فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

سبەی هەتاو هەڵنایەت

کات 19/02/1402 375 بازدید

سبەی هەتاو هەڵنایەت

ئێوارە کاتژمێر چوار و نۆزدە دەقیقە کاتێک خۆر داچوو و، ئەستێرەکان لە ئاسمانی بەرزی پاییز کەوتنە جریوەجریو، بە هاوڕێکەم وت شەوێکی درێژ دەبێ و رەنگە سبەی هەتاو هەڵنەیەتەوە. بە سەرسوڕمانەوە سەیری کردم. وەک بڵێی بپرسێ ئەدی چار؟ وتم وا باشە بڕۆین! وتی بۆ کوێ؟ وتم بۆ ئەو سەرزەمینەی وا جارێکی تر بەڵێنە هەتاو تیایا هەڵبێتەوە. هاوڕێکەم سەرێکی بادا و وتی تۆ چەندە کلاسیکی و کۆن ماوی! وتی وازبێنە کە سەردەمی ونبوونی هەتاو و هەڵاتنەوەی لە سەرزەمینێکی تر کۆن بووەوە و چیتر ئەم چیرۆکانە سەرنجڕاکێش نەماون. وتم من بیر لە چیرۆکێکی تر ناکەمەوە، تەنیا ئەوەندە کە دەزانم سبەی هەتاو لێرە لە ئاسۆی هەمیشەیی ئێمەوە دەرناکەوێتەوە.

وتم ئەمشەو هیوم، فیلسوفی سکاتلەندی هاتووەتە خەوم و ئەمەی پێ وتوم. هیوم! فیلسوفی سکاتلەندی؟ وتم ئەرێ هیومی سکاتلەندی لە باکووری بریتانیای گەورەوە. وتم لە دووای ٢۴٧ ساڵ رۆحی سەرگەردان و پڕ لە پرسیاری جارێکی تر کەوتووەتە جووڵە و فڕین. وتم ئەی کاتی خۆی نەیوت هەڵاتنەوەی بەردەوامی هەتاو لە رۆژهەڵاتەوە بەو مانایە نیە کە سبەیش دیسان لەوێوە هەڵبێتەوە!؟

هاوڕێکەم دیسان سەری بادا و، دڵنیا لەوەی من بەتووش وەهمی فەلسەفەوە بووم پشتی تێکردم و چووەوە بۆ ماڵەوە. پێش ئەوەی دوورکەوێتەوە، هاواری کرد یان ئەمشەو دکارت بخوێنمەوە، یان سبەی سەردانی پزیشکی دەروونی بکەم!

من ئەو شەوە بە شوێن هەتاودا رۆیشتم و، ئەو بە پێکەنینێکی پڕ لە تەوسەوە مایەوە.

شەو(ەکان) هەتا دەهات ساردتر دەبوون. ئاسمان بڵیند و بڵیندتر دەینواند و ئەستێرەکانیش گەش و گەشتر. من شەوانە لە ژێر گەڵای درەختەکاندا گرمۆڵە دەخەوتم و بە هەناسە دەستە تەزیوەکانم گەرم دەکردەوە. من شەو(ەکان) بە قەراخ رووبارێکی درێژ و بێ پایاندا رێم دەکرد و، لە پاشماوەی راوی ئاژەڵە کێوییەکانم دەخوارد.

بە خۆم وت گەر بەردەوام بی، هەر دەگەییەوە هەتاو. مامۆستای قوتابخانە کاتی خۆی ئەمەی پێ وتبووم.

لە هەر شوێنێکەوە تێدەپەڕیم، خەڵک لە پەنجەرەکانەوە سەریان دەردێنا و دەیانپرسێ کە “هەواڵی نوێ لە هەتاو؟” دەیانوت “داخۆ دەگەڕێتەوە؟” من کە هاوکات پێکەنین و بەزەییم بە گەمژەییان دەهات، دەموت “بێگومان، بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی وا جورئەتی جێهێشتنی شوێنی ژیانی هەیە.”

رۆیشتم و رۆیشتم. نە لە بڵیندایی ئاسمان کەمدەبووەوە، نە لە خەوتنی ژێر گەڵاکان کە ئیستا هەر هەموویان سیس و زەرد هەڵگەڕابوون، نە لە درێژایی رووبارەکە و نە لە گەشیی ئەستێرەکانیش. بە خۆم گوت “دڵ لە دڵ مەدە،… جێهێشتن وەهایە!

 ئەوسا بووم بە شاعیر. شیعرم دەهۆنییەوەو، لە ناو جانتاکەی کۆڵم دەهاویشتن. شەوێک هیوم بۆ یەکەم جار و دوواجار هاتە خەوم. بە تووڕەییەوە وتی “چەند زوو فەلسەفەت بۆ شیعر لە بیرکرد!”

راستی هەڵنەهاتنەوەی خۆر پێوەندی بە فەلسەفەوە هەیە، بە شیعر یان بە… بە زانستەوە؟

دیسان رۆیشتم و رۆیشتم. دونیا بوو بە بەستەڵەک. ئیستا لە ناو کونی بەستەڵەکدا دەخەوتم و، بە درێژایی رووباری رووبەر بەستوودا رێم دەکرد. ئەستێرەکان لەگەڵ بەفر رەنگێکی شینباویان چێدەکرد و، هەنگاوەکانمیان شین هەڵدەگەڕاند. راستی من فەلسەفەم بۆ شیعر لەبیر نەکرد… تەنیا ئەوەندە کە شیعریشم کردە هاوڕێی.

نەگەیشتووم. من هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەو سەرزەمینەی وا بەڵێنە هەتاو جارێکی تر لە رۆژهەڵاتییەوە، یاخود لە ئاسۆیەکی دیکەیەوە بێتەوە دەر. ئەو سەرزەمینەی وا تەنیا بە هۆی خۆرەوە دەبێ بە سەرزەمینی من.

هاوڕێکەم دەیوت من خائینم. دەیوت کەس بۆ هەتاو، نیشتمانی جێناهێڵێ.

من جاری وایە هەستدەکەم بە هەمان نیشتماندا تێپەڕیومەتەوە.

هاوڕێکەی من لەمێژە مردووە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سبەی هەتاو هەڵنایەت

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *