فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

چۆلەکەی سەر لقێک

کات 14/12/1401 330 بازدید

چۆلەکەی سەر لقێک

ناوەڕاستی هاوینە. هێشتا گەلاوێژ نەکەوتووە. دونیا گەرم گەرم دەکوڵێ. لە سەر شاخەکەی باشووری شار چەند پەڵەهەور دەڵێی راوەستاون و، هیچ پەلەیان نیە. گەرما ئەوانیشی بێتاقەت کردووە. رەنگە لەو سەرسەرە کاروانسەرایەک بۆ پشوو هەبێ و، تەنیا ئەوەندەی کە ئێمە نازانین.

لە بەر پەنجەرەکەی مندا دارگوێزێکی بە قەوارە مامناوەندی هەیە. نە گەورەیە و نە بچووک، بەڵام تەژی لە گەڵای سەوزی تۆخ. گەڵاکانیش وەک چەند پەڵەهەورەکە بێ سرتە و بێ جووڵەن.

ئارام، تایەکی پەنجەرەکە کە تەواو نەکراوەتەوە، دەکەمەوە تا ژوورەکە فێنکتر بێت. ئەگەرچی زۆر یارمەتی نادا. هەر لەم کاتەدا پۆلێک چۆلەکەی هار و هاج کە دەڵێی لەسەر شتێک شەڕیانە، بە پڕتاو خۆیان بە ناو دارگوێزەکەدا دەکەن. حەجمینیان نیە. دەڵێی بە تەمان دونیا بە سەر خۆیاندا کاولکەن. شێتانە چڵاوچڵیانە و جریوەجریوی بێ بڕانەوە و بەرزیان، گەرما و بێدەنگیی نیوەڕۆی گەرمی هاوین بێ بەزەییانە دەشکێنێ. لەسەر سەرینەکە، بە بیژامە و فانیلەوە سەرهەڵدێنم تا جوانتر لێیان تێبگەم. دەڵێی هەموویان بە شوێن یەکدانەوەن و، ئەویش شتێکی بە دەندووکەوەیە کە لەو هەراو هەنگامەیەدا دیار نیە چییە. هەر ئەوەندەی رەش دەچێتەوە. سەرئەنجام ئەو یەکە هەڵدەفڕێ، ئەوانی تر بە شوێنیدا و دوواتر گشتیان لەو سەر حەوشەکە لە چاو وندەبن.

لەبەر خۆمەوە دەڵێم “ئۆخەی!” بەڵام هێشتا سەرم نەخستۆتەوە سەر سەرینەکە، پەشیمان دەبمەوە. هەستدەکەم، بە پێچەوانەوە، هەبوونی کتوپڕی چۆلەکەکان چەندە ژیان و وزەی بەو نیوەڕۆ کڕ و ماتەمەی هاوین بەخشیبوو. دڵنیا لەوەی چۆلەکەکان لە هەموو شوێنێک هەن و سەرئەنجام دەگەڕێنەوە، پاڵدەکەومەوە و پشتی دەست لە سەر تەوێڵ، لە سەقفەکە دەڕوانمەوە. بەڵام هەستێکی غەریب پێم دەلێ کە نا، درەختەکە تەواو چۆڵ نەبووە و هێشتا شتێ لەوێ ماوە! سەرەتا بە خۆم دەڵێم خەیاڵە و گوێ مەدەرێ، بەڵام خەیاڵەکە وازم لێناهێنێ. بە وەڕەزی سەرهەڵدێنمەوە و لە دارگوێزەکە دەڕوانمەوە. کە بە جوانی لێی ورددەبمەوە، چاوم بە چۆلەکەیەکی کزۆڵە دەکەوێ کە بە نەریتی چۆلەکان لە وەرزی زستان پەڕەکانی فشکردووەتەوە، مل کز، سەری لە ناو شانە گچکە و ناسکەکانی تا نیوە شاردووەتەوە و بە چاوە نیوەکراوەکانی هەڵنیشتووە. سەرنجم رادەکێشێ و، زیاتر راستدەبمەوە. پێم سەیرە ئەمەیان بە بێ ئەوەی شەڕ و قڕەی چۆلەکەکانی تری بۆ گرینگ بێت، هەروا لە سەر لقی درەختەکە لە نێوان پۆلێک گەڵا هەڵنیشتبوو و لە ناو دونیای خۆیا بوو! دڵنیام هەبوونی پۆلە چۆلەکەکە بۆ ساتێکیش بێت ئارامیی ئەویان نەشەمزاندووە.

لێی ورددەبمەوە. قاوەییەکی تۆخ و لە ژێر گەروویدا پەڵەیەک پەڕی رەش. پەڵەکە و تۆخیی رەنگی جەستەی دەڵێن نێرێکی بەتەمەنە. راستی چۆلەکە تا چەندە تەمەن دەکەن؟ ئەها، تا پێنج ساڵ. دیارە بەو مەرجەی لەسەرمادا رەق نەبنەوە، یان لە برسا مندارنەبنەوە یاخود پشیلە و واشە نەیانگرێ. پێنج ساڵ بۆ جەستەیەکی وەها بچووک دەبێ تەمەنێکی درێژ بێت. پێنج ساڵ لە ناو دڵەڕاوکێی سەرما و برسیەتی و پشیلە و واشەدا. من کە سەرەتا جۆرێک لە بەزەیی دایگرتبووم، کتوپڕ چۆلەکەکەم زۆر بەختەوەر هاتە بەرچاو.

نەکا ئەویش وەک من لە نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین لە ژوورەکەی خۆی لەبەر درەختێکی گوێزدا سەر لە سەر سەرین خەریکی بەڕێکردنی دووا رۆژ (ساڵەکانی) کۆتایی تەمەن بێت؟!

پرسیارەکە دەمخاتە سەر لاق، لەبەر پەنجەرەکە رادەوەستم و ئەوەندەی تر لێی ورددەبمەوە. هەستدەکەم چاوێکی کەمێک زیاتر دەکاتەوە و، لێم دەروانێ. دەجریوێنێ:

ـ “گەرما سەری لێ سەندووی؟”

من کە سەرەتا دڕدۆنگم لەوەی داخۆ ئەوە دەدوێ یان نا، خۆم دەدەمە دەم ئاوی دەریا و دەڵێم:

ـ “نا، گەرما نیە، خەیاڵ و بیرەوەرییەکانە،…”

چاوەکەی تریشی دەکاتەوە و دەڵێ:

ـ “گەر وەک من لە ناو دارگوێزدا بنووی، مێشکت ئارامتر دەبێ!”

دەڵێم:

ـ “ئەوەتەی دەژیم ئێوەم هەروا بینیووە، هەمووتان لەیەک دەچن، کە سەیرتان دەکەم دەڵێی ساڵەکان تێنەپەڕیون!”

ـ “ئێوەیش هەمووتان زۆر لەیەک دەچن، درێژ و هەڵچوو بە ئاسماندا، بە شێوە ژیانی مەسخەرەتانەوە!”

دەڵێم:

ـ “بیری سەردەمی شەڕم دەخەنەوە، ئەو کاتانەی دەبوونە گۆشتی سەر سفرە.”

چاوەکانی دەقونجێنێتەوە و، دەڵێ:

ـ “لە بیرم نیە، بەڵام دەزانم وایە.”

دەڵێم:

ـ “چۆنت لە بیر نیە، مەگەر تەمەنت چەندە؟”

دەڵێ:

ـ “هەزار و هەشت سەد جار داچوونی هەتاو.”

من کە گەرما ناهێڵی مێشکم کۆبکەمەوە، دەستبەجێ موبایلەکەم دێنم و حسێبی دەکەم. دەبێتە نزیک پێنج ساڵ. بە گوێرەی لێکدانەوەی من گەر پێنج ساڵ بژی ئەوا رەنگە تەنیا بیست و پێنج داچوونی هەتاوی تر لە تەمەنی بە بەرەوە مابێت.

دەڵێم:

ـ “بەختت هەیە شەڕت نەبینیوە.”

دەڵێ:

ـ “راستی شەڕ چییە؟”

دەڵێم:

ـ “یەعنی… یەعنی ئەوەیکە مرۆڤەکان یەکتر دەکوژن.”

هەر دوو چاوی کزدەکاتەوە و، دەڵێ:

ـ “یەعنی ئیتر پشیلە ناتانخوا، یان مەسەلەن واشە؟”

دەڵێم:

ـ “نا، تازە کە یەکتر دەکوژین، یەکتریش ناخۆین.”

چاوهەڵدێنێتەوە و، دەڵێ:

ـ “ئەی بۆ یەکتر دەکوژن؟”

دەڵێم:

ـ “رەنگە لەبەر ئەوەی یەکتر ناخۆین!”

دەڵێ:

ـ “لە ئێوەی مرۆڤ قەت نەگەیشتم! زبڵەکانیشتان پرە لە پاشماوەی خواردن!”

جگەرەیەک دادەگیرسێنم و، دووکەڵی یەکەم مژ بە دەورەی لق و پۆپەکاندا گێژ و لوول دەخوا.

دەپرسێ:

ـ “راستی ئەوە چییە؟”

دەڵێم:

ـ “سیگارە.”

دەڵێ:

ـ “دەزانم، بەڵام بۆ دەیکێشن؟”

دەڵێم:

ـ “لەبەر بێتاقەتی.”

دەڵێ:

ـ “بێتاقەتی؟”

دەڵێم:

ـ “بێتاقەتی!”

دەڵێ:

ـ “بێتاقەتی چییە؟”

دەڵێم:

ـ ” یەعنی ئەوەیکە نازانی چیبکەی، یاخود هەموو شتێک کتوپڕ بێ مانا دەبێ.”

چاوەکانی دەقونجێنێتەوە و، دەڵێ:

ـ “مەگەر چەندە دەژین وا بێتاقەت دەبن؟”

دەمەوێ بڵێم گەر بۆ وێنە شەست ساڵ بژین ئەوا دەبێتە بیست و یەک هەزار و نۆسەد داچوونی هەتاو، بەڵام هیچ ناڵێم. لە جیاتی ئەوە دەڵێم:

ـ “بڕواناکەم پێوەندیی بە چەندە ژیانەوە هەبێ، پێم وایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە هەر لە سەرەتاو وەها دروستکراوین!”

چاوەکانی دەقونجێنێتەوە و، سەرێک بادەدا. دیسان گوێم لە جریوەجریوی بێ پسانەوەی چۆلەکەکانە. لە دەروونمدا رق لە چۆلەکەیەکی پیر کە تەنیا بیست و پێنج داچوونی رۆژ لە تەمەنی ماوە، هەتا دێت زیاتر چەکەرە دەکا. ئەوەیکە چۆلەکەیەکی سی تا چل گرەمی گاڵتەی بە جیهانی مرۆڤ بێت، جەستەم وەک ئەو رۆژەی هاوین داغ داغ دەکا. بە خۆم دەڵێم گەر قۆچەقانییەکەی سەردەمی منداڵیم مابا، ئیستا لەیەک چرکەدا سەرەونخونم دەکرد. گەواد! بەڵام خۆم رادەگرم و، دەڵێم:

ـ “تێگەیشتن لە جیهانی ئێمە ئەوەندەیش ئاسان نیە، بۆ ئەوەی تێی بگەی دەبێ وەک ئێمە مرۆڤ بیت.”

چاوەکانی جارێکی تر دەکاتەوە و، دەڵێ:

ـ “مرۆڤ؟”

بە دیانە چیڕە، وەها ئەو تێنەگا، دەڵێم:

ـ “مرۆڤ!”

هەستدەکەم خوێن بە پەستاو دەڕژێتە مێشکمەوە. چاوەکانم لێڵ دەبن. بە چواردەوری خۆمدا چاو دەگێڕم. چەند خۆش دەبوو هەر ئیستا پشیلەیەک یاخود واشەیەک پەیدا دەبوو. هەرچەند دەزانم ئەوانیش لە من خراپتر لە کونجێک خزیون. باشە بۆ دەبێ لە نیوەرۆیەکی گەرم و تاقەتپڕوکێنی هاوین بە تووش باسێکی وجوودی لەگەڵ چۆلەکەیەک بم! لەسەر شاخەکە دەروانمەوە. پەڵەهەورەکان هەر لەوێن. تەمی ئاسمان قورستر دەبێ.

تا پەنجەرەکە پێوەدەدەمەوە. ئارەقکردنەوە لە ژوورێکی گەرمی بەر دارگوێز لە بیرکردنەوە لە چۆلەکەیەکی ناحاڵی باشترە. چۆلەکەیەک کە بە ژیانی فەلسەفەی نەخوێندووەتەوە و هەر ناشزانێ چییە. ئەویش لە نیوەڕۆیەکی گەرمی هاویندا کە پەڵەهەورەکانیش هێزی جووڵەیان نیە.

لەبەر خۆمەوە دەڵێم:

ـ “ئەوەندەی نەماوە،… ئەوپەڕی بیست و پێنج داچوونی دیکەی هەتاو!”

بزەیەک دامدەگرێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *