فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خانووی قالۆنچە

کات 25/07/1401 89 بازدید

خانووی قالۆنچە

قاڵۆنچەکان هەموو شوێنێکیان تەنیوە. زەرد و سوور و رەش. کۆتاییان نیە. دەڵێی لە هەموو کونج و کەلەبەرێکەوە وەک ئاو دەدەڵێن. سەرەتا سەمپاشیمان کردن، دوواتر مەعجوونێک لە سیر و پیاز و فلفلمان دروست کرد و لە هەموو سووچێکی خانووەکەدا داماننا. بەڵام بێسوود بوو، ئەخت و چاری نەکردن. هەر وا زیا و زیاتریان کرد. دایکم زۆر جار رووەو ئاسمان دەست هەڵدێنێ و، ناهومێدانە هاواردەکا “خوایە… خوای بێ هاوتا… ئەرێ تاوانمان چێ بوو!؟”

باوکم کە ئەمەی بینی، وتی با خانووەکە بفرۆشین و بڕۆین. گوتی دەچین لە شوێنێکی تر خانوو دەکڕین، خۆ خوا هەر ئەمەی نەداوە. دایکم چاوی لێ مۆڕکردەوە و، وتی بەچی؟ خۆ دەبێ بتوانی ئەمەیان بفرۆشی،… کێ دەیکڕێ؟… ئەی بە چی دەیکڕی؟ بە میراتی باوکمان!؟

دایکم راستی دەکرد. نە باوەگەورەکان میراتیان بۆ بەجێ هێشتبوون و، نە کەسیش خانوویەکی پڕ لە قالۆنچەی دەکڕی. تەنانەت بە عانەیەکیش. مەگەر خوا شێتی کردوون!

باوکم دەچێتە حەوشێ و، لەوێ لە کاتێکدا جگەرەیەک دادەگیرسێنێ و یەک لە دووای یەک مژی قووڵی لێدەدات لە قالۆنچەکان رادەمێنێ. حەوشەیش پڕە. قالۆنچەکان بە دەورووبەری قاچی باوکم دا دێن و دەڕۆن و، جاروبارە چاوێکی بۆ حەوادەدەن و لێی ورددەبنەوە. وەک بڵێی بلێن ئەوە خەریکی چیت نەگبەت! دڵنیام نازانن جگەرە چیە. پێویستیش نیە بیزانن. ئەوان تەنیا بیر لەوە دەکەنەوە کە لە خانووەکەدا هەبن،… کە هەیشن.

کە سەمپاشی و سیر و پیاز و فلفل هیچیان پێنەکرا، ئیتر وازمان هێنا و قەبووڵمان کرد ئەوانیش بەشێک لە خێزانی ماڵن. بگرە زیاتریش. ‌هە هە هە… قەبووڵمان کرد! قەبووڵمان کرد کە لە گەڵ ئێمە بژین و، هەتا دەمرین پێکەوە شەو و رۆژەکان تێپەڕبکەین. ئیستا ئیتر لە ناو ئەواندا دادەنیشین و، نان دەخۆین. لە ناو ئەواندا جێگاوبان رادەخەین و دەخەوین و، هەر لە ناو ئەوانیشدا نێرینە و مێینەکانی بنەماڵەکەی ئێمە پێکەوە جووتدەبن. گوێم لێیە قالۆنچەکان لەم کاتانەدا بە پشتدا دەکەون و، پڕ بە گەرووی تەنگ و بچووکیان پێدەکەنن و بە گوێی یەکتردا دەچرپێنن کە “وادیارە بەڵێنە نەوەکانی داهاتوویش هەر لە گەڵ ئێمە بژین!”

ئیستا ماڵی قالۆنچەکە لەم شارەدا بەناوبانگە. کە دەچمە دەرەوە، خەڵکی دەستم بۆ رادەکێشن و پیشانی یەکترم دەدەن. گوێم لێیە دەڵێن بنەماڵەی وا بێ غیرەتمان نەدیوە،… ئاخر چۆن ناتوانن دوو قالۆنچەی حیز چارەسەر بکەن!” یەکی تریان دەڵێ “گەر بە من بێ، دەچم بۆڵدزێرێک دێنم و هەر هەموویان پان و پلیش دەکەمەوە.”

رۆژێک خەیاڵێک بە زەینمدا دێت. بە باوکم دەڵێم با خانووەکە بسووتێنین،… گڕی تێبەردەین، ئەوجا خانوویەکی تر سازدەکەینەوە. دیسان دایکم مۆڕدەبێتەوە کە بە چی،… بە میراتی باوکت!؟ دایکم راستدەکا گەر ماڵەکە بسووتێنین بە چی سازی بکەینەوە. بەڵام نا، دەڵێم کوڕە هەر قوڕ و بەرد و دار و چیلکە زۆرە، بە کۆڵ لەو شاخ و دەشتە دەیانهێنین و سازی دەکەینەوە، قەیچێکە با زۆر جوان نەبێ، بەڵام خۆ لە سەرما و گەرما دەمانپارێزێ. دایکم سەیری شان و باهۆم دەکات و، دەڵێ وەی لەبەرت مرم بۆ عەقڵت!

زەمەن دەڕواو،… دەڕوا. من جاری وایە کە دەستدەکەم بە گیرفانمدا قالۆنچە دەردەهێنم، کە دەمەوێ قسەبکەم لە جیاتی وشە چەند قالۆنچە دەردەپەڕن. باوکم پێش ئەوەی پێڵاوەکانی لە پێ بکا دەبێ بیانتەکێنێ، نەکا چەند قالۆنچەی سەوداسەر بفلیقێنێتەوە و ئەمە ببێتە هۆی تووڕەیی قالۆنچەکان و شەوێک لە کاتی خەودا خۆیان بکەن بە کونە لووت و کونە گوێچکەماندا و بە خواردنی مێشکمان، بمانکوژن.

شەوێک بە دزییەوە، دەم دەبەمە نزیک گوێی باوکم و لێی دەپرسم کە داخۆ دەزانێ چ حەیوانێک قالۆنچەخۆرە؟ باوکم چاوەکانی تیشکێکیان تیادەگەڕێ و، بە ئەسپایی دەڵێ نازانم بەڵام سبەی دەپرسم.

سبەی کە دێتەوە، قسەوباسێکی وەهای لا نیە. چاوەکانی غەمگینن. دەڵێ گوایا جۆرێک باڵندەی دەریایی دەیانخۆن کە لێرە دەست ناکەون. ئەوسا ئاهێک هەڵدەکێشێ بۆچی ئەم وڵاتە لە تەنیشت دەریادا نیە. لە دووای ئەم قسەیەی باوکم، بۆ سبەینێ دەبینم هەندێ لە قالۆنچەکان باڵ دەردەکەن و دەست دەکەن بە فڕین لە ناو خانوو و لە ناو حەوشەکەماندا. ئاگام لێیە چەندە بەم توانایەی خۆیان خەنین. پێدەکەنن و شاخەکەکانیان لێک دەسوون و بە پشتدا دەکەون. بە خۆم دەڵێم بەڵکو بایەکی توند هەڵکا و، لانیکەم باڵدارەکانیان لە گەڵ خۆ ببات. با هەڵدەکا و، چاوم لێیە قالۆنچە باڵدارەکان توند توند خۆ بە دار و دیوار و تەنانەت سمێڵی باوکمەوە دەنووسێنن بۆ ئەوەی بە تووش سەفەرێکی نەخوازراوەوە نەبن. من لە داخانا ئەو شەوە بە دزییەوە ئەو تۆزە سمێڵەیشم کە هەیە، دەتاشم.

دایکم دەڵێ “ئەیەڕۆ!”

قالۆنچەکان جاری وایە وەک ئێمە بێتاقەت دەبن. نازانن چی بکەن. ئەوەندە بە ناو یەکتردا دەورووکێن و، ئەوەندە سەیری ئێمە و دارودیوار دەکەن و بۆن بە ئاودەست و کونی حەمامەکەمانەوە دەکەن کە ئیتر وەڕەزدەبن. لەم کاتانەدا دەست دەکەن بە کایەیەکی سامناک. بە گاز یاخود بە یارمەتی یەکتر، سەری یەکتر لێدەکەنەوە و قاقا پێدەکەنن. بەڵام قالۆنچە بێسەرەکان غەمگین نین. ئەوان دەتوانن تا چەند هەفتەی تر بژین. قالۆنچە خاوەن سەرەکان کە نازانن چۆن چۆنی خواردن بە هاوڕێ بێسەرەکانیان بدەن، دوواساتەکان بە دیار مەرگیانەوە دادەنیشن و ئەمەیش دەکەن بە یارییەکی تر. لنگەفرتێی چەندین قاچ و دەستی قالۆنچەیەک کە دوواساتەکانی ژیانی تێدەپپەڕێنی، ئەوەندە بۆیان پێکەنینهێنەرە کە هەموو خانووەکەی ئێمە سەرتاسەر بە پێکەنین دێتە لەرزین.

خەڵکی شار دەڵێن “ئەها،… دیسان خانووی قالۆنچەکەیە!”

باوکم ماوەیەکی چاکە لە بەر تانە و توانجی خەڵکی ناچێتە دەرەوە. من جگەرەی بۆ دەنێمەوە و، لە هەواڵی دەرەوەیش ئاگاداری دەکەمەوە. باوکم بە ئارامی سەر دەلەقێنێ و، دەڵێ بەڵکو رۆژێک وەهای لێ بێتەوە بۆ خۆی بە گوێی خۆی ئەم هەواڵانە ببیستێتەوە. نازانم باوکم دەیەوێ چی لە هەواڵی شەڕ و کوشتنی بنیادەمەکان بکات!

نازانم چەند ساڵی تر تێپەڕی. کتوپڕ رۆژێک کاتێک چووبووم بۆ بازاڕ، گوێم لێبوو خەڵکی باسی ئەوەیان دەکرد کە لە وڵاتێکی یەکجار دوور لێرەکانێ، خەڵکی سیسرک و قالۆنچە و شتی لەم بابەتەیش دەخۆن. دەیانگوت لە رۆنی داغ و چۆقاودا سووریان دەکەنەوە و دوواتر وەک چیپس دەیانکەنە لوولەکاغەزەوە و دەیانخۆن. بە بیستنی ناوی قالۆنچە گوێم قوڵاغ بووەوە و، لێیان چوومە پێش. نا، هەڵەم نەدەکرد. وەک خۆیم بیستبوو. باسی وڵاتێکیان دەکرد لە باشووری چین، لە ئاسیای باشووری رۆژهەڵات. بە پەلە و بە راکردن چوومەوە بۆ ماڵەوە. هەر لە دەروازەکە ئاودیو بووم، پڕ بە خۆم هاوارم کرد هەواڵ هەواڵێکی خۆش! بە بیستنی دەنگی من قالۆنچەکان کە ئیستاکە فێری زمانی ئێمەیش ببوون، تێکڕا راوەستان و لێمیان رووانی. لێوی خۆم گەست و، وەک بڵێی هەر هیچ نەبووبێ بە ئارامی خۆم گەیاندە ژوورەوە. ئەوسا هەواڵەکەم بۆ گێڕانەوە. نیگای باوکم شەوقیان تێکەوت. بەڵام،… بەڵام من ناوی وڵاتەکەم نەدەزانی. بە پەلە چووم کتێبی جۆغرافیاکەم کردەوە و لە دووای دۆزینەوە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، قامکم خستە سەر شوێنەکە. باوکم گوتی ئیمانم نەچێ دەمزانی ئەم چاوبچووکانە شتێکیان لێ دەردەچێ!

ئیستا ساڵانی ساڵە لە خانووەکەی ئێمەوە، قالۆنچە بۆ تایلەند و بورمە و ڤیەتنام و… بەڕێدەکرێ. دەستە دەستە گرووپی چاوبچووک و زەردپێست خۆیان بە خانووەکەی ئێمەدا دەکەن و گەڵابە گەڵابە قالۆنچەی سوور و زەرد و رەش لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە. قالۆنچەکان کە نازانن چ خەبەرە، خۆشحاڵ لەوەی سوواری تەیارە دەبن و دەتوانن لە ئاسمانەوە وڵاتان ببینن شایی لۆغانیانە. باوکم لەبەر ماڵەکەماندا دەفتەرێکی کردووەتەوە و، لەوێ خەریکی مەعامەلەیە. چوار کارمەندیش بەردەوام کاری بۆ دەکەن. تەلەفۆن بە تەلەفۆن دەڵێ جێم بکەوە! لە ناو قالۆنچەکانیشدا جۆری رەشەکەی لەوانی تر مەرغووبترە و، مشتەری زۆرتر.

ئیستا ئیتر نە باوکم لە بیری خانووفرۆشتن و کڕینی ماڵی تر و گواستنەوەدایە و، نە دایکیشم چیتر بە قێز و بێزەوە لە ناو حەوشە و ژوورەکاندا هەنگاو هەڵدێنێ. باوکم تەلیس تەلیس پارە کۆدەکاتەوە و منیش دوواتر دەیبەم و دەیخەمە حسێبی بانکییەکەیەوە. خەڵکی شاریش کە تا دوێنێکە گاڵتەیان بە ئێمە دەهات و، سەریان لێبادەداین ئیستا لە بیری ئەوەدان چۆن چۆنی ئەوانیش خانووەکانیان بکەن بە شارە قالۆنچە.

باوکم بە تف پەنجەکانی تەڕدەکا و، لە کاتێکدا خەریکی ژماردنی پارەیە، بە بێ ئەوەی سەر هەڵبێنێ، دەڵێ “ئاوەهایە، گەر خوا بیەوێ قالۆنچەیش دەبێ بە مایەی خێر و بەرەکەت،… تەنیا ئەوەندەی مرۆڤ تاقەتی هەبێ و ناشوکور نەبێت!”

دەنگی پێکەنینی شێتانەی دایکم دێ لە کاتێکدا قالۆنچە رەش و سوور و زەردەکان بە قژی شۆڕ و هەراویا سەردەکەون. قژە ماش و برینجییەکانی دەڵێم.

پرچەکانی چەند نایابن!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *