فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خەمڵی پەموو و سەرنجیک

کات 03/12/1401 348 بازدید

خەمڵی پەموو و سەرنجیک

‘خەمڵی پەموو’ کورتە چیرۆکێک لە نووسینی زیندەیاد ‘حەسەن قزڵجی’یە کە بە پێشەنگی نووسینی کورتە چیرۆک لە ئەدەبی کوردی لە کوردستانی ئێران دەژمێردرێ. حەسەن قزڵجی کە لە باری بیروباوەڕەوە مارکسیست ـ لنینیستە، وەک هەموو چەپەکانی ئەو سەردەمە مەیلێکی تایبەتی بە ریالیزم وەک شێوازی نووسینی دەربڕینی ئەدەبی هەیە؛ شێوازێک کە تێیدا کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان دەخرێنە بەرباس و چیرۆکنووس هەوڵدەدا لە رێگای ئەدەبەوە دۆخی کۆمەڵگا لە باری قۆناخ و ئاستەوە بنوێنێتەوە. لە راستیدا ئەم چیرۆکە بە جۆرێک دەربڕ و نوواندنەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و چینایەتییەکانی ئەوسای کۆمەڵی کوردەوارییە لەگەڵ سەرخانی بیر و دەروونناسیی مرۆڤەکانی.

سەبارەت بەم چیرۆکە هەروەها دەتوانین بڵێین کە:

ـ کاتی چیرۆکەکە وەک لە دەقەکەدا هاتووە ساڵی ١٩۵۶ە،

ـ شوێن بریتییە لە ناوچەی هەورامان لە هەرێمی کوردستان،

ـ شێواز ریالیزمە، باشتر بڵێین ریالیزمی گوندی،

ـ چیرۆکەکە باس لە زوڵم و زۆری شێخ و بەگ، وەک دوو کۆڵەکەی چینی چەوسێنەران بەرامبەر بە جووتیاران و گوندییەکان دەکا،

ـ چیرۆکەکە بە پێچەوانەی نەریتی باوی ریالیزم لە وەسفی دەرەکی ژینگە و کەسایەتییەکان خۆی دەپارێزێ و زیاتر لەسەر کردە خۆی خڕدەکاتەوە (کردە بنیات)،

ـ لە دەقەکەدا هەشت کەسایەتی هەن کە لەوە دەچێ هەبوونی هەشت کەس لە وەها چیرۆکێکی کورتدا کەمێک زیادە دەنوێنێ و، لە راستیدا کورتە چیرۆک کە بەرجەستەکردنی کاراکتێرێکە لێرەدا دەبێ بە قوربانی،

ـ سەرەڕای کورتبوونی چیرۆکەکە، بەڵام نووسەر دەتوانێ جۆرێک لە دینامیکی دەروونی لە دوو کەسایەتیدا جێ بە جێ بکات کە دەربڕی جووڵەی دەروونییە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر لەو کەسایەتییانەدا. کە یەکیان شێخ خۆیەتی کە لە جۆرێک لە هاوسۆزی بۆ جووتیاران دەگوازرێتەوە بۆ هاوڕایی لەگەڵ زۆراوبەگ کە هەڵوێستێکی رەقی سەبارەت بە جووتیاران هەیە و، ئەوی تریان ‘شێخ نامیق’ە کە لە سکاڵابردن لای شێخ سەبارەت بە زوڵم و زۆری زۆراوبەگ، دەگوازرێتەوە بۆ بەرهەڵستکاری بەرامبەر بە زۆراوبەگ،

ـ لە دەقەکەدا کەڵک لە زمانی تەنز وەرگیراوە،

ـ زمان هاوپۆشی هەیە لەگەڵ فەزای دەق کە فەزایەکی گوندییە.

خەمڵی پەموو بایەخی بەتایبەت ئەپیستمۆلۆژیی هەیە. بە خوێندنەوەی ئەم دەقە بەتایبەت نەوەی نوێ تێدەگا کە پێوەندییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانی ئەو سەردەمی کوردستان چلۆن بووە.

هەموو دەزانین چیرۆکی و رۆمانی نوێ هاوزادە لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵگای بۆرژوازی، کۆمەڵگایەک کە پێوەندییە نەریتییەکان تێیدا لاوازدەبن، لەناودەچن و چەمک یاخود دیاردەی ‘تاک’ تیایا سەرهەڵدەدا. لە راستیدا تاکی کۆمەڵگای بۆرژوای بابەتی چیرۆکی نوێیە. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە نووسەر وەک مارکسیستێک لە رێگای ئاشنابوون بە کلتوری رۆژئاوایی و رووسی، ئاشنا بە ئەدەبی نوێیە و، بەکەڵک وەرگرتن لێی هەوڵدەدا بە شێوازی گێڕانەوەی نوێ باس لە کاراکتێڕەکانی ناو کۆمەڵگایەکی پێش بۆرژوازی کوردەواری بکا.

خەمڵی پەموو، گێڕانەوەی کۆمەڵگایەکی نەریتییە لە قاوغی نوێدا. رەنگە ئەمە خۆی لە خۆیدا یەکێک لەو بەربەستانە بێت کە توانای نووسەر بۆ گیڕانەوەیەکی چڕ وپڕ سنووردار دەکا.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

یک پاسخ به “خەمڵی پەموو و سەرنجیک”

  1. پێم وایه نووسەر قەڵەمی گوزارشت بووە هەتا ئەوەی پابەند بە فۆڕمە نووسینەکان، قەڵەمێک بووە کە دونیای واقعی ئەو سەردەمە یان نزیک ئەو سەردەمە پێش ماوە بە سەرچوونی نەریتە ئاغا و شێخ جووتبەن و ڕشاییەکان، من پێم وایە فۆڕمی چیرۆک نووسی ڕۆژاوایی بۆ کۆمەڵەی نووسەرە جیددیەکانی کورد به پێی هەل و مەرج زیاتر خەسار و چەو بوو هەتا خاڵگەلێکی ئەرێنی چونکە ئەو ڕێبازەی لە ڕێ بەدر برد و نەیهێشت ڕەوتی چیرۆک نووسی ببێ بە مێژوو، واتا ئێمە ئەگەر بمانتوانیایە باس لە مێژووی ڕەوتی چیرۆک نووسی کوردی بکەین، ئەوستا ئەکرا بێژین ئەو فۆڕمانە بۆشایی و کەلێنەکانیان پڕ ئەکردەوە بەڵام کاتێ پێچەوانەیە واتا و ئاکامیش پێچەوانەیە. کەواتە گوزارشت دان لە دۆخی سەردەم بەرهەمی واتایی هەیە نەک چ شتێکیتر.

    بژین و بمێنن کاک فەڕۆخی ڕێزدار، تەنیا بۆچوونی شەخسیم بوو سەبارەت بە مامۆستا قزڵجی و پێکەنینی گەدا، نەک لا لە تێ گەیشتن گرتن.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *