فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سێوێکی تر

کات 27/01/1400 312 بازدید

چەند رۆژێکە هیچی نەخواردووە. تەنیا ئاو نەبێ. “دایە، تۆ ئەبێ شتێ بخۆی! نەخۆی خراپتر ئەبی،… تکایە!”

بەڵام ناخوا. لە سەر جێگاکەی راکشاوە و بەردەوام بەو چاوانەوە وا رۆژ لەگەڵ رۆژ بچووکتر دەبنەوە لە دونیا دەڕوانێ. ژوورەکە هەر هەمانە وا لەم ساڵانەی دوواییدا هەبوو. وەک بڵێی ژیان لێرە راوەستاوە.

لە سەر مێزە گچکەکەی تەنیشتی هەندێ میوە، کۆمپوتێکی هەرمێ و پەرداخێک ئاو دانراون. چاوێکیان لێدەکا. هەندێ شت چەند وەک خۆیان دەمێننەوە. بە هەزاران و هەزاران ساڵ. رەنگە بە قەدەر هەموو بوون. بزەیەکی تاڵ لێوەکانی دەگرێتەخۆ.

رۆژی سێهەمی نەخواردنەکەیەتی. جەستەی قورسە. لە هەناسەیدا شتێک هەڵەیە. جاری وایە ترسێکی سەیر دایدەگرێ. ترسی مردن، بەڵام وەک ساڵان نیە. ترسەکە نایجوڵێنێ، تەنیا ئەوەندە، ئەوەندەی تر لە ئاست ژیان و ئەوەی وا لەم چەندین دە ساڵەدا رابرد دوچاری حەپەسانی دەکا. هەستدەکا ترسیش کۆن دەبێ و چیتر وەک ساڵان نامێنێ. ترسیش لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا لەگەڵ ئەو گرمۆڵە بووە و چاوەڕوانە. گەمەی ژیان و مردن، ئەویشی لاخستووە.

کوڕەکەی بۆ ئەوەی دایکی بێتاقەت نەبێ یاخود ترس لە بێدەنگیی ژوورەکە بەسەریا زاڵ نەبێ، دەست دەبا و رادیۆکە هەڵدەکا، بەڵام ئەم دەنگی دەدا “رۆڵە بیکوژێنەوە!” ئەمیش بە ناچار دەیکوژێنێتەوە. شتێک لە قوژبنەکانەوە بە دایکی دەڵێ لەم دواساتانەدا بێدەنگی راستەقینەترین دەنگە. وەک بڵێی حەزبکا گوێی لە شتێکی نایاب بێت. شتێک کە تەنیا یەک جار لە ژیاندا دەستدەدا،… ئەویش رێک لە دوواساتەکاندا. رێک لە سەردەمی پەڕینەوەدا. پەڕینەوە بۆ کوێ؟ لەبەر خۆیەوە دەڵێ رەنگە بەرەو هیچ و رەنگە بەرەو ئەوەی نەوە لە دوای نەوە وەعدیان پێداین. هەموو شتێک چەند کتوپڕ وەک یەکیان لێدێ.

دەست دەبا و یەکێک لە سێوەکان هەڵدەگرێ. لێی ورددەبێتەوە. هەمان سێوە، سێوەکەی وا حەوا دەستی بۆ برد و دەرخواردی ئادەمی دا. سێوی زانست، سێوی لێکجیاکردنەوەی چاکە و خراپە و سێوی دەرچوون لە بەهەشت و هەست کردن بە ئەندامەکانی زاوزێ و ئەوەی کە گەڵا شتێکە بۆ داپۆشینیان نەک تەنیا بۆ رازاندنەوەی سروشت و گەمەی ژیان لای درەخت. بیردەکاتەوە کە ئەم لەم سێوە چی بەرکەوت. “راستی چیم بەرکەوت؟”

بێدەنگی هیچ وەڵامێکی پێ نیە.

سێهەم رۆژە. هەم بێدەنگی چڕترە، هەم چاوەکانی بچوکترن و هەم جەستە قورسترە و خەریکە زیاتر ئارەقە دەکاتەوە. ترسەکەیش زیاترە و… زیاتریش بێ مانا. کوڕەکەی دەگاتە سەری. “دایە،… دایە گیان!؟ چاوەکانی دەکاتەوە و لەو و لە دەوروبەری دەڕوانێ. وەک بڵێی داوای لێبوردنێک قەرزدارە. ئەوەی کە دەتوانێ ببێ بە مایەی خەمێکی قووڵ و بێ مانا. هەوڵدەدا بزەیەک بخشێنێتە سەر لێوەکانی. بۆ ئەوەی بڵێ مردن شتێکە وەک هەموو شتەکانی تری ئەم دونیایە. توانی یان نەیتوانی،… نازانێ. وەک بڵێی شتێک لێوەکانی لێ سەند و لەگەڵ خۆی بردی. رێک وەک سەردەمی گەنجیەتی کاتێک بۆ یەکەم جار لە ژوورەکەی پشتەوە  بە دزییەوە ماچێکی بەو دیو پەنجەرەکە سپارد. ئەو ماچەی نەیزانی بۆ کوێیان برد.

ـ “دایە،… دایە گیان!”

جەستەی بەرەبەرە دەکەوێتە سەر ئارەقە. شەڵاڵ شەڵاڵ. ئارام سەری دایکی دەخاتە سەر رانی. ئەمجارە نیگای تەنیا لەسەر کوڕەکەیەتی. دەستی دایکی دەگرێ. چەند تەڕ و گەرمە. بە پەڕۆیەک و بە دەستەکەی تری ناوچاوانی دایکی دەسڕێ. پرچە سپییەکانی خوساو خوساو لە ژێر لەچکەکەیەوە دەبریسکێنەوە. قوڵپێک بەربینگی دەگرێ. “دایە گیان چاوەکانت بقونجێنە،… چاوەکانت بقونجێنێ،… لە لای خۆمی،… خەفەت مەخۆ،… تەنیا چاوەکانت بقونجێنە!” ئەوسا دەست بە سەریا دێنێ.

دەیانقونجێنێ. هەڵیانبێنێتەوە یان نا،… داخۆ بۆ دواجار سەیری دونیا و کوڕەکەی بکاتەوە یان نا،… یان تەنیا ئاگای لە داوای کوڕەکەی بێت؟… کامیان؟

چ بڕیاردانێکی قورسە!… ئاە، مەگەر هەمیشە وەها نەبووە. لەم بیرانەدایە کە شتێک لەوپەڕی بوونەوە دێت. شتێک وەک هیچی، وەک خودی پەڕینەوە بە بێ هیچ چەشنە شتێکی زیادەی تر،… رووت رووت، خالیس خالیس. وەک ئەڵماسی بن زەوی کە قەت هەتاو لێی نەداوە. درەوشاوە لە بنی بنەوەی تاریکییەکان. گەمارۆدراو.

نازانێ سەرئەنجام چاوەکانی قونجاندن، یان هەروا بە هەڵێنراوی پەڕییەوە. نازانێ،… نا نازانێ. بەڵام دوواوێنەکانی لەگەڵدایە. بەو بزەوە وا لە سەر لێوەکانی بەجێ ماون.

سێوە سوورەکە بە تەنیشت سەرینەکەوە کەوتووە.

حەوا کە لە بن دارسێوە هەمیشەییەکەدا دانیشتووە، روودەکاتە ئادەم و دەڵێ سێوێکی تر بەربووەوە،…

مارەکە لە کونەکەی خۆیدا پێکەنینێکی شەیتانانە دایدەگرێ. خوا جارێکی تر سەربادەداتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *