فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

ئەو نامانەی قەت نەگەیشتن

کات 12/04/1402 489 بازدید

هەموو مانگێک کاتێک مانگ دەبێ بە چواردە، دارستانە چڕەکەی دەوری ئاوایی تاریکتر لە هەموو ساتێکی تر پڕ دەبێ لە رۆحە سەرگەردان و ترسناکەکان. خەڵکی ئاوایی لە ترسانا درگاکانیان دادەخەن، گڵۆپەکانیان کزدەکەن، پەردەکانیان دادەدەنەوە و لە کاتێکدا دایکان منداڵەکانیان لە باوەش دەگرن و گەورەکان چاو لە سەر دەرگاکان هەڵناگرن، لە ترسی ئەوەی نەکا رۆحەکان بێن و منداڵەکانیان بدزن تا بەیانی خەو ناچێتە چاویانەوە. شەوانی مانگی چواردە کە جوانترین شەوانی دونیان، لێرە لەم گوندە دەبێ بە ترسناکترین شەوی جیهان.

پۆستچییەکەی ئاوایی کە قەت ناگا نامەکان بە رۆژ بگەیەنێتە ئێرە، بەناچار شەو بە پاسکیلەکەی لە تاقە رێگای خۆڵینی بەرەو ئاوایی، لە ناو دارستانەکەوە بۆ ئەوەی بە کاتی خۆی نامەکان بگەیەنێتە خاوەنەکانیان، بە ترس و لەرزەوە لە ناو درەختە بەهەیبەت و سێبەرئاساکانەوە تێدەپەڕێ. پۆستچییەکە بۆ ئەوەی ترس بە تەواوی داگیری نەکا، ئەژنوی شل نەبێ و بتوانێ بەردەوام بێ، بە ئاستەم چاوەکانی هەر ئەوەندەی کەمێک رێگاکە ببینن، دەکاتەوە. ئەو، بێ ئەوەی یەک سانتیم چییە لەو لاتر بڕوانێ، دەئاژوێ و دەئاژوێ و… هەتا  ناو ئاوایی هەدا نادا.

بەڵام رۆحەکان نەگبەتن. وازی لێناهێنن و هەتا تێدەپەڕێ بە دەوریدا جرت و فرتیانە، تاپۆئاسا بەسەر سەر و بە دەور و تەنیشتیدا هەڵدەفڕن، دەقیژێنن، شکڵ و شەمایلی سەیرسەیر لە خۆیان دەردێنن و ئەوسا دەستدەکەن بە کیسەی نامەکانیدا و بە دەم پێکەنینی ترسناکیانەوە پڕژ و بڵاوی دەکەنەوە. پۆستچییەکە لەم کاتانەدا بە دەنگێکی نزم لەبەر خۆیەوە ئاواز دەچڕێ. ئاوازێک لەسەر ئەو کاتانەی وا مرۆڤ هیشتا خەونی بە جێژوانی شەوانی مانگی چواردەوە دەبینی. ئەو کاتانەی وا هێشتا دەیانگوت ئەو گەنجانەی بتوانن شەوی چواردە بچنە جێژوان، ئەوا ئاواتی لەمێژینەیان بەدی دێت و دەگەنە وەسڵی یار. ئەو کاتانەی هێشتا مانگ وەک دراوسێی هەتاو دەبینرا و، کەس لێی نەدەترسا. سەیرە! هەموو جارێکیش نامەکان ون نەدەبوون و، سەرئەنجام هەر هەموویان خۆیان لە کیسەکەدا دەبیننەوە و دەگەیشتنە دەستی خاوەنەکانیان!

پۆستچییەکە باری گرانە. گەر نامەی ئەو سەربازانەی پێ نەبووایە کە لە بەرەکانی شەڕەوە دەهاتن، ئەوا قەت ئەم رێگا ترسناکەی نەدەگرتە بەر. گەر ئەمە نەبووایە، پوڵ و پارەی دونیایان بدایە بەری ئەم رێگایەی نەدەگرتەبەر، بەڵام چ بکا لای ئەو هیچ شتێک بە قەدەر نامەی سەربازێکی بەرەکانی جەنگ کە هەر ساتێک دەیتوانی دووا ساتی تەمەنی بێت، بە بایەخ نەبوو. لای ئەو هیچ دڵێک بە قەدەر دڵی بنەماڵەیەکی چاوەڕوان، پڕ لە هەست و سۆز و خولیا نەبوو. بە خۆی دەگوت خێوی دونیایش بێنە سەر رێم، نامەکان هەر دەگەیەنم.

پۆستچییەکە نامەکانی دانە بە دانە دەخستە ناو سندووقەکانەوە. ئەوسا دیسان بەو شەوە بە ناو دارستانە ترسناکەکەدا دەگەڕایەوە. رۆحەکان توڕەتر لە هەمیشە ئەمجارە بە شان و مل و بە پاسکیلەکەیدا خۆیان هەڵدەواسی و، رێک بە ناو گوێچکەکانیدا دەیانقیژاند و پڕ بە گەرووی نگریسیان هاواریان دەکرد. دارستان داماوتر لە هەر کاتێکی تر، تەواو خۆی دەدایە دەست چارەنووسی.

ئەمە چیرۆکی هەموو ئەو ساڵانە بوو وا شەڕ بەردەوام بوو.

لەناو ئەو سەربازانەی وا لە بەرەکانی شەڕدا بوون، تەنیا نامەی یەک کەسیان نەدەگەیشت. دەیان جار دایک و باوکی لە پۆستچییەکەیان پرسیبوو. پۆستچییەکە سوێندی دەخوارد کە پێش ئەوەی بەڕێبکەوێ، نامەکەی دەبینێ و بۆیە دڵنیا بوو کار کاری خێوەکان بوو. بەڵام دایک و باوکەکە دڵنیا لەوەی پۆستچییەکە بۆ دڵخۆشی ئەوان ئەمە دەڵێ، دڵنیا لەوەی کوڕەکەیان کوژرابوو و لە شوێنێک لە مەیدانی جەنگ بۆ هەمیشە جەستەی لەت و پەتی بزر ببوو، خوویان دایە چارەنووسی خۆیان و بۆ هەمیشە وازیان لە نامە و لە هاتنەوەی کوڕەکەیان هێنا.

بەڵام سەیر ئەوە بوو کاتێک شەڕ تەواوبوو، لەناو هەموو گەنجەکانی ئاواییدا تەنیا کوڕەکەی ئەوان گەڕایەوە. رۆژێک لە رۆژان لە کاتێکدا جانتایەکی بە کۆڵەوە بوو، قۆلێکی نەمابوو و جل وبەرگێکی سەربازیی کۆن و شڕ و شیتاڵ شیتاڵی لەبەردا بوو، لە هەمان دارستانەوە پەیدا بوو. ئارام و لەسەرەخۆ بێ ئەوەی لە هیچ شوێنیک لابدا، خۆی کردبووەوە بە ماڵی خۆیاندا.

خەڵکی ئاوایی هەموویان لەبەر ماڵەکەیدا کۆببوونەوە. هەر یەکەو هەوڵیدەدا هەواڵێک لە کوڕەکەی خۆی بزانێ. ئەوەیکە بەڵکو هەواڵی کوژرانی کوڕەکانیان درۆ بێت و کوڕی ئەوانیش رۆژێک لە رۆژان وەک ئەو لە هەمان رێگای خۆڵینی چەندین سەد ساڵەوە دیسان پەیدا بێتەوە. لای ئەوان هاتنی نامەکان بەڵگە بوو بۆ زیندووبوونی رۆڵەکانیان. بەڵام چ هەوڵێکی بێسوود! کوڕەکە هەواڵی لە هیچ کەسی تر نەبوو. ئەو تەنیا لە بێدەنگیدا دادەنیشت و، کزکز لە دەورووبەری خۆی و لە دونیای دەڕوانی. وەک بڵێی هەموو شتێک بۆ یەکەم جارە خوڵقێندرابوو و، ئەویش یەکەم مرۆڤ بوو بەختی دەرفەتی بینینەوەیانی بۆ رەخسابوو.

پۆستچییەکە ئیتر وەک جاران نەهاتەوە. بگرە هەواڵ هات بە نەخۆشی مردبوو. گوند ئیتر وەک جاران نامەی بۆ نەدەهات. کوڕەکە سەرسوڕماو لەوەی نامەکانی قەت نەگەیشتبوونە دایک و باوکی، رۆژێک ئێوارە درەنگان رێگای دارستانی گرتەبەر. هەرچی پێیان گوت نەچێ، دارستان ترسناکە و خێوەکان بەڵایەکی بەسەردا دێنن، گوێی نەدایە.

ئەوەندە دوور نەکەوتەوە کە لەسەر رێگا چاوی بە درەختێکی کەمێک سەیر کەوت. لایدا و چووە تەنیشتی. لە ناو قەدی درەختەکەدا کونێکی بینییەوە. لەناو کونەکەدا هەموو ئەو نامانەی دۆزییەوە وا ساڵانی ساڵ لە بەرەکانی شەڕەوە بۆ کەس و کارەکەی نوسیبوون. نامەکان وەک خۆیان مابوونەوە. سەرماو گەرما و باو بۆران نەیژاکاندبوون. بەفر و باران زەفەری پێ نەبردبوون! نامەکان چەند تامەزرۆی نیگای مرۆڤ بوون!

رۆحەکان لەو گوندە تەنیا گیانی یەک کەسیان بۆ دەرباز ببوو… تەنیا یەک کەس!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *