فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سروشتیش ئازادی تاک بەرتەسک دەکاتەوە

کات 25/01/1401 66 بازدید

سروشتیش ئازادی تاک بەرتەسک دەکاتەوە

فیلسووفە لیبرالیستەکان هەمیشە پێداگرییان لەسەر ئازادیی تاکەکەس کردووە و، لایان وابووە تاکەکەس و ئازادییەکانی بەردی بناخەی چەمکی گرینگی ئازادین. لیبرالیسم کە بە هاتنی سیستمی کاپیتالیزم سەرهەڵدەدا و خۆی لە تیۆری بیرمەندانی وەک جان لاکدا دەبینێتەوە، راپەڕینێک بوو لە بەرامبەر بیرۆکەی سەردەمی پێش خۆی کە تاکی لە چوارچێوەی سیستمە کۆ و گشتییەکاندا پێناسەدەکرد. لە راستیدا بۆ دەربازبوون لە فیودالیزم، نیاز بە تیۆر و روانینێک بوو تا تایبەتمەندییە سەرخانییەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتی هاوکات لەگەڵ بناخە ئابوورییەکانی هەڵتەکێنێ و موژدەی سەردەمێکی نوێ لەگەڵ خۆی بهێنێ.

بەڵام جۆری روانینی لیبرالیستەکان بۆ ئازادی زیاتر لە سەر ‘ئازادی نەرێنێ’ واتە ئازادی نگەتیڤ راوەستاوە کە تێیدا پێ لەسەر نەبوونی بەربەستی دەرەکی لەسەر ئازادییەکان دەکا و بڕوای وایە ئەگەریش بەربەستێک هەبێ ئەوا ئازادیی تاکێکی ترە. واتە ئازادیی تاک لەو شوێنەی تەواودەبێ وا سنووری ئازادیی کەسێکی دیکە دەست پێدەکا.

ئەم شێوە روانینە لە ئازادی هەڵبەت هەمیشە رەخنەی لێ گیراوە و، یانخود پێناسەکەی پەرە پێدراوە. هاتنە ئارای ‘ئازادیی نەرێنی’ یاخود ئازادیی پوزەتیڤ، یان جۆری رەخنەی هیگڵ لە بنەما تیۆرییەکانی ئازادیی لیبراڵی ئەو نموونانەن وا دوواتر دەیانبینین.

یەکیکی تر لەو فیلسوفانەی وا لەسەر چەمکی ئازادیی تاک دەدوێ، فیلسووفی ئاڵمانی ـ ئامریکاییە بە ناوی ‘هانس یوناس’. لای ئەم بیرمەندە ئەوە تەنیا ئازادیی ئەوی تر نیە وا ئازادیی تاک بەرتەسک دەکاتەوە، بەڵکو سروشتیش ئازادیی تاک بەرتەسک دەکاتەوە. ئەمەیش لەبەر ئەوە نیە کە وێرانیکردن و داڕمانی سروشت ئێمەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەخاتە بەر کاریگەریی خۆیەوە و مەترسی لە سەر ژیان و بوونمان دروستدەکا، بەڵکو لەبەر ئەوەی چەمکی ئازادی لە ئاستێکدا لە بوونەوەرەکانی تر، بەتایبەت ئەوانەی وا زیندوون و لە گەڵ ژینگەی خۆیان لە پێوەندێکی میتابولیستیدان، دەستدەکەوێ (وەک ئاژەڵ و رووەک). لە لای ئەم بیرمەندە لەبەر ئەوەی ژیانی مرۆڤ پێوەندیی بە سروشتەوە هەیە، ئەوا ئازادیی ئێمە رێک لە بەستێنێکی سروشتیدا روو دەدا کە تێیدا ئەویش خاوەن ئازادیی خۆی لە ئاستێکدا هەیە، ئاستێک کە مرۆڤ دەبێ رێزی بگرێ و وێرانی نەکا. بە واتایەکی تر وەک چۆن هەبوون و سنوری ئازادیی من (وەک تاک) ئازادیی تاک یان تاکەکانی تر دیاری دەکا، هەر بەو شێوازە ئازادیی بوونەوەرەکانی تری ناو سروشت سنورێکە بۆ ئەوەی چەمکی ئازادیی تاکەکەسی من ببێتە خاوەن مانا.

لێرەوە بەو ئاکامە دەگەین کە سروشت لەگەڵ ئەوەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵام بەقەدەر ئەم ژینگەیە گرینگی پەیدادەکا و وشیاردەبێتەوە تەنیا تاکێکی ناو کۆمەڵگا نیە، بەڵکو تاکێکیشە لە ناو پانتایی سروشت کە خاوەن رۆڵ و مانای تایبەتە لە پێناسەکردنی دیاردە کلتورییەکانیدا.

کەواتە دانپیانان بە تاکی تر و بە سروشت، ئەو بناخەیەن کە ئازادیی ئێمە وەک تاک تیایانە سەرهەڵدەدا و بۆیە دەبێ رێزیان بگیردرێ. لێرەوە مرۆڤ و سروشت بەرجەستەدەبنەوە و، قۆناخێک ئێمە بەرەو ئەو بۆچوونە نزیکتر دەخەنەوە کە ئازادی چەمکێکە وابەستە بە ژینگەی سروشتی و ژینگەی کۆمەڵایەتی.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.