فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لارێ’ی لاری

کات 23/07/1401 454 بازدید

‘لارێ’ی لاری

عەتا، قوڵە و باڵاکورت بوو، بەڵام خاوەن سەرێکی زل و ملێکی پان بوو. سەر و ملی ئەوەندە زل و پان بوون کە دادەنیشت لە پاڵەوانی دەکرد، کە هەڵیشدەستایە سەر پێ ئیتر رازەکەی دەردەکەوت و دەبووەوە بە هەمان قوڵەی جاران.

بەڵام بۆ خۆی خەفەتی بەمە نەدەخوارد. عەتا قوڵە، کە جاری وایش بوو پێیان دەگوت عەتا مل پان، خاوەنی کەڵەشێرێکی لاری بوو کە لە وڵاتدا بۆ ئازایەتی دەنگی دابووەوە. کەڵەشێرەکەی، بە پێچەوانەی خۆی، یەکی زلی باڵابەرزی مل درێژی سینگ پان بوو کە کاتێک دەیقووقاند وەک تێڵا راست دەبووەوە و، ئەوەندەی تر باڵای دەکشا. لەم کاتانەدا کلکی مەیلەوڕەشی لە عەرز دەخشا و پۆپنەکەیشی بەرز تا کەشکەڵانی ئاسمان. ئەوسا دەنگێکی گڕی ناحەز و پچڕپچڕ لە قوڕگی دەهاتەدەر کە دەڵێی لە گەروویەکی پڕ لە گڕەبەردەوە دەگوزەرا و رێگای خۆی دەکردەوە.

لارییەکەی عەتا قوڵە، لە شار کەڵەشێر نەبوو نەیبەزاندبێ. هەموویانی شەق و شڕ کردبوو. پیاوی دەویست خۆی لەبەر رابگرێ. لە کاتێکدا ‘لارێ’ی لە باوەشدا بوو (ئەم ناوە بۆ خۆی لێی نابوو)، گەڕەکاو گەڕەک دەڕۆیشت و لە کەڵەشێری خەڵکی بەردەدا و پاشان ئەو پارەیەی وا لە سەری مەرجیان بەستبوو، دەیخنیە گیرفانی و بە بزەوە و بە شانازییەوە لارێی دەخستەوە بن باخەڵی و بەرەو ماڵەوە دەبووەوە. تەنانەت وای لێهات عەتا بۆ شەڕە کەڵەشێر دەچوو بۆ گوند و شارەکانی تر و لەوێیش دیسان بە سەربەرزی دەگەڕایەوە. راستییەکەی ئەوە بوو کەڵەشێرە لارییەکەی عەتا مل پان لە بۆکسۆڕەکانیش وەزعی باشتر بوو. ئاخر ئەوانەی یاریی مستەکۆڵەیان دەکرد، جاری وابوو دەیاندۆراند و، کەچی لارێی ئەو قەت نەیدۆڕاند. وای لێهات هەندێ لێی کەوتنە گومان و، لایان وابوو کە عەتا پێش لە هەندێ لە شەڕەکان بەرتیل دەداتە خاوەنی کەڵەبابەکانی تر! ئەگینا شتی وا چۆن دەبێ کە کەڵەشێرێکی حیز قەت لە ژیانیدا نەیدۆڕاندبێ! مەگەر شتی وا دەبێ!؟

بەڵام دەبێ! راستییەکەی ئەوە بوو عەتا قەت بەرتیل و مەرتیلی بە کەس نەدابوو. کەڵەشێرەکەیشی زۆر بێ منەتانە، هەموو جارێک لە مەیدان خۆی دەرخستبوو و رووی خاوەنەکەی سوورکردبوو.

لارێ ئەوەندە زل بوو کە کاتێک عەتا لە باوەشی دەگرت، تەواوی لاسەرووی لەشی دەتەنی و لە راستیدا تەنیا سەری عەتا بە دەرەوە دەبوو. سەری بەو دوو چاوە لە خۆڕازی و گەشانەوە کە دەڵێی هەموو دونیا هی ئەو بوو.

کەس لەم شارەدا بەقەد عەتا مل پان لە ژیانی خۆی رازی نەبوو.

هەڵبەت بەرەبەرە لارێ تەمەنی هەڵکشابوو و، گەنجیەتی جارانی نەمابوو،… هەرچەند بەردەوام بەگوڕ و بە تین بوو. زۆر جار کاتیک سەیری شەڕەکانیم دەکرد، بەو ئەنجامە دەگەیشتم کە لارێ ئیستاکە زیاتر لەوەی بە وزە شەڕ بکا، بە ئەقڵ و بە ئەزموون دەیکرد. بڕواناکەم هەڵەیش بم، ئەو کاتانەی بە خۆی دەدا و، هەڵەشەنەبوونی و لەمە زیاتر جۆری نیگاکانی بۆ سەر کەڵەشێرەکانی تر، رێک پێش ئەوەی شەڕەکە دەست پێبکا، هەموو سەلمێنەری ئەم راستییە بوون. لانیکەم لای من.

ژیان هەروا بەردەوام بوو و، عەتا قوڵە و کەڵەشێرە لارییەکەیشی خەریکی کۆڵانە و کۆڵان کردن و شەڕکردن. هەتا کتوپڕ بارودۆخی وڵات گۆڕاو و، ژیان رواڵەتێکی دیکەی بە خۆیەوە گرت. ئەو شەقامە ئارام و خۆش و بێدەنگەی کە رۆژانە خەڵک تیایا خەریکی کاسبی و هاتووچۆ بوون، لەنەکاو بوو بە مەیدانی جەماوەر و خۆپیشاندان و دروشمدان. نەک شارەکەی عەتا و لارێ، بەڵکو هەموو شارەکانی دیکەیش بەزمیان تێکەوتبوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە کاروکاسبییەکەی عەتا قۆرتی تێکەوێ و، وەک جاران نەمێنێ. خەڵک سەرنجیان چووبووە سەر شتی تر. جگە لەمە ئیستا هەندێ کەس پەیدا ببوون کە باسی مافی ئاژەڵان و کۆتایی هێنان بە بێڕەحمی مرۆڤیان سەبارەت بەوان دەکرد و دەیانگوت چیتر ئاژەڵ نابێ داردەستی دەستی مرۆڤ یاخود ئامرازی خۆشگوزەرانی ئەو بێت. ئەو قسانەی وا عەتا هەڕەی لە بڕەی نەدەکردەوە.

ئەمە بووە هۆی ئەوەی عەتا ماوەیەک دەست راگرێ و، راوەستێ بزانێ دونیا بە چ لایەکدا دەگەڕێ. جا بە دوور لە خەڵکی و لە هەراوهوریای خیابان و ویتەویتی سیاسەت و گرتن و کوشتن، زیاتر لە جاران دەستی کرد بە راگەیشتن بە کەڵەشێرەکەی. راستییەکەی ئەوە بوو کە تەمەنی لارێ لە پێنج لایدابوو و، عەتا بە ئەزموون دەیزانی کە کەڵەشێر رەنگە تا هەشت ساڵ بژی، یان رەنگە زیاتر. بۆیە بە خۆی گوت “ئەمە فورسەتی چاکە، ماوەیەک با لارێ بحەسێتەوە.” لارێ کە چاوێکی کوێر ببوو و پۆپنەکەیشی لە چەند لاوە دڕابوو و بە هۆی برینی چەند جارەوە قەتماغەی بەستبوو و گرێی تێکەوتبوو، ئیستا زیاتر لە حەوشەی پشتەوە خەریکی دانخواردن و چینەکردن و مۆڕبوونەوە لەو باڵندانەی بوو وا بە ئاسماندا دەهاتن و دەچوون. گەر زەوقیش بیگرتایە ئەوا جاروبارە بەو مریشکە سپی و سوور و بەڵەکانەیشدا دەپسا وا عەتا لێی مارەکردبوون!

هەڵبەت ناوەناوە بەشی ئەوەندە بەزمی شەڕە کەڵەشێر مابوو، بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو دۆخی تازە وەها باڵی بە سەر شارەکەدا کێشابوو کە تامی جارانی نەمابوو. نە خەڵکی وەک جاران لێی کۆدەبوونەوە و، نە ئەوەندەیش پارەی تیا پەیدادەکرا. وەزعی گیرفانی عەتا باش نەبوو و دایکە پیرەکەی بۆڵاندی کە دەبێ لە بیری شتی تردا بێت.

رۆژێکیانی کە عەتا لە گەڕەکێکی دوور لە شەڕەکەڵەشێر دەگەڕایەوە، بە سەر خۆپیشاندانی خەڵکیدا کەوت. شەقام یەکجار قەرەباڵغ بوو و، خەڵکێکی زۆر بە ناو خیابانەکدا لە کاتێکدا مستیان لە ئاسمان گرتبوو و دروشمیان دەدا، تێدەپەڕین. عەتا قوڵە، بە کەڵەشێرەکەی باوەشییەوە لە سەر سەکۆی دووکانێکی کوتاڵ فرۆشیدا کە ئیستاکە داخرابوو، راوەستا و کەوتە سەیرکردنی خەڵکی. لە پێشەوە پیاوان بوون و، لە دوواوە ژنان. دروشمەکان وەها بوون کە هەر دوو بەشەکە رێگایان بە یەکتر دەدا و بە نۆرە بۆ یەکتریان دەسەندەوە. دەنگی زیت و دەنگی گڕ. عەتا کە دەستی بە سەر لارێدا دەهێنا بۆ ئەوەی ئارامی بکاتەوە تا لەم قەرەباڵغییەدا سڵ نەکا، هەروا لە خەڵکەکە رامابوو کە کتوپڕ وەزعەکە شڵەژا. وتیان هێزی شارەبانی هاتووە و بە چەکەوە داوایان لە خەڵکی کردووە بڵاوەی لێ بکەن. عەتا چاوی لە هیچ نەبوو، بەڵام وەک بڵێی ریزەکانی پێشەوە شڵەژان و خەڵک دەستیان کرد بە کشانەوە. هەندێکیش بەرەو کۆڵانەکان بایان دایەوە. کتوپڕ بڵیندگۆیەک کە دەنگی بڵیندگۆی خۆپیشاندەرەکانی دەبڕی، داوای لە خەڵک کرد بڵاوەی لێبکەن و بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە. عەتا ملی کێشا. رێک لەو سەری خیابان، ریزی پێشەوەی خۆپیشاندەرانی بینی کە لەگەڵ پۆلیس و ماشینەکانیان، کە ئەوانیش چەکداریان تیابوو، ببوونە دراوسێ! عەتا پۆلیسەکانی باش دەناسی. هەمیشە خۆی لێ دەدزینەوە و، کارێکی دەکرد کە لە کاتی شەڕەکەڵەشێردا بە تووشیانەوە نەبێ. چەند جارێکیش لە دەستیان هەڵاتبوو. لە بەر خۆیەوە گوتی “بەشکم دایکیان بگیەن!” لەگەڵ ئەوەی هەندێ کەس کشابوونەوە، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر لەسەر جادە لە ریزی پێشەوە مابوون. بڵیندگۆکە هەروا هاواری دەکرد و، دەیگوت بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە. لارێیش کە چەند جارێک هەوڵیدا سنووری دەستی پانی خاوەنەکەی ببڕێ،… ملی قوت کردەوە و بە لارەمل رێک لەو شوێنەی رووانی وا عەتا قوڵە لێی دەڕوانی.

بەڵام خەڵکەکە نەکشانەوە و، دروشمدانەکان بەرز و بەرزتر دەبوونەوە: “بڕوخێ دیکتاتۆر”، “بەرادەرێ ئەرتەشی، نەکۆن بەرادەرکۆشی!”… عەتا لە سەکۆکە هاتەخوارەوە و، هەر بە پیادەڕۆکەدا بەرەو شوێنەکە بەڕێکەوت. بۆ خۆیشی نەیدەزانی لە غیرەتی کەڵەشێرەکەی بوو، یاخود بە تەمای ئەوەی بزانێ کە داخۆ چ باسە. لە خوارترەوە حەشیمەتەکە چڕتر دەبووەوەو، بۆیە دەرفەتی رۆیشتنی زیاتر نەبوو. هەر چۆنێک بێت لە سەر سەکۆی بەر دوکانێکی تر جێگای خۆی کردەوە و، دیسان لە هەمان شوێن مۆڕبووەوە. دەنگی دروشمدان و ئەو بڵیندگۆیەی پۆلیس کە ئیستا نووزەنووزێکی لێوە دەهات، گوێی ئاسمانی کەڕدەکرد.

عەتا هەروا خەریکی دەستهێنان بە سەر و مل و باڵی کەڵەشێرەکەیدا بوو کە دەنگی تەقە هەستا. بوو بە راکەڕاکە. بوو بە هات و هاوار و قیژەقیژ. دەنگی بەسامی تفەنگەکان گوێیان دەسمی. بۆنی باروت هەموو شەقامی تەنی. خەڵکی بوون بە ژێر پێ و هەنگاوی خۆیانەوە. وەک بڵێی رێگایەک بۆ خۆدەربازکردن نەمابێ. عەتا کە جێگاکەی باش بوو و، لانیکەم ژێر دەست و پێی کەس نەدەکەوت عەبەساو لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆی دەڕوانی. رێک لەم کاتەدا بوو کە سەرئەنجام پاسەبانەکانی بینی. ئەو پاسەبانانەی یان بە سەر خەڵکەکەدا تەقەیان دەکرد، یان دەڵێی رێک بە ناویاندا. دەنگی هات و هاوار و گریان بەرزبووەوە. ئەوانەی بە بەردەمی عەتادا هەڵدەهاتن و سەری خۆیان نزم رادەگرت و داوای یارمەتیان لە خودا دەکرد، جاری وابوو دەدران بە عەرزدا و پاشان بە پەلە هەڵدەستانەوە و هەتا دەیانتوانی بەگوڕتر هەڵدەهاتن. کەس نەیدەزانی کە بەڕاستی ئەو خەڵکە چۆن دەربازدەبوون. لە بەر حەشیمەت، بستێک زەوی چییە بە دەرەوە نەبوو.

عەتا ئیستایش نازانێ بۆ وەک ئەو خەڵکە هەڵنەهات. ئیستایش نازانێ بۆ هەر لە خۆوە ئەو رۆژە لە تەنیشت خۆپیشاندانەکەدا، لە سەر سەکۆیەکی حیز خۆی مەڵاس دا و کەوتە رووانینی ئەو خەڵکە سەیرو سەمەرەیە. نا،… ئیستایش نازانێ. ئاخر زۆر ئاسان دەیتوانی وەک هەمیشە بڕواتەوە بۆ ماڵەوە و، خەریکی خزمەتکردنی کەڵەشێرەکەی بێت. خەریکی دان رۆکردن بۆی و سەیری قەڵافەتی رۆستەم ئاسای کە تا ئیستاکە هیچ بەنی کەڵەشێرێک نەیتوانیبوو بیبەزێنێ. ئا، دەیتوانی رانەوەستێ و بڕواتەوە. ئەوێک کە قەت رانەوەستابوو. تەنانەت یەک دوو جارێک هەستی کردبوو کە لارێ بە چاوە ساخەکەی بە تەعەجوبەوە لێی روانیبوو،… وەک بڵێی بڵێ “کەرە ئەوە خەریکی چیت،… با بڕۆینەوە،… ئەمڕۆ حەزم لە بەڵەکەکەیانە!… دەی یاڵڵا!” بەس ئەو گوێی نەدابوویە. ئاخ… ئاخ خ خ.

کەسیش نازانێ ئەو تاقە فیشەکە لە کوێوە هاتبوو و، رێک لارێی گرتبووەوە. عەتا کە ئاگای لێ نەببوو، هەروا دەستی بە سەرومل و شانیدا هێنابوو. لارێ بە بێدەنگی بە لادا هاتبوو. خوێنەکەی بە قەدی عەتا مل پاندا هاتبوو خوار و پشتوێن و پانتۆڵەکەی سوور و تەڕ کردبوو. تک تک.

عەتا هەر بە کەڵەشێرەکەوە رایکردبوو. لە ناو خەڵکەکەدا باڵای ئەوەندە کورت بوو کە خەمی فیشەکی نەبێ. بەڵام،… بەڵام تازە فایەی چییە،… تازە لارێ،… ئاخ لارێ… لارێ!

لەو رۆژە ساڵان گوزەراوە و، عەتا چیتر کەڵەشێری نەکڕییەوە. ئیستا شاگردی وەستایەکی گەچکارە و وازی لە شەرە کەڵەشێر هێناوە. تازە، شەڕەکەڵەشێریش وەک ساڵانیش باوی نەماوە. خەڵکی ئیستا جۆرێکی دیکەن. یەعنی لەو ساڵەوە وا رژانە سەر شەقام، جۆرێکی تریان لێدەرچوو.

عەتا سەرەڕای تێپەڕینی ساڵان، هەر رای وایە کە ئەو شۆرشە لە راستدا لە دژی کەڵەشێرە لارییەکەی ئەو کرا. ئا، لە دژی لارێ. پێی وایە دونیا دەرقەتی نەهات و، بۆیە هەموو پێکەوە مشوریان لێ خوارد کە چۆن چۆنی بیفەوتێنن و، ئادار بە سەر پادارییەوە نەهێڵن!

عەتا لارێی لە حەوشەکەی خۆیاندا ناشت. هەرچی دایکی هاواری لێکرد کە خوێنی لەبەر رۆیشتووە و، منارنەبووەتەوەو بۆیە خواردنی حەڵآڵە، بێسوود بوو.

عەتا هەتا مرد بۆ سەیرکردنی یەک شەڕەکەڵەشێر چییە، نەچوو. بۆ هەمیشە بە هەموو شێوازێک تەرکی کرد،… ئەگەرچی جاروبارە بە بێ ئەوەی بۆخۆی بیەوێ لارێ و شەڕەکانی دیسان دێنەوە خەوی.  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *