فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

جامخانە

کات 25/03/1403 361 بازدید

جامخانە

ئاسمان دەکوڵێ. هەوا یەکجار گەرمە. بە هاوکارەکەم دەڵێم ئیستا دێمەوە. دەست دەبەم، دۆلکەی ئاوەکە هەڵدەگرم و دەڕۆم. حەوشەکە دەبڕم و، دەگەمە بەر خانووەکە.

دایە گەورە لە جامخانەکەدا دانیشتووە. بە تەنیا. عەسری رۆژێکی هاوینییە. من بە پلیکانەکاندا سەردەکەوم. بە دۆلکەی خاڵیی ئاوەکە بە دەستمەوە. لە دونیای خۆمدام. ماندوو، شەکەت و تینوو بە تەمای سەهۆڵ‌ئاوێکم. هەر دەرگاکە دەکەمەوە بەسەر دایەگەورەدا دەکەوم. وەک بڵێی دادەچڵەکێم. بەتەمای نەبووم. سەر بەرزدەکاتەوە، کەمێک جەستەی قورسی دەجووڵێنێ و، بەڕوومدا بزەیەک دەکا. من کە یەکەم جارە لێرەدا دەیبینم، وەستانێکی بۆ دەکەم. بەتایبەت کە دەبینم چاوەکانی پڕی فرمێسکن!

بەو دووانیوەڕۆ گەرمە تینوویەتیم لەبیر دەچێتەوە و، لە جیهانی خەیاڵاویی خۆیشم، کە پێم وابوو بیرم لە قسەی هاوڕێیەکم دەکردەوە، فڕێ دەدرێمە دەرەوە. بە خۆم دەڵێم ئەوە دایە گەورە بۆ لێرە دانیشتووە و دەگری؟ ئەویش بەو جەستە قەڵەوەیەوە لەبەر ئەم هەتاوە گەرمەدا!

کەمێک هەروا لەیەکتر رادەمێنین. بزەی لەسەر روخساری خڕ و گۆشتن و پیری بەردەوامە. کتوپڕ منیش هەستێکی سەیر دامدەگرێ. هەستی تەنیایی و بێدەنگی و تەمەن.

لەناو ئەو بێدەنگییەدا دەنگی ویزەیزی مێشەکان دێ کە بەسەر شووشەی جامخانەکدا شێتانە هەڵدەسووڕێن. دایە گەورە دەڵێ ئاوتان دەوێ رۆڵە؟ بڕۆ لە یەخچاڵەکە سەهۆڵی تیایە، دەی بەقوربان! ئەوسا پێدەکەنێتەوە. چاوەکانی دایە گەورە دەدرەوشێنەوە.

دەچم سەهۆڵاوەکە سازدەکەم. دیسان بە هەمان رێگادا بەبەردەم دایە گەورەدا تێدەپەڕمەوە. ئیستاکە ئیتر ناگری. بە گۆشەی سەرپۆشەکەی لەمێژە سڕیونی. دەڵێ ئاگات لەخۆت بێ رۆڵە، پلیکانەکان کووڕن!

منیش بە پلیکانەکاندا شۆڕ دەبمەوە و، دەڕۆم.

راستی دایە گەورە بۆ دەگریا. لەناو دووکانەکە بەدەم خواردنەوەی لێوانێک ئاوی ساردەوە بیری لێدەکەمەوە. کرێکارەکەی تر دەڵێ زووکە تا سەعاتێکی تر دەبێ تەواوی کەن، ساحەبەکەی دێتەوە! لە جامخانەکە دەڕوانم کە لەسەر عەرزەکە کەوتووە و، تەنیا قوفڵی درگاکەی ماوە سەری بخەین.

جامخانە

راستی دایە گەورە بۆ دەگریا؟
بیردەکەمەوە:
ـ رەنگە لەبەر پیری،
ـ رەنگە لەبەر دڵتەنگییەکانی عەسرانی گەرمی هاوین،
ـ رەنگە لەبەر تەنیایی،
ـ رەنگە لەبەر ئەوەی نەخۆش بێ و کەس نازانێ،
ـ یان رەنگە بیری کوڕەکەی دەکاتەوە، ئەوەی وا پێرار کوژرا. کوڕەکەی کە ساڵانی ساڵ نەیبینی و، تەنیا وەک بیرەوەریی لە یادی‌دا مابووەوە،
ـ یان رەنگە هیچ کامی ئەمانە نەبێ، من ساڵانی دوواتر بوو کە زانیم مرۆڤ جاری وایە دەگری بەبێ ئەوەی بۆخۆیشی بزانێ بۆ.

پەرداخێک ئاو دەدەمە دەستی هاوکارەکەم و، بیری کوڕەکەی دەکەومەوە. بەخۆم دەڵێم بەس نەبوو جاران بیرەوەرییەکەی زیندوو بوو. ئەوسا بەو ئاکامە دەگەم کە بیرەوەری دوو جۆرە: لە نەوعێکی‌دا کەسەکە هێشتا ماوە و، لە نەوعەکەی دیکەی‌دا مردووە. پێم وابێ ئەمەی دووهەم خراپترین جۆریەتی.

دۆلکەکە لەسەر تەرمۆزە شکاوەکە دادەنێم. ئەو تەرمۆزەی توێژاڵێکی تەپ و تۆز بەسەریەوە شەوق دەداتەوە.

جامخانە
فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

2 پاسخ به “جامخانە”

  1. لە فەیسبووک بووم. لەپڕ کەوتمە ناو ئەو جامخانەیەی. بۆ خۆیشم بە خۆم نەزانی هەتا هەموو چیرۆکەکەم خوێندەوە. بەراستی نووسینی چیرۆکی کورت هونەرە. ئەویش بە تایبەتی ئەمرۆ کە خەڵک تاقەتی خوێندنەوەی شتی دوور و درێژی نیە. لە مێژ ساڵە کاکە فەروخ بە ئارامی و بێدەنگی، بەڵام بە بەردەوامی دەنووسێ، چیرۆک دەنووسێ و وەک خەڵکی دیکەش نیە کە نووسراوەکانی بشارێتەوە. من وەک خۆم هیوای دەرکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم. بێگومان بەردەوامی نیشانەی سەرکەوتنە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *