فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نەمگوت

کات 21/04/1400 192 بازدید

نەمگوت

گۆرەوییەکانم تاوتان. هەر کامەیان لە رەنگێکن. جارێک یەکیان رەش و ئەوی تریان سپی، ئەمیان خۆڵەمێشی و ئەوی تریان بەڵەک، راستیان سوور و چەپیان شین و… . ئەم بەزمە ساڵانی ساڵە درێژەی هەیە. هاواردەکەم دایکە تاگۆرەوییەکەی ترم کوا، بۆ نایدۆزمەوە؟ دایکم کە بۆ زستان خەریکی چنینی گۆرەوی بەنە، دەنگ هەڵدەبڕێ کە من چیتر منداڵ نیم و دەبێ بۆ خۆم بیدۆزمەوە. گەڕانێکی بێهوودە کە قەت بە ئامانج ناگا.

گۆرەوییە تاوتاکان سەرنجم دەقۆزنەوە و ناهێڵن بەجوانی سەرم بە سەر کتێبەکانەوە بێ. هەمیشە نیگام لەسەر رستەکان پێ هەڵدەگرن و وەیلانی ناو کەلێن و قوژبنی ژوورەکەی دەکەن. دیسان نایاندۆزمەوە.

لەبەر ئەمە من بە دەرزەن گۆرەوی دەکڕم. بەو هیوایە تاکەکانیانم لێ ون نەبێ. بەڵام دایکم دەڵێ ئەمە هەڵەیە. دەڵێ کە زۆر بوون وندەبن و تاکەوتاک دەکەونەوە، بۆیە باشترە هەر جارەی یەک جووت زیاتر نەکڕم هەتا دەدڕێن و ئەوسا جووتێکی تر دەتوانێ قاچە ناقۆڵاکانم ماچکەن!

دایکم حەزیشی بە گاڵتەیە.

بەڵام من لام وایە تاکەوتاک بوونی گۆرەوییەکان فڕیان بە سەر کەمی یاخود زۆر و بۆربوونیانەوە نیە. وای بۆ دەچم شتێک لەم ماڵەدا هەڵەیە. ئەوسا بیری چیرۆکی پێڵاودرووە هەژارەکە دەکەمەوە کە لە سەردەمی منداڵیدا خوێندبوومەوە. ئەو پێڵاوچییەی بە زەحمەت فریا دەکەوت بە چەند رۆژ جووتێک پێڵاو سازبکا و هەمیشە بە برسیەتی سەری دەنایەوە. هەتا شەوێکیان جووتێک مرۆڤی سوورپۆشی بووچک بووچک، بە قەدەر قامکێک، بە نیوەشەوان پەیدا دەبن و هەموو جارێک هەتا بەری بەیان جووتێک پێڵاوی بۆ سازدەکەن و جوان و خاوێن لەسەر مێزی کارەکەی بۆی جێدێڵن. رەنگە لە خانووەکەی ئێمەیش دا وەها شتێک روویدابێ، هەر چەند بە پێچەوانەوە. جنۆکەکانی ئێمە حەزیان بە گۆرەوییە و هەر جارەی تاکێکی دەدزن.

بۆ سەلماندنی ئەمە و دۆزینەوەی رازە گەورەکە، هەوڵدەدەم شەوانە نەخەوم و لە ناو تاریکیدا لە کاتێکدا هەموو گۆرەوییەکانم لە بەر دەمی خوم لەبەر جێگاکەمدا بەریز دادەنێم، چاوەڕوان دەمێنمەوە. بەرەبەرە چاوم بە تاریکی رادێ و گۆرەوییەکان دەبینمەوە کە داماڵراو لە رەنگەکانیان، رەش رەش لەوێ لەبەر دەممدا راکشاون. بەردەوام چاوم لەسەریانە. بیستوومە جنۆکەکان لەنەکاو دێن و یەکجار بەدەستوبردن. بۆیە چاو چییە نایتروکێنم. گوێم لە چپەی سەعاتە دیوارییەکەیە. زەمەن تا ئەوپەڕی خۆی لەبەر چاومدا درێژ دەبێتەوە. بیردەکەمەوە مرۆڤ ئەوەندەیش کورت ناژی وا پێی وایە. تەنیا ئەوەندەی لەبیری دەکا زەمەن بژمێرێ. پارە کە زۆر بوو پیاو قنی پێ دەسڕێ! ئەوسا سەرنجم دەچێتە سەر دەنگەکان. دەنگەکانی نیوەشەو. بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکەم، دەبینم شەو پڕە لە دەنگ. هەر لە چپەی چرکەژمێری کاتژمێرەکەوە بگرە هەتا پرخەی دایکم کە دیوارەکە دەبڕێ و تا دەگاتە کوننەپەپوو و سیسرک و قرچەی خۆکێشانەوەی سەقف و دیوارەکان،… هەروەها دەنگێکی نادیاری ناو کۆڵان؛ سەدای بەئاستەمی بوونەوەرێک،… وەک بڵێی کەسێک هێشتا بەڕێوەیە و نەگەیشتووەتەوە ماڵەوە.

زەمەن تێدەپەڕێ. بەلامەوە گرنگ نیە سەعات چەندە. تاپۆی گۆرەوییەکان ناو گلێنەکانم پڕپڕ دەکەنەوە. دوو جامی سەرڕێژ. ئەوسا کات بێڕەحمانە دەنیشێتە سەر پێڵووەکانم. چاوم قورس دەبێ و مەیلی نیشتنیەتی. وەک باڵندەکانی ئاسمانی شار بە کاتی دەمەو ئێوارە. ملم خواردەبێتەوە و سەرم کتوپڕ دادەکەوێ. ئازارێکی ناخۆش وەک زەردەواڵە بە ملمدا دەچزێ. دادەچڵەکێم. بەپەلە خۆم کۆدەکەمەوە. نا، نابێ بخەوم. گۆرەوییەکان دەژمێرمەوە. بەقەدەر خۆیانن. کات بەردەوامە.

بۆ سبەی کاتێک دەیانژمێرمەوە، لەوپەڕی تەعەجوبدا دەبینم دوو تاکیان ونە! من کە دڵنیام تەواوی دوێ شەو بەخەبەر بووم و بەجوانی کێشکی گۆرەوییەکانم دابوو، لە ونبوونیان سەرم سوڕدەمێنێ. دایکم بزەیەکی دێتێ و بە تەشەرەوە دەڵێ دڵنیای نەخەوتووی؟ وەڵامی نادەمەوە.

دایکم دەنگم دەدا و دەڵێ ناو کتێبەکانیشت دەگەڕێی؟ پێدەکەنم و دەڵێم گۆرەوی گەر لە ناو کتێبەکاندا بن هەر لە دوورەوە دیارن و هاواردەکەن،… دەڵێم کتێبەکان تەنیا دەتوانن وێنەکان و گووڵ و گەڵا وشکەکان لە خۆیاندا حەشاربدەن. دیسان دەپرسێتەوە دڵنیای!

ئەیچۆن، دڵنیام.

هەتا شەوێکیان لە دووای ساڵانی ساڵ دەست دەبەمەوە بۆ یەکیان. کتێبێک لە سەر قوتابخانە ئایدیۆلۆژییەکان، شۆڕش و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و بەگشتی شتی لەم بابەتە. ئەو کتێبەی لەوە پێش بە چەند جار خوێندبوومەوە و رستە بە رستەیم هێشتا بە جۆرێک هەر لە بەر بوو. ئەم ساڵانەی دووایش خووم دابووە خوێندنەوەی مێژوو بۆ ئەوەی تەنیا بە تیۆر لە شۆڕش نەگەم و بتوانم بە زاڵ بوون بە سەر مێژوودا بەشێوەی روونتر بە سەریدا زاڵ بم.

کتێبەکە کە لە ناو رەفەی هەرە سەرەوەدایە دادەگرم و، بە فوو و بە پەڕۆیەکی نیوەتەڕ توێژاڵە تۆزە ئەستوورەکەی لێدەکەمەوە. لێتان نەشارمەوە من ئاشقی ئەم کتێبەم. لام وایە گەر زۆربەی خەڵکی لە ناوەڕۆک و چەمکەکانی ناو ئەم کتێبە بگەن، ئەوا حاڵ و وەزعمان بەم شێوەیە نەدەبوو.

چاوێک بەناو ژوورەکەدا دەگێڕم. بڕیار دەدەم وەک ساڵان بچم و لە قوژبنی ژوورەکە، رێک لەو گۆشەیەی وا لە هیچ شوێنێکەوە دراوسێکان بەسەریا زاڵ نین، دەست بکەمەوە بە خوێندنەوەی. دڵنیام لە دووای ئەو هەموو زانیارییە مێژووییە کە ئیستاکە هەمە، پیاچوونەوەی ئەم کتێبە دەتوانێ قووڵایی ترم پێ ببەخشێ و رەنگە هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی نیشتمان بۆ هەمیشە بدۆزمەوە.

دڵم لەسەر هەزار لێدەدا. زەحمەتەکان بە فیڕۆناچن. تەنیا دەبێ وەک دایکم لەبیرمان نەچێ هەموو رۆژێک کەمێک لە گۆرەوییەکە بچنین.

هەر کە کتێبەکە دەکەمەوە، تاگۆرەوییەکان، بە هوروژم، یەک بەیەک دەکەونە خوار. تاگۆرەوییەکانی هەموو ئەم ساڵانە دەڵێم. رەش و سپی و سوور و زەرد… . ناو کۆشم پڕدەکەن.

دایکم دەڵێ نەمگوت!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *