فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

نیوە پیاو

کات 17/03/1403 47 بازدید

نیوە پیاو

هەموو سالێک جارێک بە شەمەندەفەر سەفەر دەکا. هەر جارەی چەند وڵاتی ئۆرووپایی پێکەوە دەبڕێ. ئاشقی ئەم کارەیە. نە سوار فڕۆکە دەبێ، نە ماشین و نە ئۆتۆبووس. قەتار شتێکی ترە. هەم رێگا دەبینێ، هەم بە کەیفی خۆی دەتوانی تیایا هەڵسوڕێ و هەمیش بەردەوام کەسی نوێ دێتە سەر رێگای. ئەو ئاشقی بینینی خەڵکی تازەیە.

ئەمساڵیش هەمان کاری کرد، هەرچەند لە کۆتایی پاییزدا.

یەکێک لە وێستگەکان پراگ بوو. لە وڵاتی چێک. نیوەشەو پێش کاتژمێر دوانزە کەسێک بە تاقە پلیکانەکەدا سەرکەوت. ئەم لە کووپەکەدا تەنیا بوو. هەر ئەوی لێ بوو. بە هۆی تیشکی لاواز و رەنگاوڕەنگی گڵۆپەکانەوە کەسەکەی زیاتر وەک تارمایی هاتە بەرچاو. تارماییەکە سەرەتا مایەوە کە بەکام لادا بڕوات، بەلای ئەمدا یاخود ئەولادا. سەرئەنجام رووەو ئەم هات. هەر لەو کاتەدا دەرگاکە داخرا، ئەم پیاوێکی بینی نیوە! قۆلێکی نەبوو، قاچێکی پەڕیبوو، بەشی چەپی سەری ورد و خاش شۆڕ ببووەوە و دەندەکانی لای راستیشی بە تێکشکاوی بەدەرەوە بوون. هەر جارەی هەنگاوی هەڵدێنا، چێوشەقەکەی بن باڵی نیوە سوڕێکی پێدەدا.

پیاوە نیوەکە بە بێ ئەوەی لەم بڕوانێ لە ریزی بەردەمی ئەمدا، بەڵام بەدەستی راستدا لەسەر کورسییەک جێی خۆی کردەوە. ئەم لە رێگاکەی رووانی. نا، هیچ خوێنێکی تکاو نەدەبینرا. ملی کێشا. نا، تەنانەت کورسییەکەی وا لەسەری دانیشتبوو هیچ پەڵەیەکی خوێنی پێوە نەدەبینرا. نیوە پیاوەکە تەنیا خوێناویی و ماندوو بوو. کە دانیشت، بەحەزێکی زۆرەوە پاڵی دایەوە، سەری لەسەر پشتییەکە سەقامگیر کردوو و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا.

وەک بڵێی خەو دەبینێ، لەخۆی پرسی ئەمە کێیە… راستی چ باسە!؟

قەت لە سەفەرە بێ ئەژمارەکانیدا شتی وای بەخۆیەوە نەبینیبوو. ئەو مرۆڤە تەنیاکانی بینیبوو کە تەنیا لەبەر دەمی خۆیانیان دەڕوانی، یان جووتەکان کە لەبەر یەکتر سەریان سەر شتی تر نەدەپڕژا. یان ئەو کۆڵەپشتی لەشانانەی وا لە موبایلەکانیاندا نەقشەی رێگایان دەخوێندەوە.

چی بکا باشە؟ هەروا دانیشێ و، کاری بەسەریەوە نەبێ، یان شەمەندەفەرەکە ئاگادار بکاتەوە. راستی ئەمە چۆن سوار بووە. ئەی ئەگەر خەڵکی تر بیبینن چی دەبێ! لێرەدا پێکەنینی بەم پرسیارە گەمژانەی خۆیدا هات. ئاخر پێش لەهەر شتێک دەبوو لە خۆی پرسیبایە کە مرۆڤی نیوە چۆن دەتوانێ هەبێ، تازە زیاتر لەمە، بتوانێ بجووڵێ و سەفەریش بکا!

بەڵام بە گوێرەی نەریتێکی ئۆرووپایی کە کاریان بە سەر کەسەوە نیە هەتا ئەو جێگایەی کەسەکە کاری بەسەر کەسەوە نەبێ و بگرە سەرەڕای نیوە بوونیشی پێویستی بە هیچ هاوکاری و یارمەتییەک نەبێ، دیسان پاڵی لێدایەوە. هەرچەند پرسیارەکان بەردەوام لە مێشکیدا دەهاتن و، دەچوون.

قەتارەکە جووڵاو بەڕێکەوت. بەخۆی گوت ئیستا بلیتچی دێت و ئیتر روون دەبێتەوە ئەمە کێیە. شەمەندەفەرەکە دەوری هەڵگرت. چووە ناو توونێلێکەوە. کەس نەهات. نیوە پیاوەکە لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەی دەکرد. ئەم گوتی بێگومان لە شووشەکەدا لە خۆی دەڕوانێ.

شەمەندەرەکە بەردەوام بوو. ئەم بەگوێرەی سەفەرەکانی دیکەی دەیزانی کە لە نزیکی شارە گەورەکان قەتارەکان زیاتر رادەوەستن، بەڵام ئەمجارە رانەوەستا. بەخۆی گوت رەنگە پلانەکەیان گۆڕیبێ. نیوسەعاتێک تێپەڕی دیسان بەبێ ئەوەی لە هیچ وێستگەیەک راوەستن. سەیرتر ئەوەیکە بلیتچییەکەیش نەهات. جارێکی تر بە دزییەوە لە نیوەپیاوەکەی رووانییەوە. نا، ئەمشەو شتێک ڕاست نەبوو. هەڵەیەل روویدابوو.

دیسان زەمەن تێپەڕی. گوێی لە هەناسە قورسەکانی بوو. ئاگای لە دارشەقەکەی بوو کە هەروا لەسەر عەرزەکەی بەردەمی کەوتبوو. کتوپڕ نیوە پیاوەکە لای کردەوە و، لەمی رووانی. درەنگ بوو، نیگای خۆی بۆ نەشاردرایەوە. نیوە پیاوەکە، نیوە پێکەنینێکی کرد، یان رەنگە نیوە شتێکی تر بوو… نازانێ. لێکدانەوەی نیوە روخسارێک زەحمەت بوو. نیوە پیاوەکە بە بێ چاوترووکان بە نیوەیی گوتی ئە… کا… ئە… بە… رۆژ… دەڕ…، وا؟… بەر… بەرل…، پار… یان لەن..،… وا…؟ ئەم دەستبەجێ تێگەیشت کە دەڵێ “ئەرێ کاکە ئەمە بەرەو رۆژئاوا دەڕوا، وانیە؟… بەرەو بەرلین، پاریس… یان لەندەن،… وانیە؟”

بە کوردی قسەکردنەکەی سەری سووڕما. نەکا دەزانێ ئەمیش کوردە! باشە بە چی دەزانێ!؟ ئەم خێرا وەڵامی دایەوە کە شەمەندەفەرەکە سەرەتا دەچێتە ڤیەننا، ئەوسا دەچێ بۆ… لێرەدا ئیتر لەبیری چووەوە چی بڵێ. نیوە پیاوەکە دیسان بەهەمان نیوەیی رستەکانی خۆی گوتی گرینگ نیە، گرینگ ئەوەیە بەرەو رۆژئاوا بڕوا،… ئەرێ بەرەو رۆژئاوا!

ئەم لەبەر خۆیەوە گوتی ئەرێ بەرەو رۆژئاوا دەڕوا… بەرەو رۆژئاوا.

نیوە پیاو

نیوە پیاوەکە حەزی لەقسەکردن بوو. درێژەی دەداتێ و، دەڵێ ئەمە یەکەم جار نیە لەم رێگایە دەدەم، پێم وابێ ئەمجارە کەمێک نزیکترم، تەنیا یەک وێستگە ماوە،… ئەرێ تەنیا یەک ویستگە. هەر دەگەین… ئەمجارە دەڵێم، وانیە هەر دەگەین!

بەپەلە دەڵێم، ئەیچۆن دەگەین… هەر دەگەین. مەگەر قەرارە نەگەین!؟

دەڵێ کە بۆ من تا ئیستاکە وەها بووە، ئیتر نازانم… ئیتر نازانم.

دەڵێم تا ڤیەننا چوار پێنج سەعاتە. ئەوەندە دوور نیە، دەگەین، بێگومان دەگەین.

قەتارەکە دەخووشێ و هەروا بەڕێوەیە. ئەمشەو هەستدەکەم خۆش رەوتترێکە! وەک رەشمار بە ناو تاریکیی شەوگاری کۆتایی پاییزدا دەخوشێ و دەخوشێ.

نیوە پیاوەکە لەوبەرەوە بەدەستی راستدا و، منیش لێرەوە بە دەستی چەپدا لە نوێترین شەمەندەفەری دونیادا دانیشتووین و رێگا دەبڕێن.

ئەمشەو نە کەسێک دێ بلیتەکان کۆنتڕۆل بکا و، نە بەپێچەوانەی جارانیش شەمەندەفەرەکە لە وێستگەیەک رادەوەستێ.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *