فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

تاوانم نەبوو

کات 19/01/1402 442 بازدید

تاوانم نەبوو

هەرێم تازە گەیشتووەتە نۆروێژ. لە کوردستانەوە چەندین وڵاتی بڕیوە. سەرەتا تورکیە، دواتر یۆنان، ئەوسا ئیتاڵیا، فەڕەنسە، ئاڵمانیا، دانیمارک، سوید و سەرئەنجام نۆروێژ وەک دوواوێستگە. لە دووای ئەوەی لە پۆلیسی سەنتەری ئۆسلۆ خۆی ناساند و ناردیانە کەمپ، دابەشیانکرد بۆ شارێک بە ناوی ‘هول’. شارۆچکەیەکی پەرت و دوور لە پایتەخت. هەرێم بەناچاری و بە بێ خواستی خۆی چوو بۆ ئەوێ و، بە خۆشییەوە لە رێگای چەند هاوڕێیەکەوە توانی هاوشارییەک ببینێتەوە و لەوێ بچێتە لای. هاوشیارییەکەی ناوی نەوزاد بوو دوو ساڵێک بوو لە هول دەژیا و هێشتا قەبووڵی وەرنەگرتبوو، بەڵام لە گەڵ دوو کەسی تر کە لە هەمان خانوودا دەژیان، ئیزنی کارکردنیان هەبوو. ئەو دووانەی تر یەکیان خەڵکی هەولێر بوو و، ئەوی دیکەیان خەڵکی سەقز.

بارودۆخی پەنابەری خراپ بوو و، بۆیە بە پێچەوانەی ساڵان ئیزنی کارکردنیان بە پەنابەرە نوێیەکان نەدەدا. هەرێم بە ناچاری لە ماڵەوە مابووەوە و زۆربەی کاتەکانی تەمەنی دەخەوت و بیری لە سلێمانی و لە داهاتووی خۆی دەکردەوە. نەوزاد پێی گوت خەفەت نەخوا و هەر چۆنێک بووە کارێکی رەشی بۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێرە شارێکی بچووکە دەبێ جارێکە دیان بە خۆیا بگرێت. دەیگوت:

ـ جارێ تۆزی سەفەر لە جەستەت داماڵە و بایەکی بن باڵی خۆت بە! دڵنیا بە دونیا بە کەیفی تۆ ئەبێ، هەم ئیش ئەدۆزیتەوەو، هەم بەرخێکی قژزەرد و چاو شینی نەرویجی ئەخەیتە باخەڵت… ئیتر هەر بۆن بە دوگەکەیەوە بکە! پەلەی ناوێ رۆحەکەم!

ئەوانی تر، جگە لە هەولێرییەکە، بۆیە لەڕاستیدا دەبی بە یەک دانەیان، بە دەمییەوە پێکەنیبوو.

نەوزاد و هاوڕێکانی هەموو رۆژێک بەیانان لە ماڵ دەردەچوون و، ئێوارەیان دەهاتنەوە. هەندێ جار بە عەلاگەی پڕ لە خواردن و خواردنەوە و شتی کەیفە. لەگەڵ یەک دەژیان لەبەر ئەوەی کرێماڵ لەسەریان هەرزانتر بکەوێ. بەتایبەت کە هەموویان دەبووایە یارمەتیی کەس و کار بدەن و جگە لەوە لە بیری کڕینی خانوو و دووکان و عەرزە لە کوردستان بوون. هیچیان بەتەمای ئەوە نەبوون تا سەر لەم وڵاتە بەستەڵەکە بمێننەوە.

هەرێم حەزی بە خواردنی نۆروێژی بوو، بەتایبەت نانەکەیان. شەوانەیشیان بەراستی خۆش بوو. لەگەڵ ئەوەی هاوڕێکانی ماندووبوون، بەڵام تا دەورووبەری یازدەی شەو دادەنیشتن و دەیانکردە قسەی خۆش و بەزم. دۆمینە دەستی ماچدەکردن. هەولێرییەکەیان کەمێک لالووت بوو، بەڵام بەگشتی خراپ نەبوو. هەر ئەوەندە جاروبارە دەچووە ناو خۆیەوەو تاقەتی قسەکردنی لە گەڵ کەس نەدەما. جاری وایش بوو هەر کامەیان بە موبایلەوە وەها سەرقاڵ دەبوون کە دەڵێی خانووەکە کەسی تیانەبوو. هەڵدەکەوت هەر چواریان پێکەوە و تێکڕا لەگەڵ سلێمانی و هەولێر و سەقز بە تەلەفۆن قسەیان دەکرد و، ئیتر دەبوو بە رۆژی حەشر، بەڵام وەک بڵێی کەس موزاحیمی کەس نیە، بە سەعات بەردەوام دەبوون.

ـ دایکە گیان چۆنی، باشی؟… ئێژی دڵت تەنگە… نا بەقوربانت بم… راستی خەوەر خیاوان ساحلی… ئەی مەیدان هەڵۆ…؟

ـ ئەدی کوو هەر وا دەبیتن… مار و منداری کاکم کوون؟ باشن؟ ئای لە منارەی… نا خەمت نەبیتن، باش دەبی باش…

ـ بەو خوێڕیەی ئامۆزام بڵێ بەخوا دەست هەڵنەگرێ بێمەوە پارچەپارچەی ئەکەم… بەراستە… بە ژن و مناڵ ئەوێرێ، بەو خوایە ئەیبمە گۆیژە لەو سەرسەرە پانتۆڵی لە پێ دائەکەنم و ریسوای شاری سلێمانیی ئەکەم… تۆ تۆ… تۆ…

کەسیان بە قەدەر هەرێم بە وێنەکانەوە سەرقاڵ نەبوو. لەبەر خۆیەوە دەیگوت هەر ئەوەندەی پۆزەتیفم وەرگرت و کارم پەیاکرد، زوو ئەڕۆمەوە. ئای ی ی… سلێمانی بە قوربانی ئەو خاک و خۆڵەت بم! هەموو نەرویج بە قوربانی دەشتی پڕ لە دووپشکە زەدر و رەشەکانی عەربەتت بێت!

ئێوارەیەکیان لە دووای نانخواردن، کاتێک دانیشتبوون و خەریکی دۆمینە بوون، نەوزاد رووی کردە هەرێم و گوتی:

ـ بۆ خۆت چاک ئەخەوی تا درەنگان… خۆزگەم بە خۆت! بخەوە بخەوە، دوواتر بیری ئەم رۆژانە ئەکەیتەوە… راستی خۆشە؟

عەتا: باوە چە ئەیژی… پاشایە پاشا!

مەغدید کە تەمەنی لە شەست و ئەوەندەدا بوو و هەمیشە گلەیی لەوە دەکرد بە پیریی رووی لەم وڵاتە کردووە و قەتیش وەریناگرن، گوتی: لێت دایە کاک هەرێم جیان! لێت دایە… ئەدی کوو!

هەرێم گوتی:

ـ وەڵڵاهی زۆر خۆشە، عەیبی نیە… بەڵام… بەڵام جگە لەو تەق و تۆقەی یەکتان کە بەیانیان تۆزێ درەنگان سازی ئەکا، وەڵڵا برا باش ئیسراحەت ئەکەم.

هەر سێکیان بە تەعەجوبەوە لە هەرێمیان رووانی.

ـ تەق و تۆق!… تەق و تۆقی چی؟

ـ وەڵڵا نازانم کامتانە، ئەوا چەند رۆژێکە بەیانیان دێتەوە و دەست ئەکا بە سازکردنی نانی بەیانی و چالێنان و قاپ و قاچاخ شۆردن… ئەمەیان هەنێ سەغڵەتم ئەکا، ئەگینا وەڵڵا برا عەیبی نیە.

دیسان هەر سێکیان بە سەرسوڕمانەوە بەردەوام دەبن لە رووانینی هەرێم و، دوواتر نیگایان بۆ سەر یەکتر وەردەگێڕن. لە کۆتاییدا مەغدید بە پەلە هەڵیدەداتێ کە:

ـ وەڵڵاهی کاک هەرێم جیان، ئێمە کەسمان ناگەڕیتەوە، هەر هەموومان لە سەر ئیشین و هەتا ئێوارە دەیکوتین و دەیکەین، نان سازکردنی چی و شتی چی و قاپ و قا… لۆ خۆت کەیف دەکەی برای بابم… بە خودای سوڵتانی عوسمانیش وەهای بۆ نەلوایە… ئەرێ برای بابم تەقەی چ و شتی چ! مەگین لەم وڵاتە زەلام دەویریتن بێ پرس خۆی بە دەرکێی خەڵکیدا بکا… بەخودای برا کەوری دەکەن کەور… ئەدی!

عەتا: کاکە هەرێم گیان بەخوا برا دڵت نەئێشێ، بۆ خۆت ئەوەندە ئەخەوی خەو ئەبینی، ماشاللات لێ بێ راستی و خەیاڵت بەسەر یەکا شێویانگە… خەیاڵاتی بووی… غەوزی گەیلانی ئاگایارت بێ بەقوربان!

هەرێم کە نەیدەزانی وەڵامی کامیان باتەوە، هەزار سوێند و قوڕئانی خوارد کە بەیانیان یەک دوو سەعات دووای ئەوەی ئەوان دەڕۆن، کەسێک دێتەوەو لە ماڵەکەدا خەریکی نان سازکردن و کاری ناو مەتبەخە.

ئەوانی تر بێدەنگ دەبن. کتوپڕ کاک مەغدید هەڵدەداتەوە کە:

ـ نەکا واکت مەستەرەکە۱ راست بکاتن بە راستی خانووەکە جنۆکە و خێوەتی و شتی وەهای تێدا بیتن، ها؟ دەرێتن لەوە پێش خەرکی دیکەی تێدا هەبووە و هەڵاتینە، لەبەر خێوەتان!

نەوزاد:

ـ قسەی قۆڕ و لابەلا رۆح چی و شتی چی! ئەویش لە نەرویج. کوڕە بابە وازبێنە سەرمان ئێشێ.

مەغدید بێدەنگ دەبێ و، لە هەرێم ورد دەبێتەوە.

عەتا:

ـ بەغەوس ئێحتمالەن راستیش بێت، کێ چووزانێ، قەدیمی خۆ لە خۆوە باسی جن و پەری و شتی وایان نەکردووە. ئەم داستانە سینە بە سینە هاتە و جا کاکی برا یەک درۆی کرد دوو درۆی کرد سێ درۆی کرد! بە خوا برا من ئێژم راستە!

نەوزاد تاقەتی لێی نیە لەوە زیاتر لەسەری بڕوا. موبایلەکەی دەردێنێ و بە دەنگی بەرز هاواردەکا:

ـ گەوام ئەوێ ببێ بە رۆح و خۆ بەم خانووەیا بکا، بزانە خوشک و دایکی ناگیەم!

هەرێم کە هەست بە تاوان ئەکا و پێی وایە بووەتە هۆی سەرئێشە بۆ هاورێکانی، دێتە سەر ئەو رایەی کە رەنگە خەوتنی زۆر سەری لێ شێواندبێ و بۆیە چیتر لەسەری ناڕوا. تەنانەت لە دەروونی خۆیدا، بۆ ئەوەی خەیاڵاتی نابەجێ دووربخاتەوە، بە خۆی دەڵێ “بێگومان ئەوان راست ئەکەن،… قابیلە درۆبکەن؟ ئەوان سیان و من یەک!”

بۆ سبەی کەمێک وشیارتر بوو. ئەمجارە باشتر گوێی لە دەنگە دەنگیی ئەوان لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ رۆیشتن راگرت. ماڵ بێدەنگیی لێ دەباری. جوان جوان گوێی هەڵخست. جگە لە دەنگی ناڕوونی دەرەوە کە لە پەنجەرە دوو سێ شووشەییەکانەوە بە ژوورەوەدا دەکرد، چرپە چییە نەدەهات. یەک دوو جار بە کاوەخۆ ئەم شانەو شانی کرد و، ئەوەندەی نەبرد بزە لەسەر لێو، خەو بردییەوە.

کتوپڕ بە دەنگی کەسێک لە ئاشپەزخانە لەخەو راچڵەکی. رێک وەک دوێنێ و وەک رۆژانی پێشوو. نەفەرێک خواردنی سازدەکرد، قاپ و قاچاخی ئەم لاولا پێدەکرد، دەیشۆردن… بگرە یەک دوو جار بە بەر درگای ژوورەکەی ئەمیشدا تێپەڕی. تێپەڕینێکی بێ سێبەر!

هەرێم وشک بوو. بەتانییەکەی بە سەر خۆیدا دا. دەنگەکە بەردەوام بوو. دەستی بۆ تەلەفۆنەکەی برد کە زەنگ بۆ نەوزاد بدات. پەشیمان بووەوە. نەکا کەسەکە گوێی لێ بێت و بێتە سەروەختی! هەرێم قەت ئەوەندە خۆی بێغیرەت و ترسنۆک نەبینیبوو. لەبەر خۆیەوە گوتی کوڕە خەو ئەبینم هیچ نیە. ئەوسا هەوڵیدا بخەوێتەوە، بەڵکو ئەمجارە کە هەستایەوە، دێوەزمەکە کۆتایی هاتبێ و رۆیشتبێ. بەڵام هەرچی کرد خەو نەیدەبردەوە. دەنگەدەنگەکە نەیدەهیشت. زەنازەناکە لەوە راستەقینەتر بوو بتوانێ خۆی لێ نەبان بکا. بەڵام مەگەر خەیاڵیش وەها نیە؟

ئارام پەتووەکەی لادا و بە خشکە هاتە پشت درگاکە. بە جووڵەی هەرێم، ناو ماڵەکە بێدەنگ بوو. کەسەکە وەک بڵێی زانیبێتی و گوێی هەڵخستبێ. بەڵام دووای ماوەیەک دەستی کردەوە بە تەقەتەق. وەک بڵێی بۆی گرینگ نەبێ. هەرێم لە کونی درگاکەوە بە ترس و لەرز سەیری ناو هۆڵەکەی کرد. ئەو کە لە سلێمانی بە غیرەت و ئازایەتی لە ناو هاوڕێکانیدا ناوبانگی دەرکردبوو، ئیستا هێزی ئەژنۆی نەمابوو. کەسی لە ناو هۆڵەکەدا نەدەبینی. دەنگەدەنگەکە لە مەتبەخەوە دەهات. دەرگای مەتبەخیش نیوەکراوە بوو. بە خۆی گوت دەبێ لە دەرفەتێکدا راکەم… ئەوەندە تووند نەمگاتێ و دەربازبم.

ماوەیەکی تری باش لە هۆڵەکە و دەرگای ئاشپەزخانە راما. هیچ خەبەرێک نەبوو. بگرە ئەمجارەیش دەنگی گۆرانیش هات. وەک بڵێی رادیۆی هەڵکردبێ. هەرێم ئەمەی بە دەرفەت زانی و دەرپەڕی، ئەوەندە خێرا کە قاچەکانی جاری وابوو لە گەڵ وزەی یەکیان نەدەگرتەوە و لەتری دەدا. هەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندە دەرگا شۆقەکە و هەڵاتە دەرەوە. هەرێم راکەڕاکە و وەها بە پەلە لە پلیکانەکانەوە لە قاتی چوارم کە دوواقاتی بینایەکی یەکجار کۆن بوو هاتەخوارەوە کە لەوانە بوو ملی بشکێ. کە گەییە کۆڵان وەها قیڕاندی کە لەوانە بوو چاوی دەرپەڕێ. هەنسکەهەنسکی بوو. دڵی لەسەر هەزار لێیدەدا. لە سەر شۆستەکە بە بینینی زەلامێک، پیاوێکی نزیک شەست ساڵ بە قژێکی سپی درێژ و روخسارێکی پڕ لە چرچ و لۆچەوە کە لەسەر پیادەڕەوەکە راوەستابوو، وەها تەریق بووەوە کە لەوانە بوو لە شەرمدا ببێ بە قەترەیەک ئاو و لە درزی نێوان دوو بەردی ژێر پێی رۆبچێ و بۆ هەمیشە ون بێ.

پیاوەکە بە تەعەجوبەوە، تەعەجوبێک کە هەرێم لای وابوو تێکەڵ بە بزەیەکی شەیتانی و زۆڵانەیش بوو لە ‘هەرێم’ی رووانی. وەک بڵێی دەپرسێ “ها… چ باسە؟” هەرێم کە زمانی نەدەزانی، بەڵام هاوکات دڵنیا بوو کابرای نۆروێژی دەزانێ ئەو کوردە، خۆی تەواو راست کردەوە. وەها کە گوایا هیچ کێشە و قسەو باسێک لە گۆڕێدا نیە، بەرەو بیناکە گەڕایەوە. هێشتا دوو قادرمەی نەبڕیبوو کە بینی کابرا لە دوواوە بە شوێنیدا هات. رێک بەرەو پێ پلیکانەکان ئەویش دەیەویست سەرکەوێ. ئیتر دۆخ دۆخی فشەکردن و شەرم و شتی لەم بابەتانە نەبوو. هەرێم بەپڕتاو گەڕایەوە و، وەها هەڵاتە دەرەوە کە شانی لە شانی کابرا درا و فڕێیدا و دای بە دیوارەکەدا. کابرا وەک تۆپ هەڵبەزییەوە و تەختی زەوی بوو. هاوارێکی ترسناکی سەرتاسەری بیناکەی گرتەخۆ. نۆروێژییەکە دەستێکی شکا.

***

لای پۆلیس، وەرگێڕێکیان هێنا. هەرێم هەموو شتێکی گێڕایەوە. لە دووای پرس و جۆیەکی باش و، چەند رۆژە سەرئەنجام دەرکەوت ژنێکی دەرمانخۆری پەنجا ساڵەی نۆروێژیی داماو و چەپ و چیڕ کە لە گەڵ مەغدید کەین و بەینی هەبووە، کلیلێکی لە مەغدیدی دەزگیران وەرگرتبوو و بەیانیان بەو مەرجەی دەنگەدەنگ نەکا، کاتێک ئەوان لە ماڵەوە دەردەچن، بچێت و خزمەتی خۆی بکا.

کاک مەغدید لای پۆلیس، لە ترسی ئەوەی دیپۆرتی نەکەنەوە، هەزار سوێند و قوڕئانی دەخوارد کە “لە رێێ خودا خێرو  خێرخوازی کردیە و چاوی لە ماری دونیا نەبووە و چما بەزەیی بە ژنێکی بەستەزماندا هاتووەتەوە کە جگە لەو لە دونیادا کەسیی دیکەی نەبووە!”

بەڵام هەرێم باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە جگە لە رۆح هیچی تر لە خانووەکەدا نەبووە. ئاخر دەکرێ مرۆڤ بە بەر دەرگادا تێپەڕێ و سێبەرەکەی لە قڵشی ژێرەوە دەرنەکەوێ! تەنانەت ئەو کابرایەی وا لە کۆڵانەکە راوەستابوو، رۆحێکی تر بوو کە لە پلانێکی هاوبەشدا لەگەڵ رۆحی ناو مەتبەخەکە دەیانویست بەر بە هەڵاتنی ئەو بگرن و ئەو رۆژە بۆ هەمیشە  لەسەر کورەی زوەی مەحوی بکەنەوە.

ـ بەخوا براگیان تاوانم نەبوو!

ژێرنووس:

۱ـ ئەوەی ئاگای لە بیناکانە و، هەڵەی وردە چاکدەکاتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *