فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

رێگایەک و دوو چیرۆک

کات 13/03/1403 89 بازدید

رێگایەک و دوو چیرۆک

هەر دووکمان پێکەوە بەڕێکەوتین. هەر دووکیشمان لامان وایە گەیشتین. ئەگەرچی ئەو پێی وایە من لەنیوەی رێگادا مامەوە و، منیش پێم وایە ئەو بوو مایەوە!

من بەڵگەم هەیە. من لەبیرمە ئەو کەوت. لە هەڵدێرێک بوو. تاقەتی نەما، سەری لەگێژەوە چوو و ئیتر چۆکی دادا. من گوێم لە دەنگی ئەژنۆکانی بوو لە سەر لم.

ئەویش بەڵگەی هەیە. دەڵێ لەبیرمە هەڵەنگوت. لە دۆڵێک بوو. دار سنەوبەرێک رێگای پێگرت. قاچی پیس ئازاری پێ گەیشت و، ئیتر لە شوێنی خۆی دانیشت و کەوتە رووانینی دووردەستەکان.

دەڵێ پێم وابێ ئەمە باشترین شێوازی قەبوڵکردنی شکستە. دەڵێ من بەخیلی بە شکستی وا دێنم.

من شکستم لەبیر نایەت. تەنیا ئەوەندەی کە زۆر بەرێگاوە بووم. بڕواناکەم رۆیشتنی زۆریش و، بەگشتی زۆر لە رێگادا مانەوە بە مانای شکست بێ. تازە وەک گوتم گەیشتیشم. تەنیا ئەوەندەی هاورێکەم قەبووڵی نیە.

من وای دەبینیم کە بۆ سەلماندنی گەیشتنەکەم دەبێ لە مەحکەمەیەکدا بیسەلمێنم. یاساناسێک ببینمەوە کە بتوانێ بەگوێرەی یاسا و بەلێکدانی بە راستییەکانەوە ئیسپاتی بکا کە من گەیشتووم و ئەوەی وا بەڵێنم دابوو، چ بە خۆم و چ بە زۆر کەسی تر، بەدیم هێناوە.

ئەو پێکەنینی دێ، سەرێکم لێ بادەدا و لای وایە وەک هەمیشە لەخەیاڵدا دەژیم. دەڵێ دەیناسم، لە منداڵییەوە وەها بووە، قەت دانی بە راستی ژیانی خۆیدا نەدەهێنا و هەمیشە هەوڵیدەدا لە شوێنێکی تر راستیی بوونی خۆی بدۆزێتەوە. دەڵێ دیارە ئەمەیش خراپ نیە، بەس بە مەرجێک مرۆڤ دوچاری وەهم نەبێت.

منیش دەڵێم جوانی بۆ دەچێ، بەس بە بێ خۆی. ئەوسا تەواوی رۆژ پێدەکەنم.

رۆژێ لێی دەپرسم ئەگەر من نەگەیشتووم ئەی چۆن هەروا پێکەوەین؟ ئەو دەڵێ بەوە نیە، زۆر کەس هەر پێکەوەن بە بێ ئەوەی لەراستیدا پێکەوە بن. دەڵێ ئەمە ئاکامی عادەتە. من کە هەمیشە سەرم بە زیرەکیی ئەو بۆ درۆکردن یاخود بەڵگەهێنانەوەی سەیرو سەمەر وڕماوە، دەڵێم مەرج نیە وشە شتەکان بسەلمێنێ. ئا، مەرج نیە.

رۆژێ ئاماژە بە ئەژنۆکانی دەکەم و، دەڵێم ئەوە نیە هەر لمی پێوە ماوە. ئەویش ئاماژە بە برینی قاچی من دەدا و دەڵێ ئەی ئەوە نیە!

جاری وایە بەو ئەنجامە دەگەم یان هەر دووکمان درۆ دەکەین، یان هەر دووکمان راست دەکەین. تەنیا ئەوەندەی بە هۆیەکی نادیار قسەی یەکتر ناسەملێنین. دەبێ ئەوەیش بڵێم کە لەسەرەتاوە وەها نەبووین. لەبیرمە نێوانمان زۆر گەرم بوو. رۆژ تا ئێوارە بە بێ ئەوەی ماندوو بین گفتوگۆمان لەگەڵ یەکتر دەکرد. ئەوسا باوەڕمان وا بوو کە گفتوگۆ و موناقشە دەبێت هۆی گەشەی بیر و توانای بیرکردنەوە. نازانم، بەڵام لە شوێنێکدا لەسەر رێگا ئەمەمان لەبیر چووەوە. هەوڵدەدەم بێتەوە بیرم. دەبێ دانی پیابنێم کە چەند بێسوودە!

لە پاشی چەندین رۆژ مەحکەمە و مەحکەمەکاری سەرئەنجام قازی حوکم دەدا کە بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە نەتیجە، دەبێ هەردووکمان بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای رێگا و سەرلەنوێ دەست پێبکەینەوە! لە حەژمەتا لە کاتێکدا چاو لە قازی هەڵناگرم هاواردەکەم کەمێک رەحمت هەبێ قازی گیان، کەمێک رەحم! شتی وا چۆن دەبێ؟ دەڵێم دەزانی کە هەموو تەمەنمان بە رێگاوە بووین؟ دەڵێم دەزانی کە هەموو تەمەن بە رێگاوە بوون یەعنی چی؟ قازی چەکۆچی عەداڵەت زرم زرم بە مێزەکەی بەردەمیدا دەکوتێ و، دەڵێ ئەمە دوواحوکمی دادگا و بەشداربووانە و ناگەرێتەوە. دەڵێ ئەگەر ئەمە نەکەن ئەوا شاربەدەر دەکرێن و، دەبێ لێرە بڕۆن. یان دەتانخەینە زیندانەوە.

دوواتر بە ئەو دەڵێم پێم وابێ وەزعمان باش نیە و، دەبێ مشورێک بخۆین. دەڵێم خۆت چاک دەزانی کە ئیتر تەمەنی ئێمە تەمەنی گەڕانەوە نیە، تەمەنی سەر لەنوێ تێهەڵچوونەوە نیە، تەمەنی سەفەرێکی تر نیە، تازە ئەگەر بتوانین بڵێین گەڕانەوەیەک هەبێ. ئەو کەمێک بیر دەکاتەوە و، دەڵێ پێم وابێ دەبێ پێک بگەین، دەڵێ ئەم من من و تۆ تۆیە قوڕی کرد بەسەرماندا. لەم هەلە کەڵک وەردەگرم و، دەپرسم هەر بەڕاستی تۆ لات وایە کە من لە نیوەی رێگادا کەوتم؟ تازە بۆ چارەک نا و نیوە!؟ ئەویش بە هەمان ئاراستە دەڵێ ئەرێ بەڕاست تۆیش پێت وایە من لە رێگادا چۆکم دادا و ئیتر نەمتوانی درێژەی بدەم؟ تازە بۆ سێ لە سەر چوار نا و نیوە!؟

هێشتا لەخەو هەڵنەستاوین حاکم دوو پاسەوانمان دەکاتە سەر. سبحی زووە. هەتاو لە رۆژهەڵات خوتیلکەی ئاسۆ دەدات. پاسەوانەکان تا توولە رێگایەکی قەراغ شار دەمانبەن و، دەڵێن ئالێرەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتا!

بەڕێدەکەوین بە بێ ئەوەی جورئەتی پرسیارێکمان هەبێ. بیستوومانە لە پاسەوان پرسیار ناکرێ، تەنیا دەبێ بەقسەی بکەی. بەدەم رێگاوە دەڵێم ئەوەی کە پێکەوە دەگەرێینەوە مانای ئەوەیە پێکەوە گەیشتووین. وەڵامم ناداتەوە. ئیستا دەزانم کە ئەو ئایدیالیستە و منیش ریالیست. ئینجا سەرم بە گەمژەیی خۆم وڕ دەمێنێ کە چۆن چۆنی من لەگەڵ کەسی وا یەک کەوتووم. بە خۆم دەڵێم رەنگە هۆکارەکەی تەنیایی بووبێ، یان  ترس، یان دووریی رێگا. فکرم بۆ شتی تر ناچێ تا بیدرکێنم. ئەویش دەڵێ یان رەنگە ئەوەیکە مرۆڤەکان هەمیشە پێویستییان بە یەکترە تەنانەت گەر زۆریش لێک جیاواز بن.

هەمیشە دانم بەوەدا ناوە کە ئەگەرچی درۆزنە، بەڵام کەسێکی بەڕاستی زیرەکە. رەنگە زیرەکی و درۆزنیش زۆر مەودایان نەبێ. دەگەینە کانیاوێک. زۆر ئاشنایە. دەڵێ لەبیرمە لێرە ئاومان خواردەوە. دەڵێم خۆ ئەم کانیە زۆر لە شوێنی گەیشتنەکەمان نزیکە! هەردووکمان سەر دادەخەین.

رێگایەک و دوو چیرۆک

بەدەم رێگاوە دەگەینە هەر شوێنێک، هەر دووکمان لەبیرمانە. لە شاخ و دۆڵ و دەشت و لێڕەوارەوە بگرە هەتا ئاواییەکان و ئەو مەزرایانەی بۆنی گەنم و بۆنی بایان دەدا.

دەڵێم راستی بۆچی دانمان بەیەکتردا نەدەنا؟

دەڵێ راستی بۆچی دانمان بەیەکتردا نەدەهێنا؟

پڕمەی پێکەنینمان دەرو دەشت شێتانە دەتەنێ. ئەوەندە پێدەکەنین  کە هێزمان لەبەر دەبڕێ و چۆک دادەدەین. ئەوسا دێتەوە بیرمان کە جاری پێشوو بەهەمان شێوە بە شتێک پێکەنیبووین و چۆکمان دادابوو.

دەڵێم هاوڕێ ئێمە سزای ئەوەی دەدرێین کە نازانین چۆن گەیشتین.

ئەویش دەڵێ زیاتر لەمە، سزای ئەوە دەدرێین کە یەک رێگایە و دوو چیرۆک!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *