فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەوە سەحەرە

کات 04/01/1402 670 بازدید

ئەوە سەحەرە

مام مینە جگەرەکێشێکی قەهارە. بەردەوام لە سەر هەوای قەدیم تووتن و پەڕە دەکێشێ و، کە دەیشیکێشێ دەورووبەری خۆی جوان جوان قاندەدا! ئیتر خوابکا لە ژوورەوە نەیکێشێ، ئەوا ماڵ وێران دەبی! دووکەڵ، پەڵەپەڵە وەک گەواڵە هەور سەر یەک دەنیشن و بینین و هەناسەکێشان دەبەنە پشت پەردەیەکی ئەستووری تەماوییەوە. هەرچەندە پێیشی بڵێی کە ئیتر سەردەمی خانووە گڵەکانی کۆن نەماوە و، ئیستا لەم خانووە تازە مووبڕکراوانەدا شوێن نەماوە ماڵ بتوانێ هەناسەی تیابدا، بێسوودە. مام مینە هەر لەسەر هەوای خۆیەتی و، گوێ ناداتێ. ئەو لای وایە دووکەڵ سەرئەنجام قلشی خۆی بۆ دەربازبوون دەدۆزێتەوە.

بەڵام کێشەکە هەر ئەمە نیە. مام مینە کەڕیشە. یەعنی نەک ئەوەی هەر هیچ نەبیستێ، نا، دەبیستێ،… بەڵام یەکجار کەم. دەبێ بقیژێنی بۆ ئەوەی تێی بگەیەنی کە مەبەستت چییە. زۆر جار کە دەقیڕێنی دیسان هەر هیچ حاڵی نابێ. یان رەنگە حاڵی دەبێ و لەبەر ئەوەی بە دڵی نیە، وا دەنوێنێ کە حاڵی نەبووە! خۆی لێ گێل دەکا.  ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی خێزان بە تەواوی بە دەستییەوە جاڕزبن. مام مینە باوەڕیشی بەو جیهازەیش نیە وا لای دکتۆر ساڵانی ساڵ لەوە پێش بۆیان وەرگرتووە. بە هیچ کلۆجێک بەکاری ناهێنێ. دەڵێ کە دەیخەمە گوێمەوە، هاڕەهاڕی دونیا خەریکە کەڕم دەکا!

دیارە خێزانی مام مینە لە مێژە مردووە و، هەر خۆی ماوە. تەمەنی زۆر بە ئاسانی لە نەوەد لایداوە. جگە لەمە نە برایشی ماوە و نە خوشک. بە گشتی ئەوەی لە نەوەی خۆی بوو، هەر هەموویان مردوون، بە هاوڕێکانیشیەوە. بگرە نەوەیەک یا دووی پاش خۆیشی زۆربەیان. تاقی تەنیا، دەڵێی خوا هێشتوویەتییەوە بۆ ئەوەی ببێ بە پەندی زەمانە؛ نا ببورن بۆ ئەوەی دەورووبەرییەکانی بە دووکەڵە جگەرە بکا بە پەندی زەمانە.

وەک دەڵێن مام مینە هەر لە ئەزەلەوە، واتە لە کاتی لە دایکبوونییەوە، کەڕ بووە. هەر چەند کوڕەکەی کە ئیستاکە وەک خۆی سەرو ریشی چەرمگە وا ناڵێ و، دەڵێ کاتێک باوکی کرێکاری ئیدارەی رێگاوبان بووە و بە دینامیت کەڵەشاخیان تەقاندووەتەوە، بە هۆی دەنگی تەقینەوەکەوە کەڕ بووەو ئەم نەهامەتییەی بۆ ئەوان جێ هێشتووە.

مام مینە سەرەڕای تەمەنی زۆر و قوونەخەوە بێ بڕانەوە و وەخت و ناوەختەکانی، بە کەیف دەنوێنێ و لای وایە ژیان دیاردەیەکی یەکجار سەرسووڕهێنەر و خۆشە.

جاری وایە لە ناو تایفەدا قسە و باس لەسەر ئەوە سازدەبێ کە داخۆ مام مینە سەرەتا فێری جگەرە بووە، یان کەڕبووە. ئەمە دەبێتە هۆی قسە و باسێکی گەرم لە ناویاندا. ئاخریشی کەس بە جوانی لە سەر هیچ لایەنێکیان ساخ نابنەوە. بە هەرحال کەس نازانێ یا خود ناتوانێ بە جوانی بیسەلمێنێ کە داخۆ سەرەتا مام مینە کەڕ بووە، یان فێری جگەرە بووە. هەر چەندە کوڕە جحێڵەکەیان، رێبوار، دەڵێ کە بە گوێرەی هەموو یاساو رێسایەکی ژیانی قەدیمی ناو گوند، منداڵ سەرەتا فێری جگەرە دەبوو تا شتی تر. بەڵام مەگەر گوێی لێدەگرن! دیارە ئەمەیش زۆر گرینگ نیە؛ گرینگ ئەوەیە هەنووکە مام مینە هەم کەڕە و هەم جگەرەخۆر. لەوەیش ناچێ تا دەمرێ تازە دەستیشیان لێ بەربدا!

مام مینە زۆربەی کات لە ژوورەکەی خۆی کە بەتایبەت کوڕەکەی بۆی تەرخانکردووە و کەمێکیش لایە، دەژی و بۆیە لە راستیدا بە جگەرەکانییەوە زۆر موزاحیمی خێزان نیە. کێشەکە ئەوەیە دووکەڵەکە کە دەرباز نابێ، لە کون و کەلەبەری درگاکەوە، سەرەڕای پەرتبوونی هۆدەکەی، دزەدەکات و بۆنێکی ناخۆش بە هەموو خانووەکەدا بڵاودەکاتەوە. لە ناو خێزانیش دا مام مینە خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ کوڕە جحێڵەکەیان وا باسمان کرد هەیە، بە پێچەوانەی ئەوانی تر حەزدەکا بیدوێنێ و تێرتێڕ بە چاوانی سەیری بکا. جارێک هەروا کەوتە قسە و گوتبووی کە رێبوار زۆر لە گەنجیەتی خۆی دەکا و، هەرچی دەیبینێ یادی ساڵانی زووی خۆی دەکەوێتەوە. رێبواریش باوەگەورەی خۆی خۆش دەوێ و زیاتر لەوانی تر بە دەمییەوە دەچێ.

رۆژێک کە دونیا تێکدەچێ و دەبێ بە خۆپیشاندان و تەق و تۆق، مام مینە لە ژوورەکەی خۆی دەبێ کە کتوپڕ چەکدار خۆ بە حەوشەدا دەکەن. مام مینە کە بە هەوای کۆن، رادیۆیەکی قەدیمی لە تەنیشت خۆیدا داناوە و، زیاتر لە هەواڵ و گۆرانی گوێی لە جیقە و فیقەی وێستگەکانە، زۆر ئاگای لە دونیا نیە و نازانێ لە دەرەوە چەند مانگێکە خەڵکی رژاونەتە سەر شەقام و خەریکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینن لە دژی حکومەت.

چەکدارەکان، دووانیان خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن و، دەنەڕێنن “کوا؟ لە کوێیە؟” ئەو رۆژە تەنیا مام مینە لە ماڵەوە دەبێ و، وەک هەمیشە خەریکی جگەرە کێشانە. پەردەی ژوورەکە دادراوەتەوەو لە گۆشەیەکەوە تیشکی هەتاو خۆ بە ژوورەوەدا دەکا. چڕی دووکەڵ و تێکەولێکەی تاریکی و رووناکی بە گشتی کارێکی وەهایان کردووە کە چەکدارەکان نەزانن چە باسە و ئەو هەیکەلە ناڕوونەی لە هۆدەکەدا دانیشتووە کێیە و چۆنە. بۆیە بە تەمای ئەوەی ئەو کەسەی وا بە شوێنیەوەن دۆزیویانەتەوە، دەستبەجێ پڕی دەدەنی و رایدەکێشنە دەرەوە. مام مینە کە پشت لەوانە و بە چاویلکە ئەستوورەکانییەوە دەرفەتی لاکردنەوەو رووانین پەیداناکا، هەر ئەوەندەی هەست بەوە دەکا کە وەک پووشی دەم با بەرزدەبێتەوە، جەستەی لە زەوی دەبڕێ و دەیفڕێنن. چەکدارەکان بە خەیاڵی ئەوەی کەسی مەبەستیان گرتووە راکێش راکێش تا حەوشە راناوەستن. لەوێ هاوڕێکانی تریان بە تەعەجووبەوە لێیان دەڕوانن. سەرئەنجام مام مینە، کە هێشتا دەمنەکەی بە دەستەوەیە، لەسەر چیمەنی حەوشێ دادەنێن و لە بێدەنگییەکی سەیردا هەر چوار پێنج چەکدارەکە لە یەکتر دەڕوانن. ئەوسا هەر هەموویان دەیدەنە قاقای پێکەنین.

مام مینە کە هێشتا نازانێ چ باسە و بۆ وا رفێندراوە، بە خەیاڵی ئەوەی دز رووی لە ماڵەکە کردووە، دەکەوێتە خۆ و لە پشت چاویلکە شووشە ئەستوورەکانییەوە، هاواردەکا:

ـ “هەی گەوادینە راوەستن با گۆچانەکەم بێنم، چەرم بە لەشتانەوە نا‌هێڵم!”

قاقای پێکەنینی چەکدارەکان، جگە لە یەکیان کە فارسە و هەر لە سەرەتاوە تەنیا بزەیەک نیشتبووە سەر لێوەکانی، بەردەوامە. یەکیان دەڵێ:

ـ “بیبەنەوە شوێنی خۆی.”

ئەوی تریان دەڵێ:

ـ “مامە زیرەک و بە گوڕە، بۆ خۆی دەتوانێ.”

ئەوسا خانووەکە جێدێڵن و، ئاودیوی شەقام دەبنەوە.

مام مینە، لە کاتێکدا یەکجار تووڕەیە و لە بەر خۆیەوە پرتە و بۆڵەی دێت و جوێندەدا، چەماوە و کوڕ خۆ بە ژوورەکەی خۆیدا دەکاتەوە. تووڕە لە کوژانەوەی تووتن و پەڕەکەی، دەست دەبا و بە چەرخە قەدیمییەکەی دایدەگیرسێنێتەوە.

کە قوونەخەوێکی تر مام مینە لەگەڵ خۆی دەباتەوە، لە پشت نوێنەکانییەوە جەستەیەک بە ئەسپایی رادەبێ. رێبوار، هێواش هێواش لە ژوورەکە لە کاتێکدا هەنگاو بەسەر لاقەکانی مام مینەدا هەڵدێنێتەوە، دەڕواتە دەرەوە.

لە دەرەوە بێ ئەوەی مام مینە گوێی لێبێ، دەنگی تەقە بەردەوامە. دەنگی ‘سێوە’ لە رادیۆکەوە، ژوورەکە دەتەنێ:… “ئەوە سەحەرە… گەلی برادەرینە… بەژنی باریک و دوو چاوی بەڵەک، راستی دڵی خۆمی لە بۆ ببێژم… وەی لێ… سەحەرە!”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *