فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

کۆپێک قاوەی بەتاڵ

کات 24/05/1403 148 بازدید

کۆپێک قاوەی بەتاڵ

دراوسێیەکم هەیە ناوی مەرگە. هەموو بەیانییەک کاتێک من لەسەر باڵکۆنەکەم دادەنیشتم بۆ ئەوەی کۆپێک قاوە بەدەم خوێندنەوەی هەواڵەکانەوە بخۆمەوە، ئەویش دێتە سەر باڵکۆنەکەی خۆی. لە کاتێکدا زەردەخەنەیەکی تاڵ لەسەر لێوەکانییەتی، دەڵێ بەیانیت باش!

منیش دەڵێم بەیانیت باش!

مەرگ تاقە نیشتەجێی گەڕەکی ئێمەیە کە کەس سەردانی ماڵەکەی ناکا، بەڵام ئەو سەردانی هەموومان دەکا. زۆر سەیرە، هەمیشە سەردانی ئەو، یەکەمین و دووا سەردانییەتی. لە دووای رۆیشتنی، خانەخوێش لەگەڵ خۆی دەبا. کەس نازانێ چی بە گوێی خانەخوێدا دەچرپێنێ کە ئاوا ئاسان و بەم شێوەیە بە پێی خۆی و بە مەیلی خۆی بە بێ دەربڕینی یەک وشەی بەجۆرێک، لەگەڵی دەکەوێ!

کەس بەقەدەر مەرگ خاوەن توانای سەلماندنی بیر و راکانی خۆی نیە.

خانووەکەی مەرگ لە خانووی هەموو خەڵکی گەڕەک بەرزترە. باڵکۆنەکەی تەنانەت بەسەر باڵکۆنەکەی منیشدا دەڕوانی. بەیانیان جوان جوان لەو سەرەوە، گەڕەک بەسەر دەکاتەوە و دانە دانە دانیشتوانەکەی دەژمێرێ. ئەو کەسی لێ ون نابێ. کە ئێوارەیش دێ، گڵۆپی ئەو دووا گڵۆپە دەکوژێتەوە. وەک دەڵێن بەو نیوەشەوە پێش ئەوەی بچێتە ناو جێگاکەیەوە، سەرەتا تێر تێر دەخواتەوە. زۆر کەس گوێیان لە هاتوچووە بێ وادە و سەیر و سەمەرەکانیشیەتی بە کاتی نیوە شەودا. دەڵێن زۆر جار لەگەڵ مشک و جرجەکاندا دەدوێ و، جاری وایشە شێتانە کایەیان لەگەڵ دەکا.

مەرگ وەک هەموومان خاوەن سندووقێکی پۆست بوو. بە تەنیشت سندووقەکەی منەوە. قەت نامەی بۆ نەدەهات. قەتیش نامەی بۆ کەس نەدەنارد. هەمیشە پێکەنینی بە نامە دێ. دەیگوت تەنیا گەمژەکان نامە بۆ یەکتری دەنێرن و، لە حاڵ و وەزعی خۆیان یەکتر ئاگادار دەکەنەوە. دەیگوت ئەو بە بێ نامەیش دەزانێ خەڵکی گەڕەک چۆنی دەگوزەرێنن و، دۆخیان چۆنە. تەنانەت جارێکیان بۆ سەلماندنی قسەکەی سوێندی خوارد شەوی یەکشەممە دراوسێی نزیک پارکینگی ماشینەکان لەدووای شەونشینییەکی خۆش لەگەڵ هاوڕێیانی نیوە شەو سەکتەی دڵ لێی دەدا و، بۆ هەمیشە ژیان جێدێڵێ. رێک وایش بوو. بۆ سبەی شەو، من تا درەنگان گوێم لە ناڵەناڵی دایکی کچەکە بوو کە ئیستاکە تەرمە ساردەکەی لە خەستەخانە لە ناو کەشەوی ژمارە سی و سێ‌دا بە تەنیا لە تەنیشت تەرمە تەنیاکانی تر لەناو بێدەنگییەکی سەیردا راکشابوو.

لەگەڵ ئەوەی مەرگ دراوسێمە، یاخود باشتر بڵێم دراوسێمانە، بەڵام نازانم بۆ قەت حەزم بە دوواندنی نیە. هەست دەکەم رۆژێک لە رۆژان زیاتر لە هەر کەسێکی تر ئەو دەدوێنم. دوواندنێکی هەمیشەیی. کە بیر لەمە دەکەمەوە بێزێک دامدەگرێ. لەم کاتانەدا ئەو لە باڵکۆنەکەیەوە گەرمتر لە رۆژان دەستم بۆ رادەوشێنێ و، بەو نیگا سەیرەیەوە بۆم پێدەکەنێ.

رۆژێک بە هەڵکەوت دراوسێیەکم لە سەر رێگای ماڵەوە بینی. موهەندیسی رێگا و بانە. وەک دەڵێ بە هەزاران کیلۆمتر رێگای بۆ نیشتمان دروستکردووە. دەڵێ رووم سوورە، دەڵێ کەس بەقەدەر ئەو ئاسانکاریی بۆ گەیشتنی مرۆڤەکان بە یەکتری نەکردووە. دەڵێ ویژدانی ئاسوودەیە. دەڵێ هەرچەند هاوکات لە رێگاکانیش دەترسێ، چونکە رێگاکان چەندە دەتوانن خەڵکی بەیەکتر بگەیەنن هەر بەو ئەندازەیەیش دەتوانن لەیەکتریان دابڕێ. منیش دەڵێم زۆر خەفەت لەمە نەخوا، دەڵێم مەگەر هەمیشە وەها نەبووە! بۆ وێنە باسی ئاوی بۆ دەکەم کە هەم دەتوانێ تینوویەک لە مردن نەجات بدا و، لەهەمان کاتیش‌دا کەسێکی تر بخنکێنێ. سەرێکم بۆ بادەدا و غەمگینانە دەڵێ دەزانم، بەڵام گرفت رێک لەمەدایە… رێک لەمەدا!

بیستوومە مەرگ ئەم موهەندیسەی هەم زۆر خۆش دەوێ و، هەم زۆر ناخۆش! دەڵێن بەوە دەری‌بڕیوە کە رۆژێک پێی گوتووە من زۆر جار بەو رێگایانەدا پیاسەم کردووە و زۆر جاریش تیایاندا گریاوم.

حە… سەیرە! من پێم وایە درۆ دەکا. بە رای من مەرگ نە کەسی خۆش دەوێ و، نە رقیشی لە کەسە. نە لەگەڵ کەس دەژی و، نە بەخیلیشی بەوانەدا دێ کە پێکەوە دەژین. ئەو بوونەوەرێکی دەگمەنە. تەنیا خۆی لە خۆی دەچێ. شانازیش بەمە دەکا. دڵنیایشم قەت نە هیچ دەخوا و نە هیچیش دەنۆشێ. دەنگۆی خواردنەوەیش دیسان درۆیەکی دیکەیە. ئەو تەنیا وای نیشان دەدا کە وەک ئێمە دەژی. هەر ئەوەندە. پێم وابێ زیاتر لەبەر ئەوەی کە ئێمە زۆر لێی نەترسین. ئەگەرچی نازانم بۆ وا بیردەکاتەوە. پێم وابێ کەس لێی ناترسێ تا ئەو بەم شێوەیە بۆی دابنیشێ و حسێب و کتێبی بۆ بکا. خەڵکی گەڕەکی ئێمە ئەوەندە سەرقاڵی ژیان و پارە پەیداکردنن کە قەت بیر لە مەرگ ناکەنەوە.

وەک بڵێی مەرگ بیرەکانی من دەخوێنێتەوە. ئەو بەیانییە زیاتر لە هەر کاتێکی تر بەدەم منەوە زەردەخەنە دەیباتەوە و، وەک سەربازەکان سڵاوێکی سەربازیشم ئاراستە دەکا! هەموو شەڕی یەک و دووی جیهان لە یەک چرکەدا بە بەر چاومدا دەڕوا!

کۆپێک قاوەی بەتاڵ

راستی با ئەوەیش بڵێم کە دراوسێکەم مەرگ، بەپێچەوانەی ئێمەی خەڵکی گەڕەک پیر نابێ. تەمەنی هەڵناکشێ. یەعنی هەڵدەکشێ، بەڵام جەستەی وەهایە پیشانی نادا. سەیر ئەوەیە گەنجیش نانوێنێ. ئەو، تەنیا هەیە و بەس. جاری وایە بەدەم خواردنەوەی کۆپە قاوەکەم لە ژێر لێوەوە لە خۆم دەپرسم کە داخۆ بڵێی چەندەی تەمەن بێ؟ پرسیارێکی گەمژانەی بێ وەڵام. ئێمەی مرۆڤیش سەیرین، دەی با کەسێ هەبێ و زیاتر لەوانی تر بژی، تەنانەت بە قەدەر هەموو زەمەنەکان.

مەرگ لەسە باڵکۆنەکەیەوە وەک بڵێی دەتوانێ بیری من بخوێنێتەوە. ئاخر ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بزەکەی سەر لێوی دەکشێ.

بە خۆم دەڵێم بەشکم منیش وەک ئەو کەمێک دوور و درێژتر بژیم… ئا کەمێک.

باشیی دراوسێیەتی مەرگ تەنیا ئەمەیە. سڵاوی هەموو بەیانییەکی ژیان لەسەر باڵکۆن و رووانین لە نێوچاوانی هەستدەکەم کەمێک جەسوورترم دەکا.

کۆپە قاوەکەم بەرز دەکەمەوە و، سەرێکی بۆ دەلەقێنم. مەرگیش هەروەها، بە کۆپە قاوە بەتاڵەکەیەوە وەڵامم دەداتەوە.

پێم وابێ موهەندیس خەریکی سازکردنی جادەیەکی ترە. گەر هەڵە نەکەم دوێنێ بوو باسی لێکرد.

فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەگەکان : ،

نوشته های مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *