فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەفسەری ترسنۆک

کات 17/08/1401 90 بازدید

ئەفسەری ترسنۆک

پێش شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوت، خانەجیب لە گەڕەکی تاقە گۆڕستانەکەی شار دەژیا. لە خانوویەکی گڵ لە ناوەڕاستی کۆڵانێکدا کە دەچووەوە سەر کۆڵانێکی تر. خانەجیب ساڵانی ساڵ بوو بێوەژن کەوتبووەوە و، لە گەڵ تاقە کچ و تاقە کوڕەکەی دەژیا. دەڵێن مێردەکەی لە کاروان بۆ ئێراق تیاچووبوو و، وەها بێ سەروشوێن کرابوو کە کەس نەیدەزانی لە راستیدا چی بەسەرهاتبوو. یەک دەیگوت عەسکەر گرتبوویان و لە کۆپتەرەوە رێک بەسەر بارگیرەکەی خۆیدا بەریان دابووەوە، یەکی تر دەیگوت لە زیندانی ئەبوغرێب بێ سەروشوێن کراوەو و یەکی تر دەیگوت ئەمانە هەمووی درۆن و لە راستیدا لە داخی خانەجیب لە دوواکارواندا نەگەڕابووەوە، لەودیو ژنی هێنابوو و بۆخۆی لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنوور لێی دانیشتبوو.

خانەجیب ژنێکی خراپ نەبوو. رەق و تەق، ئەسمەر و چاوتیل بوو. لە هەموو ژنانی گەڕەک باڵابەرزتر دەینواند. کە بە رێگادا دەڕۆیشت کەمێک خۆی دەلەنگاندەوە و، قەتیش چارشێوی لەسەر نەدەکرد. تەنیا چارۆکەیەکی بە کۆڵدا دەدا و، لە هەموو نێرینە و مێینەیەک کە بە تەنیشتیدا تێپەڕیایە، سڵاوی دەکرد. بە هەموو منداڵ و گەنجێکی دەگوت “حەک رۆڵە جوانەمەرگ نەبی!” بە پیاوانی دەگوت “خوا ئیمانتان بپارێزێ!” و بە ژنانیشی دەگوت “خوا رووسپیتان کا!”

من لام وانیە مێردەکەی لە داخی خانەجیب سەری خۆی هەڵگرتبێ و، رۆیشتبێ. نا، دڵنیام بەعس گرتوویانە و کوشتوویانە. تەنیا بەو هۆکارە سادەیە کە هاتووچۆ و بازرگانیکردن بە بێ بەڵگەی یاسایی بۆ ئەو دیو سنوور یاساخە و، بڕایەوە. بەتایبەت کە ئێران و ئێراق دانیان پێکەوە نەدەکوڵی و، هەمیشە لەیەکتر تا ئەوپەڕی خۆی دڕدۆنگ و نیەت پیس بوون.

خانووەکەی خانەجیب دوو قات بوو. لە قاتی سەرەوە، خۆی و منداڵەکانی دەژیان و لە قاتی خوارەوە دوو مانگاکەی. قاتی سەرەوە بە گڵۆپی کارەبا رووناک دەکرایەوە، بەڵام قاتی خوارەوە بە چرامووشییەکی کز. لە نێوان دوو تەویلەکەی دەستی راست و چەپدا پلیکانەیەک سەردەکەوت لە دار و لە بەرد و قوڕ کە نەردەی پێوە نەبوو و، بۆیە لە کاتی سەرکەوتن دەبا زۆر زۆر ئاگات لە خۆت بووایە.

راستییەکەی ئەوە بوو شا ماوەیەک لەوە پێش هەبوونی مانگای لە شار مەمنوع کردبوو، بەڵام خانەجیب مانگاکانی پاراستبوو. وەک بڵێی شارەداری بەزەیی پیادەهاتەوە و لێدەگەڕان بە نەگبەتیی خۆی بژی و لەوە زیاتر سیاچارە و رۆژڕەش نەبێ. قاتی ژێرەوە هەر لەبەر ئەم هۆیە کارەبای نەبوو!

قاتی خوارەوە، بەتایبەت تەویلەکان ئەوەندە تاریک بوون کە پیاو خۆفی لێدەکردن. تەویلەکان دوو چاوی رەشی قەترانی بوون بە هەر دوو تەنیشتدا. بۆیە هەر کەس چ بە شەو و چ بەڕۆژ کە دەچوو بۆ سەردانی ماڵی خانەجیب، هەتا دەگەییە قاتی سەرەوە دڵی لەسەر هەزار لێی دەدا. کەس نەیدەوێرا سەیری راست و چەپی خۆی بکا. تەنانەت مەلای گەڕەکیش. جاری وابوو میوانەکان قاچیان هەڵدەنگوت و لەوانە بوو ملیان بشکێ. بەڵام خانەجیب قەت بەرقی بۆ قاتی خوارەوە رانەکێشا و، بۆ رێ ونکردنی خەڵکی دەیگوت بە یادی مانگاکانی چاوی هەڵنایە تەویلەکان بە رووناکی ببینێ!

راستییەکەی ئەوە بوو خانەجیب زۆر هەژار بوو و، جگە لە خێر و بێری ئەم دوو مانگایە، بە خێر و خێراتیش دەژیا. مزگەوت و  پیاو ماقووڵانی گەڕەک چاویان لێبوو و، بێ بەشیان نەدەکرد.
هەتا ئێرە شتێکی زۆر عەجایەب سەبارەت بە ماڵی خانەجیب بەدی نەدەکرا. تەنیا شتێک کە لە دووای بێ سەروشوێنبوونی مێردەکەی ناووناوبانگی ئەوی لە گەڕەک داخستبوو، ئەوە بوو کە دەیانگوت خانووەکەی جنۆکەی تیایە. مەبەستی هەمووشیان ئاماژە بە قاتی یەکەم یەعنی تەویلەکانی بوو. دەیانگوت خانەجیب لە راستیدا لە ترسی جنۆکەکانە ناوێرێ گڵۆپی کارەبا بۆ ئەوێ راکێشێ و، گوایا نیوەشەوێک ئەم ئاگادارکردنەوەیەی لە جنۆکەکانەوە پێ راگەیەندرابوو. دەنگۆ و هەرای هەبوونی جنۆکە لەو ماڵەدا، هەیبەتێکی تایبەتی بە خانووەکە و بە خودی خانەجیب، نەک منداڵەکانی، بەخشیبوو و هەموو کەس بە رێز و ترسەوە لێیان دەڕوانی. دەیانگوت ئەوەیکە هیچ حسێبێک بۆ پیاوان ناکا، هی هاوژینی و هاوماڵی لە گەڵ جنۆکەکانە. غیرەتی خانەجیب گەڕەکاوگەڕەک دەڕۆی و، لە تەواوی شاردا دەنگی دابووەوە.

کچەکەی خانەجیب تەمەن شانزدە ساڵان بوو و، هێشتا بە شووی نەدابوو. کوڕەکەیشی تەمەنی دە ساڵان بوو و عەیب نەبێ دەیانگوت قوندەرە. یاخوا لە مەملەکەتی ئێمە کەس فەقیر و بێ پیاو نەبێ کە زۆر خێرا ئەوەی شتی خراپە پیایا هەڵدەواسن. کچەکەی خانەجیب ناوی شەهلا بوو و، یەکجار جوان و شۆخ و شەنگ بوو. هەموو کوڕی گەڕەک حەزیان لێدەکرد کەچی کەسیش نەدەچووە خوازبێنی! ئەوەندەی من بۆی دەچووم هۆکارەکەی فەقیریی خانەجیب، بێوەژنییەکەی و هەروەها جنۆکەکانی ناو خانووەکەی بوون. جا کێ سەری بە گاز گیراوە ببێ بە زاوای ماڵێ کە لە کاتی سەردانیدا دەبێ بە ناو جنۆکاندا تێپەڕێ! بێگومان کەس.

شەهلا ناز و غەمزیەکەی تایبەتیشی هەبوو. زۆر شەیتان بوو. دەچوو چارشێوی بە سەر ژێرشەڵوارییەکی تەنگ و تەسکدا لەسەر دەکرد و، لە کۆڵان دەردەکەوت. لەش و لاری کشاو و پەری ئاسا و جوانی، پیاوانی شێت دەکرد. پیاوی دەویست بتوانێ لە ئاست لەرەی بە ئاستەمی سمتەکانی چاوبترووکێنێ. ئەویش بە بزەیەکەوە شەیتانانە تێدەپەڕێ و، رووی دەکردە ماڵی ئەو دەستەخۆشکەی وا بە نیازی دیداری بوو.

شەهلا سەرئەنجام لە گەڵ ئەفسەرێکی پادگان کە تەمەنی پانزدە ساڵێک لە خۆی گەورەتر دەبوو، نێوانی داخست و کەوتنە چاوداگرتن لە یەکتری و چاوشارکێ لە خەڵکی. رۆژی وابوو ئەفسەرەکە، کە کوردی کرماشان بوو، دەهات و لە کۆڵانی پشت مزگەوتەکە کە رووبەڕووی ماڵی خانەجیب بوو و بە سەد میترێک مەودای هەبوو، رادەوەستا و شەهلایش بە بێ سڵکردنەوە لە خەڵکی و عەیبە و شوورەیی دەچووە سەر بانیژەکەیان و بە گەرمای نیوەڕۆ دەستیان دەکرد بە ئیشاڕەتکردن لە یەکتری. ئەفسەرەکە بیستبوویان کە لەبەر خۆیەوە دەیگوت “داڵکم بی قوروانت!” شەهلا، بەسەر ئەو بانیژەوە، بەو ژێرشەڵوارە تەسک و کراسە قٶڵ رووتەوەی دەڵێی گوڵ بوو دەدرەشایەوە. بۆ مەگەر کەسی بە پیاو و بە بنیادەم دەزانی!

هەڵبەت سەرئەنجام شەهلا شووی بە ئەفسەرە کرد و، کابرای کرماشانی تارای کردە سەری و لەگەڵ خۆی بردی، بەڵام پێش ئەوەی ئەمە رووبدات، شتێک بە سەر کابرای ئەفسەردا هات کە ئەگەر بەسەر هەر کەسێکی تردا بهاتایە، قەت نەدەبوو بە زاوای خانەجیب.

شەوێک کە خانەجیب دەیەوێ بچێ بۆ میوانی بۆ ماڵی یەکێک لە دراوسێکانی و، وەک هەمیشە بە تەمابوو شەهلا و کوڕەکەیشی لە گەڵ خۆی ببات؛ کچەکەی خۆی دەکا بە نەخۆش و دەڵێ سەرم زۆر دێشێ و ناتوانم. خانەجیب لە دووای کەمێک شێلانی سەری کچەکەی و، پێدانی قەنداخێکی گەرم، هەوڵدەدا لەگەڵ خۆی بیبا کە دیسان بێسوود دەبێ. سەرئەنجام وازی لێدێنێ و دەڕوا.

لە دووای رۆیشتنی خانەجیب و کوڕەکەی، کابرای ئەفسەر، وەک ئەو وادە و بەڵێنەی هەیانبوو خۆ بە ماڵی خانەجیبدا دەکا. لە کاتی چوونیدا، شەهلا لە حەوشە لە پشت درگاکە چاوەڕوانی دەبێ و بۆیە کاکی ئەفسەر بە بێ هیچ چەشنە موشکیلەیەک، بە چاوساخیی شەهلا قاتی یەکەم دەبڕێ و دەچێتە تەبەقەی سەرەوە. ئیتر ئەو شەوە بە کەیفی خۆیان دەبێ. ئەو شەوە کاکی ئەفسەر ئەوەندە تامەزرۆی جەستەی شەهلا و نازەکانی دەبێ کە بە هیچ کلۆجێک هەست بە بۆنی شیاکەی ناو خانووەکە ناکا. بەڵام نەگبەتییەکەیان لەوەدا دەبێ کە خانەجیب زووتر لە هەمیشە بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە و، ئەمە سەر لە شەهلا و ئەفسەری پادگان دەشێوێنێ. چی بکەن چی نەکەن، شەهلا بە پڕتاو ئاشقی دڵباختەی خۆی دەکا بە تەویلەی دەستی چەپدا و دەرگای لەسەر پێوەدەدا. پێیشی دەڵێ هەر دایکم وەسەرکەوت، تۆ بە ئەسپایی بۆی دەرچۆ!

خانەجیب کە بە هۆی نەخۆشیی کتوپڕی کوڕەکەی گەڕابووەوە و، لای خۆیشی هۆکارەکەی بۆ نەخۆشیی کچەکەی گێڕابووەوە کەمێک هەست بە نامۆیی وەزعی ناو ماڵەکەدا دەکا. قژی ئاڵۆزکاوی کچەکەیشی ئەوەندەی تر دڕدۆنگی دەکا. راستییەکەی ئەوە بوو بۆنی شیاکەی مانگا نەیتوانبیبوو بە جوانی بۆنی ئەو عەترەی کاکی ئەفسەر لە خۆی دابوو، وننکا؛ بەڵام خانەجیب ئەوەندە سەرقاڵی کورەکەی دەبێ کە زۆر خێرا لە بیری دەچێتەوە. لە پاش قەنداوگرتنەوەیەک بۆ ئەویش و شێلانی شان و پیلی، بە دەم راخستنی جێگاوە کتوپڕ لە قاتی ژێرەوە دەبێ بە قیژوقاو و هەراهەرایەکی عەجیب. یەک بە خۆی هاوار دەکا و دەنەڕێنێ و زرپە زرپ هەڵدێتە دەرەوە. بە دەم راکردنەوە هاواردەکا ئەی هاوار فریامکەون… ئەی هاوار!

دراوسێکان کەس فریای بینینی نەکەوتن. تەنیا کۆڵانێک واوەتر، دوو کەس بەو شەوە درەنگانە ئەفسەرێکی شارەبانیان دیتبوو کە هەڵدەهات و ئاوڕی لە دووای خۆی نەدەدایەوە.

خەڵکی ئەمە وەک بەڵگەیەک بۆ بوونی جنۆکە لە ماڵی خانەجیب دەهێننەوە، هەرچەند کاکی ئاشق لە کاتی راکردندا بە هیچ کلۆجێک ناوی لە جنۆکە نەهێنابوو.

لە دووای سەرکەوتنی شۆرش، زۆر کەس باسیان لە باوبوونی خورافە و شتی لەم بابەتانەیان لە سەردەمی شادا دەکرد. ئەوەی کە شا بە ئەنقەست ئەم شتانەی بڵاودەکردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی هەر بە پاشکەوتوویی بێڵێتەوە. مامم کە ببووە شۆڕشگێر و بەتوندی لە دژی دوواکەوتوویی و ئایین بوو، کاتێک باسی رووداوەکەی ئەو شەوەی ماڵی خانەجیب دەکرایەوە، دەیگوت: “جنۆکەی چی و شتی چی! ئەو بەستەزمانە ئەو شەوە لەو ژێرخانە تاریکەدا چاوی هیچی نەبینیوە و بێگومان مانگاکە لێی نزیک کەوتووەتەوە و هیچ نەبێ بە بێ سرتە زمانێکی لێداوە!”

من پێم وایە مامم راستدەکا. بەڵام لە بیرم دێ دەیانگوت هاوکارەکانی لە پادگان بە کابرای ئەفسەریان گوتبوو ئاگات لە خۆت بێت دەڵێن ئەو ماڵە جنۆکەی تیایە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *