فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خانووە رووخاوەکە

کات 01/06/1400 710 بازدید

خانووە رووخاوەکە

کە گواستمانەوە بۆ ئێرە، ئەم خانووە هەر لێرە بوو. وەک دەڵێن زیاتر لە چل ساڵە. ئێمە تەنیا ماڵین کە لێیەوە نزیکین و وەک یەکەم هەواڵ یاخود نەسیحەتیش کە خەڵکی گەڕەک پێیان داین، هەر سەبارەت بەم خانووە، ئەوە بوو کە “لێی نزیک مەکەونەوە، خۆتان بپارێزن!”

لەم گەڕەکەوە چەمێک تێدەپەڕێ، یاخود باشتر وایە بڵێم تێدەپەڕی. ئیستا سەرەکەی گیراوە و ئاسەواری نەماوە. وەک دەلێن زەمانی قەدیم، بەهاران چەمێکی بەخوڕ بووەوە قوتابیان بۆ خوێندنی دەرس، کۆتاییەکانی بەهار روویان لێرە کردووە. دەڵێن بە درێژایی چەمەکە دوو ریز درەخت هەبووە: بی و چنار، کە بەستێنی چەمەکەیان لەم سەرەوە تا ئەو سەر لە ئامێز گرتووە.

ئیستا هیچی ئەمانە نەماون. جگە لە سەقف یاخود کەفێکی چیمەنتۆیی کە بەناو خانووەکاندا پێچ و لوول دەخوا و، لە شوێنێکی نادیار وندەبێ.

دەڵێن چل ساڵ لەوە پێش، تەنیا ئەم خانووە لێرە بووە. ئێگرە دەشتێک بووە تەریک و تەنیا، لەگەڵ چەمەکە و ریزی درەختەکان. هەروەها دەڵێن ئەو زەمانە ژن و کچێک بە تەنیا لێرە ژیاون. کەس نازانێ ئەو ژن و کچە کێ بوون. هەر ئەوەندەی، قسەی خراپیشیان لەسەرە و گوایا پیاوە چاوچنۆک و شەڵوار پیسەکان بە دزییەوە روویان تێکردووە. گوایا شەوی رووداوەکە ئەوانیش ون بوون و، ئیتر بۆ هەمیشە ئەم خانووە، تاک و تەرا و بێ کەس کەوتووەتەوەو کەسیش لە شارەوە رووی تێنەکردووە کە داخۆ بزانن چی بەسەر دانیشتووەکانیدا هاتووە و جگە لەمە لەمە بەدووا بەڵێنە چی بەسەر ئەم چواردیوارییە نەگبەت و قێزەونەدا بێتەوە. کەس کەس.

دایەگەورە هەر کە ئەم قسانەی دەر و دراوسێی بیست، ئەوەندەی تر سەرو سیمای تێکچوو. ئەو کە هەر لە سەرەتاوە حەزی بەم گواستنەوەیە نەدەکرد، لەبەر خۆیەوە بۆڵاندی کە “نەموت!”

دڵنیام گەر خەڵکی گەڕەک هیچیان نەگوتایە، لەم خانووە، سەرەڕای وێرانبوونەکەی هەر وەک خانووەکانی ترم دەڕوانی، بەڵام قسەکە سەرنجی قۆستمەوە و ئیتر بە جێ و نابەجێ چاو و سەرنجم دەچووەوە سەری. جاری وابوو لە پشت پەنجەرەکەوە رادەوەستام و لێی رادەمام: لە دیوارە رووخاوەکانی، سەقفە داتەپیوەکەی، پەنجەرە شکاوەکانی و ئەو چۆلەکانەی وا تیایا هێلانەیان کردبوو و بەردەوام لە فڕکەفڕکدا بوون. جاری وایش بوو بە شەودا کاتێک لە حەوشە رادەوەستام و بە دزی باوکمەوە جگەرەم دەکێشا، دیسان لێی رادەمام. لام ترسناک نەبوو. من هەر لە منداڵییەوە بە ترس گۆش نەکرابووم، بەڵام شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم “نەچی باشترە، سەردانی مەکە!”

رۆژەکان تێپەڕین و، ئێمە بە جوانی لە خانووە تازکەماندا دامەزراین. لەگەڵ ئەوەی رۆژەکان بە خێرایی تێدەپەڕین و بەرەبەرە بە شوێنی نوێێ ژیانمان راهاتبووین، کەچی خانووە رووخاوەکە هەر جێی سەرنجم بوو. شتێکی تیابوو نەیدەهێشت نیگامی لەسەر هەڵبگرم. بێگومان هەر هەموومان لە ژیانماندا وەها حاڵەتێکمان سەبارەت بە هەندێ شت تیا پێکهاتووە. شتێک سەرنجمان رادەکێشێ بە بێ ئەوەی بزانین بۆچی. تیایا نوقم دەبین و لە گەڵ خۆی دەمانبا، دەبێتە پرسیارێکی گرینگ و بێ وەڵام. جاری وایە حەزیش ناکەین شوێن وەڵام بکەوین، تەنیا لەبەر ئەوەی هەستدەکەین وەڵامێک بوونی نیە و شتەکە دەبێ تەنیا وەک خۆی وەربگرین. رەنگە ئەمە لەبەر ئەوەیە مرۆڤ لە بنەڕەتدا حەزی بە شتی شاراوەو پڕ لە رەمز و رازە.

دایەگەورە کە منی لە پشت پەنجەرەکەوە بە شەودا بینیبوو، دەنگی دام کە واباشترە لە حەوشە سیگار نەکێشم، لانیکەم بچمە دیوی ئەو لای حەوشەکەوە و روو بە خانووە کەلاوەکە رانەوەستم و ئەوەندەی لێی رانەمێنم. دایەگەورە وتی من بە نیوەشەوان گوێم لە دەنگێکی سەیرە. دەنگێک وەک دەنگی مرۆڤ کە پێویستی بە یارمەتییە. دەنگێک وەک نوزە و وەک بایەکی بەئاستەم کە گەڵایش ناجووڵێنێ. بە سەر سوڕمانەوە لە دایەگەورەم رووانی. ئەو کە جاری وابوو بۆ ئەوەی لە قسەکانی ئێمە تێبگا، دەبوایە بقیژێنین، چۆن چۆنی بوو دەیتوانی وەها دەنگێک لە خانووەکەوە، کە لانیکەم پەنجا میترێک لە ئێمە دوور بوو، ببیستێ! بە سەرسوڕمانەوە لێم رووانی و، لێی دوورکەتمەوە.

رۆژەکان دیسان تێپەڕین. دایەگەورە پەنجەرەی ژوورەکەی خۆی، کە بە بەدشانسی رووبەڕووی خانووەکە بوو، بە هیچ کلۆجێک نەدەکردەوە. تەنانەت لە قرچەی گەرمای هاوینی ئەم ساڵیش کە لە چاو ساڵانی تر گاڵەی دەکرد. دایکم دەیبۆڵاند کە ژوورەکە بۆنی گرتووە و جاروبارە دەبێ هەوای بدرێ، بەڵام چاری دایەگەورەیان نەدەکرد. باوکیشم هەرچی کرد، نەیتوانی رازی بکا.

رۆژەکان تێدەپەڕین و لە کۆتاییەکانی هاوین نزیک دەکەوتینەوە. گەلاوێژ کەوتبوو و بە شەوان هەوا فێنکتر ببوو. وەک هەمیشە ئاسمان بە بێ ئەژمار ئەستێرەکانیەوە دەدرەوشایەوە، شاخە بەرز و پان و پۆڕەکەی رۆژهەڵاتی شار، سێبەری خۆی بە سەر شاردا قورس قورس بڵاودەکردەوە.

من لەم ماوەیەدا یەک دوو جارێک بە ئەنقەست بە لای خانووەکەدا تێپەڕیبووم. نەمدەویست خەڵکی گەڕەک دڵیان بێشێ و، بۆیە وام نیشان دەدا کە بە هۆی کارێکەوە لەوێوە تێدەپەڕم. بۆ وێنە  بەرەو دەشتەکەی پشتی گەڕەکەکەمان بەرەو شاخەکە دەڕۆیشتم و، بە سەعاتێک دوواتر دەگەڕامەوە. وەک بڵێی خەریکی شتێک بووم. بەڵام ئەم بە پەنا تێپەڕینانەدا هیچیان بەدەستەوە نەدەدا. دەمبینی ناوەوەیش وەک دەرەوە کەلاوە بوو و، تەنیا خاک و خۆڵ و بەرد و خشت بوو هەڵڕژابوون.

وەک بڵیی دایەگەورە منی بینیبێ، بۆیە بە ئەسپایی، لەبەر ئەوەی باقی خێزان گوێیان لێ نەبێ، گوتی “کوڕم بەڕاستی تۆ ئەو دەنگە نابیستی کە بەشەودا دێت؟”ئەوسا بە نیگایەکی خەمینەوە کە هەستم بە هیچ ترسێک تیای نەدەکرد، گوتی لەو کاتەوە گەلاوێژیش کەوتووە و لە پاییز نزیک دەکەوینەوە، دەنگەکە زیاتر و بەهێزتر بووە!

بۆ رۆژی دوواتر هاوینە بارانێک دایکرد و دونیای جوان جوان شۆردەوە. کۆڵانەکانی گەڕەکەکەی ئێمە نیشتنە سەر ئاو. بۆ یەکەم جار گوێم لە خوڕەی ئاو لە ناو چەمی ژێر چیمەنتۆکەوە بووەوە. خانووکەیش لەبەر ئەوەی سەقفەکەی داڕمابوو جوان جوان دیوارەکانی خووسان. بۆنێکی غەریب گەڕەکەکەی تەنی. هەرچەند لام وایە هۆکارەکەی بۆنی خاکێکی وشک بوو کە لە دووای هاوینێکی گەرم و بێ ئاو، دیسان خۆی لە داوێنی بارانێکی ناوەختدا دەبینییەوە.

شەوێکیان بێ خەوی رووی تێکردم و لە پاش رووانینێکی زۆر لە سەقفی ژوورەکە لە تاریکایی شەودا و ئەم شانەو شان کردنێکی زۆر، بڕیارم دا هستم بچمە حەوشێ و جگەرەیەک بکێشم. بۆ پاییز ئەوەندەی نەمابوو. هەوا فێنکتر ببوو. دەتوانم بڵێم ساردی کردبوو. جگەرەیەکی بەهمەنم بە فەندەکێکی سپی کە دیاریی هاوڕێیەکم بوو، داگیرساند و بە پەلە چەند مژی قووڵم لەسەر یەک لێدا. نێزەکێک ئاسمانی دڕی. شەمشەمەکوێرێک بەلامدا تیژ تێپەڕی. جوێنێکم حەواڵە کرد. لە دوورەوە دەنگی کوندەپەپوو دەهات. لەبەر خۆمەوە گوتم بێگومان لەسەر دیواری خانووە کەلاوەکە هەڵنیشتووە. سەیرێکی پەنجەرە تاریکەکەی دایەگەورەم کرد. دەمزانی ئیستا بە هەموو جەستەیەوە لەژێر لێفە ئەستوورە جاجمەکەدا پرخەی خەوی دێ. هەرچەند بۆ خۆی دەیگوت هەتا بەیانی چەندین جار خەبەری دەبێتەوە و لە ناو جێگاکەیدا دادەنیشێ و لە پەنجەرەکەوە سەیری ئاسمان دەکاو گوێ لە دەنگەکە رادەگرێ. دەنگی نووزەکە دەڵێم.

بزەیەکم هاتێ. لام وایە مرۆڤەکان هەتا زیاتر بە تەمەندا دەچن، زیاتر خەیاڵاتی دەبن. لایان رابردوو وەها دوورودرێژ و داهاتوو وەها کورت دەبنەوە کە مرۆڤ بەناچار بە خەیاڵ ژیانی درێژ دەکاتەوە. ئەو خەیاڵەی چیتر دەرفەتی وەدیهێنانی نەماوە.

کە مژی ئاخرم لە جگەرەکە دا، هەستم کرد سەرمامە. قونچکی جگەرەکەم فڕیدا و کەمێک خۆم گرمۆڵەکرد و بەتەمای چوونە ژوورەوە بەرەو دەرگاکە رۆیشتم، کە هەستم کرد گوێم لە دەنگێکە. راوەستام. سەرم بەرزنەکردەوە و تەنیا گوێم راداشت. دەنگەکە ون بووەوە. هەر کە هەنگاوم هەڵگرتەوە، دیسان هاتەوە گوێم. سەرم بەرزکردەوە و لە خانووە کۆنەکەم رووانی. دەنگەکە بەردەوام بوو. شتێک بوو وەک نووزە، وەک بایەک کە گەڵا نابزوێنێ. بەرەو پەرژینی حەوشە، رێک ئەو شوێنەی وا لە خانووەکە نزیکتر دەکەوتەوە، رۆیشتم. پەرژینەکە رایگرتم. راوەستام و وردبوومەوە. دەنگەکە پاش راوەستانێکی کورت بەردەوام بووەوە. ئەم جارە نووزە نەبوو. دەنگێکی تەواوبوو. لام کردەوە. دایەگەورە لە پشت پەنجەرکەی راوەستابوو و بە چاوە دەرپەڕیوەکانی لە منی دەڕوانی. بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەدا، کە داخۆ بگەڕێمەوە یان نا. تەنیا دەیڕوانی. وەک بڵێی چاوەڕوان بوو سەرئەنجام کەسێک ئەم رازە هەڵبێنێ و لە دڵەراوکێی شەوانی ناو جێگای رزگاری بکا.

من رووم وەرگێڕایەوە و لە کەلاوەکەم رووانییەوە. دڵنیا بووم لەوێوە دێت. دەنگەکە هەتا دەهات زۆرتر و روونتر دەبووەوە، وەک بڵێی تەنیا یەک دەنگ نیە و چەندینن. جارێکی تر لام کردەوە و لە دایەگەورەم رووانییەوە. ئەمجارە ئیتر بڕیاری خۆم دابوو. پەرژینەکە نزم بوو. قەڵەمبازێکم بەسەردا دا و ئاودیوی بووم. هەستم بە قورسایی هەنگاوەکانی خۆم دەکرد. جەستەم گرژ گرژ بوو. ئارام و بڕیاردەرانە بە بێ ئەوەی چاو لە خانووەکە هەڵبگرم، بەرەو ڕووی رۆیشتم. نزیک و نزیکتر کەوتمەوە. ئێرە دەشت بوو. بە ناو پووش و پەڵاش و چقڵدا تێدەپەڕیم. تۆز هەڵدەستاو، پێڵاوەکانمی لە خۆی گرت.

گەڕەک بە گڵۆپە کوژاوەکانییەوە لە پشت سەرم جێ دەما. بە خۆشییەوە دونیا مانگ بوو و دەمتوانی شتەکان لەیەکتر جیابکەمەوە. سێبەری دیواری خانووەکە لە بەر دەمی خۆیدا کشابوو و دەگەییە کەندڕێکی نزم کە چەندین میترێک لێی دووربوو. بە نزیک کەوتنەوەی من دەنگەکان بەربەرە نزم بوونەوە و کتوپڕ بڕان. بێدەنگییەکی سەیر دونیای تەنی. من هەر رانەوەستام و هەر بەو شێوەیەی دەستم پێکردبوو، گەیشتمە بەر دەرگا داڕماوەکەی. تیشکی مانگەشەو لێرە و لەوێ ناو کەلاوەکەی رووناک کردبووەوە. تاریکی و رووناکی لێک ئاڵابوون. ئارام لە دەرگا خەیاڵییەکە ئاودیو بووم.

ئیتر نەدەکرا بڵێی ئەم خانووە چەندین ژووری هەیە و، لەیەکتر جیادەکرانەوە. ژوورەکان و دیوارەکان لە ناو خشت و خۆڵە داڕماوەکاندا لێک ئاڵابوون. لە ناو یەکەم ژوور کە بێگومان دالانەکەی بوو، راوەستام و لە دەورووبەری خۆمم رووانی. بە سەر خشت و بەرد و خۆڵەکاندا سەرکەوتم و سەردانی هەموو بەشەکانم کرد. هەموو شوێنیک هەر داڕماو بە بێ بوونی یەک تاقە بوونەوەر. چۆڵ چۆڵ. لە بەر دەم پەنجەرە داڕووخاوەکانی راوەستام و سەیری دەرەوەم کرد. لەوێیش هیچ کەس و هیچ شتێک. باشە ئەم دەنگە چی بوو؟… ئەم دەنگانە لە کوێوە دەهاتن؟

لەم بیرانەدا بووم کە ئیشتیای سیگارێک دایگرتم. قنم دایە سەر گڵکۆیەک و جگەرەیەکم دەرهێنا و، دامگیرساند. بیری ئەو دایک و کچەم کردەوە وا بە دەیان ساڵ لەوە پێش لێرە ژیابوون و، کتوپڕ لە دووای رووداوێکی سەیر ون ببوون. هەوڵمدا حاڵ و هەوای دایک و کچێک بێنمە بەرچاوی خۆم لە خانوویەکی تەنیای دوورە شاردا، لە دەشتێکدا کە چلۆن شەوانیان بەسەرکردووە. پێم وابێ پێیشی گەیشتم. کەلاوەکە یارمەتی دەدا. جگەرەکە کاتێک مژم لێدەدا جوان جوان ژوورەکەی رووناک دەکردەوە. دیوارەکان هیچ مێژوویەکیان بە سەرەوە نەمابوو. هەموو شتێک تەنیا زەمەنێکی رووت بوو. ئەوەی هەبوو، جێ نەمابوو.

رێک لەو کاتەدا لە درگاکەوە لە ماڵەکەی خۆمانم دەڕوانی و پەنجەرەی ژوورەکەی دایەگەورەم دەبینی، ئەو پەنجەرەی دەڵێی تارمایی ئەوی هێشتا لە خۆیدا حەشاردابوو، گوێم لێبوو دەنگەکان هاتنەوە. زۆر خێرا لە چوار دەوری خۆمم رووانی. دیار نەبوو لە کوێوە دێن. وەک بڵێی هەم لە دالانەکەوە، واتە لەو شوێنەی وا منی تیا دانیشتبووم، هەتا هەموو ژوورەکانی تر. لە هەموو شوێنێکەوە وەک ئاو دەدەڵان.

سەرەتا چرپە بوو. وەک چرپەی کۆمەڵێک مرۆڤ کە سرک سرک بە شەودا رێدەکەن. ئەوسا ترپەی هەنگاو، ئەو هەنگاوانەی جاری وابوو خێرادەبوون و جاری وابوو هێواش. ئەو هەنگاوانەی بەر بەرد دەکەوتن، بەر چقڵ و بەر کلوە گڵ. ئەوسا دەنگی ساردی ئاسنە سووکەکان. هەناسەکانیش هاتن. دەنگەکان لێم ئاڵان. وەک بڵێی دووای ساڵانی ساڵ خۆشحاڵن لەوەی کەسێک دەبیننەوە بۆ ئەوەی دیسان بەسەرهاتێکی بۆ بگێڕنەوە. من هەروا بێ جووڵە دانیشتم و، گوێم راداشت. نیگام نەبزواند. بگرە بەرەبەرە قونجاندم و هەوڵمدا هەموو هەست و نەستم لەسەر گوێکانم کۆبکەمەوە. بووم بە پەیکەرێکی بێ جووڵە.

ئەوسا دەنگی چەمێک هاتە گوێم، دەنگی با کە بە ناو کۆمەڵێک درەختدا رادەبورد و ژێی گەڵاکانی دەژەند. دەنگی قرپۆک کە شێتانە بێ گوێدانی ئەوەی دەگوزەرا، تەنیا دەیانقیڕاند. ئەوسا دەنگی هەناسە و چرپەی دوو ژن کە لێفەکانیان لادەدا و بێ ئەوەی گڵۆپ هەڵکەن، بە ئارامی و بێ خشپە لە پەنجەرەکانیان نزیک دەکەوتنەوە. دەنگەکان هەموو پێکەوە لێک دەئاڵان و دیسان لە دووای لێکترازانێکی کورت یەکیان دەگرتەوە و تێکڕا هەموو کەلاوەکەیان دادەگرتەوە. ئەوسا بۆنی ئارەقم کرد و بۆنی دەم و بۆنی ترس. بۆنی گیا رزیوەکانی قەراخ چەمێک کە قرپۆکەکانیان لە خۆیاندا حەشاردابوو.

نازانم لە کات چەندە تێدەپەڕی. هەر پێویستیش نەبوو بیری لێ بکەمەوە. من دەمتوانی تا بەیانی، تا سپێدە دابنیشم و گوێ رادێرم. دەمزانی ئەمە بۆ هەموو کەس هەڵناکەوێ. دەمزانی هەندێ دەنگ لە هەندێ شوێن دەمێننەوە و کەم کەسیش بەختی ئەوەی دەبێ بچێتەوە سەریان.

خۆم زیاتر گرمۆڵە کرد. کەمێکیش کووڕ. وەک بڵێی ئاوەها باشتر دەبیستم.

ئەوسا دەنگی تەقە هات. دەنگی تەقینەوەو زرمە ترسناکەکان. دەنگی جوێن. راکردن و خۆ بە عەرزدادان. دەنگی تێپەڕینی شتێکی بچووکی ئاگرین لە ناو شتێکی نەرمەوە. دەنگی هەناسەی سوار. قیژەقیژ و هاوارکردن. دەنگی داوای یارمەتی و دوواکەوتن و مانەوە. چاوەڕوانی و ترس.  رق، ئارەزوو و حەزی دەربازبوون. ئەو مرۆڤانەی خۆیان خستە پەنای دیواری خانوویەکەوە و لەوێوە بەرەو چەمەکە نەڕاندیان. دەنگی باوەشی دوو ژن کە بەو نیوەشەوە لەیەکتر ئاڵان و لە قوژبنی داڵانەکە بە قەدەر نیوەجەستەیەکیان لێهات. جاری وابوو هەستم دەکرد کەسێک، یان زیاتر دەست بە پشتمدا دێنێ، دەستم دەگرێ و داوام لێدەکا لە گەڵیا بۆ شوێنێک بچم. یاخود لە بردنیان دەربازبکەم. دەستێکی نەرم و گەرم و ئارەقاوی و لەرزۆک. من کە هەموو جەستەم سەر ئارەق نیشتبوو، بە بێ ئەوەی بجووڵێم، تەنیا گوێم راداشت و تەنیا هێشتم لەمسم کەن. ئەوسا شتێکی تەڕ و لینج گۆرەوییەکانمیان خووساند. کەسێک کتوپڕ چپاندی کە “تەواوبوو، هەڵاتن و یەکیان لێ بەجێما!” دەنگەکە وەک بڵێی لەسەر بانییەوە دەهات، نا، لە پشت خانووەکەوە. نازانم.

کە یەکەم تیشکی هەتاو لە دیوارە رووخاوەکەوە لە روومەتی چەپی دام، چاوەکانم هەڵێنا. دونیا رووناک رووناک ببووەوە. جەستەی شەڵاڵی ئارەقم سارد دەبووەوە و، سەرمایەکی بێڕەحم خەریک بوو لێم دەئاڵا. دەستم برد، جگەرەیەکی ترم دەرهێنا و بە فەندەکە سپییە دیارییەکە دامگیرساند. کەلاوەکە خۆی بۆ رۆژێکی تر، وێران وێران دەخەمڵاند.

هەستام. لە دەرگاکەوە ئاگام لێبوو دایەگەورە لە حەوشەکەمان لە پشت پەرژینەکەوە چاوەڕوانم بوو. دڵنیام هەموو شەو بەئاگا بووە. دەستێکم لێ راوەشاند. وەک بڵێی بزەیەکیش روخسارمی قڵشت.

دوو هەفتە دوواتر، باوکم لە سەر سفرە بۆ یەکەم جار باسی خانووەکەی کرد. گوتی چل ساڵ لەوە پێش، دەمەو پاییز، لێرە لەسەر ئەم چەمە و لە نزیک ئەم خانووە شەڕێک بووە و کوڕی تالیبی حاجی قادر گوایا لێرە کوژراوە و تەرمەکەیشی بەر دەستی حکومەت کەوتووە. گوتی دوو ژنیش لەو کاتەدا لەو خانووەدا ژیاون کە هەر ئەو شەوە بۆ هەمیشە ون بوون.

من کە ئەو شەوەی ناو خانووەکە، چیرۆکەکەم لە دووای چل ساڵ راستەوخۆ بیستبووەوە، وەڕەز لەوەی باسی چارەنووسی دوو ژنەکەی تیانەببوو، بە رقەوە لە خانووەکەم رووانییەوە. راستی چیان بەسەر هاتبوو؟ ئیستا دەزانم مەرج نیە چیرۆکەکان هەموو بەسەرهاتەکان بگێڕنەوە. 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *