فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دووانیگار

کات 20/08/1400 707 بازدید

دووانیگار

کاک ئامانج وێنەکێشی چاکە. ساڵانی ساڵ لەوە پێش کۆلیجی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە. دیارە پێش ئەوەی بچێتە ئەم کۆلیجە، لە ماڵەوە و لە قوتابخانە ئەوەندە سەرقاڵی کێشانەوەی وێنە ببوو کە هەر ئەو کاتیش بە جۆرێک ناوبانگی دەرکردبوو. خەڵکی گەڕەک و شار دەیانناسی. ناویان نابوو “وێنەکێشە زیرەکەکە!”

کاک ئامانج لەگەڵ ئەوەی لەگەل قوتابخانە هونەرییەکانی بواری کێشانەوەی وێنە بە جوانی ئاشنا بوو و، دەیناسین؛ بەڵام هەوڵیدەدا رێباز و روانگەی تایبەت بە خۆی هەبێ. هەرچەند نەیدەشاردەوە کە لە ناو هەموو نیگارکێشەکانی دونیادا زیاتر بە هونەرمەندانی رووس سەرسام بوو. بەتایبەت ‘ڤیکتۆر ڤاستێنسۆف’ کە نەققاشییەکانی هەم لە بواری رئالیستیدا خۆیان دەبینییەوە وهەم لە بواری سیمبۆلیزمدا.

وێنەکێشە زیرەکەکە هەر شتێک لە دەورووبەریدا سەرنجی راکێشایە و بە جۆرێک خەیاڵی بجووڵاندایە یان راگواستایە، دەستی دەبرد، قەڵەمە رەشەکەی هەڵدەگرت و دەست بەجێ دەیکێشایەوە. بۆیە گەر سەردانی ماڵەکەیت بکردایە، بە دیتنی وێنەکان کە سەرتاسەری دیوارەکانیان داپۆشیبوو و بگرە بەشێکی زۆریشیانی لەسەر یەک کەڵەکە کردبوو، هەستێکی سەیر دەستی پێدەدای. وەک بڵێی ژین لێرە لە ناو ئەم خانووەدا راوەستاوە و، رووداوە دووپاتکراوە و کاتییەکانی ژیان هەر هەموویان لێرە لە موعجیزەیەکی سەیردا قەتیس مابوون و بۆ هەمیشە خۆیان هاویشتبووە دەرەوەی رەوتی خۆیانەوە. لێرە لە ناو ئەم خانووەدا مێژوو تەواوقەد خۆی دەنواند. من کە تەنیا یەک جار بە رێکەوت چاوم پێیان کەوتبوو، وەها هەناسەم سواربوو کە شەوانە خەوی ناخۆشم دەبینی و دایکم بەناچار بە دزییەوە نوشتەی بۆ کردم و هەتا چەند هەفتە دووای ئەوەیش هەر قسەی بە کاک ئامانج دەگوت. نووشتەکەی لە شوێنێک لە ژوورەکەی مندا شاردبووەوە!

دیارە هەموو کەس تەحەمولی دیتنی ئەو هەموو وێنە جوانانە ناکا. تەنانەت گەر شارەزای دونیای هونەر نەبیت و هیچیش لە فەلسەفە و بیرە مەزنەکان نەزانی، وەها بە بینینی ئەم وێنانە واقت وڕدەمێنێ، کە بۆ ساتێک هەستدەکەی ژیان لەوە عەجایب ترە وا مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە. کتوپڕ بیرت دەکەوێتەوە دیوێکی شاراوە هەیە کە بە درێژایی تەمەن لێت ون بووە و لێرە لە رووداوێکی نەخوازراودا لە ناکاو پەیدات کردووەتەوە. وێنەکان، زیاتر لەمە، بە تەواوی منیان دەترساند.

 لای هەندێ کەس، کاک ئامانج نازناوی “پیاوە جادووگەرەکە”یشی بەسەردا بڕابوو. خەڵکی کاتێک بە تووشیەوە دەبوون، خۆیان لێ گێل دەکرد و هەوڵیاندەدا رێگایان نەچێتەوە سەر یەک. بەڵام ئەوەی لای کاک ئامانج گرینگ نیە ئەم جۆرە شتانەیە. ئەو نە کاری بە قسە و باسی خەڵکیە و نە سەری خۆی بەم جۆرە کردەوانەوە دێشێنێ. لای ئەو وێنەکان لە هەموو شتێک گرینگترن.

بەڵام ماوەیەکە پیاوە جادووگەرەکە خەمگینە. لای وایە چیتر قەڵەمە رەشەکەی وەڵامدەری وێنەکان و ئەوەی وا لە دەروونیدایە نیە و، هەموو شتێک کتوپڕ لە مانا بەری بووەتەوە. ئەو کە جاران دونیا لە لای بوونەوەرێکی قابیلی دەستەمۆکردن بوو، کتوپڕ هەموو شتێک لای بووە ئەسپێکی سەرکێش کە بە کەس دابین نەدەکرا. راستییەکەی ئەوە بوو قەڵەمە رەشەکەی نەیدەتوانی دونیا و هەستەکانی ئەو بۆ ناو چوارچێوەی نەققاشییەکان راگوێزێ. کاک ئامانج لە پەنجەرەکەوە لە دونیای دەرەوەی دەڕوانی و بە خۆی دەگوت “رەنگە ئەوەی وا دەبووایە بیکەم کردوومە و، ئیتر تەواو!” بەڵام هاوکات هەستێکی تر لە دەروونەوە بە گوێی کۆنیدا دەیچرپاند “نا، وانیە!” ئەویش کە وەک هونەرمەندێک عادەتی گرتبوو زیاتر گوێ بداتە دەنگی دەروونی تا وشەکانی ناو میشکی، ئەوەندەی تر خەم دایدەگرت و دۆشداماو وەک منداڵێکی بێ دەرەتان، بە چاوە مەزڵوومەکانی لە دەورووبەری دەڕوانی.

شەوێک کاتێک لە ناو جێگاکەیدا راکشابوو و لە ناو تاریکیدا لە سەقفە نادیارەکەی دەڕوانی، بەو ئاکامە گەیشت کە دەبێ چیتر بە قەڵەمی رەش وێنە نەکێشێتەوە و دەست بداتە رەنگ،… رەنگە جۆراوجۆرەکان، رەنگە رازاوەکان. دیارە بە سەر رەنگەکانیش دا، ئەگەرچی بواری سەرەکی ئەو نەبوو، زاڵ بوو و دەیتوانی بە ئاسانی رێچکە بگۆڕێ، بەڵام دڵی بەرایی نەدەدا. “باشە ئەوە چ قەومابوو کە چیتر رەنگی رەش و سپی وەڵام نادەنەوە؟” ئەو کە لە تەواوی تەمەنیدا کیشەی لەگەڵ ئەم دوو رەنگە نەبوو و لای وابوو وەک دوو رەنگی گرینگ هەتاهەتایە لە ئاست خۆیاندا و زیاتر لە رەنگەکانی تر وەڵامدەری شێوازی ئەو لە جیهانی نەققاشیدا بوون، ئەم گۆڕانە کتوپڕییە تەواو کێژ و وڕی کردبوو.

بۆ سبەی چوو رەنگ و قەڵەمی تایبەتی کڕی. دەیزانی شین و زرەد و سوور، رەنگە سەرەکییەکانن و هەموو رەنگەکانی تر لەمان پێکدێن. ئەوەی پێویست بوو دابینیکرد و دەستی کرد بە کێشانەوەی وێنە. ئەوسا خەیاڵی درەختێکی پاییزی بردییەوە کە قەدەکەی ببووە کێل بەو تاقە گەلا زەردەوە وا بە یەکێک لە لقە رووتەکانییەوە مابووەوە. لەو لاتریشەوە ژنێکی پیر بە گوڵێکی سوورەوە کە ئارام ئارام بە روخسارێکی خەمینەوە هەنگاوی دەنا و بەرەو درەختەکە دەڕۆیشت. بەڵام کاک ئامانج هەتا زیاتر لە کێشانەوەی کارەکەیدا دەچووە پێش، زیاتر بێهوودەیی دایدەگرت. سەرئەنجام لە نیوەی کارەکەیدا قەڵەمەکەی دانا و دستی لە کێشانەوە کێشایەوە.

لەبەر خۆیەوە گوتی باشە چی بووە، بۆ نە رەش و سپی وەڵامدەرن و، نە رەنگەکان؟… بۆ دەستم پێیانەوە دەلەرزێ؟

ناهومێد لە هەموو شتێک، چوو دەستی بشوات کە سیمای خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی. قژێکی ماش و برینجی و ریشێکی درێژی سپی سەرنجی قۆستەوە. چاوەکانی لە پشت چاویلکەکەیەوە هەر وا تیژ لە ژیانیان دەڕوانی، ئەگەرچی پێستی دەورووبەری داهێزرابوو.

بەپەلە چووەوە بۆ لای کەرەسەکانی. ئەمجارە دەیزانی چی بکێشێتەوە. قەڵەمە رەشەکەی هێنایەوە بەردەست و دەستی کرد بە کێشانەوە روخساری خۆی. بە خۆشییەوە هەموو وردەکارییەکانی لەبیر مابوو. خۆشحاڵ لەوەی قەڵەمەکەی هێشتا بە بەریەوە مابوو، بزەیەکی هاتێ. لای سەیرە بۆچی وەها خۆی لە بیرکردبوو. بۆ رۆژی دوواتر روخساری خۆیشی بە رەنگ کێشایەوە. لە دووای ئەمە بۆ هەمیشە هەرچی کەرەسەی نیگارکێشانەوە بوو فڕێێ دا و بڕیاری دا چیتر نەکێشێتەوە. دوو وێنەکەی خۆی، وەک دووابەرهەمی ژیانی بە یەکێک لە دیواری ژووری دانیشتنەکەیدا هەڵواسی و هەموو رۆژێک تێر و پڕ سەیری دەکردن.

لە گەڵ تێپەڕینی رۆژەکان و دانیشتنی بەردەوام لە بەردەم وێنەکان و سەیرکردنیان، چیتر لە ناو دوو نیگارکەدا خۆی نەدەبینێتەوە. روخساری هەتا دەهات بێگانە و بێگانەتر دەبوو. بەرەبەرە دەبوو بە وێنەکێشە زیرەکەکە و بە پیاوە جادووگەرەکە. رئال، ئارام ئارام شوێنی بۆ سیمبۆل چۆڵ دەکرد.

ناوچاوی تێکنا.

کاک ئامانج ئاگای لێ نەبوو ‘ڤیکتۆر ڤاستێنسۆف’ لەمێژ بوو گواستبووەیەوە بۆ خانووەکەی ئەو!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *