فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

غەزەب

کات 21/01/1401 65 بازدید

غەزەب

کە لە کار دەبمەوە، دەمەوێ بچمەوە بۆ ماڵەوە. ئەمڕۆ لە سەر کار زۆر باسی شەڕی روس و ئۆکراین بوو. گوایا روس هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و دەیەوێ داگیری بکا. باسی بۆمباران و تانگ و تۆپ و ئەو لەشکرانەی کە لە چەندین شوێنەوە خۆیان بەو وڵاتەدا کردووە. لە گەڵ ئەوەی دەزانم روس و ئۆکراین لە کوێن، بەڵام دەپرسم داخۆ روس و ئۆکراین زۆر لێرە دوورن؟ دەڵێن زۆر. یەکێک لە هاوکاران دەڵێ:

ـ بەزیانەبێ، خۆ ئەوەندە نیە لە کڕۆنا دەرباز بووین، ئیتر ئەم غەزەبە لە کوێوە هات؟!

لە بەر خۆمەوە دەیڵێمەوە: “ئەم غەزەبە لە کوێوە هات!؟”

ئارام جل و بەرگەکەم دەگۆڕم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم وادیارە شەڕ قەت کۆتایی نایەت.

پێش ئەوەی بگەمەوە ماڵ، لە چایخانەیەک لادەدەم و داوای چایەک دەکەم،… جگەرەیەکیشی بۆ دادەگیرسێنم. کەسێک لە مێزەکەی تەنیشتمەوە دەڵێ:

ـ دووکەڵێکی خەست و رەش ئاسمانی ئۆکراینی داگرتووە… لە تەلەفزیۆن بینیم.

بە تەنیشتی چەپمدا دوو لاوی چاویلکە لە چاو دانیشتوون و، لە کاتێکدا یەکیان رۆژنامەیەکی بەدەستەوەیە بە گەرمی باسی شەڕەکە دەکەن. یەکیان دەڵێ:

ـ کاکە گاڵتە نیە،… وەک دەزانی لە هەر سەدەیەکدا چەند شەڕی گەورە روویداوە، بۆ وێنە لە سەدەی نۆزدە شەڕەکانی ناپلئۆن و هەروەها شەڕی فەڕەنسە و ئاڵمان، لە سەدەی بیست دوویش شەڕی گەورەی جیهانی کە تیایا بە دەیان میلیۆن مرۆڤ کوژران،… ئیستایش سەدەی بیست و یەکە و نۆرەی شەڕی ترە، ئەمجارەیش شەڕی نێوان روس و رۆژئاوا،… ئەیچۆن ئاوایە! دونیا بە بێ شەڕ نابێ،… لە هەر سەدەیەکدا دەبێ یەک دوو کارەساتی گەورە لە ناو زلهێزەکاندا رووبدات، ئیتر باسی بچووکەکانیان ناکەم!

ئەوی تریان عەینەکەکەی بە قامکی ئیشارەی هەڵدەکێشێ و، دەڵێ:

ـ نا وانیە، چەکی ئەتۆم ناهێڵێ ببێ بە شەڕی ناو زلهێزەکان، لە ترسی تیاچوون ناوێرن.

هاوڕێکەی دەستبەجێ دەپەڕێتە ناو قسەکەیەوە و، دەڵێ:

ـ هەزار چەکی ئەتۆمیش بەری پێ ناگرێ. وەک وتم رۆحی شەڕ بە هەر سەد ساڵ جارێک یان دوو جار دونیا دادەگرێ و، دەبێ بە هۆی کارەساتی گەورە. ئەمجارەیش باس باسی ئەتۆمە، باسی تیشکە کوشندەکانی. دەبێ لە بیری خۆماندا بین.

لەبەر خۆمەوە دەیڵێمەوە: “دەبێ لە بیری خۆماندا بین!”

پووڵی چاییەکە دەدەم و، لە چایخانەکە وەدەر دەکەوم. دێتەوە بیرم کە جارێکیان لە یەکێک لە هاوڕێکانم شتێکم بیستبووە.

لە سەر رێگای ماڵەوە، لە دووکانێک لادەدەم. لەگەڵ ئەوەی دەبینم قیمەتی پەتاتە یەکجار هەڵکشاوە، بەڵام تایەکی دە کیلۆیی دەکڕم. دەیدەم بە شانمدا و بەرەو ماڵەوە بەڕێ دەکەومەوە.

خاکەنازەکە دێنم و لە حەوشەی پشتەوە، بەو ئێوارە درەنگانە بە دوور لە چاوی دراوسێکان، ئەوانەی وا بە سەر حەوشەکەمدا دەڕوانن، چاڵێک هەڵدەکەنم و هێڕەلماسییەکانی تیا دەشارمەوە.

لە بیرمە هاوڕێکەم دەیگوت پەتاتە بوو لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا روسەکانی لە برسیەتی رزگار کرد. نازانم هاوڕێکەم ئەم زانیارییەی لە کوێوە هێنابوو، بەڵام دڵنیام راستە! لەبەر خۆمەوە بە خۆم دەڵێم ئەگەر تیشکە ئەتۆمییەکان نەیانکوشتم، ئەوا بە پەتاتە سێهەم شەڕی جیهان تێپەڕدەکەم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.