فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

بیست و نۆ

کات 22/05/1403 95 بازدید

بیست و نۆ

کەمەربەندەکەم کردووەتەوە، شووشەکەم داداوەتەوە، قژی خاو و پەرێشانم بەرداوەتەوە و سپاردوومە دەست با. هاوڕێکەم خێرا لێدەخوڕێ. لەگەڵ گۆرانییەکە ئێمەیش دەقیژێنین و، دەیڵێینەوە. بۆنی دەر و دەشت خۆ بە ژوورەوەدا دەکەن. هەموو شتێ ئامادەیە بۆ شێتییەکی گەنجانە و گەمژانە. لام وایە دەشێ. ژیان خۆ نابێ تەنیا بریتی بێ لە کاتە ئارام و بێدەنگ و بێزارکەرەکانی. لە داشبۆردەکەی بەردەمم‌دا چاوم لە موبایلەکەمە. سەفحەکەی هەڵدەبێ. کەسێک خەریکە زەنگدەدا. سەرەتا گوێی نادەمێ. وازناهێنێ و، ئەوسا لێی ورد دەبمەوە. دایکمە. ئاە، هەمیشە وەهایە، کە زەنگ دەدا واز ناهێنێ. سەد جار پێم گوتووە دایکە گیان پێویست ناکا ئەوەندەی لەسەر راوەستی، دووای ئەوەی چەند زەنگ دەخوا قەتعی کە من بۆ خۆم زەنگت بۆ دەدەمەوە، کاتێ جواب نادەمەوە مانای ئەوەیە سەرم قاڵە. بەڵام دایکمە ئیتر! واز ناهێنێ، هەمیشە هەمان عادەت. لای دایکم زەمەن ناگوزەرێ، ژیان هەمیشە وەک ساڵانە، تەنانەت گەر هەزار ساڵی دیکەیش تێپەڕێ. هاوڕێکەم زیاتر پێی پیادەنێ. ماشینەکە دەفڕێ. جادە شەستە. دەڵێم ئاگات لە پۆلیس بێ! دەڵێ لە گوند پۆلیسی لێ نیە. ئەوسا زیاتر پێی پیا دەنێ و، دەست لە فەرمان بەردەدا و زیاتر دەقیڕێنێ. ماشینەکە لەترێک دەدا. بۆ چرکەیەک سڕدەبم، بەڵام کۆنتڕۆڵی دەکاتەوە. ئەو بۆ ئەوەی وای نیشان بدا کە هیچ نەبووە، دەقیژێنێتەوە و، دیسان گۆرانییەکە دەڵێتەوە.

سروشت، بێ‌سنوور کەس نازانێ لە دەروونی‌دا چی دەگوزەرێ.

ئامبووڵانسەکە لەبەر بیمارستانە. کارمەندەکان پەلەپەلیانە! خێرا دوو پەیکەری سەر دوو برانکارد دادەبەزێنن. بە دایکی و باوکی یەکیان کە ئەوەندە نیە گەیشتوون، دەڵێن نا نەمردووە. دایکی و باوکی تەنیا لە خەڵکەکە، لە دیوارەکان و لە کورسییەکان رادەمێنن. دایکی کە جەستەی وەک مێوژۆکە دەلەرزێ، هەر ورتە ورتەیەتی، لەژێر لێوەوە بە خۆی دەڵێ نا نەمردووە…. نا نەمردووە! هاوڕێکەی تەنیشتی کە لەگەڵیان هاتووە، دەڵێ هیوات هەبێ، گەنج ئەوەندە بە ئاسانی نامرن، بەهێزن، لێواولێوی ژیان و وزەن،… هیوات هەبێ! باوکی لەبەر خۆیەوە لە ناو دڵیدا دووپاتی دەکاتەوە گەنج ئەوەندە بە ئاسانی نامرێ… نامرێ. ئەوکات بیر لە بیست و نۆ ساڵ لەوە پێش دەکاتەوە. ئەو ساڵە… ساڵەکان. چەند لێڵ و ناڕوون دێنەوە بەرچاوی. لەبەر خۆیەوە دەڵێ بیست و نۆ… بیست و نۆ. دەڵێ هاوین بوو،… هاوین! ئەوسا بە گۆشەی چاو لە ژنەکەی دەڕوانێ.

یەکەم جار نیە قژی دەداتە دەست با. هەستێکی سەیرە. دەڵێی با لەگەڵ خۆی دەیبا و، کەچی هەر لەوێیشە. قژی دەم با، چەند سەیر هەستی کچانەت تیا دەبزوێنێ… نا تیات بەهێزتری دەکا… هەستی رۆیشتن لەگەڵ خەونێک رەنگە. با چەند ئاسان گەرمای جەستە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ! یەک دوو ماشینێک هۆڕنیان بۆ لێ‌دەدەن. شۆفیرەکانیان تووڕەن. چرایشان بۆ لێدەدەن. بەڵام هاوڕێکەی جگە لە پێکەنینێکی شێتانە هیچی تری پێ نیە… بۆیان. روودەکاتەوە ئەم و، دەڵێ پیر و پاتەڵەکان تێ‌ناگەن… تێدەگەی تێ‌ناگەن… لایان وایە دەبێ هەتاهەتایە بژین. پێیان وایە ژیان یەعنی یاسا. ئەوسا شیتانە پێدەکەنێتەوە و، دیسان لەگەڵ گۆرانییەکە دەنگ هەڵدەبڕێتەوە. تەلەفۆنەکە بێدەنگە، هیچ تیشکێک نادا. بیردەکاتەوە دایکی بێگومان ئیستا خەریکی چێشت لێنان، یاخود خاوێنکردنەوەی ماڵە، یان رەنگە لەگەڵ ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ خزم و کەس و کاری خەریکی قسەکردنە. هەمیشە سەری بەم عادەتەی دایکی سووڕمابوو. وەرە بە هەزاران کیلۆمەتر دوور لە وڵات بژی و، ساڵانی ساڵە جێت هێشتبێ و کەچی هێشتا وەک بڵێی دوێنەکەیە رووت کردبێتە ئێرە! بەجەستە لێرە و، بە رۆح لەوێ. مرۆڤ یەکەم جار نیە ئەمەی بەسەردا دێ.

ئەوەندە ناخایەنێ دکتۆر دێ. بە چاویلکە لە چاو و، روخسارێکی گرژ. دەپرسێ دایکی و باوکی کێیە؟ باوکی هەنگاوێک دەڕواتە پێش بە بێ ئەوەی وشەیەک لە دەمی بێتە دەر. دایک نا، لەسەر کورسییەکە بەچاوی پڕ لە فرمێسک، بە نیگای تەژی لە ترس لە دکتۆر رادەمێنێ. لێوەکانی دەلەرزن. پشتی کووڕە. دکتۆر لە کاتێکدا چاوەکانی وەک چۆلەکە پاساری لە فڕیندان، دەڵی بەداخەوە هەرچی هەوڵماندا بێسوود بوو، برینەکانی کاری بوون، سەری زەبری قورسی بەرکەوتبوو،… بە داخەوە… بەداخەوە! ئەوسا دەڵێ تەرمەکان تا چەند رۆژ بۆ پشکنینی زیاتر دەمێننەوە.

بیست و نۆ ساڵ لەوە پێش راستی دونیا چۆن بوو؟ ئەی دووای بیست و نۆ ساڵ دیسان چۆنە؟ هاوڕێکەی لێی ورددەبێتەوە. دەیەوێ باوەشی پیابکا، بەڵام نایکا. باوکی هەروا لە دکتۆر رادەمێنێ تا لە پێچی راڕەوێک‌‌دا ون دەبێ. باوکی گوێی لە هیچ نیە. نە قیژە و هاواری ژنەکەی و، نە دەنگی هەنگاوی بەپەلەی ئەو چەند ژنەی وا بە دەم هاوسەرەکەیەوە دێن.

بیست و نۆ

مەیدانێک تێدەپەڕێنن. رێگا سەرەوخوار دەبێتەوە. جادە دوور و درێژە و، هیچ ئۆتۆمبیلێکی تر بەدی ناکرێ. هاوڕێکەی دەقیڕێنێ کە ئێرە زۆر لە ژیان دەچێ وا نیە؟ ئەم کە گوێی لێ نیە، هەر لەخۆوە سەرێکی بۆ بادەدا، یەعنی کە ئەرێ وایە. ئەم دەزانێ کە ئیستا هاوڕێکەی تەنیا ئەو رستانەی لە دەم دێنە دەر وا پێویستیان بە سەلماندنە. جگە لەوە لە وەها دۆخێکدا کێ بە شوێن بیستن، دیتن یاخود دانپیانانەوەیە. ئەمڕۆ رۆژی لێخوڕین و فڕینە… رۆژی رەها بوونی جەستە و قژە لە بێکۆتایی جادەکاندا. هاوڕێکەی ئەوەندەی تر پێداڵەکە دەگووشێ.

لە تەنیشت جادەکە، لە وێستگەیەکی لاکەوتەی پاس، لە دارستانێکی سەرسەوزدا کەسێک وەک هەمیشە راوەستاوە و چاوەڕووانە. لە دوورەوە چاوی لە ماشینێکی تۆیۆتای رەشە. بە گوێرەی ئەزموونی ساڵانی ساڵ راوەستان لە وێستگەکاندا هەر لە دوورەوە دەزانێ کێ زۆر خێرا لێدەخوڕێ و کێ کەمتر. تەنانەت دەزانێ لەسەر کام ژمارەیش. لەبەر خۆیەوە دەڵێ سەد! ئا، مەرج دەکەم لەسەر سەدە! ئەوسا سەرێک بادەدا و، لە کاتژمێرەکەی دەڕوانێ. پێنج دەقیقە بۆ دوانزەی رۆژی یەکشەممەیە. هەر کە سەر بەرزدەکاتەوە، دەبێنێ ئاسکێک لەوبەر جادەکەوە دەیەوێ بپەڕێتەوە. نا، سیانن. لەمێژە ئاشنای ئەو ئاسکانەیە. هەموو خەڵکی ئەم دەور و بەرە دەیانناسن. ئاسکەکان بێ گوێدان بە جادە تەنیا لەبیری پەڕینەوەدان، هەرچەند بەگوێرەی ئەزموونێکی دوور و درێژی ژیان لەم ناوەدا دەزانن کە دەبێ خێرا لەسەر ئیسفاڵتە رەق و تەقەکە کە ئەم سەر تا ئەو سەری جوان جوان دیارە، بپەڕنەوە. ئەوان هەمیشە لەسەر جادەکە غاردەدەن و، بە پەلە ئاودیو دەبن. کەسی ناو وێستگەکە جارێکی تر لە ئۆتۆمبیلەکە دەڕوانێتەوە و، جارێکی تر لە ئاسکەکانی باکوور. لەبەر خۆیەوە بە دەمیدا دێ “کاتژمێر پێنج بۆ دوانزەی یەکشەممە، یانزەی ئۆگۆستی هاوینی ساڵی ٢٠٢۴.”

دایکی دەقیژێنێ. بە سەر کورسییەکەدا شۆڕدەبێتەوە. دەکەوێتە سەر عەرز. هاواردەکا کە دەمزانی… دەمزانی… زەنگم بۆ دا… هەڵینەدەگرت… قەت وا نەبووە… هەمیشە زوو زەنگی بۆ دەدامەوە… دەمزانی!

باوکی هەروا نیگای لەسەر دار و دیوار، خەڵکەکە و کورسییەکانە. بیر لە بیست و نۆ دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کە زەربی هیچ دوو ژمارەیەک نابێتە بیست و نۆ. هیچ.

لادەکاتەوە و لە هاوسەرەکەی دەڕوانێ کە ژنەکان دەوریان داوە و، هەوڵدەدەن ئارامی بکەنەوە. بە ئارامی، بەڵام بڕیاردەرانە دەڵێ:

ـ هەستە ژنەکە… هەستە… تازە هیچمان پێناکرێ، با بڕۆینەوە بۆ ماڵەوە.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *