فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

هاوماڵ

کات 21/03/1403 91 بازدید

هاوماڵ

ئەم ئێوارەیە مێشکی مەشغوڵە. بێتاقەتە. ئۆقرەی نیە. تەلەفۆنەکەی هەڵدەگرێ و، زەنگ بۆ وشیاری هاوڕێی دەدا. لەگەڵ ئەوەی دەزانێ کەی دێتەوە، بەڵام لێی دەپرسێ داخۆ کەی دەگاتەوە ماڵ! وشیار دەڵێ وەک جاران، لە هیچ شوێنێک ماتڵ نابم. هەر کە تەلەفۆنەکە دادەنێ، پێکەنینی بە خۆی دێ. بە خۆی دەڵێ بە خوا گەوجی!

وشیار دێتەوە. ماندوو و شەکەت. وەک خۆی دەڵێ کارەکە هیچ نیە، هاتووچۆ کوشتوویەتی. لانیکەم دوو کاتژمێر بەرێگاوەیە. پاس و تریک دەگۆڕێ. لەهەر دوو سەرەوە. جاری وایشە یەکیان دووا دەکەوێ. ئیتر ئەوەندەی تر، وەک خۆی دەڵێ دایکی دەدرێ بە گان!

کە وشیار دەگاتەوە دەبینێ ‘داریوش’ی هاوڕێی کە ئەم پێی دەڵێ ‘دەروێش’ لەبەر پەنجەرە نیوەکراوەکە دانیشتووە و، جگەرە دەکێشێ. وشیار دەستبەجێ دەڵێ چییە ئیشت هەبوو؟ دەروێش لادەکاتەوە. دەڵێ:

ـ ئیش!؟… نا، ئیش نا،… نازانم، رەنگە ئیشیش بێ.

کاتژمێر حەوتی ئێوارەیە. هاوینە و، دونیا هێشتا روونە. بۆنی ماکارۆنی دێ. وشیار دەزانێ کە جەماعەتی ئێرانی زۆر حەزیان بە ماکارۆنیە. لە کاتی نانخواردن و بگرە کەمێکیش دووای تەواوبوونەکەی، دەروێش هەروا بێدەنگە. وشیار بە گوێرەی ئەزموونی ژیانی کورت لەگەڵ ئەم بە قەولی خۆی هاوڕێ رۆژهەڵاتییەی دەزانێ کە شتێکی لە دەرووندایە. لای ئەو جەماعەتی ئێرانی سەیرن. لەگەڵ ئەوەی بە حیاخۆتر، ئارامتر و ئاقڵترێکن، بەڵام جۆرێک لە دڵ ناسکیان تێدایە کە کەمێک وەک منداڵیان لێدەکا. هیچ ناڵێ و چاوەڕووان دەمێنێتەوە.

سەرئەنجام بەدەم سەیرکردنی تەلەفزیۆنە کۆنەکەیانەوە، لەدووای نانخواردن دەروێش دەکەوێتە قسە:

ـ ئەها دوێشەو چوومەدەر، خۆ لەبیرت دێ؟

ـ ئەیچۆن،… خۆ هێشتا خوا نەیکردوومە کەری پیر! چۆن لەبیرم نایەت.

دەروێش بە لاچاو لێێ دەڕووانێ. هەڵدەستێ و دەچێ بیرەیەک دێنێ. هەڵیدەپچڕێ و قوومێکی باشی لێدەدا. ئەوسا درێژە بە قسەکانی دەداتەوە:

ـ دوێ ئێوارە چووم بۆ سەنتەری شار. بۆ ناو ئۆسلۆ. خیابانی کاڕڵ یوهان گاتا.

ـ پێم نەوتی هێشتا ئەوەندە مەگەڕێ، تۆ دوواجوابی رەتت وەرگرتووە و، ئەبێ ئاگات لە خۆت بێ. هەر ئەوەندەی بچۆ بۆ سەر ئیشە رەشەکەت و وەرەوە و… تەواو.

ـ کوڕە ئەم شارە پڕە لە خەڵکی وەک من، کێ کاری بە منە.

ـ نا وانیە، بەخت و نسیبە، عوسەی کویخا براییمیان گرتووە و، دەیانەوێ دیپۆرتی بکەنەوە.

ـ ناردنەوە بۆ ئێران ئەوەندە ئاسان نیە، بۆ لای ئێوە ئاسانە. ویستم بڵێم دوێنێ چووم بۆ سەنتەری شار. حەزم بە پیاسە بوو. لە عەسر لایدابوو. رێگای ‘شیپەرگاتا’م گرتەبەر. سەرەوخوار بوومەوە. لەگەڵ ئەوەی هێشتا زوو بوو کەچی پڕ ببوو لە ژنە لەشفرۆشەکان. دوێنێ زووتر هاتبوونە دەرەوە.

ـ ئێ!

ـ وەک هەمیشە رەشی ئەفریقایی و، ئافرەتی ئۆرووپای رۆژهەڵات.

ـ ئاگات لەو قولەڕەشانە بێ، خەتەرن، هەم رووتت ئەکەنەوە و هەمیش بەتووش پۆلیستەوە ئەکەن!

ـ نا، بابە، کارم پێیان چییە. دوێنێ بەتووش شتێکەوە بووم… یەعنی شتێکم بەسەردا هات.

ـ چی بوو؟

ـ رێک لەسەر ئەو نەبشەی شیپەرگاتا و ‘تۆڵبوگاتا’ پێکەوە دەبەستێتەوە، بەتووش کچێکی قژ زەردی سوور و سپییەوە بووم کە سەرنجی راکێشام. قەت باوەڕم نەدەکرد لەشفرۆش بێ، بەڵام دووای ئەوەی بینیم یەک دوو کەسی رێبوار دوواندیان و یەک دوو ماشینیش لەبەر دەمیدا راوەستان و قسەیان لەگەڵ کرد، زانیم چ خەبەرە. لەوبەر جادەکەوە راوەستام و، هەروا سەیرم کردن. یەکێک لە ماشینەکان لەگەڵی سازان و بردیان.

ـ ئێ!

ـ هیچ ئیتر. منیش نامەردیم نەکرد و هەر وا لەوێ راوەستام تا کچەیان هێناوە. هەر لە ماشینەکە دابەزی رێک لە هەمان شوێنی خۆیدا دیسان چاوەڕووانی مشتەری مایەوە.

ـ نەکا رووت تێکردبێ؟

دەروێش کە بەردەوام چاوی لەسەر تەلەفزیۆنەکەیە، بە دڕدۆنگی لە هاورێکەی رووانی.

ـ ئێ دەی مەبەستی منیش هەر ئەمەیە. چووم بۆ لای. هەر کە بینی لێی نزیک کەوتمەوە، لێی دەڕوانم و هەنگاوەکانم هێواش کردووەتەوە، بەئارامی گوتی دەبێتە هەزار کڕۆن! من کە کچەکە دڵی گرتبووم و بەتەواوی سەرنجی راکێشابووم بە لەهجەکەیدا زانیم نۆروێژییە. بە بێ ئەوەی جوابی بدەمەوە، هەروا لێم دەڕوانی. کچەکە جارێکی تر گوتییەوە کە دەبێتە هەزار کڕۆن. گوتی پارەی تاکسیش لەسەر خۆت، دەمبەی و دەمهێنیتەوە. ئیتر لەبیرم نەماوە چۆن لەگەڵی سازام. تاکسییەکمان گرت و رێک لە پشتی ئیدارەی کۆنی ‘ئوو دی ئی’ پێم وابێ لە خیابانی ‘بەرێنت ئەنکێش گاتا’ کە زۆر دوور نەبوو و تەنیا پێنج دەقیقە رێگا بوو، دابەزین. خانووەکەی لەوێ بوو. بە پیلکانە نەزۆر روون و کۆنەکاندا سەرکەوتین و، چووینە ناو ‘لەیلی هێت’ەکەی١.

وشیار کە ناوە ناوە سەرنجی لەسەر تەلەفزیۆن و موبایلەکەی بوو رووی کردەوە هاورێکەی.

ـ هەر کە گەیشتینە ژوورەوە، دەستبەجێ داوای پارەکەی کرد. دامێ. ئەوسا گوتی دەبێ دووش بگرین. من سەیرێکی ژوورەکەم کرد. تەختە خەوێکی کۆن و هەندێ کەلوپەلی کۆنی تر. لە ماڵ نەدەچوو، زیاتر وەک شوێنی کار بوو. بۆنێکی ناخۆشی لێوە دەهات. من کە هەوڵمدەدا چاو لە کچە هەڵنەگرم، لەگەڵی چوومە حەمامەکە. وەی خوایە چ جەستەیەکی جوانی هەبوو. وەی لەو جوانییە ئەو کچە هەیبوو! لەگەڵی چوومە ژێر ئاوەکەوە. جوان دەستێکی شامپۆی لەخۆی دا و، ئەوسا دایە دەستی منیش.

موبایلەکەی وشیار زیقەیەکی لێوە دێ و، سەرنجی دەچێتەوە سەری. هەر لەو کاتەیشدا دەڵێ:

ـ ماڵت ئاوا وای دەگێڕییەوە کە ئەڵێی قەت قەحبەت نەگاوە.

ئەوسا قامکەکانی شتێک دەنووسن.

داریوش کە تیایا ماوە بەڕاستی بەردەوام بێ لە چیرۆکەکەی یان نا، بە بێ مەیلی دەڵێ:

ـ ئەوسا بەرەو جێگاکەی بردم. دەزانی… دەزانی دەمەوێ بڵێم ئەوەی وا من بیرم لێ نەدەکردەوە سێکس بوو!

وشیار سەر بەرزدەکاتەوە و، لە کاتێکدا وەک بڵێی زەینی هەر لەسەر پەیامی تەلەفۆنەکەیەتی بە بزەیەکەوە دەڵێ:

ـ نەکا بڵێی حەزت لێکردووە، ها!؟ بەخوا برا کوردی رۆژهەڵات هەروان، ئەوەننەی بەچاو گان ئەکەن بە کێریان نا! ئەڵێی هەمیشە لە فلیمەکانا ئەژین.

داریوش کە تووڕەیە لە خۆی، جگەرەیەکی تر دادەگیرسێنێ، دەچێتەوە قەراخ پەنجەرە نیوەکراوەکە و پەشیمان لە هەموو شتێ بێدەنگ دەبێ.

وشیار کە لەپەیام نووسین دەبێتەوە، لە هاوڕێکەی دەڕوانێتەوە و دەڵێ ببورە ئەبووایە وەڵامی بدەمەوە، باوکم بوو لە سلێمانییەوە. ئێ ئەتوت!

داریوش کە ساڵێکە لەگەڵ وشیار دەژی و، سەرەڕای هەموو شتێک دەزانێ وشیار زۆری یارمەتی داوە، چ بۆ کار پەیداکردن و چ بۆ جێکردنەوەی لە خانووەکەیدا، سەرەڕای دڵشکاوی، درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدا:

ـ هیچ، دانیشتین، دەستی بۆ بردم و دانەوی. خۆی پێوە مەشغوڵ کرد. یەک دووجارێ دەنگی دام، گوتی تکایە… تکایە بیرت لەسەری بێ، درەنگە و من ناتوانم هەموو شەو لەخزمەتی تۆدا بم، دەبێ بچمەوە دەرەوە و بە شوێن مشتەری ترەوە بم.

ـ هه هە هە… کێرت هەڵنەئەستا! بەخوا برا تۆیش سەیری، جا چۆن پیاو لەکاتی وایا روو لە ئافرەتی حیز ئەکا! هەزارەکەیشت بەفێڕۆ یاوە لەخوا بەزیابێ!

داریوش جارێکی دیکە بێدەنگ بووەوە. وشیار پەیامێکی تری بۆ هات و، دیسان نووسین لەگەڵ خۆی بردییەوە. ئەوەندەی پێنەچوو زەنگی بۆ هات و کەوتە قسەکردن:

ـ ئەلۆ… ئەلۆ… دەنگم یەت!؟ ئەلۆ… سڵاوت لێ بێ باپیرە، چۆنی بەساقە…

داریوش جگەرەیەکی تریشی داگیرساند و، چووە دەرەوە. بەناو شەقامەکاندا بە بێ هیچ پلانێک دەستی کرد بە خولانەوە. چەند جارێک ویستی بچێتەوە بۆ نەبشی نێوان هەمان دوو جادەکە، شۆستەکەی بەردەمی دووکانی ‘لیڤید ئۆسلۆ’، ئەو شوێنەی وا لەبەر شەوقی گڵۆپەکاندا کچە نۆروێژییەکە راوەستابوو. بەڵام هەرچی دەکرد لە ترسی رێبوارە چاو حیزەکان و سەیارە راوچییەکانی کچە سۆزانییەکان دڵی بەرایی نەدەهات.

لە جیاتی ئەوێ، ملی رێگای بەرەو کۆشکی پاشای گرتە بەر. دڵی پڕ بوو، لێواولێوی قسە. چەند حەزی دەکرد بە وشیاری هاوڕێی بڵێ کە ئەو دوێشەوە ئاشق ببوو، ئەشقی کچێکی سۆزانی، کچێکی قژز زەرد و چاو سەوز و سوورو و سپیی نۆروێژی کە لەهجەکەی هی باکوور بوو. کچێکی هێمن و ئارام و لەسەرەخۆ کە کاتێک دەدوا شەرمی لێدەباری، کاتێک سێکسی دەکرد دەنگی لێوە نەدەهات. کچێک کە تا ئەوپەڕی خۆی دەیەویست ئەوەی وا ئەرکیەتی لەبەرامبەر مشتەرییەکانیدا بەپێچەوانەی سۆزانییە ئەفریقی و رۆژهەڵاتییەکان بەجوانی بەڕێوەی ببا، ئەو کچەی وا تەنیا سەرقاڵی کارەکەی بوو و بەس، ئەو کچەی کە ئەو تەواوی ئەو کاتەی وا لەگەڵیدا بوو، چ لەکاتی قسەکردن لە خیابان و چ لە تاکسییەکە و چ لە ئاپارتمانەکەیدا چاوی بە ناو چاوی نەکەوت. ئەو کچەی بەردەوام لەبەر دەمی خۆی دەڕوانی. چەند حەزی دەکرد بە وشیار بڵێ کە ئەگەر وەریبگرن ئەوا دەیهێنێ و، لەو زەلکاوە رزگاری دەکات،… ئا رزگاری دەکات.

لە حەوشی کۆشکی پاشا لەبەر دەم پەیکەرەکەی کارڵ یوهان کە بەسەر ئەسپە بەردینەکەیەوە لە دیمەنەکەی بەردەمی خۆی دەڕوانی، راوەستا و دیسان سیگارێکی تری هەڵکرد. ئەو شوێنەی کاڕڵ لێی دەڕوانی هەمان سووچی نێوان دوو شەقامەکە و باڵاخانەی کچەکە بە مەودایەکی کەمەوە بوو.

کە دەگاتەوە ماڵ، لەسەر جادەکەوە گوێی لێیە وشیار هەر خەریکی قسەکردن لە تەلەفۆندایە:

ـ ها چۆنی حەمەی مینە پێنجوێنیی باوکم! لەگەڵ کێرت چۆنی؟ ها بەردەوام هەڵەستێ یان وەک مشکی تۆپیوی لێهاتووە!

ـ کوڕی کەری گەوادی بنی گەواد، خەم مەخۆ هەر دایتم پێ ئەگیێ،… عومرم گەیی بە هەشتا… کێر… هە هە هە!

ـ حەمەی مینە پێنجوێنی باوکم، چوزانم گەر هەڵناستێ بەخوا حەبێکت بۆ ئەنێرم ئەیکا بە بەردەقارمان… بەردەقارەمان، بە هەزار ئینگلیز تێک ناشکێ…

ـ کوڕە حیزی خۆم حەبی چی و مەبی چی، گەر پێو خۆشە بۆ تۆیشی بنێرم گەوا!

ـ هە هە هە… چووزانم وتم نەکا وەک ئەو ئێرانییە کەرەی هاوماڵمی لێ بەسەرهاتبێ… ها، نەکا دڵت یابێتەوە خەڵکی و، ئەوجا کێرت هەڵنەستێ!

ـ کوڕە، گەوجە هەزار ئێرانی بە دایکتەوە ئەگیەم…

وشیار لەو بەری جادەکە دەڕوانێ. دووکانێکیان شیرینیخانەیە و، داخراوە. ئەوسا درگاکە دەکاتەوە و، بە کاوەخۆ سەردەکەوێ.          

ژێرنووس:

١ـ ئاپارتمان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *