فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کتێب و گوڵەبەڕۆژە

کات 15/05/1403 98 بازدید

کتێب و گوڵەبەڕۆژە

پێم وابێ لە کتێبێکی ژۆزە ساراماگۆدا، نووسەری پورتوگالی، کاتی خۆی خوێندمەوە کە یەکێک لەو عادەتانەی زۆر خێرا روو دەکاتە مرۆڤ عادەتی نەخوێندنەوەی کتێبە. نازانم بەڕاستی لەوم بیستووە یان نا، هەروەها نازانم کە رستەکەم وەک خۆی دارشتووەتەوە یان نا، تەنیا ئەوەندە دەزانم کە بە گوێرەی هەست و زانیارییەکی لێڵ و نەیەکجار روونی لەمێژینە پێم وابێ ئەم قسەیەم لەو بیستووە.

دەبێ دیانی پیا بنێم کە من ماوەیەکە ئەم عادەتە رووی تێکردووم. یەعنی عادەتی نەخوێندنەوەی کتێب. دەڵێم ماوەیەکە. بۆیە ئیتر مەپرسن چ رۆژ و چ تاریخ و چ وەرزێک بوو. هەڵبەت وەها نیە کە رقم لێی بێ، نا، تەنیا ئەوەندەی کە تاقەتم لێی نەماوە. ئەوەندە کە کاتێک دەست دەدەمە کتێب، لەدووای خوێندنەوەی چەند رستە، یاخود یەک دوو پەرەگراف وازی لێ دێنم و دەیخەمە لاوە. ئەوسا کۆنتڕۆڵەکە بەدەستەوە دەگرم و، دەکەومە گەڕان بەناو کەناڵە تەلەفزیۆنییەکاندا. یاخود کامپیوترەکەم هەڵدەگرم و، لەکاتێکدا لەسەر پشت رادەکشێم و دەیخەمە سەر سینگم بەناو سایتەکاندا بێهوودە دێم و دەچم. دیارە لە هەموو چەشنە سایتێک: هەر لە سایتی کتێبەوە بگرە تا یوتوب و گۆرانی و فیلم و پۆڕن. هەوڵدەدەم هیچیان لەدەست نەدەم. پێم وایە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە پێویستیمان بە بینینی هەموو شتێکە، تێدەگەن بینینی هەموو شتێک! پێویستمان بە زانیاری لەسەر هەموو شتێ هەیە، لەهەر شتە و چکێک! یەعنی گەر وانەبێ رۆژەکان ناگوزەرێن. جاری وایشە وەک حورمەت، ناوی ژۆزە ساراماگۆ لە گووگل‌دا سیرچ دەکەم، ئەوسا لە وێنەکەی دەڕوانم، لە ریزی کتێبەکانی و لەوەی کە سەردەمانێک کۆمۆنیست بووە و یادەوەرییەکانی پڕی شەڕی ناوخۆی سپانیان.

گەر هەڵەم تکایە پێم بڵێـن!

بەڵام من مرۆڤێک نیم بەو ئاسانییە واز لە خوێندنەوەی کتێب بێنم. بۆیە کتێبەکان لە تەنیشت خۆمدا دادەنێم و، هەوڵدەدەم رۆژانە چەند جارێک لێیان بڕوانم، بەناو لاپەڕەکانیاندا کەمێک راخوشم و یان بۆنیان پێوە بکەم. هەرچەند بەهۆی هەڵکشانی تەمەن وەک جاران بۆنی کاغەزەکان بە لووتمدا نایەن. دیارە نەشبێ گرینگ نیە.

راستی گەر کتێب نەخوێنیەوە، چ بکەین؟

راستییەکەی من هیچ وەڵامێکم بۆ ئەمە پێ نیە. بۆ منێک کە عومرێک بە خوێندنەوەوە سەرم قاڵ بووە و هەموو جیهانم کتێب بووە، دۆزینەوەی وەها وەڵامێک ئاسان نیە. بۆیە زۆر بیری لێ ناکەمەوە. پێم وابێ بە بێ وەڵامیش ژیان دەڕوا. پێم وابێ لەنێوان پرسیار و وەڵامدا شوێنێک هەیە کە نە هی پرسیارە و نە هی وەڵام. ئا، من ئیستا رێک لەوێدام. گەر بمەوێ کەمێک زیاتر سەبارەت بەو شوێنە بۆتان بدوێم، دەبێ بڵێم کە شوێنێکە وەک بیرکردنەوە، بیرکردنەوەیەکی بێ پلان و بێ بەرنامە. هەر لە خۆوە خەیاڵی مرۆڤ دەڕوا بە بێ ئەوەی بگاتە هیچ شوێنێک.

بەڵام هەموومان دەزانین کە شتێک هەیە ناوی موعجیزەیە و، لە دەرەوە لە شوێنێک چاوەڕوانمانە!

رۆژێ وەک هەمیشە چوومە دەرەوە. وەک هەمیشە، چۆن هەموو رێگاکان دەچنەوە ناو بازاڕ و ناو سەنتەرەکان، منیش گەیشتمە ناو هەندێ دووکان. سەنتەرێکی جوان و رازاوە، بە هەر چەشنە دووکانێکەوە وا تۆ دەتەوێ! خواردەمەنی، جل و بەرگ، ئامرازی کارەبایی، دەرمانخانە، موبایل‌فرۆشی، مەشروب‌فرۆشی و…، بەڵام راوەستە! کتوپڕ بەسەر دوکانێکی نوێدا کەوتم. دوکانی چەرەسات. گوڵەبەڕۆژە، پستە، توو کوولەکە، تووە شووتی، نۆک، بادام و… . دووکانەکە تازە بوو. لەوە پێش لێرە نەمدیبوو. دەچمە ژوورەوە. چونکە دووکانەکە نوێیەو، بۆ راکێشانی سەرنجی مشتەری داشکانی هەیە، خەڵکێکی زۆر روویان تێکردووە.  بەناو گوڵەبەڕۆژە و پستە و توو کوولەکە، تووە شووتی، نۆک، بادام و… دەسووڕێمەوە. لە کۆتایی‌دا کەمێک گوڵەبەڕۆژە و توو کوولەکە دەکڕم و، دەگەڕێمەوە ماڵەوە.

کتێب و گوڵەبەڕۆژە

سەیرە! ئیستا ئیتر من کێشەی نەخوێندنەوەی کتێبم نەماوە! لەکاتێکدا بە دەستێکم گوڵەبەڕۆژە دەقرتێنم و بە دەستەکەی دیکەم کتێبەکەم راگرتووە، دەخوێنمەوە و دەخوێنمەوە!

ئەگەرچی بۆنی گوڵەبەڕۆژەم گرتووە، بەڵام من ئەم رۆژانە گەلێک خۆشحاڵم.

من لام وایە ئەگەر ژۆزە ساراماگۆیش وەک من بەسەر دووکانێکی چەرەساتدا بکەوتایە، کێشەکەی ئەویش چارەسەر دەکرا. بەخۆم دەڵێم خۆ هێشتا درەنگ نەبووە. بە خۆم دەڵێم بێ‌گومان دەتوانم لە رێگای گووگلەوە بەجۆرێک ئادرەسەکەی، یان ژمارە تەلەفۆن یاخود ئەکاونتی فەیسبووکەکەی بدۆزمەوە و خۆبەخشانە پەیامی بۆ بنێرم.

لە کاتێکدا هەستێکی سەیر سەرتاپای داگرتووم و، بەناو جیهانی نێت‌دا لە خوولانەوەدام، کتوپڕ بەسەر رستەیەکدا دەکەوم:

“ژۆزە ساراماگۆ، لە دایکبووی ١٩٢٢ ـ کۆچی دووایی ٢٠١٠، لە تەمەنی ٨٧ ساڵی‌دا.”

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *