فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

قالۆنچەکان

کات 16/09/1400 304 بازدید

قالۆنچەکان

ژوورەکەت ئەوەندە پیسە قالۆنچەکان داگیریان کردووە. بە بزەیەکەوە ئەمەی پێ دەڵێم و، سەرێکی لێ دەلەقێنم و دەڵێم دەبێ خاوێنی بکاتەوە. بەڵام ئەو بە پێچەوانەی من بیردەکاتەوە. رێک لە ناو چاوانم دەڕوانێ و دەڵێ هی پیسی نیە هی تەنیاییە، باشتر بڵێم هی ئەوەیە خانووەکە زۆربەی کاتەکانی رۆژ چۆڵە. هەر من و ئەوانین. منیش واز ناهێنم و دەڵێم با تاقی بکەینەوە، رۆژێک جوان جوان ژوورەکان خاوێن بکەوە، پاشماوەی چێشت مەهێڵەوە، قاپ و قاچاخەکان جوان بشۆ، ماڵەکە گسک بدە، دەوری قاپشۆرییەکە بسڕە و وایتێکسی لێبدە، جاروبارە پەنجەرەکە بکەوە و با هەوای ژوورەکە بگۆڕدرێ،… بەڵێنت پێدەدەم قالۆنچە چییە تیای نامێنێ.

بەڵام ئەو ئەمە ناکا و بەردەوام مکوڕە لەسەر ئەوەی هی چۆڵی خانووەکە یاخود تەنیایی ژوورەکانە. دەڵێ هیچ شتێک وەک تەنیایی نیە، نەک قالۆنچە بەڵکو دڵنیات دەکەم هەرچی رۆحی دونیایشە تیایا لەدایک دەبێ و تێی دەئاڵێ. دەڵێ جاری وایە کە دێتەوە و کاتێک کلیل دەخاتە کونی قفڵەکەوە، گوێی لێیە لە پشت درگاکەوە هەڵپە و پەلەپەل دەکەوێتە ناویانەوە و، دەکشێنەوە و سەرەتا خۆیان لە حەمام و ئاودەست و پەناو پەسێوەکاندا دەشارنەوە و، ئەوسا دەگوازنەوە بۆ ناو دیوارەکان،… هەتا من دیسان دەڕۆمەوە دەرەوە.

من کە باوەڕم بە چیرۆکی رۆح و شتی لەم بابەتە نیە، دەچمەوە سەر داستانی قالۆنچەکان و دەڵێم با باسی شتە راستەقینەکان بکەین، ئەوانەی وا دەبیندرێن و هەستیان پێدەکرێ و بۆیە دەتوانین ئاسانتر چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. دەڵێم هەر بەمەیش رازی نابین، دەچین و دەرمان دەکڕین و دەرمانداویان دەکەین، تاقیان لێ ناهێڵین. بەڵاکەی هیرۆشیما و ناگازاکیان بەسەردا دێنین! دەڵێ دەزانی دەڵێن قالۆنچە لە چاو مرۆڤ لە بەرامبەر بۆمبی ئەتۆمدا پانزە بەرابەر مقاومتیان زیاترە! دەڵێم یەعنی دەرمانداوکردنیان بێسوودە؟ دەڵێ نازانم. دەڵێم ئەوە بۆمبی ئەتۆمە و جیاوازە، ئەم دەرمانەی من باسی لێدەکەم تایبەت بە قالۆنچەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەیانکۆژێ.

رۆژەکان تێدەپەڕن و ئەو هەر گوێ ناداتێ. تەلەفۆنم بۆ دەکا و دەڵێ لە مێژە دیار نیت، ئەرێ بەتەما نیت سەردانێکم بکەیت؟ دەڵێم قالۆنچەکان ناهێڵن. دەڵێ باوەڕبکە نەماون، دەمێکەیە نایانبینم. دەڵێم نایانبینی یان ناتەوێ بیانبینی؟ وەڵام نیە. ئەوسا قاقا پێدەکەنێ و دەڵێ ئەوە ئیستا دووانیان بە تەنیشتم دا تێپەڕین. تەلەفۆنەکە دادەنێم.

رۆژێک وەڕەزیی دەکەم و، بە خۆم دەڵێم چش و دەچم سەردانی دەکەم. بە شێوەی زەنگ لێدانەکە دەزانێ منم، هاواردەکا کراوەیە وەرە ژوورەوە. کە دەچمە ژوورەوە بە سەر دیمەنێکی سەیردا دەکەوم. دەبینم چەندین قالۆنچەی بە دەزووەوە بە یەکەوە بەستووەتەوە و قالۆنچەکان بە بێ هیچ چەشنە هاوئاهەنگی و رێگایەکی دیاریکراو هەر کامەی بە لایەکدا ملی پێوە دەنێن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە بەردەوام بەر یەکتر بکەون و لە یەکتر دووربکەونەوە؛ دەزووەکان لەیەک دەئاڵێن و بە گشتی دۆخێکی یەکجار شپڕێو و ئاڵۆز دێتەبەرچاو. ئەو قاقا پێدەکەنێ و دەڵێ ئاوایان لێدەکەم بۆ ئەوەی چیتر روونەکەنەوە ماڵەکەم. زیاتر لە قالۆنچەکان رادەمێنم. هەست دەکەم شتێک ناتەواوە، کە زیاتر لێیان ورددەبمەوە، دەبینم سەریان نیە. کوڵن. تێدەگا. دەڵێ مەگەر نازانی قالۆنچە بە بێ سەریش تا چەند هەفتە دەژی، هەم سەرم لێکردوونەتەوە و هەم پێکەوەم بەستوونەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە دەرسی عیبرەت بۆ ئەوانی تر، بێگومان کاتێک لە ماڵەوە نیم، دێن و هاوڕێکانیان دەیانبینن و ئیتر هەڵدێن و بۆ هەمیشە ماڵەکەم جێدێڵن.

من ئەو شەوە تا درەنگان دادەنیشم و لە کاتێکا قالۆنچە سەربڕاوەکان هەروا لە کەفی ژوورەکەدا دێن و دەچن، پێکەوە چایی دەخۆینەوە و سەیری تەلەفزیۆن دەکەین. خانووەکە هەر وا پیسە و وەک هەمیشە بۆنێکی ناخۆشی لێدی. ئەگەرچی دڵنیام بۆنی پیسییە، بەڵام جاروبار بە خۆم دەڵێم رەنگە بۆنی تەنیاییش بێت.

شەو کە دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە، دەچمە سەر کامپیوترەکەم و لە ناو گووگل دەنووسم قالۆنچە و لە سەریان دەستدەکەم بە خوێندنەوە. گووگل دەڵێ خاوەن رەنگی جۆراوجۆرن، لە سایزی جۆراوجۆریشدا دەستدەکەون. لە رێگای کونی ئاودەست و هەر چەشنە کۆنێک کە لە ناو ماڵدا دەست دەکەوێ خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن، رەنگە کاتی گواستنەوە لەگەڵ شمەک ئەوانیش خۆیان بە ماڵی تازەدا کردبێ، هەروەها دەڵێ بەتایبەت کاتێک دونیا تاریک دەبێ دێنە دەرەوە و دەستدەکەن بە خواردنی چێشتی پاشماوەی ناو ماڵ، ئەوەی وا بە جێ مابێ یاخود لێرەو لەوێ رژابێ و کەوتبێتە سەر عەرز. ئەوسا وێنەی یەکێکی زەرد و یەکی رەش گەورە دەکەمەوە و ورد ورد لێیان دەڕوانم. دەخوێنمەوە قالۆنچەکان دەفڕن.

نازانم بۆ، بەڵام لە دووای خوێندنەوە لەسەریان، کتوپڕ روانگەم لە سەریان دەگۆڕدرێ. بە ناو ژوورەکەدا دەڕوانم. رقم لەوەیە هیچ قالۆنچەیەکی لێ نیە. یەعنی ماڵی ئێمە کونە ئاودەست و پاشماوەی خواردن و گواستنەوەی کۆنی تیا نیە و نەبووە! باوەڕناکەم.

لە سبەیەوە بە بێ ئەوەی پێم بڵێ هەموو شەوێک دەچم سەردانی دەکەم. ئەو هەموو رۆژێک سەری چەند قالۆنچەیەک لێدەکاتەوە و بە دەزوو پێکەوەیان دەبەستێ و ئەوسا لە تەنیشت مندا دادەنیشێ و بە دەم خواردنی چاییەوە سەیری تەلەفزیۆن دەکەین.

دەڵێم هەستدەکەم کەمیان کردووە. دەڵێ ترساون. دەڵێم نا هی ئەوەیە هەموو رۆژێک سەری چەند دانەیان لێ دەکەیتەوە. بەڵام ئەو وەک هەمیشە باوەڕی بە شتە رۆحی و دەروونییەکانە. دەڵێ لەو رۆژەوە قالۆنچەکان کەمیان کردووە، رۆحەکانیش زۆر جووڵە و هەڵبەز و دابەزیان نەماوە، وادیارە گواستوویانەتەوە بۆ ماڵی دراوسێکەمان. دەڵێ لەم رۆژانەدا ژنەکەیان زریکەیەکی سەیری لێ هاتووە و، بۆ شەو نووشتەنووسیان بۆ هێناوە!

جگەرەیەک دادەگیرسێنم و بە لاچاو لە هاوڕێکەم دەڕوانم، سەیرێکی قالۆنچە سەرهەڵکەنراوەکانیش دەکەم. قالۆنچە بێ خوێنەکان. بە خۆم دەڵێم خۆشە بێ سەر و بە سەر هەر بژی.

تەلەفزیۆن فیلمێکی شەڕی دووی جیهانی لەسەرە. بۆمبەکەی هیرۆشیما کە لە کارگ دەکا هەموو سەفحەی تەلەفزیۆنەکەی داگیر کردووە. دیمەنێکی ترسناک. سەیری یەکتر دەکەین. دەڵێ، دڵنیام قالۆنچەکان لە دووای بۆمبارانەکە بە تەواوی شارەکەیان داگیرکردووە. دەڵێم لە دووای مرۆڤ ئیتر گرینگ نیە چی روودەدا.

لە دووای چەند هەفتە قالۆنچەکان یەکجار کەم دەکەن. دەڵێم ئەها بە کوشتنیان فەرقی کرد و فڕی بە تەنیاییەوە نیە. دەڵێ بە خۆت نازانی، هی ئەوەیە تۆ ئیستا هەموو شەوێک سەردانم دەکەی. بە سەرسووڕمانەوە لێی دەڕوانم. من لەو قیرسیچمەتر، دەڵێم بڕێک خانووەکە خاوێن بکەوە بزانە هەر ئاسەواریان نامێنێ.

بەڵام قالۆنچەکان هەمیشە لە شوێنێک لە دەرەوەی خانووەکانی ئیمە هەن. تەنانەت بۆمبی ئەتۆمیش چارەسەریان ناکا. ئەوان دەبێ هەبن، چونکە… چونکە دەبێ شتێک هەبێ وا پاشماوەی خواردنەکان لە نیوەشەو و لە هەناوی تاریکیدا بخۆن. یاخود پاشماوەی مرۆڤەکان لە ناو کونی ئاودەست و دەڕەفتەکاندا.

ئەو شەوە نیوەشەو بە دەم خەوەوە رادەپەڕم. هەموو جەستەم شەڵاڵی ئارەقە. ئاە، من چەند گەمژە و چەند شێت و نەفامم! باشە من کێم کە بڕیار لەسەر ژوورە پڕ لە تەنیاییەکانی مرۆڤێک دەدەم. گەر مرۆڤێک دەستنەکەوێ ئەو تەنیاییە پڕبکاتەوە، ئەی…،…

لە دڵەوە ئارەزوومە قالۆنچەکان ئەوەندە گەورە ببن کە بتوانن ئەو شەوانەی کاتێک من ناتوانم سەردانی بکەم، بچن و لەسەر مۆبلەکە لە تەنیشتی و بە چوار دەوریدا دابنیشن و پێکەوە سەیری فیلم بکەن. سەیری فیلمی شەڕی دووی جیهانی. بێگومان بیرەوەرییەکانی ئەوان یەکجار زیاترە لە هی مرۆڤەکان.

ئیتر قەت باسی قالۆنچەکانی لەگەڵ ناکەم. ئەویش واز لە سەر هەڵکەندن و پێکەوە بەستنیان دێنێ. کاتێک لەوێم، دەبینم دێن و بە ژێر قاچمدا تێدەپەڕن، جاری وایە دێنە سەر مۆبلەکەیش. تەنانەت وایان لێهاتووە لەوێوە بۆ سەر تەلەفزیۆنەکەیش هەڵدەفڕن. چیتر دزێو و قێزەون نین. هاورێکەم چاوم لێدەکا و دەڵێ رۆحەکانیش گەڕاونەتەوە، لام وایە لەوەی ژنە دراوسێکەیان بەو چەشنە ترساندووە، پەشیمانن، یەکجار پەشیمان.

(پێشکەش بە هاوڕێم سامان حسێنی)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.