فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پێڵاوفرۆش

کات 08/10/1400 97 بازدید

پێڵاوفرۆش

کەریم، ناسراو بە ‘حاجی کەریمی کەوش’، پێڵاوفرۆشە و دووکانەکەی رێک لە فەلەکەی ناوەڕاستی شاردایە. حاجی گەلێک بە کارەکەی دڵخۆشە. وەک بۆ خۆی دەڵێ پیشەی باوکیەتی و لەوەوە بۆی بە جێ ماوە. دووکانەکەی حاجی زۆر گەورە نیە و لە دووای مەرگی باوکی چەند جارێک دیکۆرەکەی گۆڕیوە. یەک جاریش ویترینەکەی. وەک جێگایش لە هەمان شوێنی ساڵانە و یەک میلیمتر چییە بە هیچ لایەکدا نەبزواوە.

کەریم بە هۆی دانیشتنی ساڵانی ساڵ لە دووکانەکەیدا، دیارە هەر لە سەردەمی منداڵییەوە، بۆنی پێڵاوی گرتووە. بۆنێک تێکەڵ لە لاسیق و لە چەرم و وەک دەڵێن لە کەوشی شبراویش. مانەوە بە درێژایی لانیکەم پەنجاوپێنج ساڵ لە دووکانەکە (ئیستا شەست و دوو ساڵی تەمەنە)، وەهای لێکردووە وەک بڵێی بۆنەکە چووەتە ناو گۆشت و ئێسکییەوە. بووە بە بەشێک لە وجوودی.

دیارە بۆ خۆی نەک تەنیا پێی قەڵس نیە، بەلکو هەر هەستیشی پێناکا، بەڵام ژنەکەی، کە پانزە ساڵ لە خۆی بچووکترە، وازناهێنێ و هەر دوو قاچی لێ خستووەتە کەوشێک و دەڵێ سەردەم گۆڕاوە و دەبێ دووکانەکە بگۆڕێ بە شتی تر. کەریم کە ئەمە وەک کارەسات لێکدەداتەوە، سەرەتا زۆر گوێی نەدایە، بەڵام بە تێپەڕینی رۆژ و مانگ و ساڵ و پێداگرتنی بەردەوامی ژنەکەی، زانی کەوتووتە ناو گێچەڵەوە. بۆیە سەرەتا هەوڵیدا بە تووڕەبوون و بە هەڕەشە و گوڕەشە پاشەکشە بە ژنەکەی بکا. کردەیەکی بێسوود کە نەک تەنیا دۆخەکەی ئارام نەکردەوە، بەڵکو هەتا دەهات خراپ و خراپتریشی کرد. وای لێهات ژنەکەی بە تەمەنی نزیک پەنجا ساڵەی خۆیەوە، بێ گوێدانە ژیانی هاوبەشی دوورودرێژی لەگەڵ حاجی و ئابڕووی لە مێژینەیان لە گەڕەگ، چەند جارێک تۆراو و رووی کردەوە ماڵی دایک و باوکە پیرەکەی.

کەریمی حەیا بە خۆ، وەک دەڵێن وەجاخ کوێر بوو و جگە لە چوار کچ نەببوو بە خاوەنی هیچ کوڕێک. کچەکانیشی بە شوو دابوو و ئیتر هەر خۆی و خاتوونی ژنی مابوونەوە. لەو تەمەنەیشدا لەدەستدانی ژن جگە لە کارەسات و گەمەژیی هیچی تری نەدەگەیاند. ئەو هەمیشە حەسرەتی ئەوەی لە دڵا بوو کە بە مەرگی خۆی، میراتی پێڵاوفرۆشی بۆ هەمیشە لە بنەماڵەکەیدا دەسڕایەوە.

خاتوون کە بەردەوام دەیگوت و دەیگوتەوە زەمانە گۆڕاوە و کوا باوی کەوشفرۆشی ماوە، باسیشی لەوە دەکرد پرسیاری کردووە و پێیان گوتووە باشترە دووکانەکە بکەن بە ئاڵتۆنفرۆشی یاخود سوپێرمارکێت. کەریمیش جاروبارە نووزەیەکی لێوە دەهات و دەیگوت کوا ئەو لەم شتانە دەزانێ و گەر بێتو دووکانەکە بگۆڕێ ئەوا خوا رزقیان دەبڕێ و قوڕ دەکرێ بە سەریانا. قسەیەک لەم و قسەیەک لەو، دۆخەکە هەر وا مابووەوە. تا رۆژێک ژنەکەی قیژاندی کە چیتر تاقەتی ئەوەی نەماوە خەڵکی پێی بڵێن کەریمی کەوش و بگرە خراپتریش لەمە بەو بۆنە ناخۆشەوە هەموو نیوەڕۆ و ئێوارەیەک خۆ بە ماڵەوەدا بکاتەوە. ئیتر ناو جێگایش هەر هیچ!

راستییەکەی ئەوە بوو کەریم وەزعی باش بوو. نەک تەنیا قەرزدار نەبوو، بەڵکو خاوەن دوو ماڵ و دووکانێکی تریش بوو کە بە کرێی دابوون. جگە لەمە بە دزییەوە پارەیشی بە سوو بەم و ئەو دەدا. لەبەر خۆیەوە بە خۆی دەگوت چۆن قوڕ کرا بە سەرما، ئاخر ژنەکە لەم ئاخری عومرەدا ئاڵتونفرۆشی و سووپە ماکتی چی و شتی چی!

بەم شێوەیە حاجی کەریمی کەوش چیتر لەمە زیاتر خۆی رانەگرت و، بەناچار ملی دایە خواستی، خۆی گوتەنی، ژنە نەگبەتەکەی! سەرئەنجام لە پاش نزیکەی دوو ساڵ چۆکی دادا و دووکانەکەی گۆڕی و کردی بە کوتاڵ فرۆشی. خاتوون سەرەتا لچێکی لێ خوارکردەوە، بەڵام پێی رازی بوو و لێکی دایەوە کە بەهەرحاڵ لە پێڵاوفرۆشی هەر زۆر باشترە. بۆنی پارچە لە بۆنی زەماوەندی دەکرد و بۆنی کەوش لە کەوشکەنی مزگەوتەکان لە کاتی سەرەخۆشیدا.

دیسان رۆژەکان بە ئارامی تێپەڕین. حاجی کەریم بەربەرە بە کارە تازەکەی راهاتبوو. خاتوونیش هەر وا لەبەرەوە هەموو جل و بەرگەکانی پێ گۆڕیبوو و تەنانەت کەوشە کۆنەکانیشی نەهێشتبوونەوە، بەڵام سەیر ئەوە بوو هەم بۆنەکە مابووەوە و هەم نازناوەکە! نە خەڵکی وازیان لە ناوی حاجی کەریمی کەوش دەهێنا و نە ئەو بۆنە نەگبەتەیش دەڕەوییەوە!

خاتوون کە حەزی دەکرد مێردەکەی هەر ناوی حاجی کەریم بێ، بە بێ هیچ چەشنە کەلیمەیەکی تر لە پاشییەوە، بەناچار بۆ خۆی بە تەمای لە بیربردنەوەی کەریمی کەوش، ناوی کەریمی کوتاڵی لە مێردەکەی نا و لە هەر مەجلیسێکدا بە هۆ و بێ هۆ ناوی دێنا بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بووە ئەم ناوەی بەسەرا بزڕێنێ. هەوڵێکی بێسوود کە نەگەییە هیچ ئەنجامێک. کەریم لە راستیدا بۆ هەمیشە وەک حاجی کەریمی کەوش مابووەوە.

حاجی لەگەڵ ئەوەی بە پیشە تازەکەی راهاتبوو و خێری چاکی تیادەکرد، بەڵام لە دەروونەوە دڵی هەر لای پێڵاوفرۆشییەکەی بوو. لە بیرکردنی پەنجاوحەوت ساڵ گاڵتە نەبوو. زۆر جار شەوانە خەوی پێوە دەبینییەوە. خەوی بە باوکی و بەو ساڵانەوە، خەو بە ریزی پێڵاوەکانەوە کە ریز لە سەر ریز لەسەر قەفەسەکان هەڵچنرابوون، خەو بە تاقیکردنەوەی پێڵاوەکان لەم قاچی مشتەرییەکانیدا، یاخود کاتێک دەچوو بۆ سەفەر بۆ تاران بۆ کڕینی جنسی تازە. لە خەوەکەیدا بۆنی پێڵاوەکان سییەکانی پڕدەکرد و ئەویش پڕ بە دڵ ئەوەندەی تر هەڵیدەلووشی. کە بەیانی لە خەو بەئاگا دەبووەوە، جەستەی قورسی قورس بوو، ناوچاوانی تێکدەنا و وەک بڵێی خانوویەکی حەوت قات بە کۆڵییەوە بێت هەڵدەستا و لۆژەلۆژە دەچوو بۆ دەست بە ئاو گەیاندن. ئەو شەوانەی خەوی دەبینی، هەتا نیوەڕۆ ئەم حاڵ و هەوایە بەری نەدەدا و خەمین و لووت داژەنیو لە دووکانەکەیدا دادەنیشت و کزۆڵە لە رێبوارانی دەڕوانی. حاجی زۆر جار هەستی دەکرد خیانەتی بە باوکی و بە پیشەی دەیان ساڵەی بنەماڵە کردووە. جاری وابوو لە بێتاقەتیدا دەڕابەی دووکانەکەی دادەدایەوە و لە گەشتێکی خیابانیدا رووی دەکردە پێڵاوفرۆشییەکانی شار. لەبەر دەمیاندا رادەوەستا، بە حەسرەتەوە لێیانی دەڕوانی و بە ئەشقەوە بۆنەکانی هەڵدەمژییەوە. جاری وابوو کەوشفرۆشەکان، کە هەر هەموویانی دەناسی، فەرمووی ژوورەوەیان دەکرد. حاجی کەریمی کەوش بە حەزەوە دەچوو دادەنیشت و ئیتر روخساری دەگەشایەوە. وەهای لێهات هەموو خەڵکی شار لە دەردەکەی حاجی گەیشتن. هەندێ پێدەکەنین و هەندێکیش دەیانگوت ناحەقی نیە.

بەڵام ژیان بەم شێوەیە نەیدەتوانی بەردەوام بێت. حاجی بیری کردەوە دەبێ مشوورێک بخوا. سەرەتا وای بۆچوو دووکانە کرێکەی بکا بە پێڵاوفرۆشی، بەس کەسێکی تر بیگەڕێنێ. بەڵام دەستبەجێ لەم تەگبیرە پەشیمان بووەوە.  خاتوون بیزانیایە شاربەدەری دەکرد. چی بکا چی نەکا، کتوپڕ گەیشتە ئەو رایەی بە شەریکی لەگەڵ کەسێکی تر دووکانە کرێکەی بکا بە پێڵاوفرۆشی. ئەمە باشترین تەگبیر بوو.

هەر وایشی کرد. لەگەڵ هاوڕێیەکی دێرینی خۆی کە کارمەندی بانک بوو و لەمێژبوو خانەنشین کرابوو، سازا. ئیتر لەوە بەدووا کاتێک حاجی بۆ کڕینی کوتاڵ رووی لە شاران دەکرد، لەگەڵ پارچە، کەوشیشی دەکڕێ و بە یەک ماشین هەر دووکیانی دەهێنایەوە. حاجی بەیانیان تەنانەت پێش ئەوەی دووکانەکەی خۆی بکاتەوە حەتمەن سەردانێکی ئەوێی دەکرد و، ئێوارەیانیش دوو سەعاتێک زووتر کوتاڵفرۆشییەکەی خۆی دادەخست و دیسان رووی دەکردەوە کەوشفرۆشییەکەی.

بەم شێوەیە حاجی چیتر خەونی بە باوکی و بە جارانەوە نەبینییەوە. ئیستا ئاسوودە خاتر و بە ویژدانێکی ئارام و راحەتەوە دووا ساڵەکانی تەمەنی بەڕێ دەکرد. کەریمی کەوش تەنیا یەک ئارەزووی مابوو. باوکی کاتی خۆی هەر لە ناو دووکانەکەیدا لە ناو پێڵاوەکاندا مردبوو. رۆژێک بە دەم مشتەرییەکەوە بەلادا هاتبوو و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لەم ژیان کردبوو. ئەمیش ئارەزووی بوو خوا مەرگی بخاتە بەیانی یاخود ئێوارە بۆ ئەوەی لەو کاتەدا لە نێوان کەوشەکاندا بۆنخۆشەکاندا بێت.

خاتوونی ژنیشی کە لەم دوواییانەدا هەستی بە بۆنی زیاتری پێڵاو، لە کاتی هاتنەوەی مێردەکەیدا دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەیگوت “چی بکەم، رابردوو ئەوەندە ئاسان واز لە کەس ناهێنێ!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.