فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

دەمێک لەگەڵ مارف خەزنەدار

کات 10/10/1402 98 بازدید

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی ریالیستی ئەوەیە کە بە خوێندنەوەی، دۆخی ئەو سەردەمەی وا چیرۆکەکە دەربارەی دەدوێ، تا رادەیەکی باش راستەوخۆ دێتە بەرچاوت. لانیکەم لە هەندێ بواردا و لەو بوارەدا وا چیرۆکەکە پێیەوە سەرقاڵە. ئەدەبی ریالیستی بە جوانترین شێوە دۆخە کۆمەڵایەتی، ئابوری و چینایەتییەکان دەنوێنێتەوە و، جگە لەمە لە باری دەروونیشەوە بە گوێرەی پێویست لەگەڵ مرۆڤی سەردەمی خۆی ئاشنامان دەکا. بە گشتی، ئەدەبی رئاڵ زیاتر لە فۆڕمەکانی تر لەگەڵ توخمی ‘ناسین’ پێوەندی بەرقەراردەکا. لە راستیدا جوانناسیی ریالیزم شان بە شانی ئەم تایبەتمەندییە رێدەکا و، خۆی لێ جیاناکاتەوە. ئەدەبی رئال، ئەدەبی پێوەندی نێوان جوانناسی و واقیعی دەورووبەرە.

کۆمەڵە چیرۆکی ‘بەرەو رۆژ’ لە نووسینی زیندەیاد دکتۆر مارف خەزنەداریش لەم تایبەتمەندییە بێ بەری نیە. زۆربەی چیرۆکەکان بە جوانی ئاوێتەی کێشە کۆمەڵایەتی، چینایەتی و دەروونییەکانی مرۆڤی کورد لە دوواقۆناغەکانی رژێمی پاشایەتی لە عێراق و بەو پێیە لە هەرێمی کوردستانن و وەک ئاوێنەیەکی باڵانمای ئەو سەردەمە خۆیان دەنوێننەوە. دیارە بە رەچاوکردنی ئەوەش کە چیرۆکێک لەم کۆمەڵەیەدا باس لە رووداوێک لە یەکیەتی سۆڤیەت دەکا. دیارە دەبێ پێ لەسەر ئەوە دابگرین کە لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا جیاوازییە چینایەتییەکان بەجوانی دەربڕی جۆری جیهانبینیی نووسەرن سەبارەت بە ژیان.

مارف کە لە بواری ئایدیۆلۆژیادا چەپە و هاوکات لەم روانگەیەوە باوەڕی بە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی کوردیشە، بەهۆی هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیی خۆیەوە، تۆختر لە چیرۆکەکانیدا دەردەکەوێ و لە راستیدا لە زۆربەی داستانەکاندا ئەم مەیلە دەبینینەوە. واتە زۆر جار مارف تەنیا پیشان نادا، بەڵکو شیدەکاتەوە و هەڵوێست دەگرێ و بەجۆرێک هەستدەکەین کە لەپاڵ قارەمانی سەرەکیی چیرۆکەکانیدا کە کەسانی هەژار و زوڵم لێکراون راوەستاوە. دەقەکان زۆربەی کات لەم بارەیەوە بێ هەڵوێستکی راستەوخۆ نین. دەبێ بڵێین دەقی ئەدەبی پێش لە هەر شتێک دەقی ئەدەبییە و، هەموو هەڵوێستە ئایدیۆلۆژییەکانی نووسەر دەبێ لە بێ لایەنییەکی شاراوەوە خۆیان لە دەقدا بنوێننەوە. لە راستیدا لە رێگای کاریگەرییە جوانناسییەکانی خۆیانەوە ئەو ئیزنە بە خوێنەر بدەن کە خۆی رێگای خۆی بدۆزێتەوە. ئەوەیکە داخۆ خوێنەر دەیەوێ چۆن تەعبیر لە گشتییەتی چیرۆکەکە بکات. رئالیزم لەگەڵ ئەوەی بە تووندی پابەندی کێشە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانە، بەڵام هاوکات بە شێوەیەکی بێلایەنانە پێوەندیان لەگەڵ بەرقەراردەکا. ئەمە زاتی هونەرە.

وەک دەگوترێ نووسین بە گشتی لەسەر کۆمەڵەچیرۆک دژوارە. بۆیە من لێرەدا چیرۆکی ‘چاوەڕووانی’م لە لاپەڕەی ١۴۵ هەڵبژاردووە و، هەوڵدەدەم لێرەدا کەمێک دەربارەی بدوێم.

پلۆتی چیرۆکەکە:

ـ باس لە مەلایەک و ژنەکەی دەکا. مەلاعەلی کۆلکە مەلایە و خاوەن مزگەوت و میحراب نیە. ئەو مردەشۆری هەژارانە. شەوێکی تاریک لە ماڵەوە دانیشتووە و خەمی سبەیەتی. سبەی جومعەیە و بارانێکی زۆریش چەند رۆژێکە خەریکە دەبارێ، بۆیە خەمی ئەوەی لێدەنیشی کە تەنانەت رۆژی جومعەیش نەتوانێ بچێ بۆ گۆڕستان و تیکە نانێکی دەستکەوێ. ژنەکەی لای وایە بە هۆی بارانەوە تەنانەت خاوەن مردوویش ناچن بۆ گۆڕستان. مەلاعەلی دژی ئەم باوەڕەیە.

لەڕاستیدا ماوەیەکە کەس نامرێ و، مەلا خەم لە بێ ئیشی خۆی دەخوا. هاوکات نیگەرانیشە کە بەهۆی باران و هەورەگرمەوە ئەگەر خاوەن مردوویەک شەو لە درگایان بدا گوێی لێ نەبێت و، بەم شێوەیە نانبڕ بێت. لە ناوجێگادایە ژنەکەی خەبەری پێدەدا کە حاجی عەوڵا (کە پیاوێکی دەوڵەمەنەدە) نەخۆشە و رەنگە بمرێ. مەلا لە وەڵامدا دەڵێ بە ئێمە چی. ئەمەیش لەبەر ئەوەی حاجی دەوڵەمەندە و مەلا دەزانێ کە بۆ ناشتنەکەی روو ناکەنە کۆلکە مەلایەکی وەک ئەو. کتوپڕ پاش نیوەشەو لە دەرگا دەدەن! کەس و کاری حاجین کە هاتوون بە شوێن مەلاعەلیدا. مەلا کە عەبەساوە، سەرئەنجام بۆ یاسین خوێندنی سەر تەرمی حاجی، لەگەڵیان دەڕوا. مەلا عەلی کە لای وایە خوا دەرووی رەحمەتی لێکردووەتەوە و ئیتر لەمە بەولا تەنیا مەلای رەش و رووتەکان نابێ، زۆر خێرا خەونەکەی بەتاڵ دەبێتەوە. ئەوەندەی پێناچێ مەلای مزگەوت خۆی بە ژوورەوەدا دەکا، ئیتر ئەرکی ئەو لێرەدا کۆتایی پێدێ و لە کۆتاییدا یەکێک لە خاوەن مردووەکان دوو پەنجایی دەخاتە مشتییەوە.

سەبارەت بە رووداوی ناو چیرۆکەکە:

ـ لەڕاستیدا هۆکاری رووکردن لە مەلا عەلی، درەنگیی شەو و باران بارینی چەند رۆژەیە. خاوەن مردوو کە لە چینی باڵادەستە، دەزانن کە دەستخستنی مەلای مزگەوت بەو نیوەشەوە ئاسان نیە و بۆیە روو لە مەلا عەلی دەکەن. ئەوان مەلا عەلیان دەوێ تەنیا تا ئەو کاتەی مەلای مزگەوت پەیدادەبێ. وەک بڵێی جێهێشتنی تەرمی مردوو بە بێ یاسین خوێندن گوناحە. لێرەدا هیوایەتێک لە دڵی مەلاعەلیدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی ئەمە وەک سەرەتایەک لێک بداتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی لە ناو چینی دەوڵەمەندیشدا بدۆزیتەوە و ببێ بە مەلای ئەوانیش. لە راستیدا دۆخێکی خراپی کەش و هەوایی و مردنێکی ناوەخت، ئومێدێک لە دڵی ئەودا دەخوڵقێنێ، بەڵام هەر بەو خێراییەیش لەناوی دەباتەوە!

لە درێژەی ناوەڕۆکدا:

ـ لە دونیای چینایەتیدا تەنانەت شتە موقەدەسەکانیش لێی بێ بەری نین و، ئەوانیش سەرەڕای هەموو موقەدەس بوونیان تایبەتمەندیی چینایەتی وەردەگرن. لە ناو مەلاکانیشدا، وەکوو هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تر، وەهایە کە یەک وەزعی باشە و مەلای دەوڵەمەندەکانە و یەکی دیکە هەژارە و کۆلکە مەلایە و مەلای خەڵکی فەقیر و بێ دەرەتان. یەک خاوەن مزگەوتە و یەک بێ مزگەوت.

تکنیک لە چیرۆکەکەدا:

ـ گێڕەرەوە سێهەم کەسی تاکە، بەم پێیە زانای گشتییە؛

ـ لە وەسفی ناوماڵ و روخسار و رواڵەتی کاراکتێرەکان خەبەرێکی ئەوتۆ نیە. نووسەر خۆی لەمە دەبوێرێ،

ـ تەنیا وەسفێک کە دەبینرێ، وەسفی کەش و هەوای ئەو شەوەیە کە باراناوییە،

ـ بەم پێیە چیرۆکەکە کردە ـ بابەتە. واتە زیاتر لەسەر کردە و رووداو پێ داگیراوە،

ـ گرێی ‘بێ مردوویی’ بە مردنی حاجی عەوڵا دەگاتە ترۆپک و هاوکات بە بانگهێشتنی مەلاعەلی دەکرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی لە راستیدا هیچ دەستکەوتێکی بۆ مەلاعەلی تیا نیە،

ـ لە کۆتاییدا مەلای هەژار هەروا هەژار دەمێنێتەوە و، مەلای دەوڵەمەندیش، دەوڵەمەند. لە راستیدا قەدەرێکی چارەنووسیانە بەسەر چیرۆکەکەدا زاڵە و، جێگای بۆ هیچ گۆڕان و بزاوتێک نەهێشتووەتەوە.

پەیام:

ـ لە کۆمەڵگای چینایەتیدا دیاردە موقەدەسەکانیش بەچینایەتی دەبن. دەوڵەمەند خاوەن مەلای خۆی و، هەژار خاوەن مەلای خۆی.

دوواوتە:

چیرۆکی ‘چاوەڕووانی’ یەکێک لە باشترین چیرۆکەکانی ناو کۆمەڵەچیرۆکی ‘بەرەوڕۆژ’ە کە تێیدا دەخالەتی ئایدیۆلۆژیی نووسەر لە دەقەکەدا نیە و، بۆیە ستاتیکای دەق دەگاتە ترۆپکی خۆی. هەروەها مارف خەزنەدار لەم چیرۆکەدا نیشانی دەدا کە وەک زۆربەی چیرۆکنووسە رئالیستەکانی کورد لە کاتی نووسینی چیرۆکدا بە هەموو توخمەکانی ئەم فۆڕمە ئەدەبییە پابەند نیە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەقەکان لە گشتییەتی خۆیاندا لەو خۆکامڵییەی بەهرەمەند نەبن کە دەبێ ببن. بابەتی ناو چیرۆکی ‘چاوەڕووانی’ بابەتێکی جوان و سەرنجڕاکێشە و، بریا نووسەر بە خەمڵاندنی زیاتری تکنیک مەودای زیاتری بۆ دەربڕینی جوانناسیانە بکردایەتەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تێبینی: لە گۆڤاری ‘دیوان’ی ژمارە ٣١ بڵاوبووەتەوە
دیوان گۆڤارێکی مانگانەی ئەدەبی و رۆشنبیری گشتییە، ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی (ی.ن.ک) دەریدەکات‍.

لەم ژمارەیەدا:

 – خاڵە سێوە لە دۆسیەی دیوان- دا
– جەلیل کاکەوەیس لە دیدارێکی تایبەتی دیواندا
– گفتوگۆی ئەمجارە، لەبارەی دەروونشیکاری و فرۆیدزمەوە لەنێوان سمکۆ محەمەدو محەمەد تەها حوسێن
– رۆڵی قوتابخانە ئاینییەکان و سیستەمی خوێندنی فەرمی لە کوردستانی باشوور
– عەبدوڵا پەشێو و دکتۆر نەجمەدین جەباری، لە دوو دیداردا
– نمایشی میوانێکی دوور، لەبەر رۆشنایی تیۆری وەرگرتندا
– عەلی سەیدۆ گەورانی، یەکێکە لە کەسایەتییە ناودارەکانی کوردانی ئوردن‍
-…

تەگەکان : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *