فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

وێستگە

کات 16/05/1399 767 بازدید

وێستگە

دەیان ساڵە لە وێستگەیەک کە دەڵێن وێستگەی ئۆتوبووسە، راوەستاوم بە تەمای هاتنی ئەو پاسەی وا من دەگەیەنێتە ئەو شارەی وا بەڵێنە بچم.

راوەستاوم. من کە نازانم ناوی پاسەکە چییە، بە هاتنی هەر ئۆتوبووسێک دەست هەڵدەبڕم و داوای لێدەکەم سوارم بکەن. هەندێکیان لە وێستگەکە راناوەستن لەبەر ئەوەی وێستگەی ئەوان نیە. هەندێکی تریان رادەوەستن و من بە پەلە رادەکەم و دەچمە سەرەوە. شۆفیرەکە دەڵێ بۆ کوێ، من وەک هەمیشە دەستی راستم دەکەم بە مشت و لە کاتێکا تەنیا پەنجەی بیلاخم وەک مار سەری دەرهێناوە و بەرەو پێشەوە ئاماژەی پێدەکەم، دەڵێم دەچم،… دەچم،… دەچم بۆ…؛ بەڵام بۆم نایەت. یەعنی نازانم ئەو شارەی بۆی دەچم ناوی چییە. شۆفیرەکە لە دووای ئەوەی کەمێک راوەدەستێ و لە دەم و پلم رادەمێنێ، دەڵێ کاکە ناچێ بۆ ئەو شوێنە تکایە دابەزە!

منیش وەک هەمیشە دادەبەزم و، بە تەمای پاسێکی تر دەچمەوە قەراخ جادەکە.

نازانم بۆ نایەتەوە بیرم دەمەویست بۆ کوێ بچم. دیارە دەمزانی و ئیستایش دەزانم، بەڵام هەرچی دەکەم ناوەکەی نایەتەوە سەر زمانم. هەرچی وشەی دونیایە لەبەر خۆمەوە وتومەتەوە، هەرچ ناوی شاری دونیایە یەک بە یەک ناویانم هێناوەتەوە، کەچی ناچمەوە سەر ئەوەی خۆم. بگرە جاری وایە لە خەڵکیشم پرسیوە، دەڵێم داخۆ نازانن ناوی ئەو شوێنەی وا من بۆی دەچم کوێیە و چییە!

وێستگەکە ئەوەی باشە ژوورێکی بچووکی لە شووشە چێکراویشی هەیە. بە سەرما دەچمە ئەوێ و بە گەرمایش دەچمە ژێر کەپرەکەی. بەهاران و پاییزانیش لە بەر دەمیاندا قەدەم لێدەدەم. کە بای دێ پشتی تێدەکەم. ژیان دەگوزەرێ.

وێستگەکانی تر نازانم، بەڵام لێرە هەر منم ماومەتەوە. هەر کەسێ دەگات، ئەوەندە نامێنێتەوە و پاسەکەی دێ و سواردەبێ و دەڕوات. ئیستا ئیتر هەموو شۆفیرەکان دەمناسن، بگرە خەڵکەکەیش،… نەوە لە دووای نەوە. من کە سەرو ریشم سپی کردووە و پشتیشم بەرەبەرە کووڕ بووەتەوە، هەر ئێستاکەیش کە ئەم دێڕانە بۆ تۆ دەنووسم لە وێستگەکەم. راوەستاوم بە تەمای پاسێک.

نامەوێ بڵێم وێستگەکە هیچی لێ نیە. دەتوانم بڵێم خۆشیشە. بە تایبەت کاتێک مانگەشەوە، یان کاتێک بەفردەبارێ. من لەم کاتانەدا زیاتر لە جاران لەبیرم دەچێتەوە کە بەڵێن بوو بۆ کوێ بچم. دەفتەرێکیشم پێیە و کە زۆر بێتاقەت دەبم دادەنیشم و شیعریش دەنووسم. بە دەنگی بەرز بۆ خۆمی دەخوێنمەوە. جاری وایشە بۆ ئەوانی تریش کە بۆ ماوەیەک لێرە دەمێننەوە، دەیانخوێنمەوە. سەرم لێبادەدەن و دەڕۆن. هەندێکیان دەڵێن کاکە کەی سەردەمی شیعر ماوە و هەندێکی تریشیان دەڵێن وا باشتر نیە ناوی شارەکەت پەیدابکەی! راستی ئەو شوێنە شارە یان…؟

کە زۆر بە تەنیا دەمێنمەوە، دەقیژێنم. دەقیڕێنم. پڕ بە دەشت و دەر. جاری وایە ئاگام لێیە باڵندەکان دەترسێنم و دەفڕن. کەرویشکەکانیش بەپەلە دوور دەکەونەوە. تەنیا مێش و مێشوولەکانن گوێ نادەنێ. دەنگم دەنووسێ. مشتێک ئاو لەو جۆگەلەیەی لە پشت وێستگەکەوە تێدەپەڕێ، هەڵدەگرم و بە دەموچاوی خۆمیا دەکەم و دەیخۆمەوە. دەنگم بەری نادا، بەڵام تووڕەییەکەم دەنیشێتەوە. کەمێک ئۆقرە دەگرم. رەنگە ئەم جۆگە ئاوە پیلان بێت!

راستی ئەم ساڵ چەند ساڵە لێرەم؟ هەوڵدەدەم بیژمێرم. یارمەتی لە پەنجەکانم وەردەگرم، بەڵام کتوپڕ رێک لەناوەڕاستی ژماردنەکەدا خەیاڵم دەڕوا. سەرلەنوێ دەست پێدەکەمەوە، دیسان خەیاڵم دەڕواتەوە، دیسان دەست پێدەکەمەوە،… دیسان…، … ئاە نەفرەت لە ژماردەن و لە خەیاڵ و لە راوەستانی هەموو رۆژە و دەیان ساڵە لە وێستگەیەک!

پاسێک دێت. هیچی لەسەر نەنووسراوە. دەستی لێ رادەوەشێنم. چەند میترێک لەولاترەوە رادەوەستێ. تەپ و تۆزەکەی لێم دەئاڵێ. رادەکەم. دەیگەمێ. سوار دەبم و دەڵێم کاکە دەچی بۆ… بیلاخەکەیشم وەک جاران بەرەو پێشەوە لە جووڵەدایە. کەلیمەکەم بۆ نایەت. کابرای شۆفیر ئەمجارە بە پێچەوانەی هەموو شۆفیرەکانی ئەم چەندین دە ساڵە دەڵێ بەڵێ دەچێ! من رادەمێنم. بۆ دڵنیایی دەڵێم دڵنیای دەچێ؟ دەڵێ دڵنیام دەچێ. بزەیەکم دێتێ. دەچم دادەنیشم. پێم سەیرە بە بێ ئەوەی ناوەکەی بڵێم کەچی شۆفیرەکە لێم تێگەیشت! پاسەکە رێدەکەوێ. لادەکەمەوە. وێستگە مێژووییەکە بە خۆشییەوە هەتا دێت دوور و دوورتر دەکەوێتەوە. لەبەر خۆمەوە دەڵێم حەک ئاسەوارت نەمێنێ. کابرای شۆفیر لە ئاوێنەکەوە لێم دەڕوانێ و پێدەکەنێ. منیش پێم وابێ پێدەکەنم.

راستی راوەستن! ئەوە بۆ هەر تەنیا من لە ناو ئەم پاسەدا دانیشتووم؟… باشە هەر من دەچـم بۆ… بۆ… . نا، شتێک هەڵەیە،… کاکە راوەستە،… راوەستە دابەزین هەیە. پاسەکە راناوەستێ. لە ئاوێنەکەدا بۆ شۆفیرەکە دەگەڕێم. نایبینم. کاکە دابەزین هەیە دابەزین!

سورعەتی پاسەکە هەتا دێت زیاتر دەبێ.

من کە ترسێکی سەیر سەرتاپای داگرتووم و چۆڕ چۆڕ ئارەقم لێ دەچۆڕێ، تووند دەست بە کورسییەکەوە رادەگرم و لە جادە دوورودرێژەکەی بەردەمم دەڕوانم.

چەند یادی وێستگەکە دەکەم! 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *