فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەنگی شەقام

کات 25/08/1401 57 بازدید

دەنگی شەقام

دەنگی دروشمدان دێتەوە گوێ. سەحەر کە تەمەنی هەشت ساڵانە، پەردەی پەنجەرەکە لە قاتی دووهەم لادەدات و، سەیری دەرەوە دەکا. باوەگەورەی بە دەنگی نووساوی خۆی دەنگی دەدا کە “دایدەوە، دایدەوە،… بۆ لای ئەدەی… دەی یاڵڵا!” ئەوسا پاڵدەداتەوە و چاوە کزۆڵەکانی پشتی چاویلکە ئەستوورەکەی دەقونجێنێ. بە دەستی راستیشی سەمعەکەکەی ناو گوێچکەیشی کەمێک رێک و پێک دەکا. سەحەر زۆر پەلەی نیە، لەگەڵ ئەوەی نیگاکانی بە وردی و بە جوانی بە سەر دیمەنەکەی دەرەوە کە کۆمەڵێک گەنجی زۆرن و خەریکی شوعاردانن، دەگێڕێ؛ ئارام ئارام وەها کە هەموو دیمەنەکە بە کتوپڕی لەدەستنەدا پەردەکە دادەداتەوە. هەستدەکا شێوەی کەسێکی ئاشنا لە پشتەوە سەرنجی رادەکێشێ، بەڵام دیمەنەکە ئەوەندە خێرایە فریاناکەوێ بزانێ کێیە. بە بێ وازی دەکشێتەوە. دایکی سەحەر دەنگ هەڵدەبڕێ:

ـ دیسان دەستی پێکردەوە، بە خوا برا ئەم جەوانانە نەترسن، خوا رەحمیان پێ بکا، ئەوا چەن هەفتەیە ئەمە هەیە و هەر وازناهێنن، ئەو پیاوکوژانەیش بەتەما نین بکشێنەوە!

باوکی سەحەر لە ژووری خەوتنەکە بە قژی ئاڵۆزکاوەوە دێتە دەرەوە، خۆی دەکێشێتەوە و دەڵێ:

ـ خۆ ناهێڵن بە رۆژی تەعتیلیش کەمێک ئیسراحەت بکەین!

دایکی سەحەر چاو لە مێردەکەی خواردەکاتەوە و، دەڵێ:

ـ ئەم قسانە چییە! لە جیاتی ئەوەی بڵێی خوا پشت و پەنایان بێ و بەسەر لەشکری زاڵما سەریانخا، جارێکە خەمی ئیسراحەتی خۆت ئەخۆی!

ـ سەد جار وتوومە لەشکری زاڵم بەم شێوەیە نابەزێ و، لە ناونابرێ. هەموو شتێک شێوازی خۆی هەیە. بە سایەقەیان بم گەنجی ئەم سەردەمە راستە ئازان، بەڵام بێ مێشکن و نازانن چیان ئەوێ. خۆ بە هەراهەرا و تووڕەیی و بەگژاچوونەوەی رووت شت نابێ. کردە بیری لە پشت نەبێ، نابێ… نا… نابێ.

لە دەرەوە دەنگەکان بەردەوامن: “ژن ژیان ئازادی،… بڕوخێ دیکتاتۆر،… ئازادی ئازادی ئاااازادی ی… “دەنگی وڕە وڕی ماشینێک کە بە خێرایی تێدەپەڕێ، تێکەڵ بە دروشمەکان دەبێ. سەحەر کە حەزدەکا بزانێ چ خەبەرە، لە پەنجەرەکە نزیک دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی باوەگەورە بەردەوام چاوی قونجاندووە و پاڵی لێداوەتەوە، ناوێرێ پەردەکە لابدا.

دایکی سەحەر دەڵێ:

ـ ئەی خۆت کەمت کرد، ئەی ئێوە کە بیرتان هەبوو بۆ هیچتان پێنەکرا… ها؟ بۆ ئیستا ئیتر لێیان ناڕازیت! مەگەر خەوت بەم وەزعەوە نەئەبینی! لە کەیەوە قسە بەم دەسەڵاتە ئەڵێی و ئیستاکە کە خەریکە شتێک ئەبێ بە گژایانا ئەچیتەوە! بە خوا برا لەسەر هیچ دین و ئیمانێک نیت. هەر خۆتان پێ شتە!

ـ ئەیچۆن، کەمم نەکرد، پێنج ساڵ لە زیندانا بووم،… لە کار دەریان کردم، بەڵام ئێمە خاوەن فکر بووین، ئیدیۆلۆژیمان هەبوو، بۆ هەموو شتێک جوابمان پێبوو، ئەمانزانی خەریکی چین،… بەڵام ئەم نەسڵەی ئیستا خۆشیان نازانن چییان ئەوێ، هەر ئەقیڕێنن،… ئاگایان لە هیچ بیروباوەڕێک نیە.

ـ نەوەڵلا وا نیە، جوان جوان ئەزانن چییان ئەوێ، بەڵام لە داخی ئەوەی ئێوە بە هیچ نازانن وا تووڕەیت و پشتیان تێئەکەی! ناحەقیشیان نیە، هیچتان پێنەکرا و ئیستا بەریش بەوان ئەگرن بۆ ئەوەی ئەوانیش وەک خۆتان فەشەل بێنن!

ـ پێمان نەکرا چونکە ئەوان پشتیان تێکردین،… نەوەکانی داهاتوو پشتیان تێکردین،… ئەیچۆن! نەوە لە دووای نەوە… تازە بۆ پێمان نەکرا؟ مەگەر ئەمەی ئیستا بەرهەمی کار و ماندووبوون و فیداکاری ئێمە نیە! ها، نیە؟… بێگومان هەیە. راستی کەس مافی ئەوەی نیە درگا بکاتەوە و بچێتەدەرەوە. نەیڵێمەوە!

ـ تو خوا فشەفش!، خەوتنەکەت جوانە! ئاخر کێ لەم رۆژگارەیا تا نیوەڕۆ ئەخەوێ!

لێرەدا باوەگەورە بە نوزەنوز هەڵیدایەوە:

ـ  سەر رووت دیسان خەریکە لێمان ئەشێوێننەوە،… ئەی لە بیرتان نایە ئەو ساڵە چییان کرد و چۆن قوڕیان کرد بە سەر عالەما! دیسان ملیان بەر رێگا یاوەتەوە،… وڵاتێک ژنی بێ لەچکە و جەوانی سەر رووت پێشی بکەون و، بیانەوێ لەچکە و چارشێو لەسەر ژنان لابەن خوا عاقیبەتی بە خێربگێڕێ!…

دایکی سەحەر لە خەزووری دەرووانێ و، بەڵام هیچی ناڵێ. خەزووری درێژەی دایە:

ـ بەڕەڵڵایی… بەڕەڵڵاییان ئەوێ،… حوجب و حویا هەڵگیراوە،… خوا بە گەورەیی خۆی رەحم بکا!

ژاوەژاوی دەرەوە هەتا دەهات پەرەی دەسەند. باوکی سەحەر باوێشکێکی دا و، چوو بۆ توالێت. دایکی سەحەر لەبەر خۆیەوە بە دەنگێکی نزم بۆڵاندی:

ـ خوا بتانگرێ بۆ ئەقڵتان! کوڕ و کچی خەڵکی خەریکە ئەکوژرێن و، ئەمانیش لە بیری چییان!

سەحەر کە ئێستاکە فکری روون ببووەوە و، دڵنیابوو ئەوەی لە دوواوە بینیبووی ‘پەیمان’ی برایەتی، هەڵیدایە:

ـ دایکە ئەتوانم بچمە دەرەوە؟ مەبەستم ئەوەیە لە پشت درگای دەرەوە بە حاڵ ئەیکەمەوەو سەیر ئەکەم، دڵنیابە ئاگام لە خۆم ئەبێ!

دایکی لێی دەڕوانێ:

ـ نا پێویست ناکا، هێشتا مناڵی رۆڵە!

سەحەر راوەستا. مابووەوە کە داخۆ بە دایکی بڵێ براکەی لەوێ لە دەرەوە لە سەر شەقام خەریکی خۆپیشاندانە، یان نا. دەیزانی گەر باوکی بزانێ شێت و هار دەبێ.

باوەگەورە بە قنەوە پرخەی دێت. سەحەر هەلەکە دەقۆزێتەوە، پەردەکە لادەداتەوە و لە دەرەوە دەڕوانێتەوە. هەر چی چاودەگێڕێ، رواڵەتە ئاشناکە نابینێتەوە. زیاتر دەڕوانێ و لە حەشیمەتەکە ورددەبێتەوە. پۆلیسەکان لەو سەری جادەن، هوروژم دەبەن. گەنجەکانیش لەم سەرەوە رێک لە بەر دەم ماڵی ئەمانەوە دروشم دەدەن و بەرد لە پۆلیسەکان دەگرن. کتوپڕ دەنگی تەقە دێت. سەحەر دەترسێ و پەردەکە دادەداتەوە. دایکی هاواری لێدەکا بێتە دوواوە. باوەگەورە کە داچڵەکاوە، بە دەنگێک کە لە نێوان قیڕە و بۆڵاندندایە دێتە دەنگ کە “عەمرت نەمێنێ رۆڵە! مەگەر نەموت پەردەکە دایەوە!”

دایکی سەحەر مۆڕەیەکی لێدەکا. ئەو مۆڕەیەی چاوە کزەکانی پشت چاویلکە ئەستوورەکە ناتوانێ بیانبینێ. لێرەدا باوکی سەحەر بە پەلە لە ئاودەست دێتەدەرەوە. هاواردەکا “ئەوە چی بوو؟”

دایکی سەحەر بە پەنجەکانی کوڵمی خۆی دەگرێ و، دەنگ هەڵدێنێ:

ـ چی چی بوو… مەعلوومە،… خەریکی کووشتنی مناڵی خەڵکین! حەک بە ئاگری جەحەننەم تەفروتونا بن زاڵمینە!

باوکی سەحەر هەڵەشەیە،… چەند هەنگاو بەرەو پێش دەنێ و، ئەوسا رادەوەستێ:

ـ خۆ ئاگات لە کوڕەکە هەیە؟

ـ ئەی بۆ خۆت نەتناردووە بۆ ماڵی خاڵت لە دێ، حەتمەن هەر لەوێیە، ئەی لە کوێیە!؟

ـ زەنگت بۆ داوە… قسەت لەگەڵ کردووە؟

ـ دوێنێ بۆخۆی زەنگی دا، تازە ئەی بۆ خۆت زەنگی بۆ نادەی؟

ـ پێویست ناکا… بۆ خۆم بەسرپێرێ قسەم لەگەڵ کرد.

دەنگی تەقە کتوپڕ وەها زۆر دەبێ کە دارو بەرد دێنێتە لەرزین. سەحەر دەقیژێنێ و، خۆی دەهاوێتە باوەشی دایکی. دایکی و هەموو خێزان، جگە لە باوەگەورە کە بەردەوام دانیشتووە، بە پەلە دادەنیشنە سەر عەرز و سەریان کزدەگرن. دایکی سەحەر سەری کچەکەی بە خۆیەوە دەگووشێ. لە دەرەوە دەنگی دروشمدان و قیژەقیژ و تەقە وەها تێکەڵدەبن کە لێکناکرێنەوە. کتوپڕ بێدەنگییەکی سەیر زاڵدەبێ. دایکی سەحەر بە کاوەخۆ لە پەنجەرەکە نزیک دەکەوێتەوە. باوکی سەحەر هاواردەکا:

ـ هیوادارم بێگوێیمان نەکا و هەر لەوێ بێ، هاوڕێکانی کە هەر هەموویان لێرە لە سەر جادەن.

دایکی سەحەر بە ئاستەم پەردەکە لادەدا. جگە لە چەند کەسێک کە لەسەر جادەکە بە شێوەیەکی سەیر پاڵکەتوون، شەقام چۆڵە! بەلایەوە سەیردەبێ. لەبەر خۆیەوە دەڵێ “باشە ئەم حەشاماتە چییان لێهات بۆ کوێ چوون!” نیگای دەچێتەوە سەر کەسە راکشاوەکان، ئەوسا دەبینێ یەکیان تل دەدا و لە تەنیشت کەلەکەیەوە سەر عەرزەکە تەڕە. خوێن! دایکی سەحەر دەقیژێنێ “ئەی هاوار خوایە گیان ئەی هاوار!” هەر لەم ساتەدا وەک بڵێی لە عەرزەوە هەڵقوڵێن، کتوپڕ خیابان پڕدەبێتەوە لە خەڵک! دایکی سەحەر کە نازانێ ئەم خەڵکە دیسان لە کوێوە هەڵقوڵاونەوە، ئاگای لە هیچ نامێنێ. باوکی سەحەر خۆی دەگەیەنێ. لە کۆڵانەکانەوە بەردەوام خەڵک هوروژم دێننەوە. چەکدارەکان دەکشێنەوە و هاوکات بەردەوام تەقە لە ئاسمان و لە رووبەڕووی خۆیان دەکەنەوە. دیسان خەڵک دەکشێنەوە. باوکی سەحەر هاواردەکا:

ـ نەموت لێی نازانن!… ئاخر بە دەستی بەتاڵ چۆن ئەبێ بە گژ دوژمن چەک بەدەستا بچیتەوە…!

لەو هەراهەرا و هاتوهاوارەدا دەڵێی کەسێک لە دەرگا دەدا. گوێ شلدەکەن. نا، دەنگ نایەت… بەڵام دایکی سەحەر هەڵدێتەوە خوارەوە. مێردەکەی هاواردەکا “نەیکەیتەوە!” خەزووری سەر وەردەگێڕێ و دەڵێ “درگا لەو سەر رووتانە نەکەنەوە!” سەحەر بە شوێن دایکیا رادەکاتە خوارەوە.

دەرگای دەرەوە کە نیوەی زیاتری لە شووشەی لێڵە و تەلبەندی پێوەیە، لەو دیویەوە دەڵێی سێبەرێک خەریکە پیایا هەڵدەزنێ. چەند پەڵەیەک لێرە و لەوێ شووشەکەیان چڵکن کردووە. دایکی سەحەر سەرەتا دڕدۆنگە، بەڵام زۆر خێرا بەسەر خۆیدا زاڵدەبێ و بەپەلە درگاکە دەکاتەوە. لەو دیو لەسەر شۆستەی بەر ماڵەکەیان جەستەیەکی گرمۆڵە کەوتووە و، لە خوێنی خۆی گەوزاوە. دایکی سەحەر سەرەتا نایناسێتەوە، بەڵام قیژەیەکی سامناک لە گەروویەوە وەها گەڕەک دەهاژێنێ کە باوەگەورەی کە لەسەرەوە خەریکی خاوێنکردنەوەی عەینەکەکەیەتی، چاویلکەکەی لەدەست بەردەبێتەوە.

 ‘پەیمان’ کە دەمەوڕوو کەوتووە، چەند چرکەساتێکە نیگاکانی لەسەر قەراغی بنجۆکەی قەراخ شەقامەکە بە بێ جووڵە قەتیس ماون.

دەنگی تەقە ئیتر وەک تاوێ لەوە پیش نیە کە دەڵێی لە دەروونی تۆوە دەست بە پەلەپیتکەکەیدا دەنرا و فیشەکەکانی دەردەچوون،… نا، ئیستا وەک دەنگێکی دوورە کە دڵ زۆر ناهەژێنێ. پۆلیس و حەشیمەتەکە بەرەو کۆڵانەکانی پشتەوە کشاون. سەحەر کە لە پشت دایکییەوە راوەستاوە، تەنیا لە دیمەنەکەی بەردەمی دەڕوانێ و بەس. لە قاتی خوارەوە دونیا چەند سەیرتر دەنوێنێ!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە کتێبی “دەنگی شەقام” چاپ کراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *