فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

خانووی رۆحەکان

کات 28/04/1403 92 بازدید

خانووی رۆحەکان

ماوەیەک بوو بە شوێن کاردا دەگەڕام. سەرئەنجام لە دووای چەندین جار داواکاری ناردن بۆ شوێنی جۆراوجۆر، لە شوێنێک بە ناوی ‘سڤینەداڵ’ کارم دۆزییەوە. سڤینەداڵ چەند خانوویەک بوون بە دەوری یەکترەوە کە مرۆڤئ ئۆتیستی تێدا دەژیان. چوار خانوو وەک شوێنی نیشتەجێ بوون و ژیانی نەخۆشەکان و، بینایەکیش بۆ بەشی ئیداری. خۆشحاڵ بووم کە سەرئەنجام کارم دۆزیبووەوە. تازە خانووم کڕیبوو و، دۆخی ماددیم باش نەبوو. خۆشحاڵییەکەم زیاتر بوو بەتایبەت کاتێ کە خاوەن کارەکە پێشنیاری کاری شەوانەی پێکردم. کاری شەوانەیش داهاتی یەکجار باشتر بوو، ئیتر وەک دەڵێن تەواو خەنی بووم. بە خۆم گوت سەرئەنجام گرتی!

سڤینەداڵ لە ناو دڵی دارستان‌دا بوو. دەبا لانیکەم دە کیلۆمیتر بە ماشین لێ‌بخوڕی تا بیگەیتێ. شوێنێکی یەکجار جوان و دڵڕفێن! دارستانی چڕ و سەرسەوزی نۆروێژ وەها دەوری دابوو، کە دەڵێی بە دیوارێکی سەوزی سیحراوی گەمارۆدرابووی. کاتێک کە زستان دەهات، ئەوەندەی تر جوانتر دەبوو. بەفر وەک توێژاڵێکی سپی و گەش و بێگەرد باڵای درەختەکانی دادەپۆشی و لەگەڵ بەفری باریوی سەر زەوی کە لێک‌دەهاڵان دەبوو بە بەرگێکی زیوین کە لە خەیاڵدا نەدەگونجا. من شەوانە زۆر جار دەهاتمە دەرەوە و لەبەر دەرگاکە رادەوەستام و، سەرەڕای سەرماو سۆڵی تاقەت پڕوکێن، بە ئیشتیا رادەوەستام و لە دیمەنی دەورووبەری خۆمم دەروانی. جاری وابوو کەروێشک و رێوی و ئاسکی باکوور دەردەکەوتن و، ئیتر دەڵێی لە ئەفسانەکاندا دەژیام.

خانووەکانی سڤینەداڵ لەگەڵ یەکتر مەودایان هەبوو و، لە هەر خانوویەک‌دا کەسێک لە ئێمە هەبوو کە ئاگای لە نەخۆشەکان دەبوو. هاوکارێکم هەبوو کە ساڵانی ساڵ بوو لەوێ کاری دەکرد. گەنجێکی سپی و سووری نۆروێژی، تەمەن لە دەورووبەری سی و پێنج ساڵدا، بە قژێکی درێژ و ریشێکی تەنکی سەیرەوە کە بیری سەدەکانی ناوەراستی دەخستمەوە. ناوی پێتەر بوو. پێتەر هەتا بەیانی سەیری فیلمی دەکرد. ‘سێ دێ’ی زۆری لە گەڵ خۆی دێنا و، هەتا سبەی لەبەر تەلەفزیۆنەکەدا دادەنیشت. لە دوو سێ فیلمێکی دەڕوانی. حەزیشی لە فیلمی ترسناک بوو.

جارێکیان، نیوە شەو، لەبەر ئەوەی خانووەکانمان لێک نزیک بوون، پێکەوە لە دەرەوە لەکاتێکدا جگەرەمان دەکێشا، راوەستابووین و قسەمان دەکرد. پێتەر لێی پرسیم کە داخۆ رازیم لە کارەکەم و بەقەولی خۆیان ‘تریڤێس’ دەکەم یان نا. منیش گوتم کە یەکجار رازیم و، بەتایبەت لە بەر سروشتەکەی هەر زۆر زۆرم بەدڵە. گوتم پێم وابێ تازە شوغڵ ناگۆڕم و، هەتا خانەنشین دەبم لێرە کار دەکەم. پێتەر کۆکەی لەگەڵ بوو. یەعنی کە جگەرەی دەکێشا دەکۆکی، ئەگینا لە حاڵەتی ئاسایی‌دا نەیبوو. گوتم کە وەزعت وەهایە بۆ جگەرە دەکێشی؟ گوتی کاکە وەڵڵا زۆرتر لەبەر بێتاقەتی و پاڵ پێوەنانە بە کاتەوەیە. گوتی خۆت دەزانی بەتایبەت لەسەر کار کات یەکجار خاودەبێتەوە، وەها کە هەر ناڕوا. جا جگەرە کێشان زۆر یارمەتیت دەدا. لەبەر ئەوەی جگەرە لە نۆروێژ گرانە، پیتەر تووتن و پەڕەی دەکێشا. دەچوو لە سوید دەیکڕی. زۆر جار گەر دۆستێک یان ئاشنایەکیش بچووایە بۆ سوید، پێی دەگوت کە بۆی بێنێ. بە گشتی پێتەر بە یارمەتیی بینینی فیلم و کێشانی سیغار بوو کە شەوی دەگەیاندە رۆژ.

ئەو شەوە لە منی پرسی کە داخۆ حەزم لە فیلمە یان نا. گوتم ئەیچۆن. بەتایبەت حەزم بە فیلمی مێژوویی و درامایە. وەک فیلمی شەڕ. گوتی شەڕ؟ گوتم شەڕ! گوتی جا بۆ شەڕ؟ گوتم لەبەر ئەوەی لەشەڕدا درۆ و راستی هەروەها مرۆڤی ئازا و بوودەڵە بەڕاحەتی دەردەکەون و ئیتر کەس ناتوانێ درۆ بکا. گوتم لە فیلمی شەڕدا کەس ناتوانێ رووی راستەقینەی خۆی بشارێتەوە. پێتەر کەمێکی لێ رووانیم و، گوتی جا پێت وا نیە مرۆڤ جاری وایە پێویستی بە شاردنەوەی رواڵەتی راستەقینەی خۆیەتی!؟ گوتی بۆ وێنە تۆ بۆخۆت هەمیشە ئەوە دەنوێنێ وا هەی؟ من کە یەکەم جار بوو بەتووش قسە و پرسیاری وەهاوە دەبووم، وەک بڵێی پەشۆکابم بێدەنگ بووم. دەمم بوو بە تەڵەی تەقیو، بەڵام هاتمەوە خۆ و گوتم رەنگە لەبەر ئەوە بێ کە منیش رقم لە کردە و رفتاری خۆمە، مەگەر وەها نیە کە هەموومان حەزمان بەوەیە وا لە دەروونەوە رقمان لێیەتی!؟

پیتەر کەمێک لێم ورد بووەوە. ئەوسا گوتی من زیاتر حەزم لە فیلمی ترسناکە. گوتم بۆ؟ گوتی لەبەر ئەوەی هەم ناهێڵێ لەسەر کار خەوم لێ بکەوێ و، هەمیش فەنتازیام دەبزوێنێ. جگە لەوە جوولەیەک بەژیان دەدا، ئیتر ژیان هەر ئەوە نابێ وا هەموو رۆژێ دەیبینین و ئەزموونی دەکەین. گوتی ترس سووڕی خوێن زیاد دەکا و، ئەمەیش بۆ ئێمە کە هەمیشە لەم دەور و زەمانەیەدا زۆر دادەنیشن، یەکجار باشە!

لێرەدا جگەرەکەی تەواو بوو، یەکی دیکەی پێچایەوە و خستیە ناو دەمنەکەیەوە. مژێکی قووڵی لێدا و، گوتی باوەڕت بە رۆح هەیە؟ گوتم رۆح!؟ گوتی ئا رۆح، ئەو بوونەوەرانەی وا نایانبینین و کەچی هەن، بەتایبەت لە شوێنی چۆڵ و لاکەوتە و تەریکی… وەک ئێرە!

من کە لەمێژ بوو ناوی رۆحم نەبیستبوو و بەگشتی وەک بڵێی هەر لە بیریشم چووبووەوە، گوتم ئەیچۆن، دەزانم رۆح چییە، بەڵام رۆح چیرۆکی منداڵانەیە و هی زەمانی کۆنە، هی ئەو سەردەمەیە وا مرۆڤ هێشتا عەقڵی نەپشکوتبوو و حەزی بە حەقایەتی سەیرو سەمەرە بوو، ئەگینا ئیستا مرۆڤ پێش کەوتووە و وەک دەبینی دونیا ئەسڵەن بووە بە شتێکی تر، جا حەقایەتی رۆح هەر باوی نەماوە.

لێرەدا بزەیەکم کرد.

پیتەر بە بێ ئەوەی حاڵەتی نیگا و روخساری بگۆڕدرێ، لێم ورد بووەوە و گوتی بەڵام هاوڕێ گیان بە پێچەوانەی قسەکانت رۆح هەیە و هەر ئا لەم شوێنەی وا ئێمە کاری لێدەکەین هەن! بە تەعەجوبەوە لێم رووانی. سەرەتا لام وابوو گاڵتە دەکا. گوتم واز بێنە پیتەر،… واز بێنە! کوڕە رۆحی چی و شتی چی؟ گوتی وەڵڵا بەڕاستمە. گوتی بەتایبەت ئەو خانووەی رووبەڕوومان. ئەوسا ئاماژەی بە بینای بەشی بەڕێوەبەری کرد کە لە هەر هەموو خانووەکانی تر کۆنتر بوو و، یەک تاقە گڵۆپ چییە ژوورەکانی رۆشن نەدەکردەوە. ئەو بینا سپی رەنگەی وا پەنجەرەکانی بە نیگای تاریکەوە، رەش رەش لە ئێمەیانیان دەڕوانی.

گوتی ئەوانەی وا لەمێژە لێرە کاردەکەن چیرۆک و بەسەرهاتی سەیرسەیر لەسەر ئەو خانووە دەگێڕنەوە. تازە هەر لەوێیش نین، ئەم خانووەی من کاری تیادەکەم و تەنانەت ئەوەی تۆیش رۆحی تیایە!

کە ئەمەی گوت من کەمێک پەشۆکام. ئەوەندە بە دڵنیاییەوە قسەی دەکرد کە نەدەکرا گومانی لێ بکەی! بگرە هەستم دەکرد کە گەر بلێم وەها نیە و ئەمە هەمووی خەیاڵ و قسەی قۆڕە، ئەوا وەک بێ ئەدەبی دەهاتە بەرچاو. منیش وەک کارمەندێکی تازە حەزم نەدەکرد وەها بنوێنم. بۆیە تیایا مامەوە چی بڵێم و، چی بکەم. پیتەر درێژەی دایە. گوتی با ماوەیەک تێپەڕێ بۆ خۆت کەمکەم تێدەگەی، ئەوانیش پەلەیان نیە، بەرەبەرە خۆیان دەردەخەن و ئیتر دەزانی لەو خانووەدا کە تا بەیانی تۆ دانیشتووی و ئاگات لە نەخۆشە خەوتووەکانتە، کەسی دیکەیش هەن و لەراستیدا تۆ قەت بە تەنیا دانانیشی!

من کە بە تەواوی تیایا مابوومەوە چی بڵێم، هەروا بە بێدەنگی لە پیتەرم دەڕوانی.

پیتەر گوتی ئیستا بۆ ئەوەی نەڵێی درۆدەکەم و کەسێکی خەیاڵاوی و بێ ئەقڵم، با چیرۆکی خۆمت بۆ بگێڕمەوە کە لێرە بە چاوی خۆم بینیوومە. گوتی من دڵنیام ئیستاکە کە لەگەڵ تۆ قسەدەکەم ئەوان لە پشت پەنجەرەکەوە ئاگایان لێمانە و لێمان دەڕوانن. بەڵام لێیان مەترسە. ئێمەیان خۆش دەوێ. گوتی دەزانی ئەوانیش هەست بە تەنیایی دەکەن و وەک ئێمە حەزیان بە بینینی خەڵکی ترە، بەتایبەت لەناو ئەم دارستانە تەریک و لاکەوتەیەدا! ئەوان تا بەیانی لەگەڵ من سەیری فیلم دەکەن!

ئەوسا دەستی کرد بە گێڕانەوە بە سەرهاتەکان.

گوتی خۆت دەزانی کە دووشی ئەم ماڵانە بە نزیکبوونەوەی دەست یان جەستەی مرۆڤ لەو بەشەی دەکەوێتە کار وا بە ناوقەدی ئەو بۆرییەوەیە وا ئاوەکەی پیا سەردەکەوێ. خۆت دەزانی کە ئەگەر مرۆڤ نزیکی نەکەوێتەوە قەت ئاوەکەی بەرنابێتەوە، بەڵام من زۆر جار نیوەشەوان کاتێک بە دەم بینینی فیلمەوە دانیشتووم دووشەکە کەوتووەتە کار!… سەیر نیە!؟ درێژەی دایە و گوتی تازە هەر ئەمە نیە، زۆر جار کە دانیشتووم و خەریکی رووانینی فیلمم ئاگام لێیە دەرگای دەرەوە دەکرێتەوە، کەسێک بە پلیکانەکاندا دەچێتە سەرەوە بە بێ ئەوەی جارێکی تر داگەڕێتەوە! ئەمەت بەلاوە عەجایەب نیە!؟ ها!؟… من گەلێک جار ئەمەم بینیوە.

من کە هەروا لە پیتەرم دەڕوانی و، لە دڵنیایی ئەو بۆ قسەکانی خۆی سەرم سووڕمابوو، گوتم یەعنی نەچوویتە سەرەوە بۆ ئەوەی بزانی کێ بوو؟ ئاخر… ئاخر خۆت دەزانی کە کاری ئێمە ئەوەیە ئاگامان لەم نەخۆش و لەم خانووانە بێ، جا ئەوە هات و دز بوو! گوتی دز!؟ چما کەس دەوێرێ بێتە ئێرە! من ساڵانی ساڵە لێرە کاردەکەم، تا ئیستا کەسی غەریبە خۆی تێ نەهاویشتووە، جگە لەوە هیچ شتێک نەدزراوە تا بڵێم دز بووە… تێدەگەی قەت هیچ شتێک لێرە ون نەبووە.

من بەو نیوە شەوە ساردە تف لە دەممدا وشک بوو! لە دەورووبەری خۆم رووانی، لە خانووە چەرمگەکەی بەرامبەر… لە پەنجەرەکانی پشتی سەری پیتەر. بە خۆم گوت نەکا راست بکا!؟ بە خۆم گوت کوڕە کێ بەکێیە، خۆ لەم ژیانەدا وەهای لێ هاتووە هەموو شتێک دەشێ!

پیتەر کە هەتا دەهات چاوەکانی گچکەتر دەبوونەوە و بە سەرنجێکی وردتر لێمی دەڕوانی، گوتی وەک گوتم ئەم رۆحانە بێ ئازارن، یەعنی من لام وایە هەموویان بێ ئازارن، ئەوانیش سەردەمانێک وەک من و تۆ ژیاون و ئیستا بە هەر هۆیەک سەرگەردانن. یان رەنگە وەهایش نەبێ و، تەنیا ئەوەندەی کە ئەمە شێوەی ژیانی ئیستای ئەوانە. خۆ خۆت دەزانی ئێمە مرۆڤین و، جارێکە نازانین لەو دونیای دیکەدا چ خەبەرە!

کە پیتەر سەرکەوتووانە و بێ منەتانە دەڕوا، نازانم چۆن چۆنی خۆم لە دونیای قسەکانی ئەودا ببینمەوە. نازانم پیتەر تا چەندە لە ناو دونیای فیلمەکانەوە دەڕوانێتەوە ژیان، نازانم تا چەندە ئێرە و ئەوێی (گەر ئەوێیەک هەبێ) لێ تێکچووە. هەر ئەوەندە دەزانم کە لەم شەوەوە گڵۆپەکان ناکوژێنمەوە. نەک ئەوەی لە رۆحەکان بترسم، نا، تەنیا لەبەر ئەوەی تاقەتیانم نیە. من تاقەتی دراوسێیەتی رۆحەکانم نیە. ئەویکە لە ژوورێکدا لە تەنیشتمدا دانیشن و، لەگەڵ من وەک پیتەر سەیری تەلەفزیۆن بکەن. لەم شەوەوە من بە پێچەوانەی جاران، زیاتر گوێ هەڵدەخەم. بچووکترین چرپە و قرچە چییە سەرنجم دەقۆزێتەوە. کە خانووەکە خۆی دەکێشێتەوە، وردتر گوێی لێ رادەگرم. بگرە کە دێمە دەرەوە، بەپێچەوانەی جاران، پەنجەرەکانی خانووە سپییەکەی ئەو بەر زیاتر لە هەر کاتێکی تر نیگام دەقۆزنەوە. ئاگام لێیە رۆحەکان لە ناو ژوورەکاندا دێن و دەچن، جاری وایە لە پەنجەرەکان نزیک دەکەونەوە و لەوێوە لە من دەڕوانن. منیش لێیان دەڕوانمەوە. دەستم بۆ رادەوەشێنن. منیش جاری وایە وەڵامیان دەدەمەوە. دەستیان بۆ رادەوەشێنم. بزەیان دێ. بزەم دێ.

بە خۆم دەڵێم منیش ئەوەندەم نەماوە ببمە رۆحێکی پشت پەنجەرە لە ناو مەنزڵێکی گەمارۆدراوی دارستان لە جەرگەی زستاندا لە دوورترین وڵاتی باکووری زەوی. بە خۆم دەڵێم منیش رۆژێک تامەزرۆیی ئیشارەتی زیندووەکان، هەموو جیهانم دەگرێتە خۆ.

شێتانە و، بە بێ راوەستان دەست رادەوەشێنم. رۆحەکان لە خۆشیانا نازانن چی بکەن. جاری وایە یەکتر لەسەر من ئاگادار دەکەنەوە. پەلەیانە. پاڵەپەستۆیانە. بێگومان خۆشتر لە جیهانی زیندووەکان، هیچ جیهانێکی تر لە هەموو گەردوون‌ و لە هەموو بوون و نەبوون‌دا دەست ناکەوێ!  

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *