فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

داوا

کات 16/04/1401 228 بازدید

داوا

ساڵی ١٣۶٠، کوتەکاغەزێکی خستە مشتم و، وتی رایگرە تا ساڵی ١۴٠٠. واتە چل ساڵی تر. ویستم بیکەمەوە. وتی نا، رایگرە تا ئەو کات. وتی شیعرێکە و رێک ئەو ساڵە بڵاوی بکەوە.

هەر ئەو ساڵە بوو یان ساڵی دوواتر، نازانم،… هاورێکەم مرد. رۆژێکی هاوین بوو. رۆژێکی گەرم و لێوالێوی تیشکی هەتاو لە مانگی گەلاوێژدا. کاتژمێر چارەک بۆ سێی دووانیوەڕۆ بوو، بایەکی لەنەکاو و قایم هەڵیکرد و لە ماوەیەکی کورتدا کردی بە گەردەلوولێکی وەها نەبێتەوە. دونیا لەبەر تەپ و تۆز دیار نەما. دوواتر کردی بە ئاگر. هەرچی گیاوگوڵ و درەخت بوو، سووتاندی. ئێمە کە لە بەر تەپ و تۆز خۆمان بە ژوورەوەدا کردبوو، هیچمان لێنەهات؛ تەنیا ئەو بوو دوواتر نەما. وەک دەیانگوت ئاگر لە گەڵ خۆی بردبووی.

من شیعرەکەم هێشتا لە مشتدا بوو، کە هەواڵەکەم بیست. لەگەڵ ئەوەی بێتاقەتی و خەمێکی قووڵ دامیگرت، بەڵام کاغەزەکەم کە ئیستاکە تەواو گرمۆڵە و چرچ ببوو، نەکردەوە. باشتر بڵێم شیعرەکەم نەکردەوە. لەبەر خۆمەوە گوتم چل یاخود سی و نۆ ساڵی ماوە،… گەر درۆ نەکەم.

راستی بۆ وتبووی رێک چل ساڵی تر!؟ لە کوێ دەیزانی خۆی دەمرێ و منیش چلی تر دەژیم؟ سەیر نیە؟ بێگومان سەیرە. لەبەر ئاوێنەکەدا لە خۆم دەڕوانم. بنیادەمێکم سادە وەک هەموو ئەوانی تر. شتێکی تایبەت و شاز لە روخسار و لە جەستەمدا نابینم کە من لە خەڵکی جیابکاتەوە.

کوتە کاغزەکە لەسەر تاقەکە دادەنێم. ئەو تاقەی بەرزە و جگە لە خۆم کەس دەستی نایگاتێ. ئەگەرچی کەسیشی لێ نیە تا دەستی بیگاتێ! بە درێژایی ساڵان لەوێ دەمێنێتەوە. ئاگام لێیە رەنگی هەڵدەبزرکێ و، زەرد دەبێ. لەبەر خۆمەوە دەڵێم دەبوایە جوان قەدم کردایە و ئەوجا هەڵمبگرتایە. بەڵام ئەو وەها دایە دەستم. منیش نامەوێ حەزی ئەو تێک بدەم. وەهای دامێ و وەهایش دەبێ بمێنێتەوە… تا چل ساڵی تر.

چل ساڵ! وای کە تەمەنێکی زۆرە. نابڕێتەوە. خوا دەزانێ بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە چی روودەدات. بێگومان تا ئەو کات سەرو ریشم سپی دەبێ و، گەشی دەموچاویشم نامێنێ. پیرەمێردێک! هە هە هە… پێدەکەنم. نا، هێشتا زۆری ماوە. نابێ بیری لێ بکەمەوە.

جاری وایە دێتەوە خەوم و، هەواڵی شیعرەکەم لێ دەپرسێتەوە. کە دێتەوە لە ناو ئاگر و دووکەڵ و تەپوتۆزدا دێتەوە. بە بێ ئەوەی تۆز و دووکەڵ و ئاگر چییە لە تالە قژێکیشی نیشتبێ. بە خۆم دەڵێم رەنگە لەبەر ئەمە زوو مرد، نەیویست دووکەڵ و تۆز و گڕی تەمەن لێی بنیشێت. منیش دەڵێم نانا لەبیرمە، مەترسە لەسەر وەعدی خۆمم. ئەوسا هەر بەو شێوازە ون دەبێتەوە.

نیوەشەوان کاتێک گڵۆپەکە دەکوژێنمەوە، شیعرەکە وەک تۆپەڵە گڕی لێدێ. دەئایسێ. تا خەو دەمباتەوە، لێی دەڕوانم. وەک مردنەکەی ئەو، نازانم کەی خەو دەمباتەوە. شەو خەو بە شیعرێکەوە دەبینم. چەند خۆشە. جوان جوان لەبەری دەکەم. بە خۆم دەڵێم کە لە خەو هەستام، دەستبەجێ دەینووسمەوە. دڵنیام هەر هەمان شیعرە. کەچی کاتێک بەیانی بە ئاگادێم، تەنیا سەرئێشەیەکی خراپم بۆ ماوەتەوە. لە ناو جێگاکەدا ماوەیەکی چاک گێنگڵ دەدەم و، ئەوجا هەڵدەستم.

ساڵەکان تێدەپەڕن. زۆر شت روودەدەن. بە ناو چەند شەڕ کە ساڵانی ساڵ درێژەیان دەبێ، تێدەپەڕم؛ هەروەها بەناو دوو شۆڕشی گەورەدا کە لە راستیدا شەڕەکان ئاکامی ئەوانن. زۆر سەیرە،… هەر دەژیم. لەگەڵ ئەوەی زۆر کەس تیادەچن، کەچی من دەمێنمەوە. لەبەر خۆمەوە دەیگێڕمەوە بۆ موعجیزەی شیعرەکە. بۆ داوای هاوڕێکەم. بە خۆم دەڵێم نەکا ئەمە شیعر نیە و نوشتەیە، یان رەنگە تەنیا بیانوویەکە بۆ ئەوەی من لە رووداوە ترسناکەکان دەربازبم و وەعدەکەم بگەیەنمە جێ؟! نازانم. نەکا رێک ساڵی ١۴٠٠، لە دووای بڵاوکردنەوەی شیعرەکە بمرم؟ پەڕۆیەکی بەسەردا دەدەم و هەتا چەند مانگ نامەوێ چاوم لێی بێت. ئەگەرچی دەزانم پەڕۆ ناتوانێ بۆ هەمیشە بزری بکا.

جاری وایە گومان رووم تێدەکا و، لە خۆم دەپرسم راستی بۆ من دەبێ بە داوایەکی وەهاوە کە هیچ گرینگیەکی تایبەتی نیە زەینم مەشغوڵ بێت؟ ئەوسا بیر لە هاوڕێکەم دەکەمەوە. دێتەوە بیرم چەند بەینمان خۆش بوو و، چەند بەڵێنمان دابوو هاورێی گیانی بە گیانی بین. راستی هاوڕێیەک کە دەمرێ مافی ئەوەی هەیە بۆ چل ساڵ ئەو هاوڕێیەی وا نامرێ و لە ژیاندا دەمێنێتەوە بە داوایەکی خۆیەوە سەرقاڵ بکا؟ بە خۆم دەڵێم شیعرەکە لە سەر منە. باس لە وەفا و خۆشەویستیی دوو هاوڕێی راستەقینەیە. دەزانم باشترین وەفایش، وەفای پاش مەرگە. ئەوەی کە شتێک هەیە مانا بە ژیانم دەدا و ساڵەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و دەیانکا بە تەسبێحێکی قەزوانی دنک پێکەوە گرێدراو، خۆشحاڵم دەکا. ئەوەیکە من دەتوانم تا چل ساڵ بەرەو دووا بگەڕێمەوە و، هەست بە پێوەندێکی توند و تۆڵ بکەم، خەنیم. دەڵێی جەستە و بوونێکی پەرتەوازە و لێک و لەخۆ دابڕاو نیم. لەبەر خۆمەوە دەڵێم هەموو کەس وەها بەختێکی نیە.

خراپی کات ئەوەیە کەمەکەمە بیرەوەرییەکان دەکاڵێنەوە. لە بیرتە، بەڵام هەمان نیە. وەک شەپۆلێک کە تا لە قەراغ نزیک دەکەوێتەوە بچووک و بچووکتر دەبێتەوە و دوواتر لە ناو زیخ و لم دا ون دەبێ. من هاوڕێکەم زۆر باش نایەتەوە زەین. یەعنی دێتەوە، بەڵام زیاتر لە سێبەرێک دەکا تا پەیکەرێک. دەبێ زۆر بیری لێ بکەمەوە تا وەک جارانی لێ بکەمەوە. جاری وایشە بێسوودە. تەنانەت رووانینی کوتەکاغەزەکەیش هیچ یارمەتییەک نادا. بگرە گەردەلووی تۆز و ئاگریش بێسوودە. کاتێکیش دێتەوە خەوم، وەک جاران نیە. دەڵێی هەموو شتێک مەیلی بەرەو سێبەربوونی هەیە. نا، خودی بە سێبەربوون. تارماییەکان تەنیا شتێکن کە لە زەینی ئێمەدا دەمێننەوە. ئاە، چەند حەزم بە خوێندنەوەی شیعرێکە!

سەیرە، وەک ئەوەی دەبێ وا هاوڕێکەم حەزی لێبوو. من دەژیم. ساڵەکان تێدەپەڕن و من ماوم. ئەوەی لەبەر چاومدا زۆر دوور دەینواند، دەبێ بە چرکەیەک. ئیستا دەزانم کە مێشک ناتوانێ زەمەن بە درێژایی خۆی لە خۆیدا راگرێ. چڕی دەکاتەوە و دەیکا بە چەند رووداو،… رێک وەک خەوبینین. تەنانەت کوتەکاغەزەکەیش یارەمەتیم نادا. بگرە هەستدەکەم دەبێ بە هەموو ساڵەکان. ژیانی من لە سەر تاقچەکەیە. گرمۆڵە و بێدەنگ بە تەمای ساڵێک لە ساڵەکانی ژیان… ساڵی ١۴٠٠.

تەلەفۆنەکە زەنگ لێدەدا. دایکم دەڵێ ساڵی ١٣۶٩ کە باوەگەورە مرد، چووی بۆ لای؟ ئیستا ساڵی ١٣٨۵ە و، لام سەیرە دایکم ئەم پرسیارەدەکا. لەبەر خۆمەوە دەڵێم بێگومان تێکچووە! ئەوسا دێتەوە بیرم دایکم ساڵی ١٣٨٠، مردووە. بە تەعەجووبەوە لە تەلەفۆنەکە دەروانم. بێگومان کەسێکە و بە ناوی دایکمەوە دەیەوێ گاڵتەم لەگەڵ بکا. ئەو گاڵتەیەی کە دەنگەکەی هەر وەک دەنگی دایکم بوو. بەڵام چ گاڵتەیەکی بێتام! مەگەر دەکرێ شۆخی بە مەرگی نزیکترین کەسەکانت بکرێ؟

ئەی بۆ ناکرێ! ژیان شوێنی ریالیزمی جادووییە. وانیە؟

هەتاو شێتانە چەند جارێکی تر بە دەوری شاردا دەخولێتەوە و، مانگیش چەند جارێکی تر لە قووڵایی ئاسمان لاسایی هەتاو دەکاتەوە و کتوپڕ رۆژێک لە خەو هەڵدەستم و رادوێ دەڵێ ساڵی ١۴٠٠ە! لەبەر خۆمەوە دەڵێم پەح کە ئەم دونیایە پڕیە لە کەرەپیاو!

بەڵام تا ئێوارە ناچارم قەبووڵی بکەم کە نا، راستە و رێک ئەو ساڵەیە وا هاورێکەم دەیگوت هەتا ئەوێ شێعرەکەی تیا راگرم و بڵاوی بکەمەوە. هەستام و بەپەلە چووم کوتەکاغەزەکەم لە تاقچەکە داگرت.

هەر کە دەستم دایە، بەشێکی هەڵوەری. بە دەم رووانینی بەشەکەی تریشەوە بە خۆم گوت دەی باشە ئیستا چی لێبکەم؟ بەڕاستی چیم لێکردایە! لە کوێ و چۆن بڵاوم بکردایەوە؟ ئەو هیچی لەم بارەیەوە نەگوتبوو.

ئەوەی مابووەوە شیعرێکی نیوەهەڵوەریو بوو. بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆی نەسووتێ لە کوتەکاغەزێکدا دابوویە دەستم. بڕیارمدا هەر چۆنێک بووە بیکەمەوە. ورد ورد خەریکی بووم.

کە کردمەوە، لەبەر رووناکایی مانگی نیوە، کاتژمێر دووی نیوەشەو بوو. هاورێکەم بوو لە کوتەکاغزەکەوە هاتەدەرەوە. ئەو هاورێیەی قاچێکی نەبوو و بە چێوشەق دەڕۆیشت. ئەو هاوڕێیەی هێشتا بۆنی ئاگری دەدا. بۆنی تۆز و دووکەڵیش.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *