فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەگەڵ نارنجی و بەناو نارنجییەکاندا

کات 11/04/1403 134 بازدید

لەگەڵ نارنجی و بەناو نارنجییەکاندا

ئامریکا ـ ئورووپا رۆمانێکی ١٢١ لاپەڕەییە لە نووسینی ئەرسەلان چەلەبی. رۆمانێکی کۆمێدی ـ تراژیک کە چارەنووس و بەرسەرهاتی نەوەی دووای شۆڕشی ئێران، نەوەی سەردەمی هەشتاکان و نەوەدەکانی هەتاوی دەگێڕێتەوە. نەوەیەک کە لەناو دروشمە دژە ئامریکاییەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا ژیا و پەروەردە بوو، بەڵام بەپێچەوانەی سیاسەتی باوی دەسەڵات بوو بە ئاشقی سەوداسەری هەمان ئامریکا!

شوێن لەم رۆمانەدا شاری بۆکان، تاران، سەردەشت و گوندێکی سەر سنوورە، بەو تایبەتمەندییەوە کە زۆربەی بەسەرهاتەکان لە شاری بۆکان روودەدەن.

کات وەک گوترا سەردەمی هەشتاکان و نەوەدەکانی هەتاوییە.

کۆمار وەک ‘من’ی گێڕەرەوە، خۆی بەشداری بەسەرهاتەکانە و وەک کەسێکی کە ئاگای لێیانە و رۆژانە ئەزموونیان دەکا، بەسەرهاتەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە.

لە رۆمانەکەدا هیچ کەسایەتییەکی ناوەندی نابیندرێ و لەراستیدا هەموو کەسایەتییەکان پێکەوە تارادەیەکی زۆر وەک یەک وبە هەمان رادە لە رووداوەکاندا هەن و رۆڵ دەگێڕن. باشتر بڵێین ئامریکا ـ ئۆرووپا رۆمانێکی دژە ‘کەسایەتی ناوەندە’ و هەربۆیە دەمانخاتە فەزایەکی تایبەتەوە کە رەنگە بتوانین ناوی لێ بنێین ‘دیمۆکراسی کاراکتێر’!

لە رۆمانەکەدا کۆمێدیا و تراژێدیا پێکەوە رێدەکەن و، بۆیە هەمیشە دوو هەستی دژ بەیەک لە خوێنەردا دروست دەبێ. ئەمە رەنگە کاردانەوەیەکی ئەو واقیعە تاڵە بێ کە کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە کەڵک وەرگرتنی بەردەوامی نووسەر لە رەنگی نارنجی لە وەسفی فەزای ناو رەوایەتەکەدایە: چەکمەی نارنجی، مریشکی نارنجی، تەلەفۆنی نارنجی، سەربانی نارنجی، ئاجووری نارنجی، ئافتاوە شکاوی نارنجی، دەسماڵی نارنجی و… سەرئەنجام جلیقەی نارنجی کە لە کۆتایی رۆمانەکەدا دێ کاتێک گێڕەرەوەی رۆمانەکە لەگەڵ چوار کاراکتێری دیکە دەیانەوێ لە تورکیاوە بۆ ئۆرووپا بپەڕنەوە و هەر هەموویان تیادەچن. رەنگ دەبێ بە رێگایەکی تایبەتی بۆ ئەوەی گشتییەتی ئەو ژینگەیەی وا رۆمانەکە تیایا روودەدا، بۆ خوێنەر بنوێنێتەوە.

تەنزێکی تری ناو دەقەکە ‘جەمیل’ە کە بەهۆی هۆگریی بۆ ئامریکا بە ‘جۆرج ئامریکایی’ ناوبانگ دەردەکا. جۆرج لەگەڵ ئەوەی باوکی کۆنە مارکسیستە، بەڵام بەپێچەوانەی باوکییەوە دەبێ بە خاوەن کەسایەتییەکی تر، ئەویش هۆگری ئامریکا!

لەگەڵ نارنجی و بەناو نارنجییەکاندا

بەڕای من بەهێزترین کەسایەتی ناو دەقەکە، برایم سەرپینەیە. برایم کە فڕی بەسەر سیاسەتەوە نیە، بە هۆی ئەشقی ‘شیلان’ەوە بەتووش سەفەری نەخوازراوەوە دەبێ و ئەویش تیادەچێ!

ئەرسەلان بە پێشکەشکردنی چەندین کەسایەتی لاو کە هەر کامەیان تایبەتن و لە راستیدا لە گشتیەتی خۆیاندا دەربڕی نەسڵی ئەوڕۆن، باس لە دونیا و ئارەزووەکانی نەوەیەک دەکا کە خۆیان لە نیشتماندا نابیننەوە و بەتەمای ژیانێکی باشتر روو لە هەندەران دەکەن، چیرۆکێکی ئاشنا کە نەوە لەدووای نەوەی ئێرانییەکان بەقووڵی پێی ئاشنان.

رۆمانەکە بە ناو تراژێدیادا تێدەپەڕێ و، بە تراژێدیایش کۆتایی دێ. ئەمە ئەو تامە تاڵەیە کە بەردەوام گەمە بە هەستی جوانناسیمان دەکا لەگەڵ ئەوەی بە رەگەزێکی بەهێزی کۆمێدیایی رەنگ رێژ کراوە.

بەگشتی فەزای رۆمانەکە سەرنجڕاکێشە و، خوێنەر دەباتە ئەو حاڵ و هەوایە کە بۆ خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی پێویستە. سەمیمییەتی نووسەر لەگەڵ وێنە ئەدەبییەکانی ناو زەینی تەواو روون و ئاشکران. تەنیا ئەوەندە کە ئەم رۆمانە دەیتوانی چڕ و پڕتر بێ بەو مەرجەی نووسەر کەمێک زیاتر لەسەر کەسایەتییەکان، بەتایبەت ئەوانەی وا رۆڵی زیاتریان هەیە، کاری بکردایە. رۆمانەکە زۆرتر بەدەوری رووداودا دەخولێتەوە و، لەگەڵ ئەوەی ئەرسەلان جێ جێ بە وەسفی ئەدەبی دەیەوێ فەزای دیکە بخوڵقێنێ، بەڵام ئەوە رووداوە زاڵە.

دەستخۆشی لە ئەرسەلان دەکەم و بەهیوای بەرهەمی باشتر و جوانتر لەم نووسەرە خامە رەنگینە.

لەگەڵ نارنجی و بەناو نارنجییەکاندا
فەڕۆخ نێعمـەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *