خەیاڵاوی
خەیاڵاوی
دوێنێ دووبارە ئاشق بوومەوە. نا، دووبارە نا، بەڵکو بۆ چەندین و چەندین بارە. هەڵبەت ئەمجارەیان بەبێ ئەوەی کچێک یان ژنێک لە نێواندا بێ، ئاشق بوومەوە. بەخۆم گوت رەنگە ئەمە تایبەتمەندیی تەمەنێک بێ کە ئیتر تێیدا کەس ئاشقی تۆ نابێتەوە، بەڵام تۆ هێشتا دەتوانی ئاشق بیتەوە.
هەستێکی خۆشی سەردەمی گەنجیەتی رووی تێکردمەوە. بە وزە، دڵخۆش و لێو بەبزە. خۆشحاڵم هیچ ئاوێنەیەک لەبەردەممدا نەبوو. خەیاڵم دەڕوا و، لام وایە ژیان وەک جاران یەکجار زۆری بەبەرەوە ماوە. بەخۆشییەوە بایەکی فێنک هەڵدەکا و، لەنێوان ئەو پۆلە درەختەوە کە من خەریکم لە نێوانیانەوە بە ئەسپایی تێدەپەڕم، هەتاو خۆی دەردەخا و بە تیشکی گەش و گەرمییەوە لە سەرتاپای جەستەم دەئاڵێ.
بەخۆم دەڵێم رەنگە ژنێکیش لە ئارادابێ. کێ چووزانێ! با خۆیشم نەزانم. مەگەر سروشت وەها نیە کە هەر لە کاتی لەدایکبوونەوە نەمامی حەزی مێینەیەک لە دەروونتدا دەنێژێ؟ ئەو نەمامەی کە بە پێی هەڵکشانی تەمەن دەبێ بە درەختێکی گەورە و پیری بە هەزاران لق و بە دەیان هەزار گەڵا کە هەموو بوونت داگیردەکا؟
چاودەگێڕم. هەستدەکەم لەسەر ئەم رێگایە وا من تێیدا بەڕێوەم، شتێک دەقەومێ. یەعنی دەبێ بقەومێ. حەز، هەمیشە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە. بێگومان لەوێ لە دەرەوەی منیش دەبێ ژنێک هەبێ کە رێک وەک من وەها هەستێکی تیا دروست بووبێ،… بە بێ هۆیەکی تایبەت و بە بێ رووداوێکی سەرنجڕاکێش. دڵنیام هەوێنی خڵقەتیش وەهایە کە خۆبەخۆ ئەم جۆرە هەستانە بەیەکتر دەگەیەنێ.
لەبەر خۆمەوە فیکە لێدەدەم و، گۆرانییەکی کۆن کە سەردەمی گەنجیەتی حەزم لێی بوو دەڵێمەوە. جادە چۆڵ و سێبەر بوو! ئا، جادە چۆڵ و سێبەر بووی ‘گۆران’ی شاعیر و لە گوتنی گۆرانیبێژ ‘قادر کابان’. گۆرانییەکە بۆخۆی هات، بە بێ بیرلێکردنەوە. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە منیش دوێنێ بەناو جادەیەکی چۆڵ و سێبەردا دەڕۆیشتم. تەنیا، بە بێ هیچ هاوڕێیەک، خەیاڵاوی و نیگا لەسەر سەوزایی دەوروپشت و،… ئاسمان. تەنیا ئەوەندەی کە لاشەم سست نەبوو، بەڵکو گورج و گوڵ و لێو بەبزە، لەشاخی بەرز و خانووی تازە و دونیای جوانی دەڕوانی.
بەخۆم گوت بەهەزار و یەک دەلیل دەبێ ئەوەی رووبدا وا لە شیعرەکە و لە گۆرانییەکەدا روویداوە، یەعنی لەپڕ دەرکەوتنی بەژنێکی وەک پەری!
گەڵا لەژێر پێمدا خشەی دەهات، دەنگی خوێندنی باڵندە دەبیسترا، لە ئاسمان پەڵەهەورێک سپی سپی تێدەپەڕی. هەناسەیەکی قووڵم هەڵمژی و، بە ئەسپایی دامەوە دەرەوە. دەستێکم بە سەروسینگ و بە شانو باهۆی خۆمدا هێنا،… نا، خراپ نەبوو، هێشتا بەهێز و توند و تۆڵ بوون! بەخۆم گوت تەمەن تەنانەت ژمارەیش نیە. ئەوسا بزەکەم بوو بە پێکەنین. درەختەکان بە گوێی یەکتردا چرپاندیان. گوێم لێبوو یەکیان گوتی لای وایە وەک ئێمە دەتوانێ هەموو بەهارێک بژیەتەوە!
من گوێم نەدایە. ئەمەم بۆ تێنەگەیشتنی ئەوان بۆ سروشتی مرۆڤ لێکدایەوە. ئەی مەگەر وەها نیە کە ئەوە ئێمەین لەوان دەگەین، نەک ئەوان لە ئێمە؟
دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە بەخۆشییەوە هەستە سەیرو سەمەرەکە بەردەوامە و لە دوێنەوە هەتا دەگاتە ئەمڕۆ من هێشتا هەروا ئاشق ماوم. دوو رۆژ کەم نیە. هێشتا لێوم بە بزەیە و، هێشتا لام وایە چیتر ئەشق پێویستی بە هیچ مێینەیەک نیە. هێشتا لام وایە ئەشقی راستەقینە لەڕاستیدا ئەمەیە. مرۆڤێک و خەیاڵێک،… کە دەڕوات و خەیاڵاوی دەڕوانێ. نا، پێویست ناکا هیچ بەژنێک لەپڕدا دەرکەوێ.
تازە، دێتیشەوە بیرم کە من چیتر هێزی هیچ چەشنە ئینشایەکم نەک تەنیا تیا نەماوە، بەڵکو رقیشم لە پێڵاوی ئیسکارپین دەبیتەوە. پێڵاوی وا بەکەڵکی پیاسەی ناو ئەو رێگایە نایە وا من هەموو رۆژێ پیایدا دەڕۆم.
شەو لە کاتێکدا دووشێکم گرتووە، لەسەر مۆبلەکە لەبەر تەلەفزیۆن دانیشتووم و سەیری فیلمێکی رۆمانتیکی دەکەم، لەترسی سبەی، لەترسی ئەوەی نەکا بەیانی شتێکی تر رووبدا، هەڵدەستم و دەچم کتێبەکەی ئیفلاتون دینم. فەسڵی ‘میوانی’ دەکەمەوە و لەدووای ساڵانی ساڵ دەستدەکەمەوە بە خوێندنەوەی. ئەوسا لە بۆچوونێکی نوێدا تێدەگەم من لە دووای دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ تازە وەک ئەوم لێهاتووە.
راستی من تەمەنم چەندە!
فەڕۆخ نێعمەتپوور
دیدگاهتان را بنویسید