فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەسەر کامیان

کات 29/04/1400 1,255 بازدید

لەسەر کامیان

مامەم کە ساڵانی ساڵ لە زینداندا بووە، هێشتا هیوای لە دەست نەداوە و لای وایە رۆژێک لە رۆژان ئەوەی وا خەونی پێوە دەبینێ دێتە دی. ئەو دەڵێ سەیری کۆمەڵگا کە، لە ژیانی خەڵکی بڕوانە، ئاوەها ناتوانێ بۆ هەمیشە بڕواتە پێشەوە، دەبێ بگۆڕدرێ. دەڵێ جگە لەمە کتێبەکانیش ئەمە دەڵێن. هەموو گەورە پیاوانی جیهان باوەڕیان بە گۆڕانە و بە وردی باسیان کردووە. ئەوسا دانە دانە ناوی ئەو کتێبانەم بۆ هەڵدەدا کە ئەم چیرۆکەیان بۆ گێڕاوەتەوە.

دیسان ساڵان تێدەپەڕن و منیش گەورەتر دەبم. من کە باوەڕم بە مامم هێناوە و وەک ئەو بەشێکی بەرچاوی ئەو کتێبانەی وا باسیان لێدەەکا خوێندوومنەوە، لەو زیاتر باوەڕ بە چیرۆکەکانی دەهێنم. جگە لەمە سیمای میهرەبان و رۆحی ئارامی کە بە هیچ جۆرێک لە هیچ دۆخێکدا تێک ناچێ و بەردەوام بە وردی و بە هێمنی لە دونیا دەڕوانێ و لەگەڵ خەڵکی بەو پەڕی رێزەوە دەدوێ، ئەوەم پێ دەڵێن کە راست دەکا. کەسی وەها ناتوانێ درۆزن بێت، تەنانەت سەبارەت بە داهاتوو، داهاتوویەک کە هێشتا نەهاتووە. سەرباری ئەمەیش کاتێک رێزی خەڵکی دەبینم بۆی، حەزدەکەم زیاتر لە هەمیشە بە خۆم بڵێم کە چیرۆکەکانی راستن. ئا، منیش دەمەوێ وا بم. چ ئەو کاتەی منداڵ بووم خەوم بەمەوە دەبینی و، چ ئیستاکەیش دیسان بەردەوامم لەم ئاواتە. جاری وایە بە خۆم دەڵێم من لەو خەوناوی ترم، لەبەر ئەوەی من دوو جار پێوە بووم: یەک جار بە هۆی مامەم خۆیەوە و، جارێکی تر بە هۆی کتێبەکانەوە.

بەڵام وەک بڵێی شتێک هەڵەیە. راستییەکەی ئەوەیە ئەو قەت بە وردی لەگەڵ من نادوێ. بە وردی باسی خەونەکانیم بۆ ناکا. منیش قەت لێی ناپرسم. هەمیشە وا پیشاندەدەم منیش بە قەدەر ئەو تێیان گەیشتووم، هەرچەند وەک ئەو رێگام نەکەوتە زیندان و وەک ئەو ساڵانی ساڵ لە چوارچێوە تەسک و تەنگەکاندا بەدەوام نەبووم.

ئاواتم ئەوەیە رۆژێک لە رۆژان لە گەڵی دانیشم و لێی پرسم و قسەوباسی لەگەڵ بکەم. باسی ئەو کتێبانەی وا منیش وەک ئەو خوێندوومنەوە. کەچی قەت هەڵناکەوێ. یان باشتر بڵێم هەستدەکەم گەر لێی بپرسم وا دەنوێنێ گەمژەم و هیچ لە دونیا و لە کتێبەکان نەگەیشتووم و بۆیە کاتێک بە تووش یەکترەوە دەبین، لەوپەڕی خۆمتمانەییەکی سەیردا وا پیشاندەدەم هیچ کێشەیەکم نیە. بگرە بە هێنانی ناوی کتێبەکان دەینوێنم کە بەردەوام خەریکم و بە قووڵی لە ناوەڕۆکیان گەیشتووم و دیسان قووڵایی و گۆڕانێکی سەیری تریان تیا پێکهێناوم.

مامم پیرتر دەبێ و منیش بەرەبەرە بوومەتە پیاوێکی تەمەن مامناوەندی. هەر دووکمان بەتەمای گۆڕانە نەوتراوەکەی نێوان خۆمانین. دڵنیاین رۆژێک بەدی دێت. ئیستاکە دووانین: من و ئەو. دوو چاوەڕوانی. دەزانم مامم خەڵکی تریش دەناسێ کە وەک ئێمە چاوەڕوانن. ئێمە زۆرین. من ئەو پیاوانەم بینیوە،… ئەو مرۆڤانەی لە گەڵ مامم بە شەقامدا دەڕۆن و بە ئەسپایی قسەدەکەن و ناوچاوانیان جاری وایە تێکدەنێن. جاری وایە لە خۆم دەپرسم بۆچی ئەوان وەک ئەو نەچوونەتە زیندان. ئەوسا لە کتێبەکانەوە تێدەگەم کە ئەوان هێشتا بە نهێنی دەژین و حکومەت پێی نەزانیون. ئا، بەڵگەیان بە دەستەوە نەداوە تا پۆلیسی نهێنی شەوێک نیوەشەو هەڵکوتێتە سەریان و لە ئامێزی بنەماڵە دەریان بێنێ و بۆ ناو ئەو بینا گەورە و نهێنی و سامناکانە رایانگوێزێ وا مامم بە ساڵانی ساڵ تیایانا ماوەتەوە، بە بێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژان پرتە و بۆڵەیەکی لەسەر چارەنووسی خۆی لێ بەرزبووبێتەوە.

من ئیستا ژوورەکەم کتێبخانەیەکی گەورەی تیایە بە سەدان کتێبەوە. چەند هەست بە گەورەیی خۆم دەکەم! پیاوە گەورەکان وا دەژین. لەگەڵ کتێبەکان و خەونە شاراوە و نەگوتراوەکان. ئەو خەونانەی لە بنەڕەتەوە وەسفکردنیان دژوارە. جاری وایە مامم دێتە سەردانم و بە ناو کتێبەکاندا ماوەیەکی چاک دەگەڕێ. ئەمیان دەردێنێ، چاوێکی پیادەخشێنێ و ئەوسا نۆرەی یەکی تریان دێ. هەتا درەنگان مڵ و مۆیەتی. چەند حەزدەکەم بە وردی باسیان بکا، بەڵام لە کاتێکدا کتێبێکی بەدەستەوەیە و لە لاپەڕەکانی مۆڕ بووەتەوە، تەنیا دەڵێ ئەمە زۆر کتێبی چاکە، بە وردی بیخوێنەوە! منیش سەر رادەوەشێنم و دەڵێم بێگومان! ئەو شەوە زیاتر لە هەر شتێکی دیکە بە کتێبەکەوە خەریکم. لەسەر وشە و رستەکان لەوەی پێویستە زیاتر رادەمێنم. مامم چەند راست دەکا، عەجەب کتێبێکی نایابە. باشە بۆچی لەوە پێش سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک خوێندوومەتەوە، بەم راستیەم نەزانیبوو!؟

سبەی دایکم بە لۆژە لۆژ لە کاتێکدا قاچەکانی جەستەی قورسی بە جوانی راناگرن، دێتە ژوورە سیحراوییەکەم، رامدەتەکێنێ، لە خەو هەڵمدەستێنێ و دەڵێ ئیتر بەس نیە، دونیا کاول بوو و کەچی تۆ هەر لە ژێر لێفەکەتدا خۆت حەشارداوە و پرخەت دێ،… هەستە هەستە دیسان مامەتیان گرتەوە! رادەبم. بە چاوە خەواڵوو و ئەبڵەقەکانمەوە لە خۆم دەپرسم باشە بۆچی منیش ناگرن؟… مەگەر منیش هەر ئەوەی ناکەم وا مامەم دەیکا!؟

چەند حەزدەکەم منیش بگرن و خەڵکی شار وەک ئەو باسم بکەن. بە خۆم دەڵێم ئەم جارەیان کە لە زیندان هاتەدەر، لێی دەپرسم چی دەکا وا ئەوەندە خێرا دەگەنە سەری. ئا، بێگومان لێی دەپرسم. ناکرێ من و ئەو وەک یەکتر خەون بە گۆڕانی جیهانەوە ببینین و کەچی هەر ئەو بگرن و لە چواردیوارییە ترسناکەکانی بئاخنن.

سەرئەنجام لە دووای چەندین مانگ ئازادی دەکەنەوە. ئەمجارەیان پشتی کووڕتر دەنوێنێ و زۆر پیس دەکۆکێ. وەک جاران نایەتە دەرەوە تا لەگەڵ هاوڕێکانی پیاسەبکا. کە سەردانی دەکەم، کۆکەکانی ناهێڵن باسی کتێبەکان و خەونەکان بکەین. ناهێڵن پرسیارەکەیشم بێنمە گۆڕێ. من چاوەڕوانم ئەوەم بەم زووییە چاک بێتەوە و، ئەم گرێ قورسە لەسەر دڵم نەمێنێ. بەڵام ئەو لە کۆکە بەردەوامە. دەکۆکێ و دەکۆکێ،…. جاری وایە خوێن هەڵدێنێتەوە. دەستماڵێکی سپیی پەڕۆی لە تەنیشتدایە کە خەڵتانی رەنگی سوورە. جارجارە بۆی دەگۆڕن. ئەوی تریش هەر وای لێدێ.

سەرئەنجام واز لە پرسیارەکەم دێنم. دەگەمە ئەو ئاکامەی کە ئەوەی وا مامم چاوەڕوانی بووەو ساڵانی ساڵ لە زینداندا، وەک دەرەوە، بە تەمای دانیشتووە، وەڵامەکەی تەنیا لە کتێبەکاندا دەستدەکەون. دیسان پیایاندا دەچمەوە. دیسان وەک هەمیشە هەر کامەیان بە لایەکدا رامدەکێشن. کتێبەکان پڕی خەونەکانن.

راستی مامە، مەبەستت کامیانە؟ حکومەت لەسەر کامیان ئاوەها تەنگیان پێ هەڵچنیوی؟

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *