فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و بە…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

مەلەوانگە

کات 02/10/1401 678 بازدید

مەلەوانگە

مەلەوانگەکە لە دوو حەوز پێکدەهات، یەکیان قووڵ بۆ ئەوانەی وا مەلەیان دەزانی و حەزیان لێبوو بە کیلۆمەتر مەودای ئەم سەراوسەر ببڕن. ئەوی تریشیان تا ١٣٣ سانتیمتر قووڵ و تایبەت بەوانەی وا مەلەیان نەدەزانی، یاخود دەیانەویست فێری بن. حەوزی یەکەم کەمتر خەڵکی تیابوو و، بەپێچەوانەوە حەوزی دووهەم هەمیشە جمەی دەهات!

لە حەوزی دووهەمدا هەر لە منداڵەوە بگرە تا گەورە و بە تەمەن تیایا پەیدادەبوون. بچووکەکان جرت و فرتیان بوو و، پیرەکانیش بە راوەستاونەوە، یان پاڵیان بە دیواری حەوزەکەوە دەدا، یاخود بە ئارامی دەهاتن و دەچوون.

ئەو رۆژە، حەوزی دووهەم کەمێک نزمتر بوو و کرابوو بە ١٢۵ سانتیمتر. خەڵکێکی زۆری لێنەبوو. باوکێک لەگەڵ کچ و کوڕەکەی خەریکی مەلە و کایە بوون و، چەند گەورساڵ و بە تەمەنێکی دیکە لێرە و لەوێ بۆ خۆیان دەورووکان! وەک رۆژان دەنگی زیق و زاقی منداڵ نەدەهات، بۆیە بە گشتی جەوێکی تری هەبوو.

ئەم ئارام بە ناو ئاوەکەدا رادەخوشا و، خەریکی مەلەکردن بوو کە ژنێکی پەنجا ساڵ بەرەوسەر لە دەرگاکەوە گوزەرا و خۆی کرد بە هۆڵی حەوزی دووهەمدا. رەش پێست بوو بە جل و بەرگی سەرتاپاوە، وەها کە جگە لە قۆل و کەمێک لە سەرشانەکانی شوێنی تری بە دەرەوە نەبوون. بگرە دەسڕێکی رەشیشی وەک ژنی عەرەب تووند لە سەرپێچابوو. بەخۆ و کتە بوو. سمت پان و، ران قەوی و قۆڵ. بە ئارامی هەنگاوی دەنا و، بە چاوەکانی هەموو شوێنێکی بەسەر دەکردەوە. شتێک لە ژنەکەدا سەرنجی ئەمی راکێشا. بۆیە نیگای لە سەر هەڵنەگرت و، هەروا لێی راما. ژنە رەش پێستەکە لە حەوزی مەلەکە نزیک بووەوە. دەستی بە نەردەی ئەو پێ پلیکانانەوە گرت وا بە نۆ هەنگاو دەیبردیتە ناو ئاوەکەوە. ژنەکە دڕدۆنگ بە ئارامی هەنگاوی هەڵدێنا و، لەگەڵ هەر هەنگاوێک سەیرێکی ئەم لاولای خۆیشی دەکرد. هەروەها لەگەڵ هەر قەدەمێک جوان جوان جێ پێکانی سەقامگیر دەکرد. جاری وابوو دەوەستا و، پشوویەکی دەدا. دوو منداڵ کە تاقەتی چاوەڕوانیان نەبوو، بە لاتەنیشتیدا خۆیان کرد بە ناو حەوزەکەدا.

ئەم وازی لە مەلەهێنان هێنا و، هەروا لە دوورەوە بەردەوام بوو لە سەیرکردنی. ژنە سەرئەنجام هاتە ناو ئاوەکەوە. ئاوەکە تا سەر سینگی دەهات. لە کاتێکدا دەستی بە لێواری حەوزەکەوە گرتبوو، دوو سێ هەنگاو لە پێ پلیکانە ئاسنە خۆڵەمیشییەکان دوورکەوتەوە و لە شوێنی خۆی چەق راوەستا. وەک بڵێی ئەوە دوواشوێنی دونیا بێ، جوانتر پاڵی بە دیوارەکەی پشتی خۆیەوە داو کەوتە رووانینی دەورووبەر و خەڵکی. دڵەڕاوکێ و ترس لە چاوەکانیدا شەوقیان دەدایەوە.

ئەم کەمێکی تر سەیری کرد. کە زانی چیرۆکەکە لێرەدا تەواوبوو، وازی لێ هێنا و کەوتەوە جووڵە و مەلەی خۆی. کات ئەوەندەی نەمابوو و، دەبا بڕۆشتایە.

لە ناو حەوزەکەدا پیاوێک لەگەڵ کوڕەکەی کە تەمەنی نزیک سی ساڵ دەبوو و کەمئەندام بوو، خەریکی مەلەکردن بوون. ئەم ئەوانی دەناسی و لەوەتەی دەهات بۆ ئەم مەلەوانگە، دەیبینین. باوکەکە تەمەنی لە هەفتا لایدابوو، بەڵام بەگوڕ و لەسەرحال بوو. جاروبار پێکەوە دووابوون. لە کاتێکدا کوڕەکەی بە ناو ئاوەکەدا دەسووڕایەوە و باوکی چاوێکی لەسەر بوو، باسی ژیانی خۆی بۆ ئەم کردبوو. ئەویکە خاوەن دوو کوڕی ترە و یەکیان تەمەنی ۴١ ساڵە و ئەوی تریان ٣۵ ساڵ، کەچی قەت سەردانی برا کەمئەندامەکەیان ناکەن، ئەوەیکە بۆ خانووکڕین داوای یارمەتی لە باوکیان دەکەن و ئەمیش وتوویەتی بەمەرجێک ئەرکی برایەتی بە ئەنجام بگەیەنن و سەردانی برا نەخۆشەکەیان بکەن کە زیاتر لە هەشت ساڵە بە هیچ جۆرێک نەیانبینووە یارمەتییان دەدا. باوکەکە کاتێک ئەم چیرۆکەی دەگێڕایەوە، بە تووندی هەڵدەچوو و لۆمەی کوڕەکانی خۆی دەکرد. دەیوت پێم وتون وادیارە من بە گەمژە دەزانن… لاتان وایە ئەوەی خۆتان پێتان خۆشە دەبێ و… ئیتر هیچ!؟

ئەم سووڕێکی تر بە ناو حەوزەکەدا دا و، ئاگای لێیە پیاوەکە لەگەڵ ژنەکە دەکەوێتە قسەکردن. سەرەتا لە مەودای سێ چوار مترێکەوە و دوواتر نزیکتر لە یەکتری. گوێی لێیە پیاوەکە هانی ژنە رەش پێستەکە دەدا کە زیاتر بێتە ناو حەوزی ئاوەکەوە و نەترسێ. دەڵێ هەمووی بە یەک ئەندازە قوولە و، بۆیە جێی مەترسی نیە. ژنەکە، کە زمانی نۆروێژییەکەی سەرەڕای باشبوونی بە لەهجەوەیە، سوپاسی دەکا، بەڵام بەردەوام ئینکارە و ئامادەنیە یەک هەنگاو چییە هەڵبگرێ بۆ دوورکەوتنەوەی زیاتر لە پێ پلیکانەکان.

ئەم جارێکی تر بە ناو حەوزەکدا دەسوورێتەوە. یەکێک لە منداڵەکان چاویلکەی مەلەکەی لێکەوتووەتە بنی ئاوەکە و داوا لە باوکی دەکا بۆی دەربێنێتەوە. براکەیشی گاڵتەی پێدەکا. ئەم چاوی لە چاویلکەی مەلەکەیە… شین شین لە بنی ئاوەکەدا دەدرەوشێتەوە.

ئەمجارە کە دەگاتەوە لای ژنە رەش پێست و پیاوە نۆروێژییەکە، گوێی لێیە قسەوباسەکان چیتر لە سەر مەلە و غیرەت و قووڵی و شتی لەم بابەتە نین. گوێی لێیە ژنەکە باسی ژیانی خۆی دەکا. دەنگی ژنەکە خۆش نیە و زیاتر وەک زیقن دێتە گوێ. بەڵام هاوکات جۆرێک لە مەزڵوومی و ساکاریی پێوە دیارە کە ئەم بەشە دادەپۆشێ. مەلەکەی رادەوەستێنی و، لە نزیک ئەواندا پاڵ بە دیواری حەوزی ئاوەکەوە دەنێ و بە ناوی ئەوەی کە خەریکی وەرزشە، گوێ رادەدێرێ. ژنەکە دەڵێ:

ـ ماڵم لە ‘ریکین’ە، ساڵانی ساڵە لەوێ دەژیم. خانووی خۆم هەیە. دوو کچیشم هەیە. هەردووکیان شوویان کردووە و رۆیشتوون، هەرچەند بچووکەکەیان بەردەوام سەردانم دەکا و زۆر ئاگای لێمە… یەکەم جارە مەلەدەکەم. لە ‘ریکین’یش مەلەوانگەی لێیە، قەت نەچووم، یەعنی چووم بەڵام زۆر نا… هاورێیەکم هەیە ئەو زۆر زیرەکە، زۆر هەوڵدەدا فێرم بکا، بەڵام من هەر فێرنابم… نازانم بۆ… گەر خۆی ببینی دەزانی چەندە زیرەکە… گەنجە، وەک من نیە…

پیاوەکە دەڵێ:

ـ دەست لە لێوارەکە بەرمەدە و هەروا هەوڵبدە دەور بدەیتەوە، قووڵ نیە، ناخنکێی،… مەترسە…

ـ وەڵڵا ترسنۆک نیم… من خەڵکی ئیتیۆپیام،… لەمێژە لێرە دەژیم… تەمەنم پانزدە ساڵ بوو… لە خەستەخانە کاردەکەم و هیچ کاتێک بێکار نەبووم… تەواوی تەمەنم زۆر گرینگیم بە کارم داوە و کەمتر غەیبەتم هەبووە… خۆشیان دەوێم… بەوە نیە مەلە نازانم… ئیتر هەروا دەبێ… مرۆڤ ناکرێ هەموو شتێ بزانێ… هەڵبەت بڕیارم داوە فێری بم…

ـ هەر زۆر باشە…. دەبێ فێری ببی، بە تایبەت بۆ ئەم تەمەنەی ئێمەومانان لەوەدا نیە،… بۆ جومگەکانمان و بۆ تەندرووستیمان، ئیتر ئێمە ماڵی راکردن نین… خۆ دەزانی ئاو کێشی جەستە نیوەدەکا و بۆیە فشار بۆ جمگە و بۆ ئێسکمان نایە… مەلە… مەلە زۆر باشە…

لێرەدا کوڕە کەمئەندامەکەی لێی نزیک دەکەوێتەوە. بە ئاماژەی دەست و بە زمانی بێ زمانی شتێکی پێدەڵێ. باوکی لێی حاڵی دەبێ! ئەو کەمێک خۆی زیاتر دەخڵافێنێ. نەکا هەست بکەن گوێیان لێدەگرێ. سەرئەنجام ژنەکە دەڵێ:

ـ فێری دەبم… بەخوا زیرەکم، بەوە نیە ئیستا ئاوەهام. کاتم دەوێ…

ـ بێگومان… بێگومان!

ـ کە هاتیشم هەروابوو، زۆر ئاسان نەبوو، بەلام هەم کارم پەیدا کرد و هەم فێری زمانیش بووم… دەزانی من سەوادیشم نەبوو… کەچی فێری ژیانی ئێرە بووم.

ـ قسەی تیا نیە کە ئەمەیش فێردەبی… هەموو شتێ خواستن و ئیرادەکردن و راهێنانە.

ـ ئا پانزە ساڵم بوو… رەنگە لات سەیر بێ کە چۆن چۆنی کچێکی تەمەن پانزە ساڵی بێسەواد لە ئەفریقاوە گەیشتووەتە ئێرە… ئەویش ئەو زەمانە کە وەک ئیستاکە نەبوو!

پیاوەکە زیاتر لێی راما و، منیش زیاتر گوێم تیژ کرد.

ـ مێردەکەم کاپیتانی کەشتی بوو… هاتووچۆی ئیتیۆپیا و زۆر وڵاتی تری دەکرد… لەوێ لەگەڵ من ئاشنا بوو، یەعنی لەگەڵ بنەماڵەکەم… ئیتر منی خواست و بوومە ژنی و هاتم بۆ ئێرە… گەلێک ساڵ لەمەوبەر.

ـ ساڵی چەند بوو؟

ـ سەرەتا زۆر ترسام، نەک لە خۆی،… نا لە کەشتییەکەی، گەورە و مەزن، بۆ خۆیشی پیاوێکی بەخۆ و زەلام بوو،… ریش چەرمگ بەو کڵاوەوە کە زۆر بەری بە تیشکی هەتاوی نەدەگرت… روخساری برژاوی بەر هەتاو و، پشتەملی، رەشی بەر بای دەریاکان…

پیاوەکە هیچی نەوت. ئەویش وەک من سەرتاپا بوو بە گوێ. لەبەر خۆمەوە وتم رەنگە ئیستا پەشیمان بێت. ژنەکە درێژەی دایەوە:

ـ سەرەڕای ترسەکەم، بەڵام سواری پاپۆڕەکەی بووم و، هاتم بۆ نۆروێژ. پێم وایە زیاتر لە مانگێک بەڕێوە بووین. من کە مەلەم نەدەزانی قەت لە قەراخ کەشتییەکە نزیک نەکەوتمەوە. ئەویش کە ئەمەی نەدەزانی لای وابوو هۆکارەکەی نەخۆشیی دەریاییە، ئەوەیکە دڵم تێکەڵ دێ و دەڕشامەوە… بریا هەر ئەو رۆژانە پێم بوتایە مەلە نازانم… هەمیشە لێم دەشاردەوە. دەموت تاقەتم نیە، حەزم لێی نیە. ئەویش هیچی نەدەوت. ئیتر پێی لەسەر ئەوە دانەدەگرت بچین بۆ مەلەوانەگە یاخود کەناری دریا… رەنگە دەیشیزانی، کێ دەزانێ!

ئەم لەبەر خۆیەوە هەوڵدەدا ئەو ساڵانە بێنێتە بەر چاوی خۆی: دیمەنی کچێکی پازدە ساڵ لە گەڵ پیاوێکی ریش سپی لە ناو پاپۆڕێکدا لە ناوەڕاستی دەریادا لە کاتێکدا با دەریای شڵەقاندووە و شەپۆلەکان شێتانە خۆیان بە هەموو لایەکدا دەدەن… لە کاتێکدا شەوانە ئەستێرەکان تا بێکۆتایی لە ناو تاریکیدا دەدرەوشانەوە.

ـ نا، ئیستایش درەنگ نیە، بەتایبەت کە منداڵەکان گەورەبوون و کاتت زیاترە… مەلە لەم وڵاتە زۆر گرینگە… نەک لەبەر ئەوەی ئاوی زۆرە، نا، لەربەر ئەوەی سەرگەرمیی چاکیشە… دەتوانی نەوەکانت لەگەڵ خۆت بێنیت… زۆر خۆشە… زۆر. ئەوجا باشتر دەگوزەرێ.

ـ راستە…راستییەکەی لەبەر ئەمەیشە دەمەوێ فێری بم. هەر ئەوەندە غیرەتم بشکێ تەواوە… لەگەڵ خۆم دەیانهێنم. رۆح و گیانمن… دەزانی چەندەم خۆش دەون!

ـ بێگومان… بێگومان.

بێدەنگی زاڵ دەبێ. کەسیان نادوێن. ئەم کە تووی پرسیارێک لە دەروونیدا چەکەرەی کردووە، روو وەردەگێڕێ و لێیان دەڕوانێ. بەڵام بەسەر خۆیدا زاڵ دەبێ و بەردەوام دەبێتەوە لەوەی کە دەیکرد.

ـ تەنیا ئەمەیش نیە. هەستدەکەم دەبێ زیاتر خۆم سەرگەرم بکەم. جاران باشتر بووم. ئیستاکە زیاتر بێتاقەت دەبم… رەنگە لات سەیربێت بەڵام جۆرێک لە ترس تیاما سەری هەڵداوە… پێویستیم بە قەرەباڵغییە… هەتا زیاتر باشتر.

ـ بێگومان ئێرە شوێنێکی کۆمەڵایەتییە… دەرفەت زیاترە بۆ بینینی خەڵک… هەر زۆر باشە!

ژنەکە وەردەگەڕێ و ئەمجارە روو دەکاتە دیواری حەوزەکە. پەنجەکانی هەروا بە مەحکەمی لێوارەکەیان گرتووە. دوو منداڵەکە و باوکیان خەریکن لە دەرگاکە ئاودیو دەبن و دەڕۆن.

ـ ببورە ئەم پرسیارەدەکەم، مێردەکەت چی لێهات…؟

ـ مرد!

ـ زۆر بە داخەوە!

ـ نا، هەر زۆر زوو مرد. ساڵانی ساڵ لەوە پێش… لە حسێبکردن نایەت… ناژمێردرێ! (بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی) وێنەکانی لەوێ لە ژوورەکەی ماون… خۆی و پاپۆڕەکەی و سەفەرەکانی… ئاوی دەریاکانیش… تەنانەت وێنەی یەکەم رۆژی سەفەرەکەمان پێکەوە بۆ ئێرە… سەیرنیە!؟

پیاوەکە بە دڕدۆنگییەوە، لە کاتێکدا زمانی تەتەڵە دەکا، وەڵام دەداتەوە:

ـ بێ… بێگومان سەیرە… سەی… رە!

ـ ئەیچۆن سەیرە،… هەر وەک چۆن کە ژنە کاپیتان بیت و مەلە نەزانیت!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *