فرخ نعمت پور
نوسەر

نوسەر

نوسەر ناوم فەڕۆخ نێعمەتپوورە و لە شاری بانە لە دایک بووم. یەکەمین نووسینەکانم لە بواری چیرۆک بە زمانی فارسی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بووە لە ژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی ڤیکتۆر هوگۆ کە وەک دەستنووس ماون و وەک بەشێک لە یادگاری ژیان و هەوڵی من بۆ بەنووسەربوون لە ئەرشیڤەکانمدا ماون. هەرچەند یەکجار بە تەمەنێکی کەم دەستم بە خوێندنەوەی هوگۆ کرد و بە گوێرەی پێویست لێم هەڵنەگرتەوە. هەمیشە هۆگری توند و تۆڵی خوێندنەوە بووم و لە گەڵیا خەریکی نووسینیش بوومە. لە بیرم دێت هەمیشە دەفتەرچەیەکم لە گیرفاندا بوو و بیر و هەستە کتوپڕییەکانی خۆمم تیا دەنووسینەوە. دواتر بەرەبەرە دەستم دایە نووسینی شیعر و…[ادامه]

نوسەر
خواندم !

لەگەڵ کات

کات 25/05/1403 93 بازدید

لەگەڵ کات

ئەمڕۆ بیری وتارێکم کردەوە کە ماوەیەک لەوە پێش خوێندبوومەوە. یان رەنگە زیاتر لە ماوەیەک لەمەو پێش. وتارەکە سەبارەت بە کات بوو. لە سایتێکی گشتی‌دا بینیمەوە. لەو سایتانەی هەموو شتێ بڵاو دەکەنەوە. هەر لە وتاری سیاسی و هەواڵی رۆژانەوە بگرە تا وەرزش و ئابووری و باسی زانستی. لە بیرم دێ لە بابەتەکەدا، کە پوخت و نەخت بوو، نووسرابوو کات رێژەییە. واتە موتڵەق نیە. ئەم شێوە تێڕوانینە ئەو تیۆرییەی ‘نیۆتۆن’ی رەد دەکردەوە کە ئەگەر بۆ وێنە تۆپێک بە خێرایی بیست کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا دەڕوا، ئەوا هەر لە راستیدا خێراییەکەی بیست کیلومەترە. بە گوێرەی بابەتەکە خێرایی  تۆپەکە، پەیوەندیدارە بە خێرایی ئەو کەسەی وا دەیبینی. بۆ وێنە ئەگەر لەو کاتەدا خێرایی من دە کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا بێ، ئەوا خێرایی تۆپەکە لە راستیدا دە کیلومەترە لە کاتژمێرێکدا، نە بیست کیلۆمەتر!

لە بیرم دێ ئەو کاتە چەندە ئەمەم بۆ سەرنجڕاکێش بوو. ئیستا کە بیری دەکەمەوە، وەک جاران بۆم سەرنجڕاکێش نەماوە، بەڵام پرسی کات بەردەوام دەمبزوێنێ. خەیاڵم بەرەو ئەوە دەڕوا کە رەنگە لە کۆتایی و لەدووا مانادا دیاردەیەک بەناوی کات هەر لە بنەڕەتدا نەبێ و، تەنیا داهێنراوی زەینی مرۆڤ بێ و بەس. وەک زۆربەی شتەکانی تر. دیارە ئەم بۆچوونەیش کە من پێی گەیشتووم، تازە نیە و لە هاوڕێیەکم بیست کە دوو سێ سەدە لەوە پێش کانت فیلسووفی ئاڵمانی باسی کردووە!

خەیاڵاتی سەیرو سەمەرە لە مێشکم دەدا. بۆ وێنە بە خۆم گوت داخۆ خێرایی من لە ژیاندا، لە کاتێکدا زۆربەی کات لە ماڵەوەم و لەبەر دەم تەلەفزیۆن یاخود کامپیوتردا دانیشتووم، دەبێ چەند بێ. داخۆ لە چاو مرۆڤە جۆربەجۆرەکانی دەورووبەرمەوە کە هەر کامەی بە گوێرەی جووڵەیان لەسەر جادە، یاخود بوونیان لە ماشین یان فڕۆکەدا دێن و دەچن، خێرایی من لەم گەردوونەدا دەبێ لە چ ئاستێک‌دا بێ؟

لێرەیشەوە دیسان بەپێچەوانەی وتارەکە، بە بۆچوونێکی تر گەیشتم بەناوی ‘خێرایی دەروونی’. بە خۆم گوت ئەگەر خێرایی دەروونیی من بۆ وێنە سفر کیلومەتر لە کاتژمێرێکدا بێ، داخۆ خێرایی هەمان هاوڕێیانی ترم وا باسم لێکردن، دەبێ چەندە بێ!؟ بیست، پەنجا، سەد، یاخود پێنج سەد… یان هەزار؟ دیارە دەبێ دیان بەوەدا بنێم کە پێوەرێکم بۆ ژماردنی خێرایی زەین نیە.

رەنگە خوێنەر تێگەیشتبێ کە من لە خێراییەکی دەرەکییەوە بە خێراییەکی دەروونی گەیشتووم. ئەگەرچی ئەمەیش تازە نیە و، لام وایە زۆر کەسی دیکە باسیان لێکردووە. ئەوەی کە کات ‘هەست’یشە.

دەبێ بڵێم هەر لەو کاتەدا هەندێ خەیاڵی دیکەیش بە مێشکمدا هاتن. بۆ وێنە خەیاڵی خولیا و ئارەزوو و تاسە. خوێنەر دیسان لەمە تێدەگا. لە جیهانێکدا کە مرۆڤ زیاتر لەهەر کاتێکی تر هەست بە بێ دەسەڵاتی دەکا و، هەستدەکا هەندێ کەس یاخود هێز لە دەرەوەی ئەو بڕیاری هەموو شتێک دەدەن، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خەیاڵ دەبێ بە داڵغەی، دەبێ بە پەنای. بە واتایەکی تر خەیاڵ دەبێ بە رێچکەیەک بۆ هەستکردن بە هێز و، بەخۆ بەهێز بینین. لە خەیاڵدا دەبی بە پاڵەوان، لانیکەم پاڵەوانی ئەو نیو میتر لە نیو میترەی وا بە جەستە داگیرت کردووە. دیارە بە بێ ئەوەی لە راستیدا پاڵەوان بی. لەبەر ئەوەی پاڵەوانی سیفەتێکە کە دەبێ ئەوی تر پێ ببەخشێ، نەک خۆت.

بەڵام دووا خەیاڵی ئەم ماوەیەم چی بوو؟

دەبێ بڵێم ئەمساڵ زۆر تاسەی بەهار و هاوینم کرد. لەگەڵ ئەوەی زۆر بە خوێندنەوەو نووسینەوە سەرقاڵ بووم، بەڵام کەمێک ساتەکان درەنگ تێپەڕین. پێم وابێ زۆرتر لەبەر ئەوەی هەتاو یەکجار کەم بەدەرەوە بوو و، جاری وابوو بە چەندین هەفتە تەنیا هەور و هەڵا بوو و بەس… بەردەوام دەباری.

ئەم زستانەیش کتێبەکان و رستەکان، سەرەڕای وەڕەزیم، نەیانهێشت بەجوانی هەست بە کات بکەم. نەمتوانی وەک سەردەمی منداڵی بەجوانی هەست بە بوونی بکەم.

پاشان بەهار هات و،… ئەوسا هاوین. دیسان لە ژوورەکەمدا خەریکی خوێندەوە و نووسین بوومەوە. لەگەڵ ئەوەی حەزم دەکرد ئەمساڵ چێژی تایبەت لە هەوا خۆشی ببینم، بەڵام دیسان نەکرا. بیرەوەریی تاڵی زستان ئەوەندە بەهێز نەبوو، وەعدی خۆم بەسەر بەرم! دیسان رۆژەکان زۆر خێرا تێپەڕین و، من هەمیس لەبەردەمی دەروازەی زەردی پاییزدا خۆم بینییەوە. بەو گەواڵە هەورە خۆڵەمێشیانەوە کە ‘با’ تەنیا هاوڕێی سەفەریان بوو.

بەخۆم دەڵێم با ساڵێک پشوو بدەم، لانیکەم چەند مانگێک. بۆ ئەوەی دیسان لەگەڵ کات، وەک سەردەمی منداڵی ببمەوە بە هاورێ. بۆ ئەوەی دیسان پێکەوە لەگەڵ یەک لە کوێرە رێگایەکی ناو دارستان، یاخود قەراخ دەریادا بکەوینە گفتوگۆ. خۆ تێدەگەن دەڵێم بکەوینە گفتوگۆ، ناڵێم بکەوینەوە گفتوگۆ.

ئەمساڵیش پشووم نەدا!

ساڵەکان تێدەپەڕن. تەنیا ئاوێنەیە پێم دەڵێ چ باسە. جاری وایە لە کاتی لە خۆ راماندا دەست بۆ روخسارم لە ئاوێنەکەدا دەبەم و، دەڵێم هەمان نیت کە بووی!… هەمانیش نامێنی کە هەی!

ئاوێنەکە تەژییە لە ئیستا و،… بێ ئاگا لە دوێنێ و لە داهاتوو.

چەند هەست بە گەمژەیی دەکەم. من دەبێ کەمێک لەگەڵ هاوڕێی کۆنم، کات، تەنیا بین. بە بێ ئەوانی تر. لەگەڵ ئەو کە منی تا ئێرە، هاوڕێیانە هێناوە و قەت دەستی لێ بەر نەداوم، ئەگەرچی هێشتا نازانم بوونێکی دەرەکییە یان دەروونی… ئا، من دەبێ کەمێک زیاتر بیری لێ بکەمەوە.

من چەند بێ وەفام!

لەگەڵ کات

رۆژێکی هەفتە، کە پێم وایە سێ‌شەممەیە، پێکەوە دەچینە دەرەوە. بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی بە خۆم داوە، بە کوێرە رێگایەکی ناو دارستاندا و هەر وەها بۆ دڵنیایی زیاتر بە قەراخ دەریایشدا لەگەڵی دەڕۆم. دەڵێم دەی هاوڕێ کات! با دەست پێبکەین! دەڵێم تۆ دەست پێبکە! ئەوسا گوێ رادەدێرم.

کات دەکەوێتە قسە و، منیش گوێی لێ دەگرم. جاری وایە رادەوەستێ،… هەدا دەدا. ئینجا دەڵێ نۆرەی تۆیە. منیش دەست پێدەکەم. چەند گفتوگۆیەکی گەرم و گوڕمان هەیە! کات وەک تەبیعەتی خۆی جاری وایە پەلەپەل دەدوێ و، جاری وایە ئارام. پێم وایە جارێ دەبێ بە دەرەکی و جاری وایە دەبێ بە دەروونی.

ماندوو و شەکەت دەگەمەوە ماڵەوە.

دیسان ئەمڕۆیش چەند خێرا تێپەڕی،… لەگەڵ ئەوەی نەمزانی داخۆ خێراییم دە بوو، بیست، یاخود پەنجا و سەد. لەگەڵ ئەوەی بۆم لێکنەدرایەوە کە بەڕاستی من لە چ ‘کات’ێکدا دەژیم… دەرەکی، دەروونی، یان رەنگە هەردووکیان!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرچاوە: گۆڤاری بەیان، ژومارە ٣۵

تەگەکان : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *