فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەریاچەی سپی

کات 08/05/1399 1,568 بازدید

دەریاچەی سپی

دووای ئەوەی مرد، کاتێک چاوی کردەوە بینی بە تەنیا لە ژوورێکی چۆڵ و هۆڵ لەبەر تاقە تەلەفزیۆنێکدا دانیشتبوو. چاوی بە دەوری خۆیدا گێڕا. دەنگێک گوتی “بەس سەیری بەرامبەری خۆت بکە!” ئەویش وایکرد.
تەلەفزیۆنەکە کتوپڕ هەڵبوو. فیلمێکی لەسەر بوو، فیلمی خۆی. چڕکراوەی ئەو کاتانەی وا کاتێک لە ژیاندا بوو لە مردن ترسابوو. پێکەنینی بە خۆی هات. بیری کردەوە گەر تەنیا دەرفەت هەبوایە مردن دوو جار تاقی بکرایەتەوە ئەوا کەس لە مردن نەدەترسا.
تەلەفزیۆنەکە کوژایەوە. دەنگەکە هاتەوە “رات چییە؟”
ـ لەسەر چی؟
ـ لەسەر مردن.
ـ گەر مردن ژوورێکی سپیی چۆڵ بێت بە تەلەفزیۆنێکەوە بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ساتانەی وا لە ژیاندا لە مەرگ ترساوین، ئەوا گاڵتەجاڕترین شتی دونیایە.

ئەوسا رایانگواست بۆ دەرەوە. لە دەرەوە هیچی لێنەبوو. ئەو دەیتوانی بە هەموو لایەکدا بڕوات. ئەو لایانەی هیچ لایەک نەبوون و هەموو لایەکیش بوون. بیری کردەوە کەواتە مردن مانەوەیە لە ناو هەموو رێگاکاندا.
دەنگی هەڵبڕی و گوتی
ـ من کاتێک لە ژیاندا بووم گۆرانیشم دەگوت!
ـ کەچی؟
ـ کەچی؟!… یەعنی لە نێوان من و کەسی تردا جیاوازی نیە؟… من گۆرانیم دەگوت گۆرانی،… تێدەگەی!
ئەوسا گۆرانییەکی خۆیان بۆ سەر خست. بەپێچەوانەی ئەوێ لە ناو ژیان، گۆرانییەکەی چەندە بێ مانا و چەندە بێ بەری لە هەست بوو. دەنگی هەڵبڕییەوە:
ـ ئەمە گۆرانی من نیە،… گۆرانی من نیە،… گۆڕیوتانە!
ـ هههه،… ههههه…
پێکەنینەکە ئەوەندە دەکشا و ئەوەندە دەنگی دەدایەوە کە ئەم بۆ دەربازبوون لێی دەستی بە گوێیەکانییەوە گرت. بیری کردەوە کەواتە مردن وڵاتێکە تێیدا گۆرانی چیتر چێژی نامێنێ.
دونیا کتوپڕ بوو بە تەم و مژێکی سەیر. ئەوسا کۆترێک دەرکەوت و لەسەر شانی نیشت. کۆترێکی رەش بە باڵی سپییەوە. کۆترەکە لە جیاتی گماندن کەوتە گۆ. گوتی منت لە بیرە؟ ئەم جوان لێی وردبووەوە. ئەوسا هاتەوە بیری. گوتی تۆ لێرە چی دەکەی، لەو ساڵانە یەکجار تێدەپەڕێ. کۆترەکە گوتی لەبیرتە لە کاتی شەڕ ئێمەت لە خانووەکە جێ هێشت، ها لە بیرتە؟ ئێمەی کۆتری دەستەمۆ و ماڵی مەجبوور بووین بۆ پەیداکردنی بژیوی روو لەدەشت و دەربکەین، ها لە بیرتە؟ من لەوێ بووم بە نێچیری واشەیەک، جا تۆ تاوانباری،… تۆ. ئەم گوتی چاکم لەبیرە، هەمیشە بیرم دەکردەوە چیت لێ بەسەر هاتووە، بەڵام تاوانی منیش نەبوو، شەڕ بوو شەڕ، تێدەگەی، چارمان نەما. کۆترە باڵ رەشەکە دەندووکێکی لە قاچەکانی خۆی خشاند، فڕێ و دوورکەوتەوە.
دەنگەکە کتوپڕ هاتەوە، گوتی:
ـ لێرە لە جیهانی مردن هیچ ون نابێ، تەنیا ژیان نەبێ.
ـ ئەی من چۆن دەتوانم بیربکەمەوەو بدوێم گەر ژیانم نەبێ؟
ـ تۆ تەنیا بوونەوەرێکی لە دووای مردن بەو بیرەوەریانەی وا بە کۆڵتەوەن.
ـ بە توانای هەستکردن بە ئیستاوە!
ـ تەنیا بەو جیاوازییە ئەم هەستکردنە ژیان نیە. تۆ تەنیا بەهۆی بیرەوەرییەوە تێدەگەی. لەبیرت بێت بیرەوەری چیتر ژیان نیە.
ـ خەریکە لە مردن دەگەم، وانیە؟
ـ خەریکە. مردووەکان زۆر درەنگ خوو بە مردن دەگرن. بەتایبەت ئەوانەی وا لە کاتی ژیان زۆر ئاوێتەی بیرەوەرییەکان بوون.
ئەوسا خۆی لە پارکێکدا بینییەوە. پارکەکە پڕ بوو لە خەڵک. کتوپڕ چاوی بە هەموو ئەوانە کەوت وا کاتی خۆی لە ژیاندا بینیبوونی. بە لایدا تێپەڕین تەنیا بە بزەیەکەوە. کەس نەیدەناسییەوە. ئەم راوەستا و لێیانی رووانی. ئەوان، ئاشنا و خزمانی ساڵان، بێ ئەوەی راوەستن تێپەڕین. ئەوسا تێگەیشت بزەکەیشیان تەنیا بە هۆی فەرامۆشییەوەیە. بیری کردەوە “کەواتە مردن لەگەڵ خۆدابوونێکی ئەبەدییە.”
ئەوسا چوو لە تەنیشت ئاوی پارکەکە، کە دەریاچەیەکی سپی بوو دانیشت. زانی دەبێ دابنیشێ تا ئەمیش وەکوو هەموو ئەوانی تری لێ بێت.
هەستی کرد لێرەیش زەمەن وەک سەردەمی ژیان بە هەمان خێرایی تێدەپەڕێ. ئەوسا کۆترەکەی بینی بە سەر دەریاچەکەدا نزم نزم دەفڕی و دەندووکی جارەوبارە لە ئاوەکە دەخشاند. هێڵێکی ئاوەکی کە لە گەڵ دایکبوون خێرا دەمرد لەگەڵ فڕینەکە دەکشا. بیری ساڵەکانی شەڕ کەوتەوە.
بەڕاستی کێ بەرپرسیارە؟
بارانێکی بەخوڕ دایکرد. دەریاچەکە کەوتە جووڵە. دەنگی دنکە بارانەکان دنیای گرتە خۆ. لای کردەوە. کەس لەوێ نەمابوو. تەنیا ئەم لێرە لە تەنیشت دەریاچەکە مابوو. حەزی کرد تا کەس گوێی لێ نیە، گۆرانییەک بچڕێ. کە دەنگی هەڵبڕی بینی خۆیشی گوێی لە خۆی نیە. ئەوسا کۆترەکە دەرکەوتەوە، بەڵام ئەم جارە تەڕ و تڵیس. باڵەکانی شۆڕ ببوونەوە و خەرامان خەرامان لە سەر چیمەنەکە دەڕۆیشت. دەندووکی کردبووەوە و هەنسکە هەنسکی بوو. ئەم وتی دیسان واشەت بەشوێنیەوەیە؟ کۆترەکە وەڵامی نەدایەوەو تەنیا هات لە تەنیشتی هەڵکورما و وەک ئەم نوقمی دیمەنی باران بوو. هەستی کرد دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا دێت. وەک بڵێی لەم دەورووبەرانە شاییە و کەسێک ژنی هێنابێ. بە چاوی پڕ لە پرسیارەوە لە کۆترەکەی رووانی. کۆترەکە وتی دیسان کۆترێکی تر لەسەر زەوی و لە ناو ژیان واشە گرتی! ئەم گوتی نەکا لەوێ بەردەوام شەڕ بێت؟
کێ چووزانێ!
ئەوسا دیسان خۆی لە ژووری تەلەفزیۆنەکدا بینییەوە. پێیان گوت حەزدەکەی شریتی ژیانی جارانی خۆت بۆ لێبدەینەوە؟ ئەم کەمێک راما و گوتی نا. گوتی کەچی؟ دەنگەکە گوتی هیچ، وەک هەمیشە هیچ نابێ، تەنیا بینینێکە و بەس.
لە پەنجەرەیەکەوە کە کتوپڕ دەرکەوتبوو سەیری دەرەوەی کرد. لە کوێستان بەفر دەباری. پۆلێک گورک بەشوێن ئاسکێکەوە بوون. دەنگی هەڵبڕی و گوتی ناکرێ وەها دونیاتان چێ نەکردایە؟ کانییەک لەبن پێی هەڵقوڵی. دەنگی خۆشی ئاو گەییە گوێی. دەنگەکە گوتی حەزت بەمەیە وانیە؟ گوتی ئا، شتێکی وەها. ئەو گورگانە پێویست ناکا بۆ ژیان ژیانی کەس و شتی تر بستێنن. دەنگەکە پێکەنی:
ـ ههههە… ههههە…
دیسان کشا و دیسان دەنگی دایەوە. ئەم ئەمجارە گوێکانی نەگرت. کۆترەکە دیسان هاتەوە تەنیشتی و هەڵنیشت. ئەم بە ئارامی دەستی بۆ برد و بە لەپی دەستی لاواندی. گوتی ترسەکەت هەر ماوە؟ کۆترەکە سەری بەرز کردەوە و لێی رووانی. لە دەرەوە خوێنی ئاسکەکە چیای سوور کرد.
رەنگە ژیان پێویستی بە رەنگی سوور بێت.
ئەوجا ساڵەکانی بینی لەوێوە تێپەڕین. تەنیا وەک خۆیان بە بێ ئەوەی هەڵگری هیچ بن. بێ ئەژمار بوون. لەبەر خۆیەوە گوتی رەنگە بۆ ئەوێ بۆ ژیانیان بەڕێ دەکەن. گوتی دیسان دابەشیان دەکەنەوە. ریزی ساڵەکان تەواو نەدەبوو. جگە لەمە بەهەموو لایەکدا بڵاودەبوونەوە. وەک بڵێی هیچ یاسا و رێسایەک نایانگرێتە خۆ. لای سەیر بوو لەگەڵ ئەوەی یەکجار لەیەکتر دەچوون کەچی ئەم زۆر بەئاسانی لەیەکتری جیادەکردنەوە. بێگۆمان هۆکارەکەی ژمارەکان بوون. ساڵەکان نە دەدوان و نە سەیری شوێنێکیان دەکرد. ئەوان تەنیا تێدەپەڕین. وەک ریزە مەڕ بە بێ پرسیار لەوەی پێشەوە سەریان بە ناو گەڵی یەکترەوە نابوو و تەنیا رێگایان دەکرد. ئەوان چەند ئاشقی رێگاکان بوون. کەس نەبوو پرسیار بکا بەم پەلە بۆ کوێ؟ کەس نەبوو پرسیار بکا کە داخۆ لەو پێش پێشانە چی لێیە کە ئەوان ئاوا بۆی بەپەلەن؟
من دەزانم هیچی لێ نیە.
گورکەکان لێ ببوونەوە و قورس قورس لەناو بەفردا جەستەیان خستبوو و دەحەسانەوە. بەفرێکی تر خەریکی سڕینەوە خوێن و پاشماوەی جەستەی ئاسکەکە بوو. دۆڵەکان خۆیان بۆ شەو ئامادەدەکرد.
کۆترەکە گریا.
ئەم بڵێنی دا تەنانەت گەر شەڕیش بێت ئەمجارە کۆترەکان جێ نەهێڵێ. کۆتر کە ماڵی بوو ئیتر ماڵییە. دەترسێ،… بۆ هەمیشە. لای کردەوە و گوتی:
ـ دەبێ ببورێ،… نەمزانی.
کۆترەکە کە تازە جەستەی وشک ببووەوە گوتی خۆشحاڵم لانیکەم دیمەنی جارانی من لە یەکێک لەم پەنجەرانەوە نابینرێتەوە. ئەم گوتی مەبەستت هی ئەو کاتانەیە، هی ساڵانی شەڕ.
ـ ئەرێ هی ساڵانی شەڕ.
ریزی ساڵەکان هەر خەریکی تێپەڕین بوون. ئەم کە چیتر تاقەتی نەمابوو لێیان بڕوانێ، سەری وەرگێڕا و بڕیاری دا بچێتەوە لای دەریاچەکە. دەنگەکە هاتەوە، گوتی:
ـ خەریکە بە ئێرە خوو دەگری.
ئەم کە ئیتر نەیدەزانی ‘ئێرە” چییە و مەبەستی دەنگەکە چییە، تەنیا بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. ئەوسا هەستی کرد هیچی لەبیر نەماوە. هەستی کرد ئەو تەنیا بوونەوەرێکە کە بۆ رووانین چێکراوە. دەریاچە سپییەکە ئاشقانە بانگی لێدەکرد. ئەو بە جوانی گوێی لە دەنگی بوو.
ئیستا دەزانێ، مردن یەعنی تەنیا رووانین و بەس.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “دارستانی داربەڕوو” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *