فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چرپه

کات 28/03/1401 197 بازدید

چرپە

رێژوان لەشفرۆشە و، بە هۆی دۆخی تازەی دونیاوە زۆر زیاتر لە جاران شانازی بەم کارەوە دەکات. خۆی بەمە ناڵێ لەشفرۆشی. ناوی تری بۆی هەیە. وێنەی ژنە رووتەکانی پشت ویترینەکانی کۆڵانەکانی ئامستردام (کە لە ئینتەرنێت دەریهێناون) پیشاندەدا و، دەڵێ لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەمە پیشەیە و تەنیا لای ئێمەیە بە سووکی سەیری دەکەن. رێژوان دڵنیایە لێرەیش ئەم کارە بەرەبەرە وەک پیشە جێ دەگرێ و خەڵکی چیتر وەک جاران لێیان ڕوانن. تەنانەت لای وایە ئەوەندەی نەماوە وشەی پڕ لە سوکایەتیی ‘لەشفرۆش’یش بۆ هەمیشە لە زەینی خەڵکیدا بسڕدرێتەوە و لە کەسی وەک ئەوەیش وەک کارمەند بڕوانن. رێژوان بە دەنگێکی نەوی، بەڵام مەحکەمەوە دەڵێ جەستە بایەخی ئەوەی نەماوە کەسایەتی لەسەر بونیات بنرێ. کەس بە هۆی جەستەیەوە نە بووە بە خاوەن کەسایەتی و نە سووک و سەلیمیش بووە.

وەک بۆ خۆی دەڵێت بە هۆی کارەکەیەوە توانیوویەتی، جگە لە دابینکردنی ژیان، رەگەزی پیاوانیش بە جوانی بناسێت،… هەر لە پیاوە ئاساییەکانەوە بگرە هەتا پیاوە سیاسییەکان. واتە ئەو کەسانەی وا باس لە کۆمەڵگایەکی باشتر دەکەن و لەم پێناوەیشدا گیراون و دەربەدەریش بوونە. بۆیە ئەو چیتر وەک ژنانی تری شار لێیان ناترسێت. پێدەکەنێ و دەڵێ لە پیاو داماوتر لە دونیادا دەست ناکەوێ. دەڵێ بە هۆی جادوویەکی سەیرەوە کە دەیزانێ دەتوانێ وەک مێو نەرمیان بکا و هەرچی پێی خۆشە پێیان بکات. جگە لەمە هیچ پیاوێک لای ئەو تەقەدوسی نەماوە. تازە تەقەدوسی چی و تەڕەماشی چی، کاتێک هەموویان لەو کاتەدا لە یەک دەچن. بەتایبەت تڕ زلەکانیان!

رێژوان هەموو پیاوە دڵشکاو و بێتاقەتەکانی شار دەناسێ، دەزانێ کامیان فڵانە شەو ژنەکەی لە ناو جێگادا پشتی تێکردووە و رووی نەداوەتێ، کامەیان بە دڵی خۆی ژنی نەهێناوە، کامیان لە حەسرەتی بەدی نەهاتنی خەونە گەورەکانی لە دووای خواردنەوەی بتڵێک ئارەق لە دەرگای داوە و کامەشیان وەها لە گڕی هەوەسی خۆیدا سووتاوە کە بە هیچ ئاوێکی تر جگە لە ئاوی لەشی ئەو نەکوژاوەتەوە. لای ئەو لە پیاو گوناحتر لە دونیادا دەستناکەوێ، دەڵێ هەتا بڵێی گوڕەگوڕیان زۆرە و کەچی کاتێک حەزیان لە ناوگەڵ و سەروسینگی ژنانە وەها داماو و دەستەوئەژنو دەبن کە پێت سەیرە.

لەم رۆژانەدا کە دونیا زیاتر لە هەر کاتێکی تر شڵەژاوە و روسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین، رێژوان حەسرەتی ئەوە دایگرتووە کە داخۆ بۆچی لە ژیانیدا ئەو پیاوانەی تاقی نەکردووتەوە وا بڕیاری شەڕە گەورەکان دەدەن. رێژوان دڵنیایە گەر پوتین تەنیا یەک شەو سەردانی ئەمی بکردایە و بۆ رۆژی دوواتر هەڵاتنی رۆژی لە پەنجەرەکەی ئەوەوە ببینیایە ئەوا قەت بڕیاری ئەو شەڕە گەورە و پڕ لە مەترسییەی دەرنەدەکرد. ئیتر نە دونیا بە تووش مەترسیی شەڕی ئەتۆمەوە دەبوو و، نە ئەوەندەیش نرخی شمەک و خواردن و نەوت بەرزدەبووەوە کە هەندێ کەس باس لە قات و قڕی بکەن.

رێژوان لە گەڵ ئەوەی پوتینی نەدیوە، بەڵام بە تەواوی دڵنیایە کە پیاوە بە دەسەڵاتە سوورەکەی کرێملین کێشەی لە گەڵ ژنەکەی هەیە. دەڵێ بە گوێرەی ئەزموونی خۆی دەزانێ کە ئەو پیاوانەی وا زۆر لە لایەن ژنەکانیانەوە قنیان تێدەکرێ وەها توند و تیژ دەبن کە بە کەس راگیر ناکرێن. جا گەر کەسێکی وەها خاوەن دەسەڵاتیش بێت و دووهەمین هێزی سەربازیی دونیایشی لەبەر دەستدا بێت ئیتر هەر هیچ و ئا! داخۆ دەبێ چ کارەساتێک چاوەڕوانی دونیا بێت!

کەس نازانێ رێژوان تا چەندە راست دەکا. بەڵام لەبەر ئەوەی شت هەر دێ گران و گرانتر دەبێ و ئەوەی رێگاچارەیشە بۆ راوەستانی شەڕ تاقی کراوەتەوەو فایدەی نەبووە، پێشنیاری ئەوە دەدەن بە قسەی بکەن و هەر چۆنێک بێت بینێرنە لای پوتین. ئەگەر نە ئابڵۆقە و نە یارمەتیی چەک و چۆڵی رۆژئاوا بە سوپای ئۆکراین نەیتوانیوە چۆک بە پۆتین دابدا، وا باشە دەوڵەت بێتە سەر رای خەڵکی و پاسپۆرت بدەن بە رێژوان و بلیتی تەیارەی بۆ بکڕن و دەمەودەست بینێرن بۆ مۆسکۆ. هەموو دڵنیان کە سوورەی کرێملین تەنیا بە رێژوان دەستەمۆ دەکرێ و بەس.

بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە رێژوان، ئەگەرچی حەزی بەم سەفەرە دەگمەنەیە، بەڵام پێی وایە ئەمە شکاندنی یاسای چەند ساڵەی لەشفرۆشەکانە، ئەو یاسایەی تیایا ئەوە پیاوە تامەزرۆ و بێتاقەتەکانن روودەکەنە سۆزانییەکان، نەک بە پێچەوانەوە. بۆیە داوادەکا پوتین لە مۆسکۆوە سواری تەیارە بێت و روو لە ماڵەکەی ئەو بکا! شتێک کە جێ بە جێ کردنی مەحاڵە.

پلانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە هەتا خۆبەدەستەوەدانی پاشماوەی سەربازەکانی ئۆکراین لە ئازۆفستاڵی شاری گرینگی ماریۆپۆل. وای لێک دەدەنەوە کە رەنگە بە هۆی ئەم سەرکەوتنە مەزنەوە ئیستا هەم حاڵ و هەوای رێژوان جۆرێکی تر بێت و هم پوتینیش دەست و دڵ بازتر بێت. بۆیە روودەکەنەوە رێژوان و داوای لێدەکەن وەک لەشفرۆشێکی هەنووکە و کارمەندێکی داهاتوو ئەم پیاوەتییە بکات و بە رۆیشتنی خۆی بۆ مۆسکۆ مەترسیی گەورەی شەڕی سێهەمی جیهان لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکاتەوە. ئەمجارە رێژوان دڵی بە خەڵکەکە دەسووتێ و بە سەفەرەکەی رازی دەبێ.

ئەو رۆژەی دەچێ بۆ فڕۆکەخانە، کاربەدەستان تازە تێدەگەن کە بەڕاستی بە چ ناوێکەوە ئەم ژنە خۆبەخشە بەڕێ بکەن. مقۆمقۆ دەکەوێتە ناویانەوە. یەکیان دەڵێ بە ناوی سەرۆکی وڵاتەوە بەڕێی دەکەین. دەڵێ لە رۆژنامەکاندا دەنووسین سەرۆکی پیشوو مردووە و ئیستا سەرۆکی تازە لە یەکەم سەفەریدا دەیەوێ بە کارێکی گەورە کە رزگارکردنی جیهان هەستێ و داوا لە پۆتین بکا کە ئاگری شەڕ بکوژێنێتەوە.

سەرئەنجام لە دووی چەند رۆژ رێژوان بەرێ دەکەوێ و دەگاتە فڕۆکەخانەی مۆسکۆ. زستانە و هەوا زۆر ساردە و رەشەبایەکی توند شێتانە لە دونیا ئاڵاوە. وەزیری دەرەوەی روسیا، لاورۆڤ پێشوازی لێ دەکا و دەستبەجێ بە سەیارەیەکی کەشخەی رەش دەیگەیەنێتە کرێملین. رێژوان تا توانیوویەتی باشترین مەکیاژی کردووە و رازاوەترین جل و بەرگی لە بەر کردووە. قژی پەرێشانی بە سەر مەمکە خڕ و تۆکمەکانی دا کە بە هۆی مەمکدانێکی بچووک و تەنگەوە دەرپەڕیون، بەرداوەتەوە. چاوەکانیشی ئەوەندە خومارن کە هیچ پیاوێک ناتوانێ خۆی لە بەریا راگرێ و خولیای ناو جێگایەکی خێرا لە دڵ و دەروونی دا خێرا سەرهەڵنەدا.

کاتێک دەگەنە کرێملین، بە ناو داڵان و ژوورە گەورە و دوورودرێژە دەگمەنەکاندا دەیبەن و، سەرئەنجام دەگەنە ژوورێکی یەکجار کەشخە و خۆش کە مێزێکی شەش میتری تیایە بە دوو کورسی لەم سەراوسەریدا. پیاوێکی ئیسکۆرت کە لە دووای رۆیشتنی لاورۆڤ بەرپرسایەتییەکەی وەرگرتووە لە تەنیشت کورسیی دەستی راستدا رایدەگرێ و دەڵێ راوەستە تا سەرۆک دێت. ئەوەندەی پێناچێ پوتین دێتە ناو هۆڵە گەورەکە و دەچێتە لای کورسییەکەی دەستی چەپ کە شەش میتر لە رێژوان دوورە دادەنیشێ و بە دەست ئاماژە بە میوانەکەیە دەکا کە ئەویش پاڵی لێبداتەوە. رێژوان دادەنیشێ و ئەوجا موتەرجمێک دێنن.

پوتین لە دووای بەخێرهاتن، باسی شەڕی ئۆکراین و هۆکارەکانی دەکا. ئەوەیکە روسیا ناچار بووە هێرش بەرێتە سەر ئەو وڵاتە لەبەر ئەوەی فاشیزم سەری هەڵداوە، ئامریکاییەکان هێزی شاراوەی سەربازییان لەوێیە و خەریکی دروستکردنی چەکی شیمیایین و ناتۆ ملهۆڕی لە روسیا دەکا و بە بێ گوێدان بە بەڵێنەکانی پێشووی خۆی هەتا دێت زیاتر لێیان دێتە پێشەوە و شتی لەم بابەتە. رێژوان کە سەری تەقەی دێت، هەوڵدەدا لەو مەودای شەش میترییەوە کە هیچ بە دڵی نیە و دەبێتە هۆی دەرنەکەوتنی جوانییەکانی لەشی مەڕمەڕینی، چاوی زیاتر خومار بکا و خۆی وەها قنج بکاتەوە بۆ ئەوەی سینگ و مەمکی باشتر دەرکەوێ. بەڵام وادیارە پوتین چاوی لەمە نیە و، غەرقی قسەکانی خۆی تەنیا باس لە مەزنیی روسیا دەکا. رێژوان بە ئەزموونی ژنانەی خۆی دەستبەجێ تیدەگا کە ئەو پیاوەی وا شەش میتر دوورتر لێی و لە بەرامبەریدا دانیشتووە، لە پیاوی تر ناچێ و بە چاوە تێر و نیگا تیژ و وردەکانییەوە ئەوەی بیری لێناکاتەوە چاوە خومارەکانی رێژوان و سینگ و مەمکییەتی.

سەرئەنجام لە دووای یەک کاتژمێر، کۆبوونەوەکە تەواو دەبێت و رێژوان ئەو شەوە لە کرێملین دەخەوێ. بۆ سبەی بە هەمان فڕۆکە بەەرەو وڵاتی خۆی بەڕێی دەکەنەوە.

خەڵکی و حکومەت کە لە گەڕانەوەی رێژوان یەکجار خۆشحالن و، لایان وایە توانیوویەتی کارێکی مەزن بکا و بۆ هەمیشە کۆتایی بە شەڕ بێنێ، بە مەبەستی دیدار و گوێگرتن لە قسەکانی هوروژمی بۆ دەبەن. بەڵام رێژوان لە دووای گەڕانەوەی تا یەک مانگ ئامادە نابێ کەس ببینێ. ئەو کە حسێب و کتێبەکانی لێ تێک چووە و پێی وانەبوو ئەمەی بەسەر بێت، لەگەڵ ئەوەی دەزانێ پووتین ژن و منداڵی هەیە و جگە لەمە خاوەن دنکە و وەرزشوانێکی چاکیشە، بەڵام دڵنیایە رێک لەو رۆژەوە بڕیاری شەڕی ئۆکراینی دەرکردووە، یەعنی بە چەند کاتژمێریک پێشی ئەم بڕیارە، خەساندوویانە.

ئەو تەواو لەو راستییە دڵنیایە کە هەموو ئەو پیاوانەی شەڕە گەورەکانیان هەڵگیرساندووە لە مێژە بە هۆی کارەساتی خەساندنەوە هیچ هەستێکیان بۆ ئافرەت نەماوە. دەڵێ کە هەستیش بۆ ئافرەت نەما ئەوا بۆ ژیان و بۆ داهاتووی مرۆڤیش هیچ هەستێک نامێنێ.

بزەیەکی خوار و تاڵ دەنیشێتە سەر لێوەکانی و، لە بەر خۆیەوە دەچرپێنێ چاوەڕوانی شەڕی سێهەمی جیهان بن!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.