فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نووسینی چیرۆک بەرهەمی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە لە ناخ و دەروونی نوسەرەوە سەرهەڵئەدات

کات 20/01/1402 260 بازدید

نووسینی چیرۆک بەرهەمی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە لە ناخ و دەروونی نوسەرەوە سەرهەڵئەدات

گفتوگۆی گۆڤاری وانەر ژمارە 9 لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور ـ

سازدانی: شاخەوان سدیق ـ

ـ زۆر باس لە سیحری ئەدەب بۆ مرۆڤــ دەکرێت و زۆر جار بەگەورەترین داهێنانی مرۆڤـ ناو دەبرێت، ئەم ئەفسوونە گەورەی ئەدەب لە کوێوە هاتووە؟ ئەی پەیوەندی ئەدەب بە ژیانەوە چییە؟

ـ پرسیارێکی قورسە. پرسیارێکی هەمیشە کراوە کە لەگەڵ ئەوەی دەکرێ هەمیشە وەڵامی نوێی بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام قەت بە کۆتایی و بە وەڵامی تەواویش نەگات. ئەمەیش ئاساییە. وەڵامیش وەکوو خودی ژیان و وەکوو خودی چیرۆک وایە کە بێکۆتاییە. رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لە خودی پرسیارەکدا بێت کە تێیدا باس لە سێ رەگەزی داهێنان، ئەفسوون و پێوەندی ئەدەب بە ژیانەوە هاتۆتەگۆڕێ. کاتێک چیرۆک دەتوانێ هەڵگری ئەم سیانە بێت، مانای ئەوەیە کە لە سێ سەرچاوەوە ئاودەخواتەوە کە هەر کامەیان بۆ خۆیان هەڵگری دونیایەک لە مانان. کاتێک دیاردەیەک وەک چیرۆک لێکەوتەی سێ رەگەزی لەم چەشنەن، بەو مانایە کە تایبەتمەندییەکانی ئەم سیانە لە خۆیدا هەڵدەگرێ و زیاتر لەمە بە ئاوێتەکردنیان دیسان سنووری ماناکانیان بەرفراوانتر دەکاتەوە. با بیهێنینە بەر چاوی خۆمان کاتێک داهێنان، ئەفسوون و پێوەندی ئەدەب و ژیان سنوورەکانیان لە ناو یەکتریدا دەتوێننەوە و هەر کامەیان بە بەخشینی هەوێنی خۆی بەوانی تر بەرینایی و قووڵایی دەریاکە زیاتر دەکا، داخۆ دەبێ چیرۆک چی بێت!

بەڵام بە رای من لەم سیانە، رەگەزی سێهەم، واتە پێوەندی ئەدەب بە ژیانەوە گرینگترین رەگەزە. گەر ژیان خۆی دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە، ئەوا دەبێ چیرۆک کە دەبێتە گێڕەڕەوەی ژیان و جاری وایە وەک ئاوێنە و جاری وایە وەک تێکەڵێک بە خولیاکان و جیهانبینی مرۆڤ ژیان دەگێڕێتەوە، دەبێ رەگەزێکی گرینگی لە بوون لە خۆیدا حەشار دابێ کە ئاوا بەردەوام سەرەڕای تێپەڕینی کات و هەموو گۆڕانکارییەکان دیسان سەرنجڕاکێشە و دیسان مرۆڤ بەرەولای خۆی رادەکێشێتەوە. خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ ژیان گەورەترین خۆشەویستییە، بۆیە هەر شتێک کە بتوانێ دیسان ژیانی لا بژیێنێتەوە و سەرلەنوێ ماناکانی تیا بەرهەم بێنێتەوە، دەبێ بە گەورەترین خۆشەویستی.

ئەگەر ژیان بە هۆی گۆڕانی هەمیشەیی بوونێکە کە بەردەوام لەگەڵ ئەوەی لە ناویداین لێمان هەڵدێ، ئەوا چیرۆک رایدەگرێ و، بە تۆمارکردنی، ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە بەردەوام بگەڕێینەوە سەری. کەواتە بە هۆی چیرۆکە گۆڕان وندەبێ و جۆرێک لە ئەبەدییەتی کات سەرهەڵدەدا کە خولیای مرۆڤە.

بەڵام پێوەندی ئەدەب بە ژیانەوە پێوەندێکی ئاسایی نیە. ئەگەر ژیان دیاردەیەکی سروشتییە، ئەوا ئەدەب هیگڵ گوتەنی بەرهەمی چالاکیی رۆحی مرۆڤە و بۆیە شتێکە زیاتر لە ژیان. واتە چیرۆک سەرلەنوێ ژیان دەخوڵقێنێتەوە و لەم خوڵقاندنەوەیەدا ئەمجارە مرۆڤە دەوری سەرەکی دەگێڕێ. لە چیرۆکدا مرۆڤ رۆڵ و نەقشی خوڵقێنەر (خودا) دەگێڕێ و ئەمجارە شتێک دەبێ جیاوازتر لەوەی لە خودی ژیاندا هەیە. ئەو شتە جیاوازەیش لەوەدایە کە ئەمجارە مرۆڤ رۆحی خۆی بە دیاردەی ژیان ئیزافەکردووە و بەم شێوەیە چیرۆک دەبێتە کۆبەرهەمی خودا و مرۆڤ پێکەوە.

ـ چیرۆک یه‌کێکە له ‌ژانره‌ کۆنەکانی ئه‌ده‌ب که‌ هه‌میشه ‌مرۆڤ له‌ قۆناغه ‌جیاوازه‌کاندا چ به‌ زاره‌کی یان به‌ نووسین هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی داوه‌، ده‌پرسم مەبەست لە چیرۆک وەک چەمک و ووشە چییە؟ و گرنگی چیرۆک و گێڕانه‌وه ‌بۆ مرۆڤ چین؟

ـ چیرۆک  وەک وشە تەرجەمەی ‘نۆڤێڵ’ی فەڕەنسییە یاخود short history ئینگلیزییە کە بە مانای هەواڵ یان کورتە هەواڵ دێت. دیارە لێرەدا مەبەست چیرۆکی نوێ و مودێڕنە، نەک حیکایەتی کۆن. بەم پێیە چیرۆک رەگی لە گێڕانەوەدا هەیە، لە هەواڵێکدا کە دەیگێڕینەوە. مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە وەک دەزانین حەزی بە گێڕانەوە بوو. وەک دەگوترێ گێڕانەوە سەرەتاییترین شکڵی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ ناسینی جیهانی خۆی و دەورووبەری پێناسەدەکرێ. کاتێک هێشتا زانستە ئەبستراکتییەکان بوونیان نیە، مرۆڤ لە رێگای چیرۆکەوە هەوڵی ناسینی جیهان دەدا. وەک بڵێی بە دوپاتکردنەوەی ژیان و پێ زیادکردنی رۆح و خواستەکانی خۆی (کەواتە بەرهەمهێنانەوەی سەرلەنوێی)، گەرەکی بووە پیشانی بدا جیهان لای ئەو غەریب و نامۆ نیە و دەتوانێ بە سەر راز و رەمزیدا زاڵ ببێت. واتە لە چیرۆکدا، هەستی نامۆبوونی خۆی چ لە ئاست جیهاندا و چ جیهان لە ئاستی خۆیدا سڕیوەتەوە و بەم شێوازە بە خۆی سەلماندووە کە ژیان ئاشناترین چیرۆکی مرۆڤە.

رەنگە ئێمە قەت نەزانین کە میکانیزمی سەرهەڵدانی حەزی گێڕانەوەی چیرۆک لە مرۆڤدا لە راستیدا چییە و چۆنە، بەڵام کاتێک لە خۆمانەوە دەڕوانین، کاتێک گوێ لە چیرۆک دەگرین و دەیخوێنینەوە، دەبینین کە چ ورووژانێک لە دەروون و لە رۆحماندا پێکدێنێ و چلۆن خۆمان لە دونیایەکدا دەبینینەوە کە بەشێکی گرینگی پێویستیەکانمانە. چیرۆک بە جۆرێک هەڵاتنە لە واقعی تاڵ و داڕشتنەوەیەتی بەو شێوازەی کە لامان وایە دەبێ ببێ!

دیارە بە سەرهەڵدانی فەلسەفە و زانستیش، چیرۆک نە تەنها بزر نەبوو بەڵکو شێوازی گۆڕی و بە گوێرەی هەر سەردەمێک جۆرێک لە هونەری چیرۆک سەریهەڵدا. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێ کە جوانناسیی هونەری وەک ئامرازێکی ناسینی جیهان هەمیشە پێویستییەکی مرۆڤە و قەت وازی لێناهێنێ.

چیرۆک راوکردنی زەمەن و مانەوە لە هەر ئان و ساتێکیدایە. چیرۆک هەستکردنەوە بە کاتە لەدەستچووەکان و زیاتر لەمە ژیانکردنەوە لە ناویاندایە بە شێوازی تر، ئەو شێوازەی کە مرۆڤ بۆ خۆی حەزی لێیە.

ـ گرنگی ژانری کورتە چیرۆک چیە، کە هەندێک بە هونەرێکی چێژبەخشوو هەندێک بە هونەرێکی قورس و ئاڵۆزی دەزانن؟؟

ـ بە رای من لە نێوان چێژ لە لایەک و قورس و ئاڵۆزبوونی دیاردەیەک لە لایەکی ترەوە، هاودژی نیە. هونەر و یەک لە لقەکانی کە چیرۆکە هەتا دێت بە هۆی گەشەی بەردەوامییەوە قورس و ئاڵۆزتر دەبێ و بۆیە بۆ دەرککردنی پێویستمان بە پەروەردە و زانیاری زیاترە. بێگومان هەتا پەروەردە و زانیاری مرۆڤ لەسەر هونەر زیاتر بێت، چێژیشی زیاتر دەبێت. بە تایبەت لە سەردەمی ئێمەدا کە خوێنەر بۆ خۆی بووە بە بەشێک لە پرۆسەی داهێنان و بەرهەمهێنانەوەی مانای دەق. چیرۆکیش وەکوو بەشێکی گرینگی هونەر لەم حاڵەتە بەدەر نیە. بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا بە هۆی کەمیی ژمارەی خوێنەرەوە زانیاری و پەروەردە لەسەر چیرۆکی نوێ یەکجار کەمە و ئەمە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی بەشێکی گرینگی جەماوەر لە چیرۆک. 

ـ لە ئێستادا زۆر باس لە ژانرەکانی گێڕانەوە (کورتە چیرۆک و ڕۆمان) دەکرێت، هەندێک پیانوایە ڕۆمان درێژکراوەی کورتە چیرۆکەو هەندێکیش کورتە چیرۆک بە کورتکراوەی ڕۆمان دەزانن، بەبڕوای ئێوە پەیوەندی و جیاوازی لە نێوان ئەم دوو ژانرەدا چییە؟

ـ رۆلان بارت دەڵێ داستان رستەیەکی درێژە و هەر رستەیەکیش داستانێکی کورتە. بەم پێیە دەکرێ هەر رستەیەک هەوێنی چیرۆکێکی درێژتر و لێرەوە تەنانەت رۆمانیشی لە خۆیدا حەشاردابێت.

پێوەندیی نێوان چیرۆک و رۆمان لە گێڕانەوە، لە سازکردنی کەسایەتی، لە بەرجەستەکردنی دەروون، لە شێوازی گێڕانەوە، گۆشەنیگای گێڕانەوە، کێشمەکێشی نێو دەق و چەندین بواری دیکەیە. جیاوازییەکەشیان لەوەدایە کە رۆمان دەقێکی درێژترە، خاوەن کەسایەتی زیاترە و دەرفەتی نووسەریش بۆ شیکاریی تیایا بەرفراوانترە.

من وەک ئەزموونی خۆم جاری وابووە خوێندنەوەی چیرۆک خولیای نووسینی رۆمانی تیا پێکهێناوم و، جاری وایش بووە خوێندنەوەی رۆمان هانیداوم چیرۆک بنووسم! ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە رۆمان وەک هەڵگری دەیان و سەدان چیرۆک دەتوانێ بزوێنەری خوڵقاندنی چیرۆک بێت و چیرۆکیش وەک هەڵگری پرسیارە بنەڕەتییەکان هەڵخرێنەری نووسینی رۆمان بێت.

ـ لە ئێستادا نووسەرگەلێکی زۆرمان هەیە کە خۆیان بە دونیای نووسینەوە سەرقاڵ کردوە، بەبڕوای تۆ نووسەر و نووسین بەتایبەت بۆ (چیرۆکنووسین)، هەروا کارێکی سانان یان نووسین و بوون بەنووسەر بنەماو ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە؟

ـ نووسین لەگەڵ ئەوەی فەننە و دەبێ فێری بین، بەڵام پێش لە هەر شتێک نیازی بە پێویستییەکی دەروونی هەیە. واتە دەق ئاکامی لێکدانی هونەری نووسین و نیازی دەروونییە. هەر نووسەرێک تەنیا بە یەکێک لەم دوو بەشە لێکدانەبڕاوە تەیاربێت ئەوا بێگومان ناتوانێ دەقی باش و سەرکەوتوو بەرهەم بێنێ. هونەری نووسین بە بێ نیازی دەروونی دەقی سارد و سڕ بەرهەم دێنێ و، دەقی بێ هونەری نووسینیش دەبێ بە تێکستێکی نەخەمڵێندراو و پڕ لە کەمایەسی دەژمێردرێ. ئەمە جیا لەوەی کە نووسەر دەبێ بەردەوام خوێنەری چاکیش بێت و، بەردەوام هەوڵی نوێگەریش بدات.

ـ هەندێک چیرۆکنووس و نووسەر دەڵێن ئێمە بۆ خوێنەر دەنوسین و لەکاتی نووسین دا خوێنەرانمان لە بیرە، هەندێکیش دژی ئەمەن و پێیان وایە نووسەر بۆ خۆی دەنووسێت و نابێت لەکاتی نووسیندا بیری لای خوێنەرانێکی دیاریکراوبێت، پێم خۆشە لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا سەرنجی تۆ بزانم؟

ـ راستییەکەی ئەوەیە هەموو نووسەرێک بیر لە خوێنەری خۆی دەکاتەوە، بەڵام دەبێ لە بیرمان بێت کە تەنیا یەک جۆر خوێنەرمان نیە و لە راستیدا لە گەڵ جۆرەها خوێنەر رووبەڕووین کە ئاست و خواستی جیاوازیان هەیە. جا بۆیە دەبێ پرسیاری ئەوەیش بکەین کە نووسەر لە کاتی نووسیندا چ جۆر خوێنەرێکی لە بیرە. بەڵام بەولاوەتر لەمە بە رای من چاوەڕوانیی نووسەر لە خۆی و لە ئاستی تواناکان و جیهانبینی خۆی سەبارەت بە دەقی چیرۆک گرینگترە. ئەمەیش لەبەر ئەوەی کە چیرۆکنووس بۆ خۆی خاڵی دەستپێکی خوڵقانی دەقە.

دەبێ لە بیرمان بێت کە نووسینی دەقی چیرۆک بەرهەمی پرۆسەیەکی ئاڵۆزە کە لە ناخ و دەروونی نووسەرەوە سەرهەڵدەدا، واتە ئەو شوێنەی کە زانیارییەکانی نووسەر، توانا ئەدەبییەکانی و باری دەروونناسیی ئەو سەبارەت بە ژیان و بە بوون تێهەڵکێش دەبن و لە ئەنجامیدا دەق بەرهەم دێت. من لام وا نیە لەم کاتەدا نووسەر زۆر بیر لە خوێنەر بکاتەوە، ئەوەندەی کە سەرقاڵی رەوتە دەروونییەکانی لەدایکبوونی دەق لە منداڵدانی خۆیدایە. رەنگە بیرکردنەوە لە خوێنەر لە قۆناخەکانی دوواتردا بێت کە نووسەر توانیویەتی تا رادەیەکی باش بە سەر نووسیندا زاڵ بووبێ.

بەڵام دەبێ لە بیرمان بێت کە دەق وەک هەر بوونێکی کۆمەڵایەتی دیکە بوون و هەبوونی پەیوەستە بە ئەوی دییەوە. واتە دەبێ ‘ئەو’ هەبێ بۆ ئەوەی ‘من’ یاخود ‘بەرهەمی من’ وەک بوونێک بناسێ و دیانی پیابنێ. لێرەوە بوونی خوێنەر یەکجار گرینگە. لە راستیدا دەق کاتێک دەبێ بە دەق، یان وەک دەق دەبیندرێ کە جگە لە نووسەر، خوێنەریش هەبێ و دانی پیابنێ. واتە دەق بەرهەمی لێکدانی نووسەر و خوێنەر یاخود ‘من’ و ‘ئەو’ە. بە بێ ‘ئەو’ هیچ دەقێک بوونی نیە.

دیارە یەکێک لە ئەرکەکانی نووسەر ئەوەیە کە بەردەوام ئاستی خوێنەر بە خوڵقانی دەقی نوێ بباتە سەرێ و، بەم شێوەیە تەنیا تەسلیمی خواست و ئاستی خوێنەر نەبێ. لە راستیدا چەمکی خوێنەر چەمکێکی راوەستا و چەقبەستوو نیە.

ـ بەراورد بە ساڵانی رِابردوو ئێستا چۆن لە دۆخی چیرۆک دەڕوانن، پێتان وایە نووسەرانی ئێستا توانیویانە سود لە شێوازی چیرۆکی بیانی وەرگرن بۆ دەوڵەمەندکردنی چیرۆکی کوردی لە ڕووی فۆڕم و تەکنیکەوە؟

ـ بە رای من چیرۆکی کوردی لە جموجۆڵ و پیشکەوتندایە و، دەقی باش بەرهەم هاتووە. هەرچەند دۆزینەوەیان کەمێک زەحمەتە و لە ناو زۆرو بۆریدا جاری وایە وندەبن. نووسەری کورد ئاگای لە فۆڕم و تەکنیک هەیە و کەڵکیان لێ وەردەگرێ. هەرچەند جاری وایە تەکنیک و فۆڕم بەسەر نێوەڕۆکدا زاڵدەبێ و دەقی میکانیکی بەرهەم دێت! جگە لەمە زمان وەک کەرەسەی سەرەکیی چیرۆک، زۆر جار هەستدەکەی بایەخی خۆی پێنادرێ و داڕشتن کورت دێنێ.

ـ وەک چیرۆکنووسێکی بە ئەزموون کە ئاوڕ لە چیرۆکی ئێستای کوردی دەدەیتەوە سەرنجەکانت چین، ئایا چیرۆکی ئێمە گەیشتۆتە قۆناغی درەوشانەوە؟ یان بەگشتی گرفتەکانی چین؟

ـ بە رای من دۆزینەوەی قۆناغی چیرۆکی کوردی پێویستی بە حوزوری بواری رەخنە هەیە کە هەتا ئیستاکە ئێمە لێی بێبەشین. بە بێ رەخنەگری پرۆفشنێڵ و شارەزا کە بتوانێ زانستیانە پۆلینبەندی چیرۆکی کوردی بکا و ئاست و ئاراستە و چلۆنایەتییەکانی بزانێ و دەستنیشانیان بکات، وەڵامدانەوەی وەها پرسیارێک بۆ چیرۆکنووسیش زەحمەتە.

بە رای باشترین پێناسە بۆ چیرۆکی باش ئەوەیە کە تا چەندە توانیویەتی دەربڕی ناسینی جوانناسیانەی کۆمەڵگای کوردی یاخود مرۆڤی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت. داخۆ ئەگەر بێگانەیەک رووی کردە ئەدەبی کوردی، دەتوانێ بە خوێندنەوەی لە دەروونناسیی و لە چلۆنایەتیی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی بە یارمەتی ئەدەب بگات یان نا؟

جگە لەمە بە هاتنی چەمکی بەجیهانیبوون، مرۆڤی کوردی تەنیا خاوەن مانای کلاسیکی نیە و دەقێک سەرکەوتووە کە بتوانێ ئەم لایەنەیش بەرجەستەبکاتەوە. بە واتایەکی تر کوردبوون تەنیا کوردستانیبوون نیە و جۆرێکیشە لە جیهانیبوون.

گفتوگۆی گۆڤاری وانەر ژمارە ٩ لەگەڵ فەڕۆخ نێعمەتپوور

سازدانی: شاخەوان سدیق

ژمارە (٩) ی گۆڤاری “وانەر

پێڕستی ئەم ژمارەیە:

لێکۆڵینەوە:

پێگەی مرۆیی ژن لە شیعری مەولەوی تاوەگۆزی-دا عەبدولخالق یەعقووبی

تابلۆکانی دانایی له‌ (سروودی زەوی)ی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر دا- محه‌مه‌د عه‌بدولکه‌ریم ئیبراهیم

چەمکە شیعرییەکان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین- ناڵە حەسەن

فەقێ تەیران لە سەر قەڵای دمدم و خەلیفە ئەحمەد لە خوارەوە- ڕزگار جەباری

نووسین:

تێکشکانی پاڵەوان لە نێوان ڕاستی و خەیاڵدا- بەیان سەلمان

گێژاو: زاڵیی گوتن و تارمایی نیشاندان– هاشم ئەحمەدزادە

نووسین وەک پرۆسەیەکی ئاڵۆز- ئارام کاکەی فەلاح

خەمی مرۆڤ لە(گوێگرتن لە بێدەنگی) عەبدولقادر سەعیدی شاعیردا- عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

شاعیره گومناوه‌کان مایل- کاروان عوسمان خه‌یات

ئایا ئێمە لە جیهانێکی کافکاییدا دەژین؟- ئاوات ئەحمەد سوڵتان

مەدلوولی دەقی (هەورامی بوو …دایکم)ی قوبادی جەلیزادە- دەلیل جەمال

ڕاسکۆڵنیکۆف: ویژدانێکى بەئازار لە ڕۆمانی تاوان و سزایی دۆستۆیڤسکى دا- لە فارسییەوە: کەیوان هەورامى

عەبدولستار ناسر.. ئەوی ئەدەب هەموو ژیانی بوو- سەباح ئیسماعیل

دیدار:

دیمانەیەک لەگەڵ فەروخ نیعمەتپوور- سازدانی: شاخەوان سدیق

دیمانەیەک لەگەڵ من برونو ک- لە سوێدییەوە: کەریم تاقانە

مەلەفێک دەربارەی کاروان عومەر کاکەسوور

کاتی دەروونی و ڕەهەندەکانی- حەمە مەنتک

کاروان عومەر کاکەسوور نوێکاری چیڕۆکی کوردی- سابیر ڕەشید

لەبارەی ڕۆمانی (ڕیبەنێکی سوور و ملپێچێکی ڕەش)- هۆشەنگ شێخ محەمەد یوسف

دیمانەیەک لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور- سازدانی: شاخەوان سدیق

گرێی ئۆدیبی و ئاماژەی هاودژەکان- عەلی شێخ عومەر

شیعر:

شیعرو ئه‌له‌تیا- هاشم سەڕاج

لە ڕۆچنەی ماڵی شیعرەوە ڕوانین: لە تۆ و هاوڕێیەکانت!- خەبات عارف

بۆ ئیسماعیل خەیات- کەژاڵ ئەحمەد

پەتۆنیا- سەرتیپ ئاغا واحد بەگ

ئەو کاتەی دەنگی تۆ منم- عەبدولڕەحیم سەعید

کلاکێت- لە عەرەبییەوە: ئارام ئیسماعیل

چیرۆک:

شەوێک بەفر دەباری- ئاکۆ کەریم مەعرووف

ئازاری ئه‌م ئه‌ژنۆ نه‌فره‌تییانه‌- چنوور سەعیدی

جێگەی نوستنی سارد و سڕ- و. عەزیز ڕەئووف

سینەما:

«دەردەدارییەکانی یەکشەممان»- یاسین ئافتاو

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *