، کەرە سەوز بە چەند هەنگاوێک لە دوواوە، پاشان کەرە رەش، ئەوجا کەرە شین و کەرە بۆز و کەرە سووریش کە دەڵێی مێشێکی میوان نەبوو تازە لە شوێنی دەستپێکی یارییەکە ترازابوو و لە کاتێکدا مڵ و مۆی بەردەمی خۆی دەکردو و جاروبارە بە دەنگی لە نەکاوی خەڵکەکە رادەچڵەکا، سەری بەرزدەکردەوە و دیسان بە چاوە مەلوولەکانی بە سەرسووڕمانەوە لە چواردەوری دەڕوانییەوە.

تەپ و تۆزی غاردانی کەرە زەرد و کەرە سەوز لەوەدا نەبوو. من کە نازانم بۆ چاوم ئەو دوو رەنگەی نەگرتبوو، نیگام لە سەر سوورەی خۆمەوە چووە سەر ئەو دووانە. کەرە سەوز جاری وابوو دەگەییە زەردە، بەڵام زەردە زیرەک بوو و خۆی وەبەردەدا یاخود لەقەی دەهاویشت و بە بەدەرخستنی هەر هەموو دیانەکانی کە دوو ریزی درێژی یەکجار ترسناکی بێکۆتایی بوون دەیویست کەرە سەوز بترسێنی و لە پێشکەوتن پەشیمانی بکاتەوە. بەڵام کەرە سەوز لەو کەرانە نەبوو مل بدات. ئەویش هەتا دەیتوانی تینی دەدایە خۆی و بە پیشاندانی ریزە دیانە ترسناکەکانی و بە مرقەمرقێکی کە لە ناو هەراوهوریای خەڵکەکەدا وندەبوو، بەرپەرچی زەردەی دەدایەوە. جاری وابوو سەوزە دەیگەیشتێ یاخود تەنانەت پێشیشی دەکەوتەوە، بەڵام زەردە ملی نەدەدا و خێرا پێشی دەکەوتەوە. شینە و رەشە و بۆزەیش لە دوواترەوە شایی لۆغانی تەمای پێشکەوتنیان بوو.

من کە بە تێپەڕینی کات هەتا دەهات زیاتر تامی تاڵی دۆڕان دەڕژایە ناو دەممەوە و لەوێوە پەلی بۆ ناو هەموو جەستەم دەهاویشت، لە کاتێکا چاوم لە سەر زەردە و سەوزە بوو و کەچی سوورەم هاندەدا، ئاگام لێبوو لە پاش ماوەیەک ئەویش کەوتە لۆقە. بەڵام شتێکیشی بەدەم رێگاوە بەردەوام کاوێژدەکردەوە. من کە نەمدەزانی گیای لەوە پێش خوراوی ناو دیانەکانیەتی یاخود ئەو گیا زەرد و رزیوەی تەنیشت شوێنی دەستپێکی یارییەکەیە، پڕ بە خۆم جوێنیشم دەدا و کێرم دەکرد بە قوزیایەکی هەرچی کەری دونیایە. بەڵام مەگەر چاری دەردەکەی منی دەکرد؟ مەگەر کەرە سوور گوێی لە من بوو؟

کات تێدەپەڕی و کەرەکان لە شوێنی کۆتایی نزیک دەکەوتنەوە. زەردە و سەوزە هەر وا لە پێشەوە بوون ئەگەرچی جارێکیان رەشە خەریک بوو بڕیان بدا. کەرە زەرد و کەرە سەوز بەدەم غاردانەوە ئەوەندە جووتەیان لەیەکتر سرەواندبوو و ئەوەندە گازیان لە لاملی یەکتر گرتبوو کە هەموو لاتەنیشت و ژێر ورگیان رەش و شین ببووەوە و خوێن بە سەر و ملیاشیاندا دەهاتە خوارەوە.

زەردە و سەوزە لە هێڵی کۆتایی نزیک کەوتنەوە و بەدەم چەپڵەلێدان و هوتاف کێشانی خەڵکەکەوە لێیەوە تێپەڕین. من کە بە هۆی دەست و لاقی بێ ئەژماری خەڵکەکەی بەردەممەوە، کە شێتانە هەڵیاندەخستەوە، ئاگام لێ نەبوو کامیان یەکەم بوو و کامیان دووهەم گوێم لێبوو یەک دەیگوت زەردە بردییەوە و یەکی تر دەیگوت سەوزە. سەیری تابلۆی ریزی ناوەکانم کرد. لەسەر تابلۆکە هیچ شتێک نەنووسرابوو. پاش ماوەیەک بڵیندگۆکە رایگەیاند لیژنەی داوەرەکان خەریکی لێکۆڵینەوەی کێشەکەن. قسە و باسی نێوان خەڵکی هەروا گەرم و گوڕ بوو. لایەنگرانی زەردە و سەوزە وەک یەک لایان وابوو هینەکەی ئەوان سەرکەوتووە و وەک یەکەم کەر لە هێڵی کۆتایی تێپەڕیوە. کاتێک لە بڵیندگۆکەوە راگەیەندرا کە بە هۆی لەقەلێدان و جووت هاویشتن و گازگرتنی زۆرەوە کەرەسەکانی سەبتکردنی پێشبڕکێکە نەیانتوانیووە دیاری بکەن داخۆ کەرە سەوز یەکەمە یان کەرەزەرد، بۆیە بڕیاریان داوە زەردە و سەوزە هەردووکیان پێکەوە وەک براوەی یەکەم دەستنیشان بکرێن، زەردیستەکان و سەوزیستەکان بەیەکەوە کەوتنە شایی و هەڵپەڕکی و بەم شێوەیە یارییەکە کۆتایی هات.

من کە کز و خەمین لە شوێنی خۆم دانیشتبووم و بیرم لە گیرفانی بەتاڵی خۆم دەکردەوە، لام کردەوە و چاوم بۆ سوورەی خۆم گێڕا. سوورە هێشتا لە ناو مەیدانەکەدا خولەی دەهات و لە بەر خۆیەوە شتێکی دەگوتەوە. جاری وابوو رادەوەستا، جاری وابوو دەیدایە لۆقە و جاری وایش بوو وەها غاری دەدا لەوانە بوو بگاتە هێلی کۆتایی!

بیری قسەیەکی باوکم کەوتمەوە کە هەمیشە پێی دەگوتم تۆ هەر بە دۆڕاویش دەمری!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “دارستانی داربەڕوو” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *