فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لە دەرگای نەدا

کات 30/03/1402 492 بازدید

لە دەرگای نەدا

غەفور پیاوێکی بە ئیمان و خواترس بوو. سەری دەچوو، نوێژی نا. هەمیشە یەکەم کەس بوو لە مزگەوت بۆ نوێژی جەماعەت سەروسەکوتی پەیدا دەبوو. تەسبێحە رەشە دەنک قەزوانییەکەی دەخستە گیرفانی پانتۆڵەکەیەوە، ئەوسا قۆڵ و دەرەلینگی پانتۆڵە فش و شۆڕەکەی هەڵدەکرد، دەستنوێژی دەگرت و دەچوو لە پشت سەری مامۆستا رادەوەستا. “ئەڵڵاوئەکبەڕ!”

هەر بەو شێوازەیش دوواکەس بوو وەدەردەکەوت. پێش وەردەکەوتنیشی لەگەڵ مامۆستا کەمێک دەدوا. باس و خواسی ئەو دونیا و ئەم دونیا و شتی لەم بابەتە کەمێک زیاتر ئەوی دەهێشتەوە و، ئەوسا پێڵاوەکانی هەڵدەکێشا، لە پلیکانەکان سەرەوخوار دەبووەوە و لە دەروازە دارینە کۆنینەکەوە ئاودیودەبوو.

ژیان بەم شێوەیە بەردەوام بوو. لەوە دەچوو هیچ شتێک نەبوو تێکدەری ئەم رەوتە بێت و، بتوانێ غەفور لە رەوڕەوەی چەندین ساڵەی دووربخاتەوە. ئەو نموونەی پیاوێکی باش و دیندار بوو کە خوای گەورە ڕەحمی پێکردبوو و، بە جوانی خستبوویە ژێر بارانی بێ بڕانەوەی رەحمەتی خۆیەوە.

غەفور خاوەن برایەکی گچکەتر لە خۆی بوو کە لە دووای ئەوەی چوو بۆ سەربازی و لە لای ئامۆزایەکی وەک سەرتاش کاری پەیداکردبوو، لە دووای کەمێک پرسیار لەم و لەو کچێکیان دەستنیشان کردوو و چوونە خوازبێنیی و بۆیان هێنا. غەفور وەک براگەورە نەیتوانی ئەو ئێوارەیە لەگەڵ باوک و تاقە مامی بچێ بۆ داواکاری، بەڵام ئەمە نەبووە هۆکاری ئەوەی کچە نەدەن بە براکەی و لە دووای دوو مانگ نەیگوازنەوە. ئەو شەوە کاتژمێر دە، براکەی لە ئامێزگرت، لە رووی خۆشەویستییەکی بێ سنوورەوە پیرۆزبایی لێکرد و، لە خوا پاڕایەوە ببێ بە خاوەن ژیانێکی ئاسوودە و ئارام.

رۆژەکان هاتن و تێپەڕین و، سەرئەنجام کاتی گواستنەوەی هات. سروشت وەک هەموو کاتێکی تری لە هاویندا. کەچی شتێکی عەجایەب روویدا کە قەت بە خەیاڵی پیاوێکی خواپەرستی وەک ئەودا نەدەهاتەوە. بە بینینی بووکێ کە کچێکی چاوشینی، قژکاڵی سپیی خرپن بوو، دڵی غەفور داخورپا و هەستی کرد تەواو دونیا لەبەر چاویدا گۆڕا. راستییەکەی ئەوە بوو غەفور کتوپڕ بە بێ خواستی خۆی ئاشق ببوو، ئەویش ئاشقی کێ، براژنەکەی خۆی! لە شەرمانا و لە عەزابی ویژدانی خۆی دەستی خۆی گەست و لە دەروونی خۆیدا داماوانە لە خودای گەورە پاڕایەوە کە لە هەوا و هەوەسی شەیتانی بە رەحمەت و بەزەیی بێ پایانی خۆی دووری بخاتەوە و رزگاری بکا. ئەو رۆژە غەفور بە ناوی ئەوەی کە حاڵی باش نیە و نەخۆشە، زووتر روویکردەوە ماڵەوە. دەرگای لە خۆی پێوەدا، پەرێشان و داماو لە ژوورەوە دانیشت و لە دیوارەکەی بەرامبەری راما. بۆ ساتێکیش بێت روخسار و شێوازی رووانین و هەڵسوکەوتی تازەبووکی براژنی لەبەر چاو وننەدەبوو.

هەتا دەهات حاڵی خراپتر دەبوو، بۆیە چیتر خۆی رانەگرت و، هەستا و روویکردە مزگەوت. لە دووای ئەوەی چەندین و چەندین جار نوێژی دابەستەوە و دەستی بۆ دۆعا هەڵبڕی و هەوڵیدا بیرە شەیتانییەکان لەخۆی دووربخاتەوە، لەسەر بەرماڵەکە بەکزی دانیشت و بە چاوی قونجاوەوە بەو ئەنجامە گەیشت کە ئەمە تەنیا هەوسێک بووە شەیتان خستوویەتە دەروونییەوە و بۆیە پیاوێکی وەک ئەو دەتوانێ سەرئەنجام بەسەریدا زاڵ بێ. چەندین جار لەبەر خۆیەوە دووپاتی کردەوە ” ئا، دەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ!” ئەو لە مامۆستای بیستبوو کە هیچ شتێک بەقەدەر بەرپەرچدانەوەی پەلاماری شەیتان ئەستەم نیە و، تەنیا پیاوی راستەقینەی دیندار و بەڕاستی داوێن پاک دەرەقەتی ئەمە دێن. هەڵبەت بە یارمەتیی و خواستی پەروەردگاری بەهێز و توانا.

بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو، وەها دەرنەچوو کە غەفور بۆی دەچوو. چەند جار داماوانە ویستی وەک هەمیشە لە دووای نوێژی جەماعەت لەگەڵ مامۆستا باسی رووداوە نەخوازراوەکە بکا کە بە توندی خۆی لێ پاراست. جا چۆن دەبوو وەها شتێک باس بکا. جاخۆ هەر حەیای دەچوو. ئاداری بەسەر پادارەوە نەدەما. غەفور کە حاڵ و دەماغی جارانی نەمابوو، لە پاشی نوێژ، ئارام و ملکەج وەدەردەکەوت و مزگەوتی جێدەهێشت.

هەتا ئەوەی رۆژێک مامۆستا بەرۆکی پێگرت و هۆکارەکەی لێ پرسی. ئەوەیکە چ قەوماوە وا غەفور چیتر وەک جاران لە مزگەوت نامێنێتەوە و، بە هێنانە گۆڕی پرسیارەکانی روو لە مامۆستا ناکا. غەفور کە هەستی دەکرد وەک چۆلەکەیەک بە تووش داوی پشیلەوە بووە، لەرزۆک و بە دڵەکوتەوە هەر ئەوەندەی پێ گوترا کە شتێکی وەها رووی نەداوە و، تەنیا ئەوەیکە چیتر پرسیاری تر بە مێشکیدا نایەت! مامۆستا کە بە سەرسوڕمانەوە لە غەفوری خواترسی دەڕوانی، تەنیا ئەوەندەی گوتبوو کە هیچ عەبدێک بە خودی خۆیشییەوە هەتا ئیستا وەڵامی هەموو پرسیارەکانی خۆی وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە بەردەوام رووی کراوەیە بە رووی ئەودا و، هەر کات ویستی دیسان دەتوانێ لەگەڵیا بدوێتەوە.

رۆژی دوواتر و رۆژەکانی تری دوواترو… دیسان سەرلەنوێ ئەوەیان لای غەفور زیاتر سەلماند کە بەڕاستی شتێکی دەگمەن لە دڵ و دەروونیدا سەریهەڵداوە کە هەرچی بیری لێ دەکردەوە قەت لەوەپێش لە ژیانیدا بەسەریدا نەهاتبوو. غەفور کە زۆر هەوڵیدابوو خۆی لەم حاڵەتە دەربازبکا، سەرئەنجام ملی دایە قەدەری ژیان و، بەو خەیاڵەوە کە رەنگە ئەمە حیکمەتێکی تیابێت و لە راستیدا ئیرادە و قیسمەتی خوایە، بێهێز لە ئاست چارەنووسدا، چۆکیدادا.

مانگان و ساڵ و بگرە دوو سێ ساڵێکیش تێپەڕی. غەفور کەوتە خەیاڵاتەوە. ئەگەرچی سەرەتا هەوڵیدەدا زۆر براژنەکەی نەبینێ و کەمتر لە میوانی و کۆبوونەوەکانی بنەماڵەدا هەبێ، بەڵام دوواتر وەهای لێهات کە خواخوای بوو زیاتر و زیاتر ‘پەروانە’ی براژنی ببینێ. کە دەیشیبینی هەتا دەیتوانی نیگای لێ دەپاراست و، تەنیا ئەوەندەی هەستی بە بوونی ئەو لە ژوورەکەدا و جووڵە و دەنگی بکردایە، بۆی بەس بوو. راستییەکەی ئەوە بوو غەفور لە جیاتی چاو، هەموو هەستەکانی تری بە جوانی دەخستەگەڕ و بۆیە وەها دەچووە ناو هەبوونی پەروانە لە ناو ژوورەکە و لە ناو جیهاندا کە دەڵێی ئەوە ئەو بوو پەروانەی خوڵقاندبوو، نەک پەروەردگاری مەزن و دلۆڤان. غەفور کە چیتر هۆشی لەلای خۆی نەمابوو و وەک جاران لە قسەوباسەکاندا بەشداری نەدەکرد، ئیستا وەهای لێهاتبوو کە زۆربەی کات بە پێچەوانەوە وەڵامی پرسیارە کتوپڕییەکانی دەدایەوە. ئەمە سەرەتا ببووە هۆکاری سەرسوڕمانی کەس و کاری و، پاشان گاڵتە و پێکەنینی شاراوەیان. “ئەڵڵاهو ئەعلەم!”

بەڵام غەفور بۆی گرینگ نەبوو. ئەوەندەیش سەرنجی دابوو، دەیبینی پەروانەیش کەمێک سەرنجی لای ئەوە. بەتایبەت کە هەتا دەهات غەفور بێدەنگ و بێدەنگتر دەبوو. ئەمە وەهای کرد زیاتر سەرنجڕاکێش بێت و بگرە بۆخۆیشی بێدەنگیی خۆش بوێ و بیکا بە ئامرازێک بۆ راکێشانی زیاتری سەرنجی براژنەکەی.

‘لەتیف’ی برای سەرەتا بوو با خاوەن کچێک و پاش ساڵ و نیوێک کچێکی تر و لەگەڵ ئەوەی بەتەمای کوڕ بوون، سێهەم کچیش لەدایک بوو. لەتیف دووکانی خۆی جیاکردبووەوە و ئیستا خاوەن سەرتاشخانەی خۆی بوو. ئەگەرچی دەوڵەمەند نەبوو، بەڵام بە جوانی بە ژن و منداڵەکەیدا رادەگەیشت و نەیدەهێشت لە هیچیان کەم بێت. غەفور زۆر جار کە دەستی نەدەدا براژنەکەی ببینێ، ئێوارەیان دەچوو لە دووکان لای براکەی دادەنیشت و هەتا درەنگان بە دەم چایخواردنەوە و قسەکردن کاتی بەڕێدەکرد. ئەو دڵی بە هەموو ئەو شتانە دەکرایەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێوەندیی بە پەروانەوە هەبوو. بگرە پەروانە کارێکی وەهای کردبوو کە هەموو شتە ئاشناکانی جارانی سەرلەنوێ و بە جۆرێکی تر و بە شێوازێکی تر بۆ ئاشنا کردبووەوە.

هەڵبەت ئەشقی غەفور بۆ پەروانە وای لێنەکردبوو کە سەبارەت بە ماڵ و منداڵی خۆی بێ دەربەست بێت. بەپێچەوانەوە وەک جاران بە جوانی خزمەتی دەکردن. ژنی بۆ کوڕەکەی هێنا و کچێکی خۆیشی بە شوودا. پەروانە کە ئیستاکە لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵیی خۆیدا بوو، ئەوەندەی تر خۆی داڕشتبوو ئەوەندەی تر جوان و رازاوە گەش گەش بەڕووی دونیادا پێدەکەنی. بەتایبەت ئەو کاتانەی جلوبەرگی کوردیی سپی لەبەردەکرد و دەستماڵێکی رەشیشی بە سەریدا دەدا… ئیتر لەوەدا نەبوو. غەفور ئەوەندە غەمگین دەبوو کە دەچوو و لە مزگەوت لە تەنیایی خۆیدا لەسەر بەرماڵەکە لەدووای چەندین و چەندین نوێژ دەگریا و، بە فرمێسکە گەرمەکانی بەرماڵەکەی دڵۆپەباران دەکرد.

بەڵام ژیان ئاوا نەدەبوو. دەبا رێگاچارەیەک هەبا. زۆر جار دادەنیشت و بیری لێکردەوە. چی بکا، بە کێ بڵێ، پەنا بۆ کێ ببا؟ هەرچی کرد عەقڵی بە هێچ نەشکا. ئەمە رازێک نەبوو بتوانێ بیدرکێنێ. هەتا ئەوەی رۆژێک بەو ئەنجامە گەیشت کە تەنیا چارە ئەوەیە براکەی بمرێ و ئەم بتوانێ براژنەکەی خۆی مارە بکاتەوە! بەم بیرەی خۆی راچڵەکا. هەستایە سەرپێ و بەناو ژوورەکەدا بەو نیوەشەوە کەوتە قەدەم لێدان. بە خۆی گوت “دیسان بیرێکی شەیتانیی تر!” ژنەکەی دەنگی دا کە پیاوەکە ئەوە چییە. غەفور کە ئاگای لێنەبوو، لەدووای جارێکی تر دووپاتکردنەوەی پرسیارەکە وەڵامی دایەوە کە هیچ نیە و تەنیا ئەوەندەی خەوی لێزڕاوە و ناتوانێ بخەوێ.

بەڵام ئەم رێگاچارەیەیش، رێگاچارەیەکی خراپ نەبوو! مردن کە لە رێگایە و، ئیرادەی حەقتەعالایە و بەدەست کەس نیە. جگە لەوە، مردن کاری بە تەمەن و بە گەورە و بچووکی مرۆڤەکانەوە نیە. هاکا بچووکێک پێش گەورەساڵێک دەکەوێ و تەواو! ئەی ئەگەر خۆی پیشکەوت چی؟ نا،… نا، قەت شتی وانابێ! غەفور لە دڵی دابوو کە بەم زووانە نامرێ، لە دڵی دابوو ئەو تەمەنێکی زۆر دەژی پێش هەموو شتێک لەبەر ئەوەی پیاوێکی خواناس و داوێن پاک بوو و جگە لەمە قەت قەت ماڵی کەسیشی نەخواردبوو؛ ئەمەیش کە ئاوەها ئاشقی براژنەکەی خۆی ببوو، خۆی لە خۆیدا شتێکی دەروونی بوو و لەبەر ئەوەی کردەی غەڵەتی نەکردبوو خوای گەورە بە عەزەمەت و رەحمی بێ پایانی خۆی وەک گوناح لێی وەرنەدەگرت. بزەیەکی تاڵ لێوەکانی غەفوری تەنی. پێڵاوەکانی هەڵکێشا و، بەرەو بازاڕ رویشت. “ئەستەغفوروڵڵا،… ئەستەغفوروڵڵا!”

سەرئەنجام تێپەڕینی زەمەن ئاگرەکەی دامرکاندەوە و، چیتر غەفور وەک ساڵان نەما. هەرچەند حاڵ و هەوای ساڵانی ساڵ لەوە پێشی بۆ ژیان نەگەڕابووەوە و بێدەنگی و کش و ماتی، تازە ببوون بە بەشێک لە کەسایەتی ئەو. ئەمە کەمێک دڵخۆشی کرد. بە خۆی گوت سەرئەنجام بە یارمەتی خوای گەورە بەسەر شەیتاندا بەسەر هەواو هەوسدا سەرکەوتم. ئەوسا خەنی لە سەرکەوتنی خۆی شوکری خودای کرد و، ئەو شەوە لە دووای چەندین مانگ چووەوە لای ژنەکەی. ژنەکەی کە ئەمەی لاببووە عادەت و، چیتر چاوەڕوانی شتی زیاتر لەمەی لێنەدەکرد، هێواش خۆی بۆ شل دەکرد و ئەرکی شەرعی خۆی بە بێ ئەوەی زۆر دڵی پێ خۆش بێت، بەجێ گەیاند. حەلاوی خێزانی غەفور، ئەگەرچی دڵی جۆرەیەک بوو، بەڵام قەت قەت دڵی لە مێردەکەی پیس نەکرد. لای ئەو هۆکاری ئەم حاڵەتەی پیاوەکەی، خواپەرستی و بێتاقەتییەکی پێش وەخت بوو کە غەفوری مێردی وەک هەموو پیاوەکانی تری دونیا لەناکاو گرتبووەوە.

کچە گەورەکەی لەتیف چواردەساڵان، کچە ناوینەکەی دوازدە ساڵان و بچووکەکەیشی نۆ ساڵان بوو کە رۆژێک کاتێک غەفور لە سەفەر دەگەڕایەوە، بەتووش رووداوێکی ناخۆشەوە بوو. لە گاراژی ناو شار کاتێک لە مینی بووسەکە دابەزی، هەواڵی زانی لەتیفی برای بەهۆی راوەستانی دڵییەوە ئەم بەیانییە گیانی سپاردووە و، مردووە. لەتیف وشک بوو! گێژ و وڕ لە دەورووبەری خۆی رووانی. لە لایەک خەمی لەدەستدانی برا خۆشەویستەکەی و، لەلایەکی ترەوە بەدیهاتنی ئەو ئاواتەی وا ساڵانی ساڵ خەونی پێوە بینیبوو، کاسی کردبوو! لە کاتێکدا جانتاکەی دەستی لێ بەربووەوە و زرم کەوتە سەر زەوی خۆڵینی گاراژەکە، دەنگی هەڵبڕی “ئیننا لیللا و ئیننا ئیلەیهۆ راجیعون!” کۆمەڵێک برادەر دەوریان دا و قۆڵیان خستەقۆڵی و، هەتا ماڵەوە بە دڵسۆزییەوە بەڕێیانکردەوە.  

چەند رۆژانێکی ناخۆش بوون! غەفور چەند خۆی بە تاوانبار دەزانی! دڵنیا بوو خوای گەورە گوێی لە ئاە و ناڵە و لە خەونە پەنهانەکانی ئەو بە کاتی نیوەشەو بووەو، لەبەر ئەوەی پیاوێکی خواناس و ئیمان پاک و موسوڵمانێکی راستەقینە بوو، بەزەیی پیاهاتبووەوە و، وەڵامی ئاهە خەمناکەکانی ئەوی بەم شێوەیە دابووەوە و لەتیفی برای بۆ کردبوو بە قوربانی. ئەمجارە خوا هێشتبووی حەزرەتی ئیبراهیم سەری منداڵەکەی خۆی سەربڕێ، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەشقی غەفور بۆ خودا گەورەتر بوو لە ئەشقی ئیبراهیم بۆ خودا. غەفور کە عەزاب ویژدانێکی گەورەی هەست پێدەکرد، چەندجار سەری بە کێلی گۆڕەکەدا دابوو و دیسان وەک مزگەوت دڵۆپە فرمێسکەکانی رژابوونە سەر خاکی گۆڕەکەی لەتیفی جوانەمەرگ و خێرنەدیتوو.

سەرئەنجام چەند رۆژی سەرەخۆشی و، سەردانی خەڵکی کۆتاییان هات و دۆخ ئاسایی بووەوە. غەفور کەلوپەلی سەرتاشخانەکەی فرۆشت و، خودی دووکانەکەی بە وردەواڵەفرۆشێک بەکرێدا. مانگانە داهاتەکەی وەردەگرت و، بە ژنەکەی دەینارد بۆ پەروانە. بۆخۆیشی جاروبارە میوە و خواردەمەنی و شتی لەم بابەتەی دەکڕی و، بە حەماڵێک بۆی بەڕێدەکردن. پەروانە لەگەڵ ئەوەی مێردەکەی مردبوو و، زۆر خێرا بەتووش خەموخەفەتی دونیاوە ببوو، بەڵام هەروا جوان و سەرنجڕاکێش بوو. بگرە ئەو خەمەی وا ناوچاوان و روخساریان تەنیبوو، جۆرێک جوانیی تایبەتیشی پێ بەخشیبوو کە لە هی چەند مانگ لەوە پێش جیای دەکردەوە. غەفور کە شەرمێونانە و بە عەزاب ویژدانێکی گەورەوە هەستیدەکرد هەتا بەدیهاتنی ئاواتە لەمێژینەکەی ئەوەندەی نەماوە، سەرئەنجام لەپاش مشورێکی دەروونیی دوورو درێژ لەگەڵ خۆی بەو ئاکامە گەیشت وا باشە بچێ و لەگەڵ مامۆستا قسەبکات.

ئێوارەیەکیان لە پاش نوێژی خەوتنان، لەدووای ساڵانی ساڵ لە مزگەوت مایەوەو روویکردەوە مامۆستا و لە کاتێکدا نیگای لەسەر فەرشەکانی مزگەوت بوو و بەڵام سەرنجی لای مامۆستا، لە شەرعی بوونی بەهاوسەرکردنی براژنەکەی خۆی پرسی. باسی لەوە کرد کە برا جوانەمەرگەکەی خاوەن سێ زەعیفەیە و، ژنەکەی هێشتا گەنجە و لە دونیایەکی گونجاویشدا ناژین کە ئەوان بتوانن بە بێ بوونی سەرپەرەست بژین. مامۆستا نەک تەنیا ئیشەکەی بەشەرعی لێکدایەوە، بەڵکو گوتی وەک چۆن لە کوردەواریدا دەگوترێ پاروو بکەوێتە کۆشی نەوەک عەردی، بەهاوسەرکردنی پەروانەی بە جوانترین و شیاوترین کار لەقەڵەمدا و بگرە گوتی خوا جەزای بەخێری دەداتەوە و بەم شێوەیە هەنگاوێکی تر لە رەحمەتی بێ پایانی خودا زیاتر نزیک دەکەوێتەوە. ئیتر ئاوەها لە دووای ساڵانی ساڵ، غەفور کەمێک درەنگتر لە هەمیشە لە مزگەوت وەدەرکەوت و، بەکەیف و دڵخۆش رێگای ماڵی گرتەوەبەر.

حەلاو کە ئەمەی لە دەمی مێردەکەی بیست، وەها نەعرەتەیەکی لێبووەوە نەبێتەوە! بەدەست کەوتە رنینی روومەتی خۆی و قیڕاندی کە گەر بێتو شتی وا سەربگرێ، خۆی و ماڵ دەسووتێنێ، هەڕەشەی کرد کە گەر بێتو بەم ئاخر عومریە شتی وا بکا، حەیا و شەرفی دەبا و هیچ شتێک بە ژیانییەوە ناهێڵێ؛ ئەوسا کتوپڕ گوتبووی نەکا هەموو ئەم ساڵانە کە ئاوەها بووی هۆکارەکەی ئەم خانمە بووبێ… ها… نەکا!؟ غەفور کە بەم پرسیارە سەری لێشێوابوو و، قەت تەسەوری ئەوەی نەدەکرد شتی نهێنی ئاوەها ئاسان دەرکەوێ و خۆی بەدەستەوە بدات، وازی هێنابوو و کۆتایی بە قسەکە هێنابوو.

بەڵام رۆژان و ساڵان تێدەپەڕن و، غەفور بەردەوام  دەست بە ردێنی سپیدا دێنێ و پرسیارێکی تری لە مامۆستا هەیە سەبارەت بەوەی چۆن چۆنی دەتوانێ رەزایەتی ژنەکەی بۆ ئەم کارە خێرە مسۆگەربکات، بەتایبەت کە ئیستاکە تەواو دڵنیایە لەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەشقی ئەو لەیەکەم رۆژەوە بۆ پەروانە، مەرگی کتوپڕیی لەتیفی برای بووە کە هەر لە ئەزەلەوە لە بەرنامەی خودادا بووە،… ئەو چارەنووسەی هەر لە کاتی لەدایکبوونییەوە نووسرابوو؛ بەڵام چی بکا کە ناوێرێ باسی بکا. غەفور دڵنیایە بەهۆی دڵ و دەروونی پاک و خواپەرستیی لەڕادەبەدەرییەوە، خوا ئەوی وەک رزگاریدەرێک هەر لەو کاتەوە دەستنیشان کردبوو،… ئا، هەڵیبژاردبوو،… بەڵام چ بکا حەلاوی ژنی قەت قەت لەمە تێناگا… یەعنی نایەوێ تێبگات… قەت قەت!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم چیرۆکە لە گۆڤاری وانەر ژمارە یانزە 11 ساڵی 2023 چاپ کراوە. ئەم چیرۆکە داگرە Pdf : لە دەرگای نەدا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *