فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

پشیلەیەکی کڕی

کات 28/03/1403 146 بازدید

پشیلەیەکی کڕی

کاتێک لە دووای چەند ساڵ مانەوە لە تورکیا و ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری گەیشتە سوید، بە خۆی گوت ئۆخەی رزگارم بوو! ئیتر سەردەمی چاوەڕوانی کۆتایی هاتبوو. بە گوتەی خۆی ژیانی چووبووەوە سەر رێچکەی خۆی. وەک چۆن ماشینێک لە سەر جادەیەکی جوان ئیسفاڵتکراوی، خەتکێشی کراوی پڕ لە تابلۆی پێویستی رێنیشاندەر لێدەخوڕێ و شۆفیرەکەی دڵنیایە کە دەیگەیەنێتە شوێنی مەبەست، ئاوەها هەستێکی خۆشی هەبوو.

خۆشتر لە هەموو شتێ ئەوە بوو کە بە گەنجیەتی گەیشتبووە سوید. هەموو رۆژێ لە وێستگەی ئاپارتمانەکەیەوە سواری پاس دەبوو و دەچوو بۆ کۆرسی زمانی سویدی. کۆتایی هەفتەیش تا درەنگان دەخەوت و، پاشان لەگەڵ دۆست و هاوڕێ کۆدەبوونەوە و شەو تا درەنگان بە خواردنەوە و سەما و گۆرانی وتن دەیانگوزەراند. بە گەنجیەتی هاتنیش بۆ دونیای رۆژئاوا دونیای خۆی هەبوو. لە دونیایەکی ئازادی وەک ئێرەدا چ ئاسان بوو پێوەندی بەرقەرارکردن لە گەڵ کچان و، چەند خۆش بوو تێرکردنی خەیاڵە بێسوودەکانی جاران کە هەمیشە لەسەر کچان هەیبوو و قەتیش هیچیان بەدی نەدەهاتن. ئەو خەونانەی زیاتر ئازار بوون تا خۆشی. لێرە ئەمەی نەما و، دونیای ئافرەت چیتر وەک دونیایەکی داخراوی پڕ لە رەمز و راز خۆی نیشان نەدەدا. دیسان، خۆی گوتەنی ئافرەت بوو بەوەی وا دەبوو ببێ!

بەڵام کەم‌کەم، لە دووای چەند ساڵێک رەوتی ژیانی رۆژانەی، وەک جاران نەما. ئەو شەوقەی جاران کە هەموو بەیانییەک لەخەو رایدەپەڕاند و، بە دڵ گەرمییەوە پەلکێشی دەرەوەی دەکرد، وەک هەڵمی سەر گۆم کاتێک هەتاو دەردەکەوێ و بە ئاسماندا هەڵدەگەڕێ و کەم کەم دونیا گەرم دادێ، رەوییەوە. مەندییەک دونیای داگرت. هەستی کرد چیتر شتەکان وەک جاران نایجوڵێنن.

نازانێ هەستێکی خۆشە یان ناخۆش. متمانەیەک لە کەسایەتیدا جێی گرتبوو کە کەمێک لەخۆ رازی دەکرد. هاوکات ناخۆشیش بوو. لەبەر ئەوەی لەززەت وەک جیهانێکی غەریب هەتا دەهات زیاتر و زیاتر لێی دەکشایەوە. سارد و سڕییەک رووی کردە ژیانی.

سەرەتا ویستی سەگێک بکڕێ. سویدییەکانی بینیبوو کە چۆن لەگەڵ سەگەکانیان لە دەرەوە پیاسە دەکەن. بەخۆی گوت سەرگەرمیی چاکە، سەرقاڵم دەکا. بەڵام پەشیمان بووەوە. هەستی کرد دەبێ زۆر ئاگای لێ بێ و، ئەمە کەمێک بەلایەوە دژوار بوو. سەگ زۆری دەبەستەوە. بەخۆی گوت جارێ زووە. بۆیە بڕیاری دا پشیلەیەک بکڕێ.

کڕی.

پشیلەیەکی رەشی خرپنی چاو روون و زیت کە بەناو ماڵەکەیدا دەهات و دەچوو و، زۆر جاریش لەسەر مۆبلەکە پاڵدەکەوت. وەها وەک بڵێی لەگەڵ ئەو سەیری تەلەفزیۆنی دەکرد. زۆر جار پشیلەکە دەهاتە تەنیشتی، یان ئەم دەچووە لای. لەکاتێکدا دەستی بە پشتی‌دا دێنا و لە پەنجەرەکەوە لە دیمەنی بەردەمی خۆی دەڕوانی، بیری لە رۆژانی داهاتوو دەکردەوە. پشیلەکە باویشکی دەدا، لێوی خۆی دەلستەوە و لە ژێر چاوەکانییەوە لەمی دەڕوانی. جەستەی گەرمی پشیلەکە و مووە نەرمەکانی سەرپەنجەکانی دەلاواندەوە.

دیارە هەر ئەمەیش نەبوو. جارجاریش پشیلەکەی باوەش دەگرت، دەچووە سەر باڵکۆنەکە و لەوێوە پێکەوە لە دیمەنی بەردەمیان دەڕوانی. پاپۆڕە بەناوبانگەکە، سپی سپی لەدوورەوە بەرەو ئاڵمان بەڕێوە بوو. بە خۆی دەگوت راستی ئەو خەڵکە بۆ کوێ دەچن؟

فەڕۆخ نێعـەتپوور  

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *